هەڵبژاردن؛ بەرنامە، پەیام، هاووڵاتی و دەسەڵات

قەرەنی قادری

هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتیان لە کەشوهەوایەکی ئارامدا و بەپێی ئیرادەی خۆیان، کۆمەڵگە لە قۆناغێکەوە بەرەو دۆخێکی تر بگوێزنەوە. واتە هاووڵاتی بڕیار لەسەر ئەو لیستە دەدات کە پێی وایە بەشێک لە داواکاری و حەز و ئاواتەکانی لە بەرنامەی حزبێکدا هەیە؛ هەر لەبەر ئەوە دەنگی پێ دەدات. هەندێک لە کارناسانی کاروباری ڕاگەیاندن پێیان وایە، "هەڵبژاردن شانۆی بەرنامەی حزبەکانە"، کە لە بەردەم هاووڵاتیاندا دێتە سەر تەختەی شانۆ. بانگەشەی هەڵبژاردنیش ڕێک لەبەر ئەوەیە کە حزب و لایەنە سیاسییەکان بتوانن بە زمانێکی پاراو، بێگرێ و ڕەوان پەیامی خۆیان بە هاووڵاتیان بگەیه‌نن، کە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەخوازن چی بکەن.

بەبێ شک بەرنامەی هەر حزبێک، دەبێ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئێستا و داهاتووەوە هەبێت، چونکە بەرنامە و دروشمەکانی سێرە لە داهاتوو دەگرن؛ بەڵام دەبێ ئەوەیشمان لەبیر نەچێت کە بەشێک لە بەرنامەکانی چوار ساڵی کاری حوکمڕانی و پەرلەمانیان بە تێروتەسەلی شی کردبێتەوە، چونکە بەبێ ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو، ناتواندرێت و ناکرێت وه‌ڵام بۆ ئێستا و داهاتوو بدۆزرێتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، گەڕانەوە، چاوپێداخشاندن و باس لە کەموکورتییەکانی ڕابردوو، ئەو دەرفەتەمان پێ دەدات کە سەبارەت بە داهاتوو، تێڕوانینێکی وردترمان هەبێت؛ هەروەها کە باس لە کەموکورتییەکان و کارە ناتەواوەکانیش دەکرێت، لە خۆیدا هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بۆ ئێستا و داهاتوو. باس لە کەموکورتییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە، هەروەها دانی بەڵێن بە هاووڵاتیان کە ئێمەیش ئەو کێمایەسییانە دەبینین، مەودای نێوان هاووڵاتی و حزبێکی سیاسی کەمتر و کەمتر دەکاتەوە. بەڵام دوورە لە عەقڵ کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا هەرێمی کوردستان بە "دیستۆپیایی" (تاریکستان یان شاری وێران) بکرێت و، ئەمەیش ناچێتەی خانەی عەقڵەوە!

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە باس لە سەرکەوتنەکانیش، ئەو متمانەیە بەهێز و بەهێزتر دەکات، بۆیە پێویستە زۆر بەڕوونی و بە شیکردنەوەیەکی عەقڵانی باس لە سەرکەوتنەکان بکرێت و ڕەهەندە نەتەوەیی و ئاسایشییەکانی دەستنیشان بکرێت.

لە چوارقوڕنەی ئەم جیهانەدا، هیچ حوکمڕانییەکە شک نابەیت کە بڵێت "من هەڵەم نەکردووە، یان ئەوەتا لە کارەکانمدا کەموکورتی نییه‌"؛ هەر لەبەر ئەوە پێویستە بە زمانێکی نەرمونیان و بە شیکردنەوەیەکی عەقڵانی و حوکمڕانانەی سەردەم، چوار ساڵی کار شیتەڵ بکرێتەوە و، ڕێگە نەدرێت کە لە چوار ساڵی داهاتوودا کۆسپی وێکچوو هەڵتۆقن.

بەرنامە و پەیام

ڕوونیی پەیام و دەربڕینی بە زمانێکی گونجاو و دوور لە هەڕەشە و شکاندنی ئەوانی دیکە، بەشێکی گرینگە لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن. حزبێکی سیاسی کە بەرنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و ڕەهەندەکانی تری ژیان لە کۆمەڵگەدا گەڵاڵە دەکات و دەیخاتە بەر دەستی هاووڵاتیانەوە، دەبێ بیر لەوەیش بکاتەوە کە چۆن هاووڵاتیان لێی تێ بگەن. لێرەدایە کە پەیوەندی لە نێوان هاووڵاتیان و حزبێکی سیاسیدا چێ دەبێت و هەر بەو پێیەیش دیالۆگ دروست دەبێت.

بەرنامە و پەیام گرینگن، بەڵام گرینگتر لەوانە ڕوونی و زمانێکی شارستانییانەیە کە هێز بە بەرنامە و حزبی سیاسی دەبەخشێت؛ هاوکاتیش زمانیکی پاک و شارستانییانە لە کۆمەڵگەدا برەو پێ دادەت و تەنگ بە زمانی شڕ هەڵدەچنێت. هەر لەبەر ئەوە، ئەرکی حزبە سیاسییەکان لەو بوارەدا چەندقاتە و، پێویستە هەڵبژاردنی ئارام و دوور لە گرژی ببێتە بەرنامەیەکی بەردەوام و ئەمەیش لە کۆڕ و کۆبوونەوە، نووسین، سمینار، چاوپێکەوتنی میدیایی و مێزگردەکاندا بەباشی ڕەنگ بداتەوە. شک لەوەیشدا نییە کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن باشترین دەور لە بەڕێوەچوونی دیالۆگی سەردەمییانەدا بگێڕن و دەرفەت بە گرژی، نائارامی، شێواندن و بەلاڕێدابردنی باس و گفتوگۆکان نەدەن؛ هەروەها خۆیان بە دوور بگرن لە پرسیاری دنەدەرانە کە ببێتە هۆی نائارامی.

لە ئێستاوە بۆ داهاتوو

لە هەڵبژاردنی گشتیدا، هەر حزب و لایەنی سیاسی دەبێ بەرنامەی گەڵاڵەکراوی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، چونکە هەڵبژاردنەکە بۆ چوار ساڵی داهاتووە، نەک بۆ ڕابردوو؛ بۆیە زۆر گرینگە کە ئاراستەی پەیام، بەرنامە و دروشمەکان ڕوویان لە ئێستا و داهاتوو بێت. ئەگەر لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێکی زۆر لە پەیام، قسە و باسەکان ڕوویان لە ڕابردوو بێت، بەبێ شک زەبر لە فەلسەفەی هەڵبژاردن دەدات و هەر لە خۆیدا کەشوهەوایەکی نالەباریش لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات و زەینی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانیش بە ڕابردووەوە سەرقاڵ دەکات. ئەو ئەگەرەیش زۆرە کە بە ڕێگەی ورووژاندنی پرسیاری نەگونجاو و وه‌ڵامدانەوەی ڕەق، کۆمەڵگە تووشی نائارامی بێت. پاراستنی ئارامی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەر لە هەموو کەسێک ئەرکی ئەو حزبانەیە کە بە لیست بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن.

هەڵبژاردن بۆ ئێستا و داهاتووە. پەیامەکە زۆر ڕوونە؛ "هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ خولی داهاتوو"؛ واتە بەرنامە، گفتوگۆ و  دروشمەکان ڕوویان لە داهاتووە نەک ڕابردوو، نەک بۆ ئەوەی ڕابردوو چ لێ بکەین و بە ڕابردووەوە بژین. ئاڕاستەی هزر و بەرنامە لە گشت بواراندا، دەبێ ڕووی لە داهاتوویەکی گەشەسەندوو، بەهێز و تۆکمە بێت. مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەوانەی بە ڕابردووەوە دەژین، داهاتوویشیان هەر ڕابردوویانە؛ واتە هیچیان بۆ ئێستا و داهاتوو پێ نییە!

بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples