قەرەنی قادری
ڕەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی بۆمهاوێژی بی ٥٢ی ئەمریکا بۆ کەنداو، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەردانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاڵمانیا و هاتنی لەنەکاوی ئەو بۆ بەغدا، سەرەتای دەسپێکی جووڵەی هێزی ڕەقی ئەمریکایە دژ بە کۆماری ئیسلامی. قۆناغی یەکەمی پلانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی کە لە نەوت و بانکەوە دەستی پێ کرد و ئابوورییشی گرتەوە، بەڵام بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە کە هێڵی سووری کۆماری ئیسلامییە، جددیبوونی بەرنامەی کۆشکی سپیی بۆ ڕووبەڕووبوونەی دژ بە تاران بەتەواوەتی دەرخست.
سوپای پاسداران کە "سوپای قودس"یش باسکی درێژی ئەو سوپایەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆشکی سپی کە چۆن بتوانێت ئەو هێزە پڕچەککراوەی کۆماری ئیسلامی و دەستڕۆییشتوو لە بازاڕی ئابووریی ئێران لە ناوچەکەدا گەمارۆ بدات و هەرچی زیاتر سنوورداریان بکاتەوە، تا بەو هۆیەوە بتوانێت بۆ ناو جوگرافیای سیاسیی ئێرانیان بگەڕێنێتەوە.
لە قۆناغی دووەمدا، کە تەواوکەری پلانی یەکەمە، بەگەڕخستی هێزی سوپاییی ئەمریکایە بۆ ناوچەکە و کەنداو، کە بە گوتەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، بۆ بەرپەرچدانەی بێبهزەیییانەی هەر جووڵەیەکی سوپاییی ئێران و ئەو هێزانەیه کە سەر بە کۆماری ئیسلامین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی واشنگتۆن لەو دەڤەرەدا، پاڵنەری هێنان و دەستپێکردنی هێزی سوپاییی ئەمریکایە بۆ نزیک سنوورەکانی جوگرافیای ئێران.
چاوپێکەوتنی پۆمپیۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق، کۆمەڵە پەیامێکی پێ گەیاندن کە "لەسەر حکوومەتی عێراقە هێزەکانی ئەمریکا (نزیک بە ٥٢٠٠ کەسن) بپارێزرێن، هەروەها ئەو هێزە چەکدارانەی عێراق کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراقدا نین، کەوی بکرێن، چونکە بە بوونی ئەوانە سەقامگیری لە عێراقدا کەمتر دەبێت و خەڵکیش لە مەترسیدا دەبن."
ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، سیاسەتەکانی کۆشکی سپی هەم لە ڕوانگەی ئابووری و دیپلۆماسی، هەمیش لە ڕوانگەی هیزی سوپاییی خۆیەوە دژ بە کۆماری ئیسلامی چڕتر بوونەتەوە و، هەر بەو پێیەیش تەقینەوەی دۆخەکە و بەرپرسیارێتییەکە خراوەتە سەر شانی کۆماری ئیسلامییەوە، کە چۆن وهڵامی ئەو هەموو گوشارە سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و سوپایییانهی ئەمریکا دەداتەوە.
بە ئەگەری زۆرە ئەو سیاسەتەی ئێستای ئەمریکا و بوونی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لە کەنداو، دەتوانێت درز بخاته نێو یەکڕیزیی ئەوروپا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی و دۆسیە ئەتۆمییەکەی و، هەڵوەرین لە یەکڕیزییەکەی ئەوروپا دەست پێ بکات.
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
بەر لە هەموو شتێک بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە، خۆی بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە دەگەیهنێت. ئیسڕائیل، عەرەبستان، وڵاتانی کەنداو، عێراق، هەروەها هەرێمی کوردستانیش دەکەونە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە. بەڵام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەوەیش ڕاگەیهندراوە کە ئەوانیش ئامادەن زەبر لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا بدەن. هەر لەبەر ئەوە هاتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لینکۆڵن بە فڕۆکە شەڕکەرەکانیانەوە بۆ کەنداو، به مانای پشتگیرییه لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و ئەوە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
هەوڵی خێرا بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دۆخی ئێران، عێراق و ناوچەکە و، هەروەها ململانێی لەڕاددەبەدەری ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندووەتە ئاستێک کە پێویستە هەرێمی کوردستان زۆر خێرا هەوڵی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بدات. حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەرباز بووە، لەو ماوەیەدا دەکرا زۆر کاری جددی بکرێت کە نەکرا، بەڵام ئەوەیش ڕوونە کە دەبێ تا ئێستا بەرچاوی هەمووان بۆ پێكهێنانی کابینەی نۆیەم و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم زۆر ڕوون بێت کە ئیتر پێویست ناکات کاراکردنەوەی ئەو دوو دامەزراوەیە بە پرۆسەیەکی بیرۆکراتیک (بە ناوی ڕەوتی یاسایی) و ماراسۆنیی دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەی حکوومەتەوە دەرباز ببێت. کێشە سەرەکییەکە کۆتایی هاتووە، تەنیا هەوڵێکی خێرای گەرەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت کە ئەمەیشیان ڕاستەوخۆ بۆ ئەو حزبانە دەگەڕێتەوە کە بەشێک دەبن لە دەسەڵات و بەبێ هیچ شک و گومانێکیش ئەوان دەبێ شارەزای لێهاتوویی و کارامەییی ئەندامەکانیان بۆ پۆستە حکوومییەکان بن؛ هەروەها گنخاندنی کات لەو پەیوەندییەدا بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە!
لەو دۆخە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە پێیدا دەرباز دەبن و لە هەر ئان و ساتێکدا دەکرێت چاوەڕوانی ڕووداوێک بین، پێویستە لە خێراترین کاتدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کارا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەماندا هەڵبژێردرێت و هەر بەو خیرایییەیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بێت!