قەیران لە دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیدا

قەرەنی قادری

ڕۆژی دووشەممە (٢٥-٢-٢٠١٩) محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە "ئینستاگرام"دا دەستلەکارکێشانەوی خۆی ڕاگەیاند. هەر دوای ئەوه‌، دەنگوباس و دەنگۆی جۆراوجۆری لە چاپەمەنی و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاو کرایەوە. تەنانەت باس لەوەیش دەکرێت هاتنی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران کە لەو دیدارانەدا زەریف بەشداریی پێ نەکراوە، بەڵکوو قاسم سوله‌یمانی و کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری خامنەیی بەشدار بوون، کە ئەمەیش بۆتە دەرفەتێک بۆ زەریف کە دوای چەند کاتژمێر لە چاوپێکەوتنەکە، لە ئینستاگرامی خۆی  بەم ڕستەیە "لە نەتوانینم بە درێژەدان بە خزمەت و تەواوی کێمایەسی و کەموکورتییەکانی سەردەمی خزمەت"، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیه‌نێت.

گەرچی ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە بەڕەسمی بە حکوومەتی ڕۆحانی نەدراوە و تەنیا لە ئینستاگرامدا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لاچوونی ئەو لە باری یاسایییەوە، تەنیا دەبێ ڕووی لە حەسەنی ڕۆحانی بێت. باس لەوەیش دەکرێت کە تا ئێستا زەریف چەند جاری تریش دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەم جارەیان بەمیدیاییی کرد؛ هەروەها ئەو هەواڵەیش هەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە دیپلۆمات و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەستلەکارکێشانەوەی گشتی ڕابگەیه‌نن، هەر بۆیە پەیامی زەریف بۆ ئەوان ئەوەیە: "جەختی من بۆ خوشک و برایانی بەڕێز لە وەزارەت دەرەوە و نوێنەرایەتییەکان ئەوەیە بە تەواوی تواناوە بەرگری لە وڵات بکەن و خۆ لە کارێکی وایش بپارێزن. هیوادارم دەستەلەکارکیشانەوەی من پتکەیەک بێت بۆ گەڕانەوەی وەزارەتی دەرەوە بۆ شوێنی یاساییی خۆی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا."

هەر لەو پەیوەندییەدا، ۱۳۲ کەس لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا خوازی ئەوەن کە محەممەد جواد زەریف هەروا لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە. پەرلەمانی ئێرانیش خاوەنی ٢٨٩ کورسییە. هاوکات لەگەڵ ئەو جموجۆڵە، عەبباسی عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای پەیامەکەی زەریف، سەفەرەکەی بۆ عێراق بە ناتەواوی هێشتەوە و گەڕایەوە ئێران. یەکێک له‌ تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەدەست وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا نییە، بەڵکوو بەدەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەتایبەت بە دەست "سوپای قودس"ەوەیە و فەرماندەی سوپای قودسیش تەنیا لە بەرانبەر ئایەتوڵڵا خامنەییدا وه‌ڵامدەرە.

بەدیاریکراوی، پرسی فەڵەستین و ئیسڕائیل، عەرەبستان، عێراق، سووریا، یەمەن، لوبنان، هەروەها دۆسیەی مووشەکی لەدەست سوپای قودسدایە؛ وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەتایبەت وەزیری دەرەوەی، لە پەراوێزی سوپای قودس و فەرماندەکەیدایە. هەروەها لاباڵێکیش لە کۆماری ئیسلامی کە لە ئایەتوڵڵا خامنەیییەوە نزیکە، دژی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران (بەرجام)ە و گومانێکی زۆریشیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەوروپا هەیە. خامنەیی چەندان جار ڕای گەیاندووە کە ناکرێت متمانە بە ئەوروپییەکانیش بکریت؛ ئەوەیش لە کاتێکدایە ئەوەی تا ئێستا "بەرجام"ی ڕاگرتووە و لە مەترسی ڕزگاری کردووە، ئەوروپایە.

دەستلەکارکێشانەوەی زەریف شکستێکە بۆ کابینەکەی ڕۆحانی (شێخی دیپلۆمات)، کە ئەمەیان باس لە قەیرانی دەزگەی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی دەکات، کە بەو هەنگاوە ئاشکرایەی زەریف، قەیران لەو دامەزراوەیەدا دەمی کردۆتەوە و هەواڵی کێشەی قووڵی لە دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیی پێیە.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە هەنگاوەکەی زەریف نووسی: "حەسەن ڕۆحانی و زەریف داوەڵی مافیای گەندەڵی دینین؛ ئێمە دەزانین کە بڕیارەکانی کۆتایی لە لای خامنەیییە و سیاسەتەکانی ئێمەیش هیچ ئاڵوگۆڕێکیان بەسەردا نایەت."

قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی زەریف لە لایەن ڕۆحانییەوە، قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە؛ لە لایەک بوار بۆ هەنگاونانی زیاتری نەیارەکانی ئەو لە داهاتوودا دەڕەخسێنیت کە هەر کات حەزیان لێ بوو گوشار بۆ سەر ڕۆحانی زیاتر بکەن، هەروەها ئەگەری ئەوەیش زۆرە کە کۆماری ئیسلامی بە ڕێگەی گوشار بۆ سەر چەند کەسی تر لە کابینەی ڕۆحانی چەشنێک پاکسازی وەڕێ بخات، تا بتوانن سیاسەتێکی توندتر لە بەرانبەر ئەمریکادا بگرنە بەر. قبووڵنەکردن و گەڕانەوەی زەریفیش قەیرانەکان چارەسەر ناکات، چونکە وێناچێت ئاڵوگۆڕێکی جددی لە دەزگەی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیدا ڕوو بدات کە بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.

گەرچی نیگەرانییەکەی زەریف سەبارەت بە بەشدارینەکردنی لە کاتی چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد لەگەڵ خامنەیی و ڕۆحانیدا دەنگێکی زۆری داوەتەوە، بەڵام باس لەوەیش دەکەن کە حەسەنی ڕۆحانییش ئاگاداری هاتنی بەشار ئەسەد نەبووە و "هەموو شتێک بەپەلە" کراوە. تەنانەت لە دانیشتنی بەشار ئەسەد لەگەڵ خامنەیی کە ڕەسمی بووە، تەنیا ئاڵای کۆماری ئیسلامیی لێ بووە!

قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی قووڵتر لەوەن کە بە گەڕانەوەی زەریف کۆتایییان پێ بێت یان بەشێکیان چارەسەر بکرێن. گوشاری لەڕاددەبەدەری ئەمریکا، سەرگەردانیی ئەوروپا سەبارەت بە دۆخی ئێران و هەڵوێستیان بەرانبەر ئەمریکا، گرانیی چەندقات لە بازاڕەکانی ئێران، هەروەها قەیرانی گشتگیر لە ئێران، دۆخەکەی گەیاندۆتە سنووری تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و کەس نازانێت پڕیشکەکانی چەندە بڕ دەکەن. بەڵام ئەوەی ڕوونە، کۆماری ئیسلامی بەتەما نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاشەکشێ بکات، گەرچی بوونی سوپاییی کۆماری ئیسلامی لەو دەڤەرەدا بە "خاڵی بەهێزی تاران" دەزانن بۆ مانەوە و دانوستانەکانی دوایی؛ بەڵام لە هەمان کاتدا خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامییشە کە لە ئەگەری گوشارێکی تۆکمە و یەکگرتووی ئەمریکا و ناوچەیی بۆ سەر تاران، دۆخەکە لە دەرەوە و لە ناوەوە بەتەواوەتی بە دژی کۆماری ئیسلامی هەڵگەڕێتەوە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples