د. محەمەد ساڵح، دکتۆرا لە دیراساتی ئیتنی-سیاسی لە زانکۆی ئێکستەر لە بریتانیا و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک
کاتێک باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی هەر وڵاتێک لە وڵاتێکی تردا دەکەین، واتا باس لە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتە و دەستێوەردانی دەرەکی دەکەین؛ بەتایبەتی کاتێک وڵاتانی دەستێوەردەر لە وڵاتانی پەراوێز و ناکاریگەر بن لە تەرازووی هێزی نێودەوڵەتی، ئیتر زیاتر قسە و باس و کێشمەکێش بەدوای خۆیدا دێنێت. لەوەتەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ٢٠٠٣وە گۆڕدراوە، هەمیشە عێراق بێسەروەر و بێئیرادە بووە لە بەردەم نەک هەر وڵاتانی خاوەن هەژموونی دنیا و ناوچەکە، بەڵکوو لە بەردەم ئەوانەیش کە تازە فێری پەراوەی دەستێوەردان بوون. بەتایبەتتر، ئەم دەستێوەردانانە لە ئان و ساتی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا بەدەر دەکەون.
هۆی سەرەکیی بەشێک لەو دەستێوەردانە هەرێمییانە، دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیی عێراق لە دنیای ئیسلام بە لای هەردوو تائیفەی سوننە و شیعەوە بۆ ڕۆڵە مێژوویییەکەی و ترسان لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا. هەر لە کاتی خەلیفەی چوارەمەوە (عەلی کوڕی ئەبو تالیب)، کە بە لای شیعەوە ئیمامی یەکەمە، پایتەختی خیلافە لە مەدینەی پێغەمبەرەوە گواسترایەوە بۆ کۆفە. ئهوجا لە پاش ئەمەوییەکان، جارێکی تر پایتەخت لە دیمەشقەوە گواسترایەوە بۆ بەغدا. بەم شێوەیە عەباسییەکان لە ساڵی ٧٥٠ی زاینیوە تا ١٢٥٨ لە بەغداوە حوکمی جیهانی ئیسلامیان دەکرد. لەوەیش گرنگتر بۆ شیعە، بوونی مەزاری ژمارەیەک لە ئیمامەکانیانە لە عێراق، کە ئەوەیش پیرۆزییەکی زۆر و بەردەوامی بۆ هێشتۆتەوە. هەر بۆیە لە لایەک شیعەی دەرەوەی عێراق، بەتایبەت ئێرانییەکان؛ لە لایەکی تر سوننە، بەتایبەتتر وڵاتانی کاریگەری وەکوو سعوودیا و میسر؛ هەنووکەیش تورکیا و ئیمارات و قەتەر؛ پێشتریش سووریا، گرنگیی تایبەت و هەوڵی کاریگەریی خۆیان لەسەر بڕیاری سیاسیی عێراق هەبووە و هەیە. ئەگەرچی هەندێ لەو وڵاتانە وا پیشان دەدەن کە پێیان خۆشە عێراق ڕۆڵە مێژوویییەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە هەر هەنگاونان بەرەو ئەو ڕۆڵە دەترسن و، هەموو مەبەستێکیان لە دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری عێراق، بەکارهێنانێتی بەرامبەر بە بەرەکەی تر بە شێوەی پرۆکسی (بەوەکالەت).
لەوەتەی ئاشکرا بووە کە ئەمریکا هێواش هێواش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەکەوێتەوە، گرنگیدانی ئەو وڵاتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن بە کاروباری عێراق و تەقەللایان بۆ هەبوونی هەژموونیان لە بڕیاری سیاسیی عێراقدا، چڕتر بووەتەوە؛ ئیتر ئەمە بە ئاگاداریی ئەمریکا بێت یان پێچەوانەکەی. بە دوورکەوتنەوەی ئەمریکایش، دوو جۆر یاریکەری هەرێمی پەرە دەسێنن: بچووکەکان بریتین لە سعوودیا و ئیمارات و قەتەر؛ یاریکەرە سەرەکییەکانیش بە پلەی یەکەم ئێران و، پاشان تورکیا. ئەگەرچی تورکیا بۆی هەیە لە پاش ٢٠٢٣ دەستکراوەتر بێت و چانسی زیاتری لەبەردەمدا بێت لە یارییەکە، بەڵام هەنووکە ئێران باڵادەستترە. بەم شێوەیەیش یاریزانە نێوخۆیییەکان، دەبێت ئاماژەکانی یارییەکە بخوێننەوە، پێش هەر هەنگاوێک کە مەبەستیانە لێی بڕۆنە پێش.
بەپێی قۆناغەکانیش ئەم جۆرە پەیوەندییەی وڵاتانی دەوروبەر، بەتایبەت کەنداو و ئێران، گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ بۆ نموونە پەیوەندیی ئێران و عێراقی سەردەمی بەعس، کێبرکێ و دژایەتی و جهنگ بوو. لەو جۆرە پەیوەندییەیش، بەتایبەت لە کاتی جەنگی هەشت ساڵی نێوان عێراق و ئێران، وڵاتانی کەنداو بەرژەوەندییان لە پاڵپشتی و هاندانی عێراقدا بوو. لە پاش ٢٠٠٣یشهوه جۆرێکی تر لە پەیوەندی لە نێوان ئێران و عێراق هاتە کایەوە؛ بە جۆرێک عێراق دەرەنجام بەتەواوەتی کەوتە ژێر هەژموونی ئێران و، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی تائیفیی سەر بە ئێران هاتنە نێو سیستهمی بەرگریی عێراق بە ناوی جیاجیا و لەژێر چەتری حەشدی شەعبی. لەو لایشهوه لەبەر ئەم جۆرە هەژموونەی ئێران بەسەر عێراقەوە، ژمارەیەک لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق- بە تورکیایشهوه- کەوتنە هەڵوێستنواندن و جۆرێک لە جموجوڵی سیاسی لەمەڕ عێراق. لە وڵاتانی کەنداو، سعوودیا و ئیمارات و قەتەر زیاتر لە هەوڵی ئەم جۆرە پەیوەندییەدا بوون.
"بەهاری عەرەبی"یش، بەتایبەت ئەوەی کە لە ڕۆژههڵاتی عەرەبی گوزەرا، بەتایبەتتر لە سووریا و یەمەن، هاندەر بوو بۆ تورکیا و سعوودیا و ئیمارات کە فریای خۆیان بکەون و لەوە زیاتر دەستەوسان نەبن بەرامبەر بە هەژموونەکانی ئێران لە سووریا و لوبنان و عێراق لە لایەک و، لەو لای تریش لە وڵاتانی کەنداو. لە گەرمەی بەهاری عەرەبیدا سعوودیا و ئیمارات بە پاڵپشتیی وڵاتانی تری کەنداو، بەهانای "بەحرێن"ەوە چوون و نەیانهێشت وەکوو یەمەن بکەوێتە دەست ئێران؛ كه لە یەمەن درەنگ کەوتن، ئەوەتە پاش چەندان ساڵ، هێشتا هەر نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و حوسییەکانی سەر بە ئێران ڕاگرن. هەموو ئەمانهیش هانی زیاتری وڵاتانی وەکوو سعوودیا و ئیمارات دەدات کە هەڵوێستی جددیتریان هەبێت بەرامبەر بە دۆسیەی عێراق و بەتەواوی بۆ ئێران جێی نەهێڵن. کەواتە بەپێی کات و جیۆپۆڵیتیک و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە، پەیوەندییەکانیان هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە دیوە.
هەندێ لەم جۆرە پەیوەندییانە، دەگەڕێتەوە بۆ کاتی گۆڕینی دەسەڵاتی پێشووی عێراق بە هێز و، پێخۆشبوونی ئێران بەو گۆڕینە و، لە بەرامبەردا بێدەنگبوونی ئەمریکا لە هەندێک دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق. ئەم جۆرە هەماهەنگییەی ئەمریکا و ئێران لەبارەی عێراقەوە، بووە مایەی جۆرێک لە قبووڵکردنی وەکوو ئەمری واقع بە لای زۆرێك لەو وڵاتانەوە. بەڵام هەر کاتێک کە تەنگژەی نێوان ئێران و ئەمریکا لەمەڕ عێراق لە هەڵکشاندا بووە، ئەوەندەیش چانسی هاتنەپێشی ئەو وڵاتانە لە عێراق چاوەڕوانکراو بووە.
بەڵام ناکۆکیی نێوان وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات دژی قەتەر، بەربەستێکی تری دواکەوتنی نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتانە بوو لە عێراق، بەتایبەتی لە هێزە شیعەکان. ئەگەرچی وڵاتانی کەنداو لەوە ئاگادارن کە هەر هەموویشیان پێکەوە بێ پشتگیریی زلهێزان هیچیان بەرامبەر بە ئێران پێ ناکرێت؛ بەڵکوو لەوەیش ئاگادارن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا مەترسیی ڕاستەوخۆی ئێرانیان لەسەرە، ئەگەر بەم شێوەیە ئێران لە پەلهاوێشتن بە دەوروبەریاندا بەردەوام بێت. بیرمەندی گەورەی کوێتی "عەبدوڵڵا نوفەیسی"، وڵاتانی کەنداوی ئاگادار کردۆتەوە لەوەی کە ئەگەر، بەتایبەت کوێت و بەحرێن و قەتەر و ئیمارات لەگەڵ سعوودیا و عوممان و یەمەندا یەک نەگرن، لە چەند ساڵی داهاتوودا بوونیان نامێنێت و دەسڕدرێنەوە. ئەگەرچی تێڕوانینی قەتەر بەرامبەر بە ئێران لە جۆری ئەوەی سعوودیا و ئیمارات بەرامبەر بە ئێران نەبووە، بەتایبەت لە کاتی گەمارۆدانی لەلایەن سعوودیا و ئیمارات و بەحرێن و میسرەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئیخوان و هەڵنەپەساردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بەڵام لەوەتەی پەیوەندیی قەتەر و ئەو چوار وڵاتەی کە ئاماژەمان پێ کرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، بەرژەوەندیی قەتەریش لەوەدایه کە لەگەڵ وڵاتانی تری کەنداو بەرامبەر بە ئێران هاوهەڵوێست بێت؛ بەتایبەتتریش هاوکات نزیکبوونەوەی تورکیایش لە سعوودیا و ئیمارات و میسر هانی زیاتری قەتەر دەدات لەسەر ئەم هەڵوێستەی.
ئەم جۆرە نزیکبوونەوەی تورکیا و قەتەر و سعوودیا و میسر و بەحرێن، بێ گومان چاوەڕێی لێگردبوونەوەی وڵاتانی سوننەی تریشی لێ دەکرێت. هەموو ئەمانەیش خۆئامادەکردنە بۆ چۆنێتیی مامەڵکردنیان لەگەڵ ئێرانی پاش دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق و کەمکردنەوەی هەژموونی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیارە پلانی ستراتیژیی داهاتووی ئەمریکا، گرنگیدانە بە ڕۆژهەڵاتی دوور و فۆکەسخستنە سەر "چین". بەدڵنیاییشهوه ئەمریکا بهبێ زامنکردنی ستراتیژیی سێ بابەتی گرنگ بەلایەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە هەروا بەجێ ناهێڵێت. ئەو سێ بابەتەیش بریتین له: زامنکردنی ئاسایشی ئیسڕائیل و هەناردەی نەوت و سەقامگیریی ناوچەکەیە. هاوکات نزیکبوونەوەی هەموو ئەو وڵاتانە لە ئیسڕائیل، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە خۆئامادەکرنیانە بۆ قۆناغی داهاتوو و پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەیە کە ئەمریکا بەجێی دەهێڵێت. لە بەرامبەردا، لە نەمانی سەنگی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، لە هەبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن، هەروا ئاسان نییە بۆ ئەو وڵاتانە، ئەوەی کە ئەمریکایش نەیتوانی ئێران ڕاگرێت، ئەوان بە هەموویشیانەوە ئەنجامی بدەن. بێ گومان ئێرانیش لەم سیناریۆیە گەیشتووە و، ئەویش سیناریۆی خۆی دەبێت. کەواتە باشترین بژاردەی ئەو وڵاتانە، هەوڵدانیانە بۆ دوورخستنەوەی هەندێک لەو هێزە شیعانە کە بەتەواوەتی خۆیان نەداوەتە دەست ئێران؛ بە تایبەتی ئەوانەیان کە ئومێدی بەعەرەبکردنەوەی مەرجەعییەت دەخوازن.
بەرژەوەندی و جۆری پەیوەندیی سعوودیا و ئیمارات و قەتەر لە عێراقی داهاتوو و لەگەڵ سەدر چۆن و چییە؟
هەنووکە، پاش ئەوەی کە وڵاتانی کەنداو لەوە دڵنیا بوون ئێران هەژموونێکی زۆر و بێڕکابەری لە عێراقدا هەیە و، دوای ئەوەیش کە لەوە دڵنیا بوون تەنیا لە ڕێی سوننەکانەوە ناتوانن جێدەستیان لە عێراق بچەسپێنن، کەوتنە بیری نزیکبوونەوە لەو گرووپە شیعانەی کە هەستی نەتەوەییی عەرەبییان، زیاترە لە مایلبوون بە ئێران و "ویلایەتی فهقیھ" (ولایت فقیه). لە مێژووی نوێی عێراقدا چەندان جار و چەندان زانا و مەرجەعی عەرەب، بەتایبەت لە مەرجەعەکانی نەجەف، لەبیری ئەوەدا بوون کە باڵادەستی و مەرجەعییەت لە ئێران بگێڕنەوە و، خۆیان بەئەولاتر و لهپێشتر زانیوە. پەرلەمانتاری پێشووی عێراق "فایهق شێخ عەلی" لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ قەبەسی کوێتی، شاهیدیی ئەوە دەدات کە هەر ئەو کاتەی شا لە ساڵی ١٩٦٣ "خومەینی"ی لە ئێران دوور خستەوە و عێراق پێشوازیی لێ کرد، مەرجەعی ئەوکاتی عێراق "سەید موحسین ئەلحەکیم" ڕەخنەی لە عەبدولسەلام عارف، سەرۆکی عێراق گرت و پێی گوت کە، چۆن دەبێت سنوور لە بەردەم ئەو مەلا گێرەشێوێنە بکەیتەوە! هەروەها و جارێکی تر بیرمەندی کوێتی "عەبدوڵڵا نوفەیسی" دەگێڕێتەوە کە، کاتێک لە ٢٠٠٢ چووەتە تاران، چاوی بە "محەمەد باقر ئەلحەکیم"، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق کەوتووە. نوفەیسی لە زاری "محەمەد باقر ئەلحەکیم" دەگێڕێتەوە، کە چۆن بێزاریی دەربڕیوە لە بهکەم سەیرکردنیان بە لای ئێرانییەکانەوە. هەر بۆیە ئەلحەکیم پێی گوتووە کە یەکەم شت پاش گەڕانەوەی بۆ عێراق لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەوڵ دەدات بۆ بەعەرەبکردنی مەرجەعییەتی شیعە. نوفەیسی دەڵێت، کاتێک کە "محەمەد باقر ئەلحەکیم" پاش گەڕانەوەی لە ٢٠٠٣ بۆ عێراق تیرۆر کرا، ئەو قسەیەیم بیر هاتهوه! نوفەیسی بۆ زیاتر پاڵپشتیی ئەم قسەیشی، ئاماژە بە سەرچاوەیەکی تری شیعەی لوبنانی دەکات کە تێیدا ئێران به تیرۆرکردنی ئەلحەکیم تاوانبار کراوە.
حاڵی حازر لە عێراقدا ئەوەی کە لەنێو سەرکردە شیعەکان ئەم بانگەشەیە دەکات، "موقتەدا سەدر"ە؛ بەڵام بە ناوی گێڕانەوە یان بەعەرەبکردنەوەی مەرجەعییەتەوە نایکات؛ زیاتر بە ناوی چاکسازی و نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە عێراق کارەکانی دەکات. هاوکات هەوڵی بەعەرەبکردنی مەرجەعییەت و خۆبەئەولاتریشی تێدایە، چونکە جگە لە کێشەی ئێران و مەرجەعییەتی ئێرانی، موقتەدا سەدر کێشەی لەگەڵ ئال حەکیم و خوئییەکانیشدا وەکوو دوو بنەماڵەی مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف هەیە. هەر لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی عەبدولمەجید ئەلخوئی بۆ عێراق و تیرۆرکردنی، ئاماژەی تاوانبارکردن ڕەوتی سەدریشی گرتەوە. جگە لەمانەیش، سەدر بەهۆی ئەوەی کە تاکە سەرکردەی شیعە بوو لە عێراق کە بەرەنگاری ئەمریکییەکان بووەوە، متمانهیەکی باشی لای هەندێک لە شەقامی سوننە و چەپەکانیش پەیدا کرد. ئەوە بوو لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، حزبی شیوعی، بووە هاوپەیمانی و بە یەک لیست دابەزین. بۆ ئەوەی ئەلسەدر نزیک بێتەوە لە شەقامی سوننی و لەوێیشەوە بۆ وڵاتانی سوننی، جگە لە هەنگاوە سیاسییەکانی، هەنگاوی نزیکبوونەوە و ئامادەییی یەکترخوێندنەوەی لە ئاستی مەزهەبیدا ناوە. هەموو ئەمانەیش متمانەیەک و ئومێدپێبوونێکی لای وڵاتانی کەنداو بەتایبەت و، سعوودیا و ئیمارات بە سەدر پەیدا کرد.
کۆتا ئامانجی سەدر لەم هەنگاوانەی ئەوەیە کە، دکتۆر زوبێر ڕەسووڵ بەم شێوەیە ئاماژەی پێ کردووە: "لە ئێستادا پڕۆژەکەی سەدر، ڕووی سەرەکیی لە ناوماڵی شیعەیە. سەدر دەیەوێت دەسەڵاتێکی تائیفی-نەتەوەیی لە عێراقدا دابمەزرێنێت، کە مۆرکێکی شیعەی عێراقییانەی پێوە بێت و، پاشکۆ نەبێت بۆ ئێران و وڵاتانی دهوروبەر. ئەو دەیەوێ هێزەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسیی شیعە ناچار بکات، دان بە ڕابەرایەتیی ئەودا بنێن و لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو ببێ بە تاکە نوێنەری شیعە لە عێراق." سەدر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، كۆمهڵێك ئاڵنگاریی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، بەتایبەتی لەلایەن ئێرانەوە لەپێشە. هەروەها پێویستی بە ئەوەندەیش هاوکاریی نێوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە. بەڵام بۆ هەموو ئەمانە پێویستی بە خستنەڕووی متمانەیەکی زۆرە. هەتا لە نێوخۆیشدا متمانەی نەسەلمێنێت، متمانەی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتتر سعوودیا و ئیمارات بە شێوەیەکی پتەو بەدەست ناهێنێت. کاتێکیش بگاتە ئەم متمانانە، بێ گومان دەبێتە جێی متمانەی وڵاتانی خاوەن هەژموون- بە ئەمریکایشهوه.
لە یەکەم ئەزموونی نێوخۆییی سەدر لەگەڵ سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لانی کەم بەدڵی پارتی نەبوو کاتێک لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بە لای پارتییەوە، سەدر ئامادە نەبوو ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بنێرێتە پەرلەمان و کاندیدەکەی پارتی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆککۆمار. ئەگەرچی سەدرییەکانیش دەتوانن ئەوە بڵێن کە ئەو هەڵوێستەیان ئاماژەی وریاییی سیاسییان بوو کە دەیانزانی هۆشیار زێباری لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە دوور دەخرێتەوە لە لیستی کاندیدانی سەرۆککۆمار. هاوکات سەدرییەکان وەکوو براوەی یەکەمی شیعەکان و پشتیوانی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و پەرلەمانتارانیشیان کاتی لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستیان وای دەخواست کە پشتیوانی لەو کاندیدەی پارتی نەکەن. بەتایبەت وا دەردەکەوێت کە لە سەرەتادا پارتی بەربژێرکردنی ئەو کاندیدەی لە دانوستاندندا نەخستبێتە ڕوو.
سەبارەت بەرەو کرانەوە بەڕووی وڵاتانی دەورووبەر و دنیای عەرەبی سوننیدا، سەدر باشترین چانسی هەیە لەنێو هاوکێشە شیعییەکەی عێراق؛ لە لایەک دەستپێشخەر بووە بە دژایەتیکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق، لە لایەکی ترەوە ئامادەییی پێداچوونەوەی تێڕوانینی شیعییانەی بەرەو سوننە و خەلیفەکان پیشان داوە. بەئاگابوونی دەنگدەری شیعەیش لەو گۆڕانکارییانە، ئەو هەموو دەنگەی هێناوە. کەواتە ڕووانگەی سیاسیی شیعە لە عێراق بەرەوڕووی سەدرە و، پشتی کردۆتە دۆستەکانی ئێران. ئەگەرچی ئاڵنگارییەکانی میلیشیا هاوسۆزەکانی ئێران لە عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەربەستێکی کەم نین لە بەردەم سەدر و وڵاتانی کەنداو. کەواتە تەنیا چانسی سەرکەوتن بۆ سەدر لە بەرەوپێشچوونی ئەم سیاسەتەیە کە دەستی داوەتێ. بێ گومان بەرەودواوەچوونیشی بەرەو ئێران، سەرەتای خۆکوژیی سیاسی و دوورکەوتنەوەیه لە بەمەرجەعبوونی. هەر بۆیە ئەوەی سەدر لەگەڵ سعوودیا و ئیمارات و وڵاتانی بچووکی کەنداو کۆ دەکاتەوە، یەکبوونیان و شەڕی مان و نەمانیانە بەرامبەر بە ئێران و هەژموونی لە ناوچەکە. دەرککردنی سەدر بەم هاوکێشەیه و سووربوونی لەسەر بەرەو عەرەبچوون، ئامانجی سیاسی و ئایینیی گەورەی لە بەردەم واڵا دەکات، هەم لە عێراق و هەم لە دنیای شیعە؛ بەڵام بە مەرجێک لە نیوەڕێدا لا نەکاتەوە بە لای ئێراندا، کە بێ گومان ئەوکات هەم پێگە سیاسی و ئایینییەکەی لەدەست دەدات، هەم وڵاتانی کەنداو، هەمیش تازە ئێران متمانەی پێ ناکات و تەنیا و تاکە بژاردەی بۆی، لەناوبردن و کۆتاییپێهێنانێتی.
ئەگەری درێژخایەنیی سەرکەوتنی سەدر لە بەرامبەر ئێران زۆر ڕێی تێ دهچێ، بەڵام سووربوونی لە مەودای مامناوەنددا جۆرێک لە مسۆگەربوونی پێوە دیارە؛ چونکە لە لایەک سەدر لانی کەم لە عێراقی شیعە، پێشڕەو و تاکە هێزە قسەی لە قسە و هەژموونی ئێران هەیە. ئەمەیش لە ئەگەری سیناریۆی بەرنەگرتنی ئێران بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگارییە نێوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانییە، بە سەرکەوتنی بێڕکابەر لە عێراق و دنیای شیعە بۆ سەدر دەشکێتەوە. بۆ سەدر لە هەموویشیان گرنگتر ئەوەیە کە، هەم لە عێراق و هەم لە جیهانی شیعە ڕۆژ دوای ڕۆژ تا ویلایەتی فەقیھ و ئێران متمانە لەدەست دەدەن، سەدر پێگەی لە دنیای شیعە گەورە دەبێت. گرنگیی ئەمەیش لەوەدایه کە سەدر ئەگەرچی ئاواتی بەمەرجەعبوونی لەسەر دەرناچێت، بەڵام دانپێدانانی بە دەوڵەتی نەتەوەیی، جێگرهوه (ئهڵتهرناتیڤ)ێكی ئەوتۆیە کە دەیخاتە ڕوو وەکوو جێگرهوهی شکستی ویلایەتی فەقیھ و دایکایەتیی ئێران بۆ شیعە لە هەر کوێیەکی جیهان بن.
لەبیرنەچوونەوەی عەرەببوونی سەدر، تەنیا خاڵی هاوبەشی سەدر و وڵاتانی عەرەب و کەنداو، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات و قەتەر نییە، بەڵکوو شەڕی مان و نەمانیان بەرامبەر بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە کۆیان دەکاتەوە. ئەمەیش بۆ سەدر، زامنکردنی پاڵپشتییەکی دارایی و دیپلۆماسی و کرانەوە بەڕووی جیهاندا بۆ واڵا دەکات. بەتایبەتتر پاش کشانەوەی فیزیکیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیی سێکوچکەی ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە ئاسایشی ئیسڕائیل و ئارامی و بەردەوامیی هەناردەی نەوتە، وا دەخوازێت کە هەموو وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئیسڕائیلیش لە بەردەم هەژموونی ئێران بەربەست دروست کەن. بەم شێوەیهیش، بوونی ڕەوتێکی شیعیی بەهێز و خاوەن پێگەی ئایینی و سیاسیی وەکوو سەدر، ئەو بەرەیەی دژ بە ئێران بەهێز دەکات. لە بەرامبەردا، سەدر لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانیش گوێبۆگیراو دەبێت. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە تا سەر، سەدر بەردەوام دەبێت؟
پێشنیار و ڕاسپاردە
بۆ گەلێکی وەکوو کورد ئەوە گرنگە کە هەر پێشهاتێک دێتە پێش، ئەم ئامادەییی هەبێت و باش سینارێو و ئەگەرەکانی خوێندبێتەوە. لە ڕۆشناییی ئەم باسەدا چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێک دەخەینە ڕوو:
یەکەم: بەبێ پێکەوەچوونی هێزە کاریگەرەکانی کوردستان بۆ بەغدا (بەتایبەت پارتی و یەکێتی)، هەر شتێک لە عێراق ڕوو بدات، کورد سوودی لێ نابینێت، بەڵکوو بەشێک لە داخوازیی قۆناغە نوێیەکە لەسەر حسابی کورد ساغ دەبێتەوە. کەواتە پێویستە پارتی و یەکێتی پێداچوونەوەی حساباتیان بکەن و پێکەوە بڕۆنەوە بەغدا.
دووەم: لە ئەگەری بوونی پارتی بەبێ یەکێتی لەگەڵ سەدر و ملنەدانیان بە ئێران، بەتایبەت بەردەوامبوونی ململانێ لەسەر دەسکەوتی حزبی، ئەگەری ئەوە لە ئارادا دەبێت کە ئێران هەوڵی لەتکردنی هەرێم بە شێوەیەکی ستوونی بدات و، سلێمانی و کەرکووک بۆ یەکێتی جیا بکاتەوە. کەواتە دیسانەوە لە هەموو کاتێک زیاتر، دەبێت هێزەکانی کوردستان یەکهەڵوێست و یەکگوتار بن لە بەغدا.
سێیەم: عێراق و ناوچەکە و جیهانیش چاوەڕێی گۆڕانکاریی سیاسی دەکات. هەر بۆیە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و هێزە کاریگەرەکان، بەسەر تائیفەگەریدا باز بدهن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دوور لە هەژموونگەرایی، ئامادەییی پێکەوەژیانیان هەبێت. وەکی تر لە ئێستا خراپتر چاوەڕێیان دەکات و هەموویشیان بەپەرتەوازەیی لاوازتر و بارگرانتر دەبن.
چوارەم: گەر ئێران بیەوێت ئەو جێگرهوهیه بێت کە لە پاش ئەمریکا سێبەری بەسەر ناوچەکەدا هەبێت، پێویستە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە خۆیدا ئەنجام بدات بەرامبەر بە گەلانی ئێران و، هەناردنەدەرەوەی هەژموون و شیعەگەرایی ڕاگرێت. هەر ئەمەیش هۆی تەنگژە و نەهامەتییەکانێتی بەرامبەر بە ئەمریکا.
پێنجەم: ئەو سیاسەتەی کە سەدر دەیکات، ئەگەر بتوانێت لەسەری بەردەوام بێت-کە تەنیا بژاردەیەتی-، سەرکەوتنی گەورە لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و دنیای شیعە چاوەڕێی دەکات. پێویستە لێی سارد نەبێتەوە.