قەرەنی قادری
ناسینی ماف، سەرەتای هەوڵدانە بۆ ژیان و ئازاد بیرکردنەوە؛ هەروەها دەسپێکیشە بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو. ئەمەیش دەستەبەرکردنی مافەکان، گەشەی تاک و هەڵدانی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەیەکی بەهێز، لە گرەوی تاکە بەهێز و وشیارەکانیدایە. ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە مافەکانیان، هەروەها پاراستن و بەرگریکردنیان لەلایەن دەوڵەتانەوە، پلەی ئاسایشی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و تاک لە هەر وڵاتێکدا بەرزتر دەکاتەوە. هەردوو چەمکی "مافی مرۆڤ" و "مافی هاووڵاتی"، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مافی ژیان و ئازادییەکانەوە هەیە.
لە هزرە بنەڕەتییەکانی لیبراڵیزمدا، مافی ژیان و ئازادبوون، بە مافی سروشتی ئەژمار دەکرێن. دەوڵەتان بەرپرسن لە دابینکردن و پاراستنی ئەو مافانە؛ هەروەها ئەرکی هاووڵاتیانە کە شارەزای مافەکانیان ببن، بەکاریان بێنن و پەرەیان پێ بدەن. ئهوه ئەرکی حکوومەت و دامەزراوەکانیشە بەرگری لەو مافانە بکەن!
مافی مرۆڤ، کۆمەڵە مافێکن کە ژیانی مرۆڤایەتی دەگرنەوە؛ ئەمەیش ڕەنگ، چین، نەتەوە، ئایین، تەنانەت بیر و هزریش ناناسێت و، پانتاییی جیهان داگیر دەکات. مافی دەربڕین و پەیڤین، خوێندن، مافی ژیان، مافی پۆشینی جلوبەرگ و گەڵاڵەکردنی شێوازی ژیان، هەندێک لە مافە بنەڕەتی و سەرەتایییەکانی مافی مرۆڤن. بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤیش لەسەر چوار کۆڵەکە پێک هاتووە: "سەروەریی یاسا"، واتە "بەرانبەریی مرۆڤەکان لە بەردەم یاسا"دا، سەروەریی عەقڵ و ئاوەز (نەک ئایدیۆلۆژی و ئایینەکان)، مرۆڤتەوەری (مرۆڤ سەرچاوەی دەسەڵاتە)، خاڵی چوارەمیش، دەوری تاکە کە لە کۆی زۆرینەدا خۆی دەدۆزێتەوە.
بنەما هەرە سەرەکییەکەی مافی مرۆڤ، بەرانبەرییه لە نێوان مرۆڤەکاندا. عەقڵ یان هزرتەوەری (عەقڵ سەرچاوەیە بۆ دانانی یاساکان)، مرۆڤتەوەری (مرۆڤ سەرچاوەی ڕەوایەتییە بۆ دەسەڵات)، لیبڕاڵیزم (ئازادی و گەشەی تاک)، سێ کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی بەیاننامەی مافی مرۆڤن، کە سنووری ئایدیۆلۆژی، ئایین و ڕەنگەکان دەبەزێنێت. لەبەر ئەوە، مافی مرۆڤ ناوچەیی نییە و سنووربەزێنە؛ چونکە شتێک نییە بە ناوی مافی مرۆڤی ڕۆژاوایی، ڕۆژهەڵاتی، ئیسلامی یان مافی مرۆڤی مەسیحی. ئەگەر مافی مرۆڤ بە هەر هۆیەک- جا چ نەتەوەیی، ئایینی یان داب و نەریت بێت- سنووردار بکرێتەوە، دەبێتە سەرەتا بۆ سەرکوتکردن و پێشێڵکردنی مافەکان لە کۆمەڵگەدا.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، ژیان و ئازادیی مرۆڤەکان، تەنانەت دیموکراسیش، بەپێی پێوەری مافی مرۆڤ هەڵدەسەنگێندرێن. هەندێک لە توێژەرانی مافی مرۆڤ دەڵێن: "بەیاننامەی مافی مرۆڤ باس لە مافی مرۆڤ دەکات، نەک لە بایەخەکان (بههاكان)."
مافی هاووڵاتێتی، کۆمەڵە مافێکن کە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسیدا لێک دەدرێنەوە و، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەیش بەگوێرەی یاسا دەبنە خاوەنی. کۆمەڵناسان لەو بوارەدا، بەردەوام باس لە دەستووری گشتیی وڵاتان دەکەن. لە جیهانی ئەمڕۆدا ناکرێت باس لە دەستوورێکی گشتیی عەقڵانی و دیموکراتیک بکرێت، بەڵام باس لە بنەماکانی مافی مرۆڤی تێدا نەکرێت. گەرچی وێکچوویی لەو دوو چەمکەدا (مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی) گەلێک زۆرە، بەڵام بواری "مافی هاووڵاتی"، دەوڵەتێکی دیاریکراو دەگرێتەوە.
دەستووری گشتیی وڵاتێک، گرێبەستێکە لە نێوان یاسا و هاووڵاتیی وڵاتێکی دیاریکراوەوە، کە بەپێی یاساکانی وڵات ڕێک دەخرێت. مافی هاووڵاتی پەیوەندیی بە هاووڵاتیان و دەستووری گشتییەوە هەیە، بەڵام مافی مرۆڤ ڕەهەندی جیهانیی هەیە و دەوری سەیوانەی یاساکان دەگێڕێت.
ئازادی و یاسا لە بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، کە بۆ هەردوو واتای "مافی مرۆڤ" و "مافی هاووڵاتی" دەگەڕێتەوە. ئازادی بەبێ یاسا کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات، بەڵام یاساش بەبێ ئازادی (لەوانە ئازادیی تاک)، کۆمەڵگە دەخنکێنێت. هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و یاسادا، لە ئەرکە هەرە گرینگەکانە، کە دەبێت هاوسەنگییەکی عەقڵانی لە نێوان ئەو دوو چەمکەدا چێ بکرێت. دووانەی مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتێتی، پێکەوە دەتوانن فرهدەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن لە کۆمەڵگەدا بەهێز بکەن، چونکە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتێتی، پێکەوەهەڵکردن و فرهدەنگیی سیاسی بەدامەزراوەیی ناکرێت.
فرهدەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن
فرهدەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن، یانی ئهوهی كه کۆی ڕەنگەکان، بە ههموو جیاوازییەکانیانەوە، پێکەوە کاری هاوبەش دەکەن، بەڵام چوارچێوە دەسنیشانکراوەکە نابەزێنن، فکرەکان گەشە پێ دەدەن و دوور دەکەونەوە لەوەی کە کۆمەڵگە تووشی قەیران و نائارامی بکەن، یان بەرەو هەڵدێری ببەن، هەروەها هاووڵاتیان تووشی ترس و دڵەڕاوکێیش ناکەن!
كاتێك باس له فرهدەنگی (پلـۆرالیزم) دهكرێ، دهبێ باس له جیاوازییش بكرێ. بهبێ ڕهچاوكردنی جیاوازیی بیروڕا و بهرژهوهندیی ئهوانی تر، پلـۆرالیزم مانایهكی نییه. كاتێك باس له پلـۆرالیزم و جیاوازی دهكرێت، دهبێت باس له دانوستان و لێدوان (دیالۆگ)یش بكرێت. بۆ گهیشتن بهم ئامانجه، بڵاوكردنهوهی زیاتری زانیاری لەلایەن حكوومهتهوه، ههروهها ههوڵی بێوچانی ئامرازی ڕاگهیاندنی گشتی بۆ بڵاوكردنهوه و دهستاودهستكردنی زانیاریی دروست و جێی متمانه، دهوری گهلێك گرینگ و بنهڕهتی له بهدیموكراتیكردنی كۆمهڵگهدا دهگێڕن. بهگوێرهی بۆچوونی كۆمهڵناسه لیبراڵهكان، پلـۆرالیزم، پهیوهندیی بهوهوه ههیه كه "كۆمهڵگه، مهودا بۆ كۆمهڵێك حزب و ڕێكخراو، بیروڕای جیاواز، ڕێكخراوی ناحكوومی و تاك، كه بهڕهسمی، دان به بهرژهوهندیی جیاواز دادهنێن، دروست بكات"؛ ههروهها به ڕێگەی كێبركێی سیاسی، ئاشتییانه و دیموكراتییانهوه، كێشهكان چارهسهر بكهن.
یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەر ڕێگەی فرهدهنگیی سیاسی و پێكهوهههڵكردن لە کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە، ناتوانێت دوو چەمکی فەلسەفی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی "ناکۆکی" و "جیاوازی، "لێك جیا بكاتهوه. ئەو دوو چەمکە وا تێکەڵ کراون، هیچ سنوورێکیان لەنێواندا نەماوە. لە زۆربەی بوارهكاندا جیاوازییەکان دەخەنە خانەی ناکۆکییەکانەوە. ئەمەیش ڕێک سەرچاوەیەکە بۆ توندوتیژی، پێکدادان و نەسازان. "جیاوازی" و "ناکۆکی"، دوو شتی وێکچوو نین؛ بۆ هەڵسەنگاندن و باسكردن لەوان، دوو ڕێکاری سیاسی، فەلسەفی و کۆمەڵایەتیی تەواو جودایان گەرەکە.
مەرجی هەرە سەرەتا بۆ بەدامەزراوەییکردنی فرهدەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن، هەر لە دەسپێکدا شوشتنەوەی زمانی سیاسی و ئایینییە کە چۆن بتوانیت بە شێوەیەکی سەردەمییانە پەیامەکەی بەوانی تر بگەیهنێت. پێویستە ئاماژە بەوەیش بدرێت کە ئەدەبیات، پڕوپاگەندەی سیاسی و ئایینیی هێرشبەرانە لەگەڵ فرهدەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردندا یەک ناگرنەوە.
دوورکەوتنەوە لە بەدووجەمسەریکردنی کۆمەڵگە (باش و خراپ، یان کافر و موسڵمان)، گەرچی پەیوەندیی بە چەشنە هزرێکی هێرشبەرانەوە هەیە، بەڵام شوشتنەوەی زمان و بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی گونجاو بۆ ڕۆنانی پەیوەندییەکی ماقووڵ، وزهی ژیان و پێکەوەژیان بە کۆمەڵگە دەبەخشێت و، ئەو هەستەیش لەناو هاووڵاییانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستاندا چەکەرە دەکات کە خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت. کاتێک هاووڵاتی (تاک) هەست پێ بکات کە ئاسایشی کار، ژیان و ئازادییەکانی بە ڕێگەی یاساوە دابین کراوە و حکوومەت و دامەزراوەکانیشی بەرگریی لێ دەکەن، کۆمەڵگە لە ناوخۆیدا بەهێز دەبێت و پلەی ئاسایشی نەتەوەییش لە وڵاتدا بەرز و بەرزتر دەبێتەوە!
بەبێ شک تەنیا سەروەریی یاسایە کە دەتوانێت ئەمە دابین و بەهێز بکات و ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتیش پارێزراو بێت. مافی مرۆڤ، مافی هاووڵاتێتی، فرهدەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن ئەو پەیامە بنەڕەتییەیان پێیە کە بەرژەوەندیی تاک و گشت، هەروەها گەشە، پێشکەوتن و بەهێزیی وڵات، دەبێ لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت!