١٦ی ئۆکتۆبەر، دژ بە کوردستان!  

 

قەرەنی قادری

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە لە (٢٥-٩-٢٠١٧)دا بەڕێوە چوو، دەمامکی لە ڕووی هەمووان لا دا. بەر لە گشتیان هەڵوێستی حکوومەتی عێراق، کۆماری ئیسلامی و تورکیا، ئەوەی دەرخست کە ئەوان بۆیان هەرس نابێت نەتەوەی کورد خاوەنی کیانی سەربەخۆ بێت. کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەوان تەنیا سیاسی نییە، بەڵکوو گرفتێکی عەقڵییه‌ و هەر بۆ خۆیشیان مێژووی ئێمە و خۆیان نووسیوەتەوە. هەر لەبەر ئەوە، بە سەربەخۆییی هەر پارچەیەکی وڵات، ئەوان تووشی قەیرانی ناسنامە، جوگرافیا و مێژوو دەبنەوە. پێویستە بەباشی و بەوردی ئەوە بزانین کە سەربەخۆییی هەر پارچەیەکی ئەو کوردستانە "ئاسایشی نەتەوەیی" و "یەکپارچەییی خاکی ئەو چوار وڵات"ە دەخاتە مەترسییەوە، چونکە ئەوان هەر پارچەیەکی کوردستان بە خاکی "خۆیان" دەزانن. هەر لەبەر ئەوە سەربەخۆییی وڵات، دەبێت "سنووری ئەوان" ببەزێنێت؛ ئەمەیش سروشتی سەربەخۆییی کوردستانە و هەر دەبێ لەو کۆڵانەوە دەرباز بێت! یەکێتیی ئەوروپایش کە مەڵبەندی ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤە، دیسان یەکپارچەییی خاکی عێراقی بەلاوە هەر گرینگ بوو.

هەر دوای ڕیفراندۆم، دژبەرەکانی لە عێراق، کۆماری ئیسلامی و بەشێکیش لە هەرێمی کوردستان بە کەرەسە، شێواز و پاڵنەری جیاوازەوە کەوتنە جووڵە و پیلاندانان و ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە. حکوومەتی عێراق لە لایەک بە دیپلۆماسی، گەمارۆی ئابووری، هەروەها زەمینی و ئاسمانی، لە لایەکی تریشەوە بە کەرەسە و هێزی ڕەقەوە، جووڵاندنی سوپا (میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، هەروەها سوپای پاسداران/سوپای قودس) کە دەستی خستۆتە ناو کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە سنوورەکانی نێوان باشووری کوردستان و عێراق، هەروەها سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دژ بە هەرێمی کوردستان جاڕی جه‌نگیان دا. لە پاڵ ئەمانەدا، کۆماری ئیسلامی بەدەنگ داخوازییەکانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی "حەیدەر عەبادی"یەوە هات و هەر لە یەکەمینەکان بوو کە گەمارۆی ئابووری و بازرگانیی خستە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها سنوورە زەمینی و ئاسمانییەکانیشی بەسەر هەرێمی کورستاندا داخست.

هاتنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سنووری حاجی ئۆمەران کە بە ناو خاکی ئێراندا هاتبوون، بەتەواوەتی سیاسەت و مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد. گشتی ئەمانە لە لایەن حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامییەوە بە هەماهەنگییەکی تەواوەوە بەڕێوە دەچوون. ئەمەیان بەشی یەکەمی پلانیان بوو کە لە چواردەورەوە هەرێمی کوردستان گەمارۆ بدەن، بەڵام بەشی دووەمی بەرنامە و پیلانیان ئەوە بوو کە لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە زەبر لە قەوارەی سیاسیی باشووری کوردستان بدەن. دۆزینەوەی خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان، قۆناغی دووەمی پلانەکەیان بوو.

خاڵە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان

حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەچۆکدا بێنێ، ڕێگەی زەمینی و ئاسمانیی لە هەرێمی کوردستان داخست، هاوکاتیش خەریکی پیلانگێڕان بوو کە چۆن بتوانێت لە ژوورەوەیش زەبر لە هەرێمی کوردستان بدات؛ دۆزینەوەی خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان لە پلانە هەرە هەستیار و مەترسیدارەکەیان بوو. کەرکووک، بوونی هێزی پێشمەگەری کوردستان لەو دەڤەرە کە ئەویش بە دوو فەرماندەی جیاوازەوە (نەبوونی سوپایەکی یەکگرتوو کە تەنیا فەرمان لەناوەندێکەوە وەربگرێت)، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" و لەناو یەکێتیشدا تاقمێکی چەندکەسە، کە دوای نەمانی "جەلال تاڵەبانی" (١٩٣٣-٢٠١٧)، سکرتێری گشتیی ئەو حزبە لە گۆڕەپانی سیاسەت و حزبایەتیدا، ببوون بە شادەماری "ی ن ک"، تەوەری سەرەکیی کاری عەبادی و سوپای قودس بوو کە دژ بە هەرێمی کوردستان بیانجووڵێنێت. بەبێ شک ئەم لاوازییانەیش بۆ لاوازیی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر شاری کەرکووک و لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێریان كه‌ لەگەڵ تاقمەکەی ناو یەکێتی کردبوویان، شاری کەرکووک ڕادەستی ئەو هێزانە کرا. کەرکووک کە بەشێکە لە خاکی باشووری کوردستان، بۆ عێراق، کۆماری ئیسلامی، بریتانیا، تورکیا و ئەمریکایش گرینگ بوو.

ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕووی دا، تەنیا لە یەک ڕۆژدا کۆ ناکرێتەوە و پرسێکی یەک ڕۆژەیش نییە، بەڵکوو سەرەتای پیلانێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بێنن. هەروەکوو ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش پیشانی دا، هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، ئەوەی دەرخست کە ئەوان پیلان و پلانیان تەنیا شاری کەرکووک نەبوو، به‌ڵكوو کەرکووک بۆ ئەوان تەنیا کلیلی ئەو دەرگەیە بوو تا ڕێگەیان بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی دەست بەسەر هەرێمی کوردستاندا بگرن؛ هەروەها تاقمی ١٦ی ئۆکتۆبەریش بۆ حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی تەنیا کەرەسە بوو. لە مێژوودا، قەڵای "دمدم"یش هەر بەو چەشنە داگیر کرا؛ بەڵام لە قەڵای "دمدم"ی دووەمدا کە هەرێمی کوردستان بێت، دەکرێت سەرکەوتنی حکوومەتی عێراق، بە سەرکەوتنێکی ناتەواو لە قەڵەم بدرێت، چونکە ستراتیژییەکه‌یان دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی کوردستان بوو و، ئەوەیش سەری نەگرت.

قسەکانی عەبادی ڕێک ئەوە دێنێتەوە بیر، کاتێک باسی لە پارێزگه‌کانی کوردستان دەکرد و بۆ ماوەیەک خۆی لە بەکارهێنانی دەستەواژە یاسایییەکەی "هەرێمی کوردستان" دەپاراست و، مەبەستەکەیشی زۆر ڕوون بوو. بۆیە ١٦ی ئۆکتۆبەر سەرەتای پیلانەکە بوو، بەڵام ستراتیژییەکە کە دەستبەرسەرداگرتنی هەرێمی کوردستان بوو و، نووکی ڕمی ئەو هێزانەیش بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان، هێزە چەکدارەکانی عێراق، سوپای پاسداران و بەشێک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.

16ی ئۆکتۆبەر، سەرەتایەکیش بوو کە گرووپی ناسراو بە ١٦ی ئۆکتۆبەر لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست بەسەر ئەو حزبەدا بگرن. ڕووداوەکانی دواییش بۆ ئەو گرووپە، زنجیرەیەک بوو کە یەک بە دوای یەکدا دەهاتن: "بەدەستهێنانی دەنگی مسۆگەر" بۆ پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت لە کەرکووک، پیلانیان بۆ "هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری" و لە کۆتاییدا کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، هەروەها ساختەکردنی ڕەگەزنامە بۆ دەنگی پێویست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەو مەبەستەی ڕێگە نەدەن کە "هاوسەنگیی هێز" لەو هەڵبژاردنە لە بەرامبەر "پارتی دیموکراتی کورستان"دا تێک بچێت، هەروەها هەوڵی ئەو تاقمە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک و لە سەروویانەوە پرسی پارێزگاری ئەو شارە کە ئێستا لە ئارادایە، گشتیان دەستپێشخەریی ئەو گرووپە لەناو "ی ن ک"دا پیشان دەدەن، تا بەم ڕێگەیەوە "لاباڵەکانی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" لەناو ئەو حزبەدا بێدەنگ بکەن و هەندێکیش بخەنە پەراوێزەوە. لە هێڵی سەرەکیدا، ئەو گرووپە توانی بەسەر ئەوانی دیکەدا سەر کەوێت و لە بڕگە گرینگەکانی ژیانی ئەو حزبەدا، ئەوان قسەی کۆتایییان دەکرد و ئێستاکەیش هەر ئەوانن کە دەپەیڤن و بڕیاری کۆتایی دەدەن.

بەڵام "شەڕی پردێ" کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران لە 20/10/2017دا بە هێزێکی زۆر و پڕچەککراوەوە هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگەکانی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە شارۆچکەی پردێ هێنا، چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کە پێشمەرگە بەرگری بکات و تەنانەت خۆیان ئامادە کردبوو کە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانیش داگیر بکەن؛ هەروەها پێیان وا بوو کە زەبری ١٦ی ئۆکتۆبەر کە لە بنەڕەتەوە بە دەستکیسیی تاقمێک لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە حزبەکەیان بەشێک بوو لە دەسەڵات، پیلانەکە ڕێک خرا بوو، کورد وزەی لەبەردا نەمابێت. بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە پێشمەرگە پاشەکشێ دەکات یان ئەوەتا بەرگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران ناگرێت؛ بەڵام بە تێکشکاندنی ئەو هێزانە لە لایەن پێشـمەرگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، دۆخەکە بەتەواوەتی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان هەڵگەڕایەوە و ئەمەیش بوو بە سەرەتایەک کە حکوومەتی عێراق بکەوێتە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەمریکایش هاتە سەر خەت بۆ ئەوەی دۆخەکە زیاتر لەوە بەنیزامی نەکرێت و بەرەو گرژیی زیاتر و پێکدادان نەچێت.

بە دوای چەند ڕووداوی ترەوە، پردی دانوستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان سەرەتا بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەبادییەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامی تێدا دەکرا، بنیات نرایەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەغدا بەناچار بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، ڕاستەوخۆ ڕووی لە هەولێر کردەوە.

کۆبەند

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە کە کەشوهەوایەکی سیاسی و هێمنانە باڵ بەسەر وڵاتەکەماندا بکێشێت، تا گشت پرس و کێشەکان لە کۆڵانێکی ئارام و عەقڵانییەوە دەرباز بن. هەروەها بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان، پێویستە بۆ یەکتر بگەڕێنەوە، لە دەرگەی یەکتر بدەن و چیتر ئیزن نەدرێت کە هاوکێشەی دەرەکی و ناوچەیی، بەرژەوەندیی خۆی بسەپێنێت، یان ئەوەتا دەوری تێکدەر لە هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت.

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە سەروەریی وڵات بپارێزرێت و پرسی سەروەری و پاراستنی وڵات لە ئەولەوییاتی سیاسیی گشت ڕەنگەکاندا بێت.

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە کە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتە ناوخۆیییەکان ڕوو لە بەغدا نەکرێت، چونکە ئەمە زەبر لە کەسایەتیی سیاسی، یاسایی و مێژووییی کورد دەدات.

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە گشت کینە و ڕقەکان بەیەکجاری وەلاوە بنرێن، پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە و زۆر بەجددی پرسی وڵات تەوەری باسوخواسەکان بێت.

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە کە گشت هێز و لایەنەکان بەپێی پێوەری هەڵبژاردن قورساییی خۆیان بزانن و ڕێز لە بڕیاری هاووڵاتیان بگرن. با ڕێژەی کورسییەکان پێوەر بێت، نەک مێژووی خەبات و ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی (شەرعییەتی شۆڕشگێڕی)، چونکە باوی نەماوە و هەر لە خۆیدا قەیرانخوڵقێنە!

کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە کە بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.

با بەرژەوەندیی وڵات هێڵی سوور بێت و بەدامەزراوەیی بکرێت و، کەس، گرووپ یان حزبێک بوێریی ئەوە لە خۆدا شک نەبات کە ئەو هێڵە ببەزێنێت!

بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples