پەیوەندیى نێوان تورکیا و ئەمریکا لە ڕوانگەى ستراتیژییەتى نوێی ئاسایشى نەتەوەییى ئەمریکا

بێستوون عومەر نوورى/ مامۆستاى زانکۆ لە کۆلێژى یاسا و زانستە سیاسییەکان/ زانکۆى سەڵاحەددین 

دەستپێک

پەیوەندیى نێوان ئەمریکا و تورکیا، لەسەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى نوێی تورکیا لە ساڵى 1923، هەڵکشان و داکشانى بەخۆوە بینیوە. لەسەردەمى ئەتاتورک، سیاسەتى تورکیا زیاتر بە ئاراستەى ڕۆژاوا بوو؛ بەڵام بەپێچەوانەى سەردەمى ئەتاتورک دواى هاتنە سەر دەسەڵاتى حزبى داد و گەشەپێدان له‌ 2002، سیاسەتى تورکیا زیاتر بە ئاراستەى ڕۆژهەڵات بوو، چونکە تێڕوانینى سەرکردە سیاسییەکانى تورکیا بە شێوەیەک بوو کە بەرژەوەندیى تورکیا لە ڕۆژهەڵات بەرجەستە دەبێت نەک لە ڕۆژاوا؛ ئەمەیش بووە هۆکارى ئەوەى پەیوەندیى نێوان تورکیا  لەگەڵ هەر یەکە لە یەکێتیى ئەوروپا  و ئەمریکا، لەسەر یەک ڕێچکە نەمێنێت و، بەرزى و نزمى بەخۆوە ببینێت. هەرچەندە تورکیا ئەندامە لە هاوپەیمانیی "ناتو" بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، لەسەرەتادا ڕێگەى بە بەکارهێنانی "بنكه‌ى ئەنجەرلیک" نەدا بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵى 2003؛  بەڵام دواجار ڕازى بوو لە خاکى تورکیاوە هێرش بکرێتە سەر عێراق؛ تەنانەت لە جه‌نگى دژى "داعش" لە ساڵى 2014، هەمان سناریۆى بەکار هێنا. کەواتە پەیوەندییەکان هەڵکشان و داکشانى بەخۆوە بینیوە.

ستراتیژییەتى ئەمریکا لە نێوان تیۆریى لیبراڵى و واقعیدا:

 "باراک ئۆباما" لەژێر ڕۆشناییى تیۆریى "لیبراڵی" ستراتیژییەتى جیاوازى پەیڕەو دەکرد، چونکە ڕوانینى "ئۆباما" بریتى بوو لە: "دەتوانرێت بنەما و بەهاکانى ئەمریکا لە ڕێگەى ئاشتى و هاوکارییەوە بڵاو بکرێتەوە و جیهان زیاتر بەرەو خۆشگوزەرانى بچێت." واتا ئەمریکا بۆ ئەوەى لەسەرکردایەتیى جیهان بەردەوام بێت، دەبێت پەیوەندیى ئاشتییانەى لەگەڵ هەموو جیهان هەبێت و هەموو گرفتەکانى لەگەڵ وڵاتان کۆتایى پێ بهێنێت. ئەمەیش هۆکارى ئەوە بوو لەگەل ئێران سەبارەت بە چەکى ئەتۆمى ڕێک بکەون، چونکە لە ڕێگەى بەکارهێنانى هێزى نەرمه‌وه‌ ئامانجەکانى ئەمریکا بەدى دێت. بەڵام بەپێچەوەانەوە ئەمە ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا لەژێر ڕۆشناییى "تیۆریى واقعى"دایە و، لەسەر بنەماى "الواقعیە المبدئیە"،  داڕێژراوە. لە 18 کانوونى یەکەمی 2017 دواى شەش مانگ لە وەرگرتنى پۆستى سەۆرۆکایەتیی ئەمریکا، "ترامپ" ئەم ستراتژییەتە نوێیەى ڕاگەیاند؛ چونکە بەگوێرەى ئەم تیۆرییە "هێزى دەوڵەت لە پەیوەندیى نێوان دەوڵەتاندا ڕۆڵى سێنترال دەبینێت"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستراتیژییەتى ئاسایشى نەتەوەییى "ترامپ" لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە ئاماژەى پێ کردووە: "پەیوەندیى نێوان دەوڵەتان لە بنچینەدا لەسەر بنەماى ململانێیه‌ و، هەر لایەنێک هەوڵى بەدەستهێنانى باشترینەکان دەدات بۆ خۆى و، بە زەرە بۆ لایەنى بەرامبەر دەبێت و، براوەى ئەم ململانێیە خاوەن هێز دەبێت." ئەم ڕوانگەیەیش لە ستراتیژییەتى ئەمریکا بەرامبەر وڵاتان دەبینرێت و، لە وتارەکانیدا زۆر بەڕوونى ئاماژە بەوە دەکات: "ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیه‌."

ئەمەیش ئەوە دەگەیه‌نێت، کە بەرژەوەندیى ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیە، لایەنى مرۆڤایەتى و دیموکراسى بەهاى ئەوتۆى نییە و، هەروەها ئاماژەیشى بەوە کردووە کە "پێویستە ئێمە ئەوە بزانین لە سەردەمێکى نوێ دەژین و، بە تێڕوانینى "ترامپ"، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، "باراک ئۆباما"، هۆکارى لاوازبوونى ئەمریکا بووە لەسەر ئاستى جیهان و، پێویستە  ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ حاڵەتى بەهێزبوونى،  بۆ ئەوەى  سەرکردایەتیى جیهان بکات. ئەمه‌یش لە ڕێگەى ئابوورییەکى بەهێز دەبێت. بۆیە هەوڵى لاوازکردنى ئەو وڵاتانە دەدات کە لەژێر ڕکیفى ئەمریکادا نین، یان مەترسییان هەیە بۆ سەر ئاسایشى نیشتمانیى ئەمریکا؛ ئەمە لە لایەک، لە ڕووێکى ترەوە هەوڵى بەردەوامبوونى قەیرانەکان دەدات لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چونکە لەم بەردەوامبوونەدا ئەمریکا دەتوانێت زۆرترین چەکە کەلەکەبووەکانى خۆى بە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بفرۆشێت. لە لووتکەى ئابووریی دافۆس کە لە 22/1/2018 بەسترا، "ترامپ" زۆر بەئاشکرا ئاماژەى بەوە کرد: "هەر وڵاتێک ئاسایشى دەوێت، پێویستە لە ڕووى سەربازییەوە بەهێز بێت." لە تێڕوانینى ئیدارەى نوێی ئەمریکادا، هێز بنەماى هەموو شتێکە.

پەیوەندیى نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمى ئیدارەى ترامپدا

تورکیا و ئەمریکا دوو هاوپەیمانى ستراتیژین، بەڵام ئەمەیش ئەوە ناگەیه‌نێت کە هیچ ئاڵۆزییەک لە نێوانیاندا نییە، بەڵکوو هەندێک پرس هەن بوونه‌ته‌ هۆکارى گرفت لە نێوان ئەمریکا و تورکیا، وەک: دروستکردنى ناوچەى ئارام لە سووریا، یارمەتیدانى کوردەکانى سووریا، پرسى فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، پرسى قەشە ئەندرۆ و...، بەڵام ئەوەى جێگه‌ى تێڕامانە و ده‌بێته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌: ئایا ئەگەر تورکیا و ئەمریکا دوو وڵاتى هاوپەیمانى ستراتیژین، ئەم پرسانە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ئەم ئاڵۆزییەى نێوانیان؛ بە شێوەیەک کە قەشەیەک ببێتە هۆى ئەوەى ئەمریکا سزاى ئابووری بەسەر وەزیرى ناوخۆ و وەزیرى داد بسەپێنێت؟

لە ڕاستیدا ئەم پرسانە هۆکارى سەرەکى نین بۆ دروستبوونى ئاڵۆزیى نێوانیان، بەڵکوو هۆکاره‌ سەرەکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە کە ستراتیژییەتەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئاسایشى نیشتمانیى تورکیا دەخاتە مەترسییەوە؛ بە شێوەیەک ئەمریکا ئامادە نییە دەستبەرداریان بێت و، لە لایەکى دیكه‌وه‌ تورکیا  ئەمەى قبووڵ نییە کە وەکوو دەوڵەتێکى ئامراز بەکار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا. هەر ئەم هۆکارەیش بوو کە له‌ ڕێگه‌ی دوو ئۆپه‌راسیۆنی "قەڵغانى فورات" و "چلە زەیتۆن"ه‌وه‌، ده‌ستوه‌ردانی له‌ توركیا كرد و، بۆ پیشاندانى هێزى خۆى کە دەوڵەتى ئامراز نییە، خۆى زیاتر لە ڕووسیا نزیک دەکاتەوە؛ تەنانەت بۆ  قەیرانى سووریا لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆکى ڕووسیا و ئێران لە "سوتشى"  لە 2/4/ 2018 کۆ دەبێتەوه‌، لە کاتێکدا  هەر دوو وڵات نەیارى ئەمریکان، چونکە بۆ هەر پرسێک کە تورکیا داواى لە ئەمریکا کردبێت ئەمریکا وەڵامێکى دڵخۆشکەرى بە تورکیا نەداوە. بۆیە لە تێڕوانینى "ترامپ"دا پرۆژەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خەریکە جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانجى سەرەکیى ئەم پرۆژەیە بریتییە لە "دابەشکردنى دەوڵەتەکان بۆ دەوڵەتى بچووک".

لەسەر ئەم بنەمایە، ئیدارەى "ترامپ" زیاتر جەخت لەسەر سیاسەتى ئابووری دەکاته‌وە، چونکە سەرەتاى به‌هێزبوونی دەوڵەت، دەبێت لە ڕێگەى ئابوورییه‌وه‌ بێت؛ بە شێوەیەک ئەم سەردەمە نوێیەى کە "ترامپ"  ئاماژەى پێ کردووە سەردەمى ئابوورییە؛ کێ ئابووریی بەهێزى هەبێت ئەوا براوەى یەکەم دەبێت. هەر بۆیە دەبینین جه‌نگى ئابووری لەگەڵ چین و ڕووسیا  و ئێران ڕادەگه‌یه‌نێت، چونکە به‌ بێهێزبوونى ئەم وڵاتانە لە جیهان، سەرکردایەتیى جیهان تەنیا بۆ ئەمریکا دەبێت.

کۆتایى

لەژێر ڕۆشناییى تیۆریى واقعیدا، ئەمریکا لە ڕێگەى ئابوورییەوە هەوڵى بێهێزکردنى تورکیا دەدات و، تا ڕاددەیەک دەتوانین بڵێین ئەمریکا جه‌نگى ئابووریی لە دژى تورکیایش ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەى بیکات بە دەوڵەتێکى ئامراز، یان دەوڵەتى "پاشکۆ"، لە پێناو جێبەجێکردنى ستراتیژییەتەکانى لە ناوچەکە؛ چونکە ئەگەر تورکیا لە ڕووى ئابوورییەوە بێهێز بێت، بێ گومان لە هەمبەر سیاسەتى ئەمریکادا نەرمى دەنوێنێت و، دەبێت بە بەشێک لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتەکانى ئەمریکا. ئەمەیش دەبێتە هۆى ئەوەى ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستوەردان نەکات بەڵکوو بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتەکانى بریکارى دەبێت؛ بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تورکیا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەى وەکوو سعوودیا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانى ئەمریکادا جه‌نگى یەمەنى دەست پێ کرد. واتا تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتى پاشکۆ، کە داوود ئۆغلۆ هەوڵى دا تورکیا لە پاشکۆیەتییەوە دەرباز بکات بۆ ناوەند. ئەمەیش دەبێتە هۆکارێک ئیتر تورکیا بە دواى هاوپەیمانکى تردا بگەڕێت، کە ئەم هاوپەیمانەیش زیاتر ڕووسیا دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples