قەرەنی قادری
تا گوشارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی چڕتر دەبێتەوە، هەروەها گوشارە ناوچەیییەکان، بەتایبەتی سووتاندنی کونسوڵگەریی کۆماری ئیسلامی لە بەسرە و، چەقینی یارانی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا و ناچالاکبوون و بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە سەرکوتکەرتر و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هێرشبەرتری دەکات.
پلان و سیاسەتی ئەو چەند مانگەی بازەکانی کۆشکی سپی، بەتەواوەتی قەیرانەکانی لە ئێراندا قووڵتر و گشتگیرتر کردۆتەوە، لێ کۆماری ئیسلامییش ئەو توانا و کەرەسانەی لەبەردەستدا نییە تا ئاستی قەیرانەکان دابەزێنێت؛ بەڵام لە بری ئەوە بەئاشکرا ڕووی كردۆته بەمیلیتاریکردنی سیاسەت لە ناوەوە و لە ناوچەکەدا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا "ئەمر"ی بە هێزە سوپایییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و "خوازیاری ئهوه بوو كه بۆ ترساندنی دوژمن، لایهنی سهربازی تا ئهوپهڕی بههێز بكرێت!" هەر بە دوای ئەودا، شەمخانی، دەبیری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، بە زمانێکی تەواو نیزامیگهرییەوە گوتی: "هەر چەشنە کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژ بە وڵات، وڵامەکەی دەقات دەبێت." زیاتر لەوانە قسەکانی یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری نیزامیی خامنەیی بوو کە ڕای گەیاند: "ئەگەر هێرش بکەنە نیشتمانی ئیسلامی، نەك تەنیا تا ئەودیوی سنوورەکان، بەڵکوو تا ئەودیوی دەریاکانیش سەریان دەدوو دەنێین و سزایان دەدەین."
ئەو فەرمانەی خامنەیی نەك بهس ڕووی لە هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو پێدانی قورسایییەکی ڕوون و ئاشکرای کۆماری ئیسلامییە بە باڵی سوپاییی ئێران بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێزی ڕەق بەکار بێنێ. دەبێ ئامانجی ئەو بەمیلیتاریکردنهی سیاسەت لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوە بێت، کە لە بری ئەوەی کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە ناوەوە و لەگەڵ ئەمریکادا چارەسەر بکات، سیاسەتی نیزامیگەری و ترساندن و تۆقاندن لە ناوچەکە و لە بەرامبەر ئەمریکادا بەکار دێنێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر چەشنە دانوستاندا خۆی وەکوو خەنیم (حهریف)ێکی بەهێز پیشان بدات، هەروەها هێزە ڕەقەکەیشی کەرەسەیەک بێت بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە بەرامبەر ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە.
دۆخی سیاسیی ناوەوەی ئێران و لاوازیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی
ئەمڕۆ لە ئێرانی فرەنەتەوە و فرەنیشتماندا هێزێک نییە کە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە؛ تەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بێدەنگی بکات. هەر بۆیە بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەخەستی بۆمباران دەکات و لە هەمان کاتیشدا "ڕامین حوسێن پەناهی"، "زانیار و لوقمان مورادی" لەسێدارە دەدات، ئەویش بەو مەبەستەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی ئەوروپا و ئەمریکانشین بترسێنێت و بێدەنگی بکات. یەکێک لە خاڵە لاوازەکان ئەوەیه کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەو هێزە نییە بە کەڵکوەرگرتن لەو قەیرانەی ئێراندا شەپۆل چێ بکات. واتە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆن یان ئەلتهرناتیڤ لە ئێران، کۆماری ئیسلامی جارێ ئەو توانایەی هەیە کە هەروا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەڕاتێن بکات، مەگەر گوشارەکانی ئەمریکا، ئیسڕائیل و وڵاتانی ناوچەکە بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە تەنافی دەوری جوگرافیای سیاسیی ئێران و قووڵایییە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا توندتر بکەنەوە.
دۆخی لەڕاددەبەدەر شڵەژاوی بەسرە، سووتاندنی کونسوڵگەریی کۆماری ئیسلامی، دانی دروشمی "ئێرانی بۆ دەرەوە"، هەروەها دەنگی ناڕەزایەتی لە عێراق دژ بە کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا بەرز بۆتەوە؛ نائارامی لە بەغدا، نالێهاتوویی و گەندەڵیی حوکمڕانانی عێراقی دەستکرد، دەرفەت بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕەخسێنێت کە هێرش بێنێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگای دیموکراتەکان بۆمباران بکات. بەبێ شک سووتاندنی کونسوڵگەریی کۆماری ئیسلامی لە بەسرە، لەناو ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا دەنگی دایەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ویستی بە هێرش بۆ سەر بنکەی دیموکراتەکان، زەینی ڕای گشتی لەسەر ڕووداوەکەی بەسرە بەلاڕێدا بەرێت.
لە کاتێکدا کە لە بەغدا حکوومەت پێک نەهێنراوە و شیعەکان لە ناکۆکییەکی قووڵدا دەژین و کۆماری ئیسلامییش جێپێی لە بەغدا لەق بووە و وەکوو جاران نەماوە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە یارانی کۆماری ئیسلامی دوور نەکەوێتەوە؛ هەر لەبەر ئەوە بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات کە زەبر لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەدات، دهیهوێ هەرێمی کوردستانیش بترسێنێت بۆ ئەوهی دوور نەکەونەوە لە هێزەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی لە بەغدا، یان لانی کەم دەوری هەڕەشەیش بۆ سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بگێڕێت.
کۆماری ئیسلامی، پێی خۆش نییە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بکرێت، چونکە بەغدای لاواز و هەرێمی کوردستانی ڕێکخراو و بەهێزی ناوێت. لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبهری ٢٠١٧وە، سیاسەتی تاران ئەوەیە کە ئاژاوە، فرەمینبەری، قەیران و کەلێن و کەلەبەر هەروا لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت. پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبهر دژ بە هەرێمی کوردستان، هەر بەردەوامە. تاران، بەتەنیا دژی ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو چەندقات دژی هزری ڕیفراندۆمە و ترسی لەوەیە کە "ڕیفراندۆمچی"یەکان یان ئەوانەی "سەر بە ئیسڕائیل و ئەمریکا"ن، سەر کەون!
کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ئێران، تورکیا و ڕووسیا لەسەر پرسی سووریا، دەرفەتێکی دیکە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی کە جارێکی تر بە ڕێگەی بۆمبارانی بنکەی دیموکراتەکانەوە بوونی خۆی لە عێراقدا بسەلمێنێتەوە و هەر لەو کۆڵانەوە پەیامێکیش بۆ ئەمریکا و سعوودیا بنێرێت.
هاوکاتیش کۆماری ئیسلامی بە ناوی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی سنوورەکان، گوشار بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت کە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سنووردار بکاتەوە. هەر لەو کۆڵانەوە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی خراپی دژ بە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت، ئەوە ناڕەزایەتی لەناو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساز دەبێت؛ ئەمەیش یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی کە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە دوژمنی یەکتر، چونکە باش دەزانێت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هیوا و ئومێدەوە دەڕوانێتە ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان!
هەڵبژاردنی کوردستان کە بڕیارە لە ٣٠-٩-٢٠١٨دا بکرێت، گەلێک گرینگ و پێویستە، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبهرەوە کەلێن و کەلەبەر لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە؛ پێویستە ئامانجی سەرەکی ئەو هەڵبژاردنە، بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بێت. هەر لەبەر ئەوە، کەشوهەوایەکی هێمن لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کە دوور بێت لە گرژی، نائارامی و نەبوونی هەڵە، هەروەها ڕەچاوکردنی ڕێنمایییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، زۆر گرینگە. لە سەرووی ئەمانەیش پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، (هۆشیاریی هێزەکانی ئاسایشی کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە کردەوەیەک دژ بە وڵات و پرۆسەی هەڵبژاردن) تاک، حزب، کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانان زۆر پێویستن.
بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.