قەرەنی قادری
لە ڕۆژی هەڵبژاردندا کە هاووڵاتیان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن، بڕیاریان بەدەستەوەیه کە دەنگ بە کام حزب بدەن و، دەنگ بە کام حزب نەدەن، یان دەنگی سپی بخەنە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، یان ئەوەتا لە ماڵەوە لێی دانیشن و بایکۆتی دەنگدان بکەن. گشتی ئەمانە بڕیاری هاووڵاتیانە، بەڵام بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕۆژی دەنگداندا پیشانی کۆمەڵگەی دەدەن.
کاتێک کۆی ئەو بڕیارە ڕەنگاوڕەنگە لە شوێنێکدا کۆ بکەیتەوە، پێی دەڵێن متمانەپێدان یان متمانەلێوەرگرتنەوە! ئەو متمانەیە، پێوەرە بۆ ناسین و قورساییی حزبی سیاسی لە کۆمەڵگەدا. پرۆسەی هەڵبژاردن (بانگەشەی هەڵبژاردن) کە کۆبەندی ئەو پرۆسەیە لە ڕۆژی دەنگدان و خوێندنەوەی ئاکامی دەنگەکان دێتە دی، دەرگەیە بەڕووی دیموکراسی کە هەر لەوێوە دەتوانین ڕوو لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بکەین، چونکە دیموکراسی بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەک نادات. ئەگەر زیاتر لەوە قەڵەمئاژۆیی بکەین، دەبێ بڵێین کە هاووڵاتیان بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پەیامی حوکمڕانیی داهاتوویان پێیە، کە ئەویش ناڕاستەوخۆ و بە ڕێگەی ئەو نوێنەرانەکەی کە دەنگیان پێ دەدەن، حکوومەتی داهاتوو ڕۆ دەنێن!
لە ڕۆژی دەنگداندا، ئەو حزب و لایەنانەی کە لیست و نوێنەریان هەیە و داوا لە خەڵک دەکەن دەنگیان پێ بدەن، شانۆیەک لە کاڵای سیاسی و کەسایەتییەکانیان دێننە سەر سەکۆی شانۆ تا هاووڵاتیان بە ڕێگەی دەنگدانەوە متمانەیان پێ بدەن یان ئەوەتا لێیان وەرگرنەوە؛ هەروەها هەندێکیش کە متمانەیان بە حزب و لایەنەکان نەماوە، ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان ناکەن، کە ئەمیشیان هەر دەچێتە خانەی چەمکی "متمانە"وە!
هەڵبژاردن یانی: متمانەپێدان و لێوەرگرتنەوە لە حزبی سیاسی، هەروەها دەستنیشانکردنی قورساییی حزب و لایەنی سیاسییە لە کێبەرکێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. هەر چوار ساڵێک کە هەڵبژاردن دەکرێت، بۆ ئەوەیە وڵات بەپێی پێوەر (ژمارەی کورسییەکان) حوکمڕانی و دامەزراوەکانی نوێ بکاتەوە.
بەڵام کاتێک پێچەوانەی ئەزموونی سەدان ساڵەی هەڵبژاردن و ئەو چەمکە هزرییانەی کە پەیوەستن به دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە، هەروەها سەنگ و قورساییی هەر حزب و لایەنێک لە هەڵبژاردندا کە پێوەرە بۆ کێشی هەمووان، "بەدیل"ی تر بۆ ئاکامی هەڵبژاردن بێتە گۆڕێ و کورسی نەبێتە پێوەر، بەبێ هیچ شک و گومانێک ئەمە بێڕێزییە بە هاووڵاتیان، بە هەڵبژاردن، بە ئاکامی هەڵبژاردن و بە چەمکی هەڵبژاردن، هەروەها هەڵبژاردنیش لە ناوەڕۆکی خۆیدا هڵۆڵ دەکات.
هەڵبژاردن بۆیە دەکرێت، کە حوکمڕانیی داهاتوو لەسەر ئیرادەی گشتیی هاووڵاتیان کە لە ڕۆژی دەنگداندا خۆی دەردەخات، ڕۆ بنرێت؛ هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە دەستاودەستی دەسەڵات بکرێت؛ هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتیان لە ماوەی چوار ساڵدا حزبەکانیان لە حوکمڕانی و لە ئۆپۆزیسیۆندا تاقی کردۆتەوە، لە ڕۆژی هەڵبژاردندا و بە ڕێگەی دەنگدانەوە چارەنووسیان دیاری دەکەن. هەر لەبەر ئەوە ئاکامی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان، پێوەرن بۆ ناسینی حزب، یان حزبە سیاسییەکان. بەدەر لەمە، هیچ "پێوەر"ێکی دیکە نییە کە جێگرەوەی هەڵبژاردن بێت.
هێنانەگۆرێی "پێوەر"ی تر وەکوو "مێژووی پڕشنگدار"، "ژمارەی شەهیدان"، "مێژووی خەبات" و...، گشتی ئەمانە، ناسایی، نادیموکراتی و دژ بە مافی مرۆڤ و هاووڵاتیانە. کاتێک "مێژووی خەبات"، یان "مێژووی پڕشنگدار" کە دەچنە خانەی "ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی"یەوە، ببێتە "پێوەر" بۆ ناسین و قورساییی حزبی سیاسی، کەواتە هەڵبژاردن چ مانایەکی دەبێت؟
هەڵبژاردن و ئاکامەکەی، بەپێی ئەوەی کە کۆمەڵگە، حوکمڕانی و کەسایەتییەکان نوێ دەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا، سنووری "مێژووی پڕشنگدار"، "ژمارەی شەهیدان"، "مێژووی خەبات" دەبەزێنێت و ڕوو لە هەڵبژاردنێکی عەقڵانی دەکات. لە سادەترین واتادا و لە گشت وڵاتە دیموکراتییەکاندا، پێوەری هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی قورساییی حزبێکی سیاسی، دەنگی هاووڵاتیانە و، ئەمەیش هیچ "جێگرەوە" و "پێوەر"ێکی دیکەی بۆ نییە!
لە وڵاتە گەشەنەسەندووەکان یان ئەو وڵاتانەی کە گۆیا لە قۆناغی دەربازبوون بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێن، لە هەندێک شوێندا دوای ئاکامی هەڵبژاردنەکان باس لە "ڕێککەوتنی سیاسی" لە نێوان حزبەکاندا دێتە گۆڕێ و بە چەشنێک، دەیکەن بە "بەدیل" بۆ ئاکامی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان؛ بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە "ڕێککەوتنی سیاسی"، "ئاکامی هەڵبژاردنەکان" و "ژمارەی کورسییەکان" کە پێوەرن، لە زەین و یادگەی کۆمەڵگەدا دەسڕێتەوە.
با ڕووداوەکان و ئاکامی هەڵبژاردن چۆنی هەن ئاوا بن و، هەر حزبەی کێشی خۆی و شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەدا پێ بزانێت، تا بەم ڕێگەیەوە چیتر چەمکەکان بە بەهانەی "ڕازیکردن"، "مێژووی پڕشنگدار" و "ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی" نەشێوێندرێن. بە شێواندنی چەمکەکان، کۆمەڵگە تووشی کێشە و نائارامیی زیاتر دەبێتەوە و لە کۆتاییدا هیچ متمانەیەک بە هەڵبژاردن نامێنێتەوە و، وردە وردە مەودای نێوان حزب و هاووڵاتیان، هەروەها هاووڵاتیان و حکوومەت کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و، ئەمەیش هەڕەشە لە ئاسایشی تاک، گرووپ و نەتەوەیی دەکات و دەکەونە بەر مەترسییەوە!
هەڵبژاردن، نەك تەنیا ماف و ئەرکە و ئاکامەکەیشی دەبێتە پێوەر، بەڵکوو پێویستە ئەو دوو چەمکە بە ئاکامەکەیەوە لە کۆمەڵگەدا بەدامەزراوەیی بکرێن؛ هەروەها پرسێکی ئەخلاقییشە!