هەرێمی کوردستان لە نێوان ململانێی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا  

 

قەرەنی قادری

سەردانی محەممەد جواد زەریف، وەزیری دەره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی، ڕێک دوای سەردانەکەی پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بوو. گەشتە دیپلۆماسییەکەی پۆمپیۆ بۆ هەشت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەرێمی کوردستانیش لەو بازنەیەدا شوێنی پێ درابوو، بۆ گوشاری زیاتری ئابووری و دیپلۆماسی بە ڕێگەی لێکنزیککردنەوەی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بوو.

ئاماژە، ڕاپۆرت و دەنگوباسەکان باس لەوە دەکەن کە دۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران لەوپەڕی خراپیی خۆیدایە و قەیران سەرتاپای ئێرانی داگرتووە. سەردانەکەی جەواد زەریف کە زۆرتر پەیوەندیی بە پرسی ئابووری و بارزگانییەوە هەیە، بۆ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی چۆن بتوانێت بە ڕێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کەمێک باری لاری خۆی ڕاست بکاتەوە و ئاستی قەیرانەکانیشی دابەزێنێت. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراقدا چڕ بۆتەوە، کە ئەمەیان یارییەکە بۆ هەرێمی کوردستان قورستر دەکات. بێ شک هەرێمی کوردستان وەکوو یەکەیەکی سیاسی، ئابووری و سوپایی، هەروەها بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی-دراوسێی ئێران-کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیه‌تی، هەروەها ئەو دەورەی کە لە سیاسەتی عێراق و پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەوروپا، ئەمریکا و ڕووسیادا هەیه‌تی، هەم تاران و هەمیش کۆشکی سپی سێرەیان لێ گرتووە کە بەرەو لای خۆیانی ڕابکێشن.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە سیاسەتی ئێستای کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، دامودەزگە دیپلۆماسییەکەی بەگەڕ خستووە کە هەم کاری دیپلۆماسی و سیاسییەکەی بۆ دەکات، هەمیش پرسی ئابووری و بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێک بخات. ئێستا هێزە ڕەقەکەی کۆماری ئیسلامی (سوپای قودس) لە سووریا بەئاشکرا چالاکە، بەڵام لە عێراق جارێ بە شێوەیەکی کاتی دەوری بە دیپلۆماسی و بازرگانی داوە. هیچ شک لەوەیشدا نییە، کە سوپای قودس گشت کارەکانی لە عێراقدا بە شێوەیەکی نهێنی هەروا بەڕێوە دەبات. جێگۆڕكێی کاتی لە دامەزراوەکان و چالاکیی هێزی نەرم و ڕەقی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، بەتایبەت لە عێراق، سیاسەتی هەنووکەییی تارانە.

هەروەها مەبەستێکی تری کۆماری ئیسلامی کە بە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەیکات ئەوەیە، کە کارتێکەرییەکانی سەردانەکەی پۆمپیۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بسڕێتەوە، یان لانی کەمڕەنگیان بکات. هەڵگرتنی ڤیزە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و عێراق کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بۆ ئەمەیان کۆماری ئیسلامی دەخوازێت بە تیرێک دوو نیشان بپێکێت؛ یەکەم، هەم هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی ڤیزەدا نابن، هەمیش لە تێچووی ماددیی وەرگرتنی دراو و کات ڕزگاریان دەبێت. خاڵی دووەمیش، حیساب بۆ ئەو ئەگەرە کراوە کە بە ڕێگەی هەڵگرتنی ڤیزەوە، حەشیمەتێکی زۆرتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوو لە ئێران بکەن و بە هەزاران و دەیان هەزار دۆلار بخەنە ناو بازاڕە قەیراناوییەکەی ئێرانەوە. کردنەوەی بازاڕی تری سەر سنوور لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی کە ئەمەیشیان هەر پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

 لەسەریەک، سەردانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ هەرێمی کوردستان وەکوو سەردانەکانی جاران نییە، کۆماری ئیسلامی ئێستا لە دۆخێکی لاوازدا دەژیت، تەنانەت ئامادەیە ئیمتیازیش بدات و، ئەمەیان دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان؛ بەڵام ئەگەری ئەوەیش بەهێزە کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکادا ببێتە هەڕەشە.

جیا لە ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تورکیا لە بواری ئابووری و بازرگانییەوە پانتایییەکی زۆری لە هەرێمی کوردستان بەدەستەوەیە؛ هەر لەبەر ئەوە کۆماری ئیسلامی جیا لە ئەمریکا ڕووبەڕووی خەنیمێکی تریش دەبێتەوە کە ئەویش تورکیایە. ئەمەیشیان هەر یارییەکە بۆ هەرێمی کوردستان قورستر و ئاڵۆزتر دەکات و، دەکرێت لە چاوەڕوانیی ئەویشدا بین کە تورکیایش یارییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی دەست پێ بکاتەوە.  

لە لایەکی ترەوە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، دەخوازێت لە پەنا پرسی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وه‌ڵامێکی سیاسی و دیپلۆماسی بە ئەمریکا بداتەوە، ئەویش لە ژێر ناوی ئەوەی کە "ئێران دۆستێکی جێی متمانەیە بۆ کوردەکان." کارناسانی کۆماری ئیسلامی ئەوه‌یان بیستووە کە گۆیا کوردەکان لە هەرێمی کوردستان گلەییی ئەوەیان لە ئەمریکا هەیە کە لە ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەردا پشتی کوردیان بەردا، هەر لەبەر ئەوەیە کە باس لە "دۆستی جێی متمانە" دەکات، تا هەست و زەینی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت. سەبارەت بە عێراقیش، جەواد زەریف باس لە "بنیاتنانەوەی عێراق" دەکات کە ئەمەیان ڕوانگەی ئابووری و بازرگانییە و هەوڵ دەدات دوور بکەوێتە لە ململانێی سیاسی و چەکداری لەگەڵ ئەمریکا، چونکە ئەوە ماوەیەکە لە عێراقدا بەئاشکرا و ڕەسمی باس لە هێزی ڕەقی کۆماری ئیسلامی (سوپای قودس) ناکرێت و ئەوە باس لە گۆڕینی ئاڕاستە، میکانیزم و هەوڵ و چالاکیی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکات!

دۆخەکە هەستیارە، هاوکێشەکان زۆرن، یارییەکە ئاڵۆزە و گشتیان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا چڕ بوونەتەوە، بۆیه‌ پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی وڵات، زۆر بەوریایییەوە بچێتە ناو یارییەکەوە و بۆ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و یەکەیەکی یەکپارچە (ڕێگە لە درزی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بگرێت)، سوود لە دۆخەکە وەربگرێت!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples