هێرشەکەی سوپای تورکیا و گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاوای کوردستان

قەرەنی قادری

ئامانجی ئەردۆغان لەو هێرشە کە ئاکامەکەی داگیرکاریی ڕۆژاوای کوردستانە، بۆ ئەوەیە گۆیا دەخوازێت "ناوچەیەکی ئەمن" لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا (باکوور و ڕۆژاوای کوردستان) دروست بکات، بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرە سوورییانەی کە ئێستا لە تورکیان، لەو هێڵەدا نیشتەجێیان بکات. ئەمەیش یانی سڕینەوەی کورد؛ واتە بە زەبری چەک دیموگرافیای ڕۆژاوای کوردستان بگۆڕێت.

لە لایەکی تریشەوە سەبارەت بە هێرشەکەی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، ئەردۆغان هەڕەشەی لە ئەوڕوپییەکان کرد کە ئەگەر "ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا بە سنووربەزاندن ناو ببەن، ئەوە بە ملیۆنان پەنابەر ڕەوانەی ئەوڕوپا دەکەم. ئێمە دەرگەکانی خۆمان بەڕووی ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەردا دەکەینەوە و بۆ ئێوەیان دەنێرین." ئەردۆغان هەوڵ دەدات یاری بە گیان و ماڵ و چارەنووسی ئەو پەنابەرانەوە بکات و بیانکات بە شەپۆل تا گوشار بخاتە سەر ئەوروپا بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکات؛ لە هەمان کاتیشدا خاڵی لاوازی ئەوروپییەکانی دۆزیوەتەوە و بە "کارتی پەنابەران"ەوە دانوستان لەگەڵ ئەوروپادا دەکات، واتە لە نێوان لاڤاوی پەنابەران (کردنەوەی دەرگەی تورکیا بەڕووی پەناران بۆ ئەوروپا) یان بێدەنگبوون لە بەرانبەر هێرش بۆ سەر ڕۆژاوادا، یەکێکیان هەڵبژێرن.

جارێ هێرشەکە لە سەرەتای خۆیدایە؛ گەر بێت و شار یان گوندەکانی ڕۆژاوای کوردستان بکەونە دەست سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو، ئەوکات ئاستی دڕندەیییەکە خۆی دەردەخات.

کوردستان چوار پارچەیە و لە نێوان ئەو پارچانەیش کە بۆتە "سنووری ڕەسمیی چوار دەوڵەت"، هیچ گرووپ و نەتەوەیەکی تر جیا لە کوردی لێ نییە؛ ئەردۆغان دەخوازێت پڕۆژە ناتەواوەکەی چوارپارچەکردنی کوردستان، بە نیشتەجێکردنی پەنابەرە سوورییەکان (لە نێوان سنووری ڕۆژاوا و باکووری کوردستان)، کە ئەمەیان بەبێ شک بەو پەنابەرانەی کە خۆیان هەڵیان دەبژێرن، پڕ بکاتەوە و پڕۆژەکە تەواو بکات. ئەمە ڕێک بە مانای دابڕانە لە نێوان دوو پارچە، هەروەها هەڕەشەیەکی جددییشە بۆ سەر داهاتووی کوردستان. لە کۆتاییدا هەر بە ڕێگەی گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاوای کوردستانەوە، ئاڵقەی گەمارۆ بە دەوری هەرێمی کوردستاندا تەنگ بکاتەوە. بەڵام سەرگرتن یان سەرنەگرتنی ئەو پلانە، پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەکە و دەوری هاوکێشە خۆجێیی و دەرەکییەکانەوە هەیە.

لایەنێکی تری سیاسەتی ئەردۆغان ئەوەیە کە لە سەروبەندی باس و خواسی ئەوەی کە دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا دەنووسرێت، تەنگەتاو بووە. چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕای گەیاند: "لە کاتی نووسینی دەستووری نوێ بۆ سووریا، ڕەچاوی مافی کوردیش دەکرێت." ئەردۆغان کە زیاتر لە ٨٠ هەزار سەربازی بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژاوا ناردووە و بە دەیان فڕۆکەی شەڕکەر و هێزی زەمینی، جه‌نگی دژ بە ڕۆژاوا دەست پێ کردووە، هیچ وێناچێت بەم زووانە بکێشتەوە. بەشێک لە هێرش و تەنانەت مانەوەی لە ڕۆژاوا، رێک لەبەر ئەوەیە کە ببێتە هاوکێشەیەکی بەهێز لە دیاریکردنی داهاتووی سووریا کە بێ شک ڕۆژاوای کوردستان مەبەستی سەرەکیی ئەردۆغانە، بەڵام ئەویش لەژێر ناوی ئەوەی کە "لەناو خاکی سووریاوە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییی ئێمە دەکرێت"؛ بۆیە پێویستی بەوەیش هەیە کە لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور یان هەر گۆڕانێکی گەورە لە سووریادا ئەو دەور و کارتێکەرییەی هەبێت کە ڕێگە نەدات کوردانی ڕۆژاوا بە مافێکی ڕەسمی بگەن. ئەردۆغان ئه‌وه‌ی بۆ هەرس ناکرێت كه‌ لە نزیک "سنوورەکانی خۆی" هەرێمێکی نوێ یان تەنانەت چەشنێک ئیدارە و خۆبەڕێوەبەرییەکی تری کوردی وەکوو هەرێمی کوردستان لێی قوت ببێتەوە.

گەرچی زۆر بەیاننامە و لێدوانی ڕەسمی لە لایەن حکوومەتە ئەوروپییەکانەوە، تەنانەت کۆمکاری عەرەبییش دژ بەو هێرشە بڵاو کراونەتەوە، بەڵام ئەردۆغان کاری خۆی هەر دەکات، چونکە ئەمە تەنیا لێدوانن و جارێ هیچ ڕێکارێکی یاسایی و ئابوورییش دژ بە تورکیا لە پشت ئەو دەربڕینانەوە نییە و یان ئەوەتا ئەگەر هەبێت نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە هەر حاڵ ئەو دۆخەی کە تورکیا لە ڕۆژاوای کوردستان خوڵقاندوویەتی، تاقیکردنەوەیەکە بۆ هەڵوێست و ڕای ئەوڕوپی و ئەمریکییەکان کە تاچەند دژ بە سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەوەستنەوە و، تا چەندیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە جددین، یان ئەوەتا تووشی لێکترازان دەبن لە هەڵوێستدا، کە ئەمەیان ڕووی لە یەکێتیی ئەوڕوپایە.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی (ترامپ)ەوە هەبێت، تا ڕاددەیەکی زۆر ئاڵۆزە، چونکە دۆناڵد ترامپ بە سیاسەتەکانییەوە وەک "جیوە" وایە؛ بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە. سیاسەت و هەڵوێستە جیوەیییەکانی، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە بەرژەوەندیی ڕووتوقووتی کۆشکی سپی و دراوەوە هەیە و، زۆر لە بازاڕی بۆرسی نیویۆرک (New York Stock Exchange)  دەچێت، کە لە چرکەساتدا گۆڕانی بەسەردا دێت!

لە بواری سیاسەت و دابینکردنی بەرژەوەندیدا، ئەگەر زۆر لێی نزیک ببیتەوە دەتسووتێنێت و ئەگەر لێی دوور بکەویتەوە، سەرمات دەبێت! لەوانەیە تەنیا بە کەڵکوەرگرتن لە سروشتی ڕێوی لێی تێ بگەین و بە کەمترین تێچوو لەگەڵی هەڵبکەین؛ واتە هیچ پێویست ناکات تەواوی هێڵکەکان بخرێنە ناو سەوەتەیەکەوە، چونکە ئەمە لە سیاسەتدا بە هیچ چەشنێک ڕێی تێ ناچێت!

ترامپ، زۆر بە سانایییەوە دەرگەی ڕۆژاوای بۆ تورکیا کردەوە، بەڵام ئەگەری ئەوەیش هەیە کە تورکیا تووشی کێشەیەکی گەورە لەگەڵ ڕووسیا، ئێران و سووریایش بکاتەوە و، لە ناوخۆی تورکیایشدا گرفتێکی گەورەی سیاسی و ئابووری بۆ ئەردۆغان بنێتەوە. لە لایەکی تریشەوە چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆ و بازاڕێکی گونجاوە بۆ ئەوەی چەک لە ئەمریکا بکڕێت، ترامپ نایه‌وێ پاڵ بە تورکیاوە بنێت و دەکۆشی ڕووسیای باوێت؛ هەر لەبەر ئەوەیە بە دانی ئیمتیاز بە تورکیا، واتە کشاندنەوەی هێزەکانی لە ڕۆژاوا، دەرگەی بۆ تورکیا کردەوە و ئەم جارە کوردی کردە قوربانیی ئامانجەکانی خۆی!

تەنیا هێزێک کە دەتوانێت کارتێکەریی لەسەر هەڵوێستەکانی "ترامپ" هەبێت، سیاسەتوانان و ڕای گشتیی ئەمریکایە؛ لەم چەند ڕۆژەدا ئەمە لە ئەمریکا خۆی دەرخست. ترامپ پێویستی بەوە هەیە کە جارێکی تریش ببێتەوە سەرۆککۆمار، هەر لەبەر ئەوە، تەنیا ڕای گشتیی ئەمریکایە کە دەتوانێت گوشار بخاتە سەر ترامپ. بەداخەوە لێکترازان لەناو کورددا زۆرە و گوتاری یەکگرتووی نییە کە بیکات بە هاوکێشەیەکی کارتێکەر، هەروەها لە ئەمریکایشدا "لۆبی"ی نییە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples