د. محەمەد ساڵح، دکتۆرا لە دراساتی ئیتنی سیاسی لە زانکۆی ئێکستەر لە بریتانیا و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک
پێشەكی
دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەر وڵاتێكی دیموکراتدا زەروورەتێكی دیموكراتییە و بەشێك لە ئەركەكانی ئەو دەوڵەتە بەڕێوە دەبهن. ئەم جۆرە دامەزراوانە لە ڕێگهی دەزگهیەکی دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبردرێن و سەرپەرشتی دەكرێن. بەڵام هەر لە سەرەتاوە بيرۆكەی دامەزراندن و ئەرك و ياسای پەیڕەوکراوی دامەزراوەكە لەلایەن چەند چالاكوانێكی مەدەنییەوە گەڵاڵە دەكرێت و پاش ڕەزامەندیی دەزگه پەیوەندیدارەكە دەست بە چالاكییەكانیان دەكەن. سەرجەم یاساکانی دامەزراوەكە لەلایەن ئەو كەسانەوە دادەنرێن و پاشان بەگوێرەی پێویست هەموار دەكرێن. دەزگه دەوڵەتییەكە بە مەرجی بەڕێوەچوونی دامەزراوەكە بەو شێوەی كە لە پێناویدا دامەزراوە و، بە مەرجی بەڕێوەچوونی كارەكانیان بە شێوەیەكی شەفاف و دیموکرات، هیچ دەستێوەردانێك لە كارەكانیان ناكات جگە لە یاسا گشتییەكان كە سەرجەم ئەو جۆرە دامەزراوانە پەیڕەویی لێ دەكەن.
بەڵام هەر كاتێك بۆ دەزگه دەوڵەتییەكە ساغ بووەوە كە هەر دامەزراوەیەك لەلایەن سەرپەرشتیارانییەوە خراپ بەكار دێت، دەسبەجێ ڕادەگیرێت و لێپێچینەوەی تەواوی لەگەڵدا دهكرێت و بەپێی پێویست سزای سەرپەرشتیاران دەدرێت؛ بۆیشی هەیە دامەزراوەکە لە کارکردن ڕابگرێت، یان سەرپەرشتیکردنی بە کاسانی تر بسپێرێت. هەر كەسێكیش لەو سەرپەرشتیارانە بۆ نموونە سزای دەركردنی بەسەردا بدرێت، ئیتر بۆی نییە ببێتە سەرپەرشتیاری هیچ جۆرە دامەزراوەیەكی هاوشێوە؛ ئەمە جگە لەو سزایەی كە بەپێی تاوانەكە دەیگرێتەوە. سەرپەرشتیارانی ئەم جۆرە دامەزراوانە پێیان دەگوترێت ئەمینداران و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. دیارە دەستەیەکی کارگێڕی لە کەسانی پسپۆڕ دادەمەزرێنن کە ئەم دەستە کارگێڕییە بە مووچەی مانگانە کار دەکەن و دەستەی ئەمینداران یاسا و ڕێسانی پێویست دادەنێن بۆ باش بەڕێوەچوونی کارەکانیان.
كەواتە ئەم جۆرە دامەزراوانە، مادهم لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستێكی باش و دیموکرات دەمەزراون و بە شێوەیەکی شەفاف و دیموکرات بەڕێوە دەچن، دەوڵەت هیچ ڕێگرییەكیان لێ ناكات؛ بەپێچەوانەوە هەموو جۆرە ئاسانكارییەكیان بۆ دەكات. دەوڵەت تەنیا لەبەر ئەوەی کە چەند كەسێك دامەزراوەیەكیان هەیە، مووچە یان ئۆفیس یان ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین ناكات، بەڵكوو هەموو پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی دامەزراوەكە دەبنە بەشێكی شەفافی خەرجییەكانی چالاكییەكانیان. خەرجیی ئەم چالاکییانەیش یان لە دامەزراوەی پەیوەندیدار بەو جۆرە چالاکییەوە یان دەوڵەت وەكوو بەشێك لە ئەركەكانی دابینی دەكات بۆیان، بە مەرجی پسپۆریی دامەزراوەكە لەو بوارەدا، یان دامەزراوەكە دەتوانێت لە هاووڵاتیانی كۆ بكاتەوە. لە كۆتاییدا چونكە ئەو جۆرە كار و ئەركانە بەشێكن لە پێداویستیی ژیانی مەدەنی و پەرەپێدانی سیستهمی دیموكراسی و دوور بن لە خزمەتکردن بە هیچ ئەجێندایەكی سیاسی و حزبەكان، دەوڵەت بە ئیشی خۆی دەزانێت و ئەرکی سەرپەرشتی و بەڕێوەچوونیانی لە ڕێگهی ئەمیندارانی ئەو دامەزراوانەوە سپاردووە بە هاووڵاتیان. هەر بۆیەیش پێیان دەگوترێت دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی. بەپێچەوانەوە مۆڵەتیان پێ نادرێت، یان هەر كاتێك بۆ دەوڵەت ساغ بووەوە كە هەر دامەزراوەیەك بۆ ئەو مەبەستهی كە ئاماژەی پێ كرا ئیش ناكات، ڕادەگیرێت. كەواتە دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی، تەنیا و تەنیا خزمەت بە هاووڵاتی دەكات و لە ڕێگهی هاووڵاتیی چالاكەوە بەڕێوە دەبردرێت و نابێتە بەشێك لە ئەجێندای هیچ دامەزراوەیەكی سیاسی. ئیتر هەر جۆرە چالاكییەكی ڕۆشنبیری یان زانستی یان خێرخوازی یان ئایینی یان فیکری یان كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن، بە بەشێك لە ئەركەكانی دەوڵەت دادەنرێن بۆ خزمەت بە ژیانی مەدەنی كە لە چوارچێوەیەكی دیموکراتدا بەڕێوە دەچن. دەوڵەتیش لە ڕێگهی دەزگه تایبەتەكەیەوە چاودێرییان دەكات. بۆ نموونە لە شانشینی بریتانیا ئەم جۆرە دامەزراوانە لەلایەن "كۆمیسیۆنی خێرخوازی" (چارەتی كەمیشن)ەوە سەپەرشتی دەكرێن و سەرجەم دامەزراوەكانیش مۆڵەتی كارکردن لەم كۆمیسیۆنە وەردەگرن. كۆمیسیۆنیش سەرجەم زانیارییەكانی دامەزراوەكان بە حیساباتی ساڵانەیانەوە لە پێگەی ئهلیکترۆنیی خۆی بڵاو دەکاتەوە. لێبووردنی نێودهوڵهتی (ئەمنستی ئینتێرناشناڵ) و چاودێر (ڕوانگه)ی مافهكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) نموونەی ئەو دامەزاراوە بریتانیانەن كە لە هەموو دنیا چالاكی و ناوبانگیان هەیە و هەموو کەسێك دەتوانێت هەموو زانیارییەكیان لە پێگەی چارهتی كەمیشن ببینێت. چارەتی کەمیشن بە واتای کۆمیسیۆنی خێرخوازی دێت. واتا هەر لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە کارانە بۆ مەبەستی خێرخوازی دامەزراون و لەلایەن ترەستی (ئەمیندار)انەوە خۆبەخشانە بەڕێوە دەبردرێن.
ا- ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە لە ڕووی گەشەدان بە ئینتیمای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان چی بووە؟
بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەوەی بزانین ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوانە لە ڕووی گەشەدان بە ئینتیمای نیشتمانییەوە چییە، دەبێت هەڵسەنگاندنێکی واقعی بۆ کار و چالاکییەکانیان بکرێت. سەرەتا نابێت گومانمان هەبێت لە وەلائی ئەم ڕێکخراوانە وەکوو ڕێکخراو یان ئەو کەسانەی کە سەرپەرشتییان دەکەن، چونکە بێ گومان "فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێم" تا دڵنیا نەبووبێت، مۆڵەتی کارکردنی بەو کەس و ڕێکخراوانە نەداوە. کەواتە مەبەست لە دەرەنجامی کار و چالاکییەکانیانە کە ئایا لە ڕووی بەشداریکردن لە پەرەپێدان بە ئینتیمای نیشتمانی، ڕۆڵی ئەرێنی یان نەرێنییان هەیە؟ سەرەتا تا بوونی هەر ڕێکخراوێک پێویست نەبێت و کارەکانی لە پێناو پەرەپێدان بەو مەبەستە کە لە پێناویدا دروست بووە بەردەوام نەبێت، نابێت مۆڵەتی کارکردن یان بەردەوامبوونی فەراهەم بێت. کەواتە بۆ زامنکردنی ئەم دوو مەبەستە، دەبێت فەرمانگەی ناوبراو میکانیزمی تایبەتی هەبێت بۆ چاودێریکردنی سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی کە مۆڵەتی پێ داون و بهردهوامن له كاری خۆیان.
کێشەی سەرەکیی هەندێک لەم دامەزراوانە کە هەندێک جار بە ڕێکخراو ناو دەبردرێن ئەوەیە کە، وا ناسراون کە ڕێکخراوی ناحکوومیی حزبە سیاسییەکانن، یان لانی کەم نزیکن لە حزبەکانەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە ئەجێندای ئەو حزبانە دەکەن. ئەمەیش هەر لە سەرەتاوە جۆرێک لە خاترانەی حزبەکانی پێوە دیارە لە مۆڵەتپێدان و هاتنەبوونەوە تا ئەو ڕۆژەی بەم شێوەیە و بۆ ئەم مەبەستە کار دەکەن. پاشانیش کاتێک حزبەکان بەربەرەکانێی سیاسییان سەر و خوار دەکات، کاردانەوەی ئەم ڕێکخراوانەیش بەو ئاراستەیهدا دەبات. ئیتر ڕۆڵی مەدەنییانهی ڕێکخراوەکان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بەتایبەتتر، لەوەتەی سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان بەربڵاو بووە، هەندێک لە حزبەکان و ڕێکخراوەکانیان بەپێی هەڵکشان و داکشانی سیاسەتی ڕۆژ، ڕۆڵی نەرێنیی یەکجار ناتەندروستیان بینیوە. ئەمەیش وای کردووە کە پرسیاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و ئینتیمای نیشتمانیی یەکتر بکەن تا ئاستی تەخوینکردن (تۆمهتباركردن به خیانهت و ناپاكی). ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ و پێشهات و دەرەنجامەکانی نموونەیەکی نزیکی ئەم جۆرە سیاسەتەن. هەر بۆیە بوونی ئەم جۆرە دامەزراوانە زیاتر لە خزمەت ئەجێندای حزبیدا بووە؛ با لەسەر حیسابی ئینتیمای نەتەوەیی و لاوازکردنیشی بووبێت.
ب- ئەم دامەزراوانە چۆن کاریگەرییان لەسەر دابەزاندن یان بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانی هەیە؟ بە مانایەکی تریش، چ پەیوەندییەک لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و ئینتیمای نیشتمانی هەیە لە هەرێمی کوردستان؟
لە پاش ئەوهی کە لە نەوەدەکاندا لە دەرەنجامی شەڕی ناوخۆ جۆرێک لە تۆرانی سیاسی لە هەرێم پەرەی سەند، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و قەڵەمبەدەستان ڕوویان کردە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا سەربەخۆکان. کاریگەریی ئەم چینە ڕۆشنبیرە بەو ئاراستەیە بوو، تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٥دا بزووتنەوەی ڕیفراندۆم وەکوو دامەزراوەیەکی ناحزبیی مەدەنیی دوور لە ئیرادەی حزبەکان، ڕیفراندۆمێکی میللی ئەنجام بدات و ٩٨،٩٨% کوردستانیان دەنگ بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان بدەن؛ پاشانیش ئەم تەوژمە بەرەو خەمڵانێکی ناڕەزایی و دواتریش ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی بڕوات. تەنانەت ئەم جۆرە ناڕەزایییە کە پێی دەگوترێت "پۆڵەتیکس ئۆڤ ڕیزێنتمنت" بە واتای ناڕەزاییی سیاسی و دژەڕەوتی سیاسیی باو لەناو خودی حزبەکانەوە لە بەرگی جیاجیادا بەدی دەکرا. بۆ نموونە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم ناڕەزایییە سیاسییە بە سەرکردایەتیی "نەوشیروان مستەفا" بە کۆمپانیای وشە دەستی پێ کرد و پاشان لە ڕەوتی گۆڕینی دیموکراسی (ڕەگ)ەوە وەکوو قەوارەیەکی ناڕەزاییی سیاسی، هەنگاویان نا بەرەو بزووتنەوەی گۆڕان. ئەگەرچی گۆڕان جگە لە مانیفێستکردنی دەنگی ناڕەزاییی سیاسیی خەڵک هیچ ئەزموونێکی نەبوو پیشانی جەماوەری دات، بەڵام چونکە لە کاتێکی تەواو دروستدا دەرکەوت، توانی شەپۆلە ناڕەزایییەکە بقۆزێتهوه و بیخاته خزمهتی خۆیهوه و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩دا و لە ماوەی چەند مانگێکی بوونیدا ببتە خاوەن ٢٥ کورسیی پەرلەمان. بەڵام ئەوەی کە بزووتنەوەکە نەیتوانی بۆ جەماوەرەکەی و دۆخە سیاسییەکە بەرهەمی بێنێت، گوتارێکی سیاسیی تایبەت بوو کە هەم بتوانێت جیای بکاتەوە لەو حزبانەی کە ئەو لەسەر بنەمای ڕەخنەکانی، لەوان گەشەی کرد، هەم ڕێگر بێت لە پەشیمانیی خێرای شوێنکەوتوانی و بوارنەدانە هەڵقووڵانی ئەزموونی هاوشێوە.
بەم شێوەیە ئەم جۆرە دەستێوەردانە یان هاتنە نێو سیاسەتەوە لە لایەن هەندێک لە دامەزراوە مەدەنییەکانەوە، بێ گومان کاریگەریی خۆی لەسەر ئینتیمای نیشتمانی جێ دەهێڵێت کاتێک دەست دەدەنە كاری سیاسی، پەنجەمۆری خۆیان بەجێ دەهێڵن؛ ئەگەرچی هەروەكوو لە سەرەتاوە گوتمان، بوونی ئەم دامەزراوانە خواستێكی دیموكراسییە لە هەر وڵاتێكی دیموكراتدا، بەڵام لە چوارچێوە و بازنەی كار و پسپۆڕیی خۆیاندا كە هەم ناحكوومین و هەم ناحزبی. بە واتایەك، نابێت ئەم ناوەند یان ڕێكخراو یان دامەزراوە یان هەر شتێك كە خۆیانی پێ دەناسێنن، ببنە دەستەبرا یان خوشكی نە حكوومەت و نە ئۆپۆزیسیۆن؛ نایشبێت ئاوا هەڵوێستێكیان لێ قبووڵ بكرێت، چونكە ئەمانە نە بۆ ئەم مەبەستە ڕێگەپێدراون، نە ئەمەیش كاریانە. ئەوجا ئەمە ئیتر پێی دەگوترێت دەستێوەردانی سیاسی. بێ گومان ئەمە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە حزبە سیاسییەکان تەنیا و تەنیا کاری سیاسیی پرۆفیشناڵانە بکەن؛ ئیتر حکوومەتیش کاری سیاسی و کاری دامەزراوەی مەدەنیی لێ ڕوونتر دەبێتەوە.
پرسیار ئەوەیە كە ئایا ئەم جۆرە ڕێكخراوانە دەستێوەردانی سیاسییان كردووە و دەكەن؟ لە ڕاستیدا وەڵام "بەڵێ"یە بۆ هەندێکیان. لە زۆر بۆنە و باسە سیاسییەكاندا، نەك تەنیا دەستێوەردان، بەڵكوو خۆیان بە خاوەن ماف و پرسپێكراو دەزانن؛ هەر بۆیەیش زۆر جار لەو جۆرە بۆنانەدا دەسپێشخەر و بانگەوازكارن بۆ نواندنی هەڵوێست و دەربڕینی سیاسی.
دەرەنجام، ئەوەی كە حزبەكان نایانەوێت بەڕاستەوخۆ دەری بڕن، لە ڕێگەی ئەم كاراكتەرانەوە بەزیادەوە دەری دەبڕن؛ ئەمە جگە لەوەی كە لە ڕێگهی ماڵپەڕ و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كە هەندێك جار هیچ سنوورێك بۆ هیچ جۆرە ئینتیمایەك ناهێڵن. هەندێك جار ڕۆڵی ئەم جۆرە ناوەند و ڕێكخراوانە ئەوەیە كە وهكوو لە عەرەبی پێی دەڵێن "جس النبض"؛ واتا كاردانەوی شەقامی پێ تاقی دەكەنەوە و ئەوجا هەڵوێستی سیاسیی لەسەر بینا دەكەن. لە ڕابردوودا چەند حزبێكی سیاسی پاش ئەم جۆرە تاقیكردنەوانە لە ڕێگەی ئەم جۆرە كارەكتەرانەوە، هەڵوێستی وەكوو داواکردنی ڕاستەوخۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ فەرمانبەران و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی قەوارەی هەرێمیان لە ڕێگهی پەرلەمانتار و بگرە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەغداوە زۆر بەشانازییەوە دەربڕیوە!
هەندێ جاریش ئەم جۆرە دامەزراوە و كارەكتەرانە دەبنە سەركێش و، سەركردایەتیی حزبەكانیان پەلكێشی نێو ڕووداوەكان دەكەن؛ بەتایبەتتر لەوەتەی سیاسەتی پۆپۆلیستی باڵی بەسەر دۆخەكەدا كێشاوە. ئەگەرچی ئەزموونی سیاسییەكان لەوە دڵنیایە كە ئەو جۆرە مانۆڕە سیاسییانە نادروست و كورتخایەن و ناتەبایە لەگەڵ مێژووی خەباتی سیاسیی كوردستان و داخوازیی گەل و ئەزموونەكەی و، تەنیا پۆپۆلیستەكان سوودمەند دەبن لێی، ئەویش لەسەر حیسابی ماف و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان؛ كەچی هێشتا هەر هەماهەنگ و بێهەڵوێستن لە ئاست ڕووداوەكان، چونكە خۆیان داوەتە دەست شەپۆلە پۆپۆلیستییەكە بۆ ئەوەی خۆیشیان نەکەونە پەراوێزەوە؛ ئەگەرچی سەرەنجام هەم ئەو سەرکردانە و هەم حزبەکانیشیان زوو یان درەنگ لە دەرەنجامی ئاوا سیاسەتێکی پۆپۆلیستیی چەواشەکارهوه تووشی شکست دەبن. هەر بۆیە، ئەم جۆرە سیاسەتە پۆپۆلیستییە كە هەندێك لەو ڕێكخراوانە دەستیان داوەتێ، نەك هەر خزمەت بە گەشەدان بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی ناكات، بەڵكوو ڕۆڵێكی زۆر نەرێنیی هەبووە لە لاوازكردنی ئینتیمای نەوەی نوێی ئەم گەل و نیشتمانە؛ بە جۆرێك هەندێك گەنجی ئەم هەرێمە نەك هەر هیچ شانازییەك و ئینتیمایەكیان نەماوە، بەڵكوو ئامادەییی گۆڕینەوەی هەموو ئەو شتانەیان هەیە بە دامەزراندن یان مووچە.
ڕاستییەکەی، لە جیاتی پرسیارێك لەو ڕێكخراو و حزبەكانی پشتیان، هەزار پرسیار ڕەوایە كە ئەگەر بۆ نموونە تەنیا كێشەی خەڵكی هەرێمی كوردستان مووچە بووایە، ئەی ئیتر بۆچی لە ڕابردوودا بەگژی ڕژێمی بەعسدا چوون و هەزاران گەنجی ئەم میللەتەیان بە كوشت دا؟ خۆ كێشەی مووچە هەر لە ئارادا نەبوو و خەڵكیش زۆر بەباشی دەژیا. یان ئەی بۆچی بەو خەڵكانەی كە بۆ پارە دەبوونە چەكداری ڕژێم و پشتیان لە میللەتەكەیان دەكرد، دەگوت جاش؟ ئەی باشە ئامادەبوونی گەنجێك بۆ ئەوەی ببێتە حەشدی شەعبی لە كەركووك، كێ لێی بەرپرسە، ئەگەر ئەم جۆرە ڕقبەخشینەوە نەبێت كە لە ڕقی یەكتردا هیچ ئینتیمایەکی نەهێشتووەتەوە؟ ئەی ئەگەر هەموو ئەم بێڕێزی و بێحورمەتییەی ئەم جۆرە ڕێكخراو و حزبەكانیان نەبێت، كێ بەرپرسە لە ئاوا شكستێكی ڕۆحیی ئەم نەوەیە؟ گرنگە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئەگەر بۆ نموونە پسپۆڕیی ڕێکخراوێک دژەگەندەڵی بوو، ئیتر ئەوە کاری خۆی جێبهجێ كردووه کاتێک باس لە چاکسازی و دژەگەندەڵی دەکات. ئەگەر سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی سیاسی بوو، بەدڵنیایییەوە دەبێت زانستییانە کارەکانی خۆی ئەنجام بدات. قسەکە ئەوەیە کە ڕۆڵی سەرەکیی ڕێکخراوەکە چییە و بۆچی مۆڵەتی پێ دراوە، با خەریکی ئەوە بێت، نەک بە ڕاست و چەپدا هەموویان ئەجێندای سیاسی لەسەر حیسابی تێکدانی مەزاجی خەڵک و لاوازکردنی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی پەرە پێ بدەن.
ج- پلان و سیاسەتی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەبێت چۆن و چی بێت کە لە خزمەت بەرزکردنەوەی ئینتیمای نیشتمانیدا بێت لە هەرێمی کوردستان؟
بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دامەزراوە مەدەنییانە بەڕاستی کاری خۆیان بکەن، گرنگە ساڵانە کۆبوونەوەی گشتی ئەنجام بدەن. لەو کۆبوونەوانەدا پێداچوونەوەی سەرجەم کار و چالاکی و یاسا و بنەمای کارەکانیان بخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە و، ئامادەی هەر گۆڕانکارییەکی دیموکراسی بن لە پێناو گەشەدان بە کارەکانیان. بە هەمان شێوە پێویستە حزبە سیاسییەکان خۆیان لە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو جۆرە دامەزراوانە بهدوور بگرن. لە هەمووی گرنگتر، پێویستە حکوومەت چاودێرییەکی تەواوی کارەکانیان بکات و زامنی پاراستنی کارە مەدەنییەکانیان بێت؛ چونکە ئەگەر شەفافییەتی تەواو و دیموکراسی و مەدەنییەت لە کار و چالاکیی ئەم جۆرە دامەزراوانەدا بەرقەرار نەبێت، هیچ واتایەک بۆ هەبوونیان نامێنێتەوە.
زۆر گرنگە کە ئەم دامەزراوانە هەمیشە مەبەستی سەرەکی لە بوون و پێویستیی کار و چالاکییەکانیان لەبیر نەچێت. پێویستە هەردەم ئەوەیان لەبیر بێت کە ئەوان بۆ خزمەت بە پەرەدان بە ژیانی مەدەنی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و گەشەی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین و تەواوی کایەکانی خۆشبەختیی هاووڵاتیان دروست بوون. هەموو ئەمانەیش لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیی گەشەسەندوودا فەراهەم دێت. هەوڵدان لە دەرەوەی مەبەستی کاری مەدەنییانە، کاری ئەوان نییە. بە لادان لە کاری خۆیشیان، خزمەت بە دۆخە سیاسییەکە ناکرێت، بەڵکوو ئهمه زیاتر و زیاتر ئاڵوزی دەکات. دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت کە بوونی ئەوان، لە هەبوونی کامێرای خێراییی سەر جادەکان دەچێت؛ دەبێت ئاشکرا بن و شۆفێران بزانن لە پێشیانن بۆ ئەوەی خێرا نەڕۆن، نەک وەک ئەوەی کە هەندێک جار بێ ئاگادارکردنەوە و لەپڕێکدا و لە پەنایهکەدا پێیاندا بتەقنەوە، کە ئیتر ئەوە بە مەبەستی ئاگادارکرنەوە و هۆشیاریی لێخوڕین نییە، بەڵکوو مەڵاسی تاساندن و تۆڵەسەندنەوەیە؛ کە بێ گومان هەم مەبەستی زیادەڕەویی لێخوڕین نییە و هەمیش ڕقی شۆفێران ئەستوور دەکات.
ئەگەر دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەم شێوەیە کار بکەن، ئەوا لەگەڵ ئەرکە هەنووکەیییەکەیاندا، دەبنە سەرمەشقی سەرڕاستی و خۆبەخشی و دەستگرتنی کۆمەڵگهکەیان. بەمەیش ڕۆڵی گەورەیان دەبێت لە پەرەسەندنی ئاشتیی کۆمەڵایهتی و بەرزکردنەوەی ئینتیمای هاووڵاتیان. وەکی تر، هەر خودی دامەزراوەکە ئەگەر بۆ خزمەتی کۆمەڵگهکەی دروست نەبووبێت، ئەی چ مەبەستێك هەیە لە بوونی و چۆن دەتوانێت بانگەشەی مەدەنیبوون بکات؟ هەر بۆیە پێویستە کە ئەم جۆرە دامەزراوانە هەردەم مەبەستی سەرەکیی بوون و چالاکیی مەدەنییان لەبیر نەچێت و ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە چی ئەمانی وا لێ کردووە ئەم کارانە ئەنجام بدەن؛ بە هەمان شێوەیش، دەبێت بۆ بەردەوامیی کارەکانیان پەرە بە ئینتیمای نەوەی دوای خۆیان بدەن.
پێشنیار و ڕاسپاردە
پاش ئەوەی کە زانیمان چۆن و بۆچی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ههبوون و بۆ چ مەبەستێک دەبێت کار بکەن، دەتوانین چەند پێشنیارێک بخەینە ڕوو بە مەبەستی خزمەتکردنیان و بەم شێوەی لای خوارەوە:
یەکەم: بۆ هەر مەبەستێک دروست بوون، فۆکەس بخەنە سەر کاری خۆتان و دوور بن لە هەر جۆرە چالاکییەکی تر، بەتایبەت سیاسی؛ چونکە گومان لەسەر خۆتان دروست دەکەن و دەرەنجام کارە سەرەکییەکەتان لە مەودایەکی مامناوەند و دووردا لاواز و بەڵکوو بەرەو پووکانەوە دەچێت.
دووەم: هەروەک نابێت هیچ جۆرە چالاکییەکی گوماناوی ئەنجام بدەن، پێویستە لە مەودایەکی یەکساندا دوور و نزیکیی خۆتان لە حزبە سیاسییەکان ڕاگرن.
سێیەم: تا زیاتر شەفاف بن، زیاتر ڕاستگۆییی خۆتان دەسەلمێنن و بێباک دەبن لە هەر ڕەخنەیەک.
چوارەم: کاری دامەزراوەکەتان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکار مەهێنن، چونکە زوو بێت یان درەنگ، ئاشکرا دەبن و دەرنجام کارەکەتان لەبار دەچێت و خۆیشتان بێمتمانە.
پێنجەم: ببنە نموونەیەکی جوان تا نەوەکانی داهاتوو شانازیتان پێوە بکەن و برەو بە کارەکانتان بدەن. بەم شێوەیەیش کارە مەدەنییەکانتان دەبنە هەوێنی خزمەتی بەردەوام و بەزیندوویی دەمێننەوە.
شەشەم: تا خۆتان دیموکراسی پەیڕەو نەکەن، چاوەڕێی لە کەسانی تر مەکەن.
حەوتەم: دڵسۆزی و سووربوون لەسەر کارەکانتان تاکە ئامرازی سەرکەوتنتانە.
هەشتەم: پڕۆفیشناڵبوون لە کارەکانتان، لە بەرهەمێکی کاتی و نەفرینێکی نەبڕاوە دەتانپارێزێت.
نۆیەم: زۆربوونی هاوشێوەکانتان سەلمێنەری سوودبهخشبوونی کارەکانتانه؛ نابێت پێتان ناخۆش بێت؛ ئەگینا ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆ مەبەستی تایبەت دەستان داوەتە کارەکەتان.
دەیەم: نموونە سەرکەوتووکانی دنیا بکەنە پێشەنگی خۆتان، ئەوجا دەتوانن زیاتر برەو بە کارەکانتان بدەن و ئەوەی خۆتان بە باشترین نەزانن. بەمەیش هەم واقعبین دەبن و هەم بەرزویست (طموح). لە لایەکی ترەوە، ئەرکی حکوومەت و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانە کە بە چاوێکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکان بکەن و، چاوپۆشی لە ناشەفافییەت و دیارنەبوونی سەرچاوەی یارمەتیدانیان نەکەن.