کاریگەریی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

د. محەمەد ساڵح، دکتۆرا لە دیراساتی ئیتنی-سیاسی لە زانکۆی ئێکستەر لە بریتانیا و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک

پێشەکی

تیۆریی ڕیالیزم بەجوانی ڕاڤەی ئەم شەڕخوازییەی زلهێزانی جیهان دەكات. گەورە فەیلەسووفی ئینگلیزی، "تۆماس هۆبز" هەر زوو دەركی بە دیاردەی شەڕانگێزیی مرۆڤەكان کرد و لە ساڵی ۱٦٥۱ی زایینی کتێبە بەناوبانگەکەی "لیڤایەسن"ی نووسی. هۆبز پێی وایە کە شەڕ لە ناخی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرێ و، سەرەنجام هەمووان لە ترسی یەکتر پێویستیان بە دەسەڵاتێکی باڵا بووە و، خۆڕسکانە بەشێک لە دەسەڵاتی خۆیان داوەتە ئەو دەسەڵاتە بۆ ئەوەی لە شەڕی یەکتر بیانپارێزێت و، هاوکات یەکسانیی هەمووان ڕاگرێت. هەر بۆیە هۆبز وێنای لیڤایه‌سنی لە شێوەی پیاوێکی مەزن کردووە؛ بە شێوەیەک کە هەموو خانەکانی لەشی لە مرۆڤ دروست بووە و، بە دەستێک سەولەجانی یاسا و، بە دەستێک شمشێر. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن.  

    

بە لای هۆبز و فەیلەسووفە ڕۆژاوایییەکانی تری دوای خۆی، وەکوو "جۆن لۆک" و "جان جاک ڕۆسۆ"، ئەم دەسەڵاتپێدان و حوکمڕانییە لە ڕێگه‌ی "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"یەوە دەست پێ دەکات. بەڵام لێرە کێشەی شەڕانگێزیی مرۆڤەکان بە دروستکردنی دەسەڵاتێک کۆتایی نایەت، بەڵکوو ڕیاڵیستەکان پێیان وایە کە شەڕانگێزییەکە دەچێتە ئاستێکی نێودەوڵەتی. لەنێو قەوارە جیاجیاکاندا کە لە شێوەی دەوڵەت کار و چالاکی ئەنجام دەدەن، شەڕی ناخی مرۆڤەکان دیسانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەر هەڵدەداتەوە. ئیتر وڵاتێکی سەرکێش هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی بەسەر وڵاتە لاوازەکاندا دەخاتە گەڕ. لێرەوە، چەند وڵاتێک دێن و پاڵدەدەن بەیەکەوە و، تەرازووی هێز ڕادەگرن بۆ ئەوەی هەژموونی وڵاتە سەرکێشەکە کۆتایی پێ بێنن. بەڵام دیسانەوە لە ئەگەری سەرکەوتنی هەوڵەکەیان، هەر لەنێو ئەو وڵاتانە، وڵاتێک خولیای شەڕانگێزی و هەوڵی پاوانخوازیی دەکەوێتە سەر؛ هەم دیسان پێویستە وڵاتانی تر تەرازووی هێز ڕاگرنەوە. بەم شێوەیەیش هەوڵی شەڕانگێزی، هەمیشە بەردەوام دەبێت.

هەر ئەمەیش لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم ڕووی دا؛ لە کاتێکدا کە وڵاتانی هاوپەیمان بەسەر نازییەکان و وڵاتانی میحوەردا سەر کەوتن و، تەرازووی هێز بەلایاندا کەوت. ئەگەرچی ئەمریکا و سۆڤیەت و بریتانیا و فەڕەنسا و چین ئەنجومەنی هەمیشەییی ئاسایشی نێودەوڵەتییان پێک هێنا و بوونە خاوەنی ڤیتۆ (بە واتای ئەوەی کە هەر یەک لەو وڵاتانە مافی هەڵوەشاندنەوەی هەر یاسایەکی نێودەوڵەتییان هەیە ئەگەر بە باشی نەزانن یان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا گونجاو نەبێت)، کەچی هەر زوو خولیای پاوانخوازیی ئەمریکا و سۆڤیەت ڕووبەڕوو بوویەوە و، دوو بلۆکی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتیی لێ کەوتەوە. بەم شێوەیەیش جەنگی ساردیان دەست پێ کرد و بەردەوام بوو تا ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١. هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت و، لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکە، سەرەتای سەردەمی تاکڕەویی ئەمریکا و، فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا بوو. لەم نێوه‌دا، چەندین وڵاتی پەیمانی وارشۆ، لەوانە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، بوڵگاریا، چێک، سلۆڤاکیا، هەنگاریا، پۆڵەندا و ڕۆمانیا هێنرانە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە. ڕووسیای پاش سۆڤیەت و جەنگی سارد لە سه‌روبه‌ندی بوونە ئەندامی هەر یەک لەو وڵاتانە لە یەکێتیی ئەوروپا، هەستی بە لاوازی و، هەڕەشەی زیاتر دەکرد.

گرنگیی بیرۆکەی لیڤایەسن لەوەدایه‌ کە، ئەگەرچی لە کتێبی پیرۆزی "په‌یمانی کۆن" وەرگیراوە، هاوکات بزافە میانەڕەوە ئایینی و نائایینییەکان باوەڕیان پێیەتی؛ لە یەک کاتدا، وێنای سەرەتای دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسی و خودی دیموکراسی و گرێبەستی کۆمەڵایەتی و پەیدابوونی تەرازووی هێز و، زۆرێک لە دیاردە سیاسییەکانی سەردەم دەخاتە ڕوو.  

جه‌نگی ڕووسیا دژی ئۆکراینا و لێکەوتەکە نێودەوڵەتییەکان

ئاماژە بەو لەخۆگرتنەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ وڵاتانی پێشووی پەیمانی وارشۆ، بیانووکانی ڕووسیا بۆ بەرپاکردنی جه‌نگەکەی دژی ئۆکراینا لەوەوە سەرچاوەی گرت کە، دواترین وڵات کە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا لە ئان و ساتی لەباوەشگرتنی بوون، ئۆکراینا بوو. ئیتر ڕووسیا نەیدەتوانی لەوە زیاتر بێدەنگ بێت، ئەگینا هەنگاوی دواتر خودی ڕووسیا دەبوو. کەواتە لە ڕوانگەی ڕووسیاوە، ئەمە شەڕی مان و نەمانێتی؛ ئەگەرچی لە لایەکی دیكه‌یشه‌وه‌ وایش دەرکەوێت کە، سەرەتای هەنگاوی هەستانەوە و فراوانخوازی و سەلماندنی "هرچی ڕووسی"یە بە دنیای ڕۆژاوا، بەتایبەت لە پاش هەوڵە پێشووەکانی ڕووسیا لە کریمیا لە ٢٠١٤.

بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاماژەکانی

بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢ی مارس لەبارەی ئیدانەکردنی داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا ئەوە پیشان دەدات کە، ڕووسیا تووشی شکستێکی دیپلۆماسیی گەورە بووەتەوە. لەنێو هەموو وڵاتانی دنیا، تەنیا چوار وڵات پشتگیرییان بۆ ڕووسیا پیشان دا‌: بیلاڕووس؛ کە ئەویش هەروەکو وڵاتێکی ژێردەستەی ڕووسیا مامەڵە دەکات. سووریا؛ بەهۆی پشتگیریی ڕووسیا لێی لە جه‌نگی ناوخۆی، وەکوو کۆڵۆنییەکی ڕووسیا خۆی دەخاتە ڕوو. ئەریتیریا؛ ئەویش بەهۆی هاوکەنیسەیی لەگەڵ ڕووسیا کە هەردووک ئەرسەدۆکسن. هه‌روه‌ها کۆریای باکوور؛ کە لە ڕقی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا، ئاوا هەڵوێستێک دەنوێنێ. ئەگەرچی کازاخستان و ئەرمینیا سوپای ڕووسیایان لێیە، به‌ڵام دەنگیان لە بەرژەوەندیی ڕووسیا نەبوو. بە هەمان شێوە ئازه‌ربایجان کە ئەویش سوپای ڕووسیای لێ نیشتەجێیە، ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو؛ کەواته‌ ئەویش دەنگی لە بەرژەوەندیی ڕووسیا نەبوو. مەنگۆلیا کە هاوسنووری ڕووسیایە، ئەویش دەنگی لە بەرژەوەندیی ڕووسیا نەبوو. ئۆزبەکستان و تورکمانستان، کە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەت، کەچی ئەوانیش ئامادە نەبوون؛ واتا دەنگیان لە بەرژەوەندیی ڕووسیا نەبوو. ئەمەیش ئەوەی پیشان دا کە ڕووسیا هاوسۆزەکانیشی لەم جه‌نگەدا لەدەست دا. تەنانەت وڵاتە سلاڤییەکانیش کە لەگەڵ ڕووسەکاندا لە یەک بنەچە و زمانن (جگە لە بیلاڕووس)، لەم دەنگدانەدا دژی ڕووسیا بوون.

هەروەها ئەمریکایش هەیبەتی خۆی لەم جه‌نگه‌دا بە دوو هۆکار لەدەست دا: یەکەمیان، هەروەک نەیتوانی ڕووسیا ڕاگرێت، ئەوجا لە بڕیارەکەیشدا و، بەپێی دانیشتووانی گۆی زەوی، زیاتر لە نیوەی سەرزەوی لەگەڵ ئەمریکادا نەبوون. بەم شێوەیەیش جگە لە ڕۆژاوای ئەوروپا و هەردوو ئەمریکای باکوور و باشوور، ئەمریکا هەموو وڵاتانی تر، جگە لە ڕووسیا و ئەو چوار وڵاتەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، چین و هەموو ئەو وڵاتانەیش کە هاوهەڵوێستی بوون لەدەست دا.     

لەم نێوەدا، ژمارەیەک وڵاتی خاوەن هەژموون هەماهەنگ لەگەڵ چین، دەنگیان بە بڕیارەکە نەدا. واته‌، نە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و، نە دژیشی بوون. بە واتایەکی تر لەگەڵ ئەمریکایش نەبوون، لەوانەیش: جگە لە خودی چین،  هیند و پاکستان و ئێران و کازاخستان و قیرقیزستان و مەنگۆلیا و عێراق و سوودان و جەزائیر و چەندان وڵاتی ئەفریقیا و بۆلیڤیا و کوبا و سلڤادۆر. ئەمەیش بە لای هەندێ چاودێری سیاسییەوە ئەوە پیشان دەدات کە چین براوەی ئەم جەنگە دەبێت، چونکە ٣٤ وڵات هاوهەڵوێستی بوون. ئەمە لە کاتێکدا، پێچەوانەی ئەمریکا و ڕووسیا کە بە جه‌نگ و بە هەدەردانی هێز و توانای ئابووریی وڵاتەکانیان لە هەوڵی مانەوەن، چین لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگه‌ی فراوانکردنی بازنەی ئابووری و هێزی نەرمەوە پەرەی بە هەژموونی خۆی داوە و، ئێستایش بەبێلایەنییش ئەگەری سوودمەندی یەکەمی پاش ئەم جەنگەی لەپێشە.

بۆچی وڵاتانی عەرەبی بێدەنگییان هەڵبژارد و بەئاشکرا دژی ڕووسیا ڕانه‌وەستاون و هەڵوێستیان نەبووە، لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بە هاوپەیمانی ئەمریکا هەژمار دەکرێن؟

وڵاتی کوێت یەکەم وڵاتی کەنداو بوو کە بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکراینا کرد و، شان بە شانی وڵاتانی ڕۆژاوا ئامادەی هەر جۆرە هەڵوێستێک بوو بۆ پاراستنی سەروەریی ئۆکراینا. دیارە ئەم هەڵوێستەی کوێت لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ساڵی ١٩٩٠ ڕووبەڕووی داگیرکاریی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بووەوە و، بەبێ بوونی هەڵوێستی نێودەوڵەتیی توندی دژ بە عێراق و، دەرپەڕاندنی هێزەکانی بە زەبری هێز لەلایەن هاوپەیمانانەوە، خەونی ئازادکردنی دەبوو بە سەراب. هاوکات لە بوون و ئەگەری هەر نموونەیەکی داگیرکاری لە هەر کوێیەکی جیهان، کوێت تا و خەمی دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکەی دێتەوە پێش.

قەتەر ئەگەرچی یەکێک بوو لەو وڵاتە کەنداوی و عەرەبییانەی کە ئیدانەی هێرشەکەی کرد و، بە شێوەیەکی تەقلیدی هاوپەیمانی وڵاتە ڕۆژاوایییەکانە، بەڵام ئامادە نییە ببێتە هاوبەشی سەپاندنی ئابڵووقەی سەر ڕووسیا؛ تەنیا دەیەوێت لە ئاستی دیپلۆماسی و وتاری سیاسییدا ئیدانەکەی بهێڵێتەوە. ئەمەیش هاوشێوەی هەڵوێستی تورکیایە کە هه‌رچه‌نده‌ ئەندامی ناتۆیە، کەچی سیاسەتی "نە شیش بسووتێت نە کەباب" پەیڕەو دەکات.

سعوودیا و ئیمارات ئەگەرچی وەکوو وڵاتانی تری کەنداو، ئەمانیش بە شێوەیەکی تەقلیدی هاوپەیمانی ئەمریکا و ڕۆژاوایییەکانن و، لە ڕابردوودا نەیاری یەکێتیی سۆڤیەت بوون، بەڵام چەند ساڵێکە بیری چەندڕەهەندیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان کەوتوەتە سەر، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی وەکوو ڕووسیا و چین. بۆیە ئەمانیش ئەگەرچی لەنێو ئەو ١٤١ وڵاتە بوون کە ئیدانەی هێرشەکەی ڕووسیایان کرد، بەڵام نایانەوێت بە شێوەیەکی کردەیی لە هیچ شێوە تەنگژەیەک لەگەڵ ڕووسیا، بەتایبەت بەشداریکردن لە ئابڵووقەی ئابووری، تێوە بگلێن. بەتایبەتتر ئەم دوو وڵاتەی کەنداو، بێزارن لە هەڵوێستە گوشارئامێزەکانی ئەمریکا بۆ سەریان لە چەشنی ئەوەی کە سەرۆک ترامپ پەیڕەوی کرد لەگەڵیان کە لە ساڵی ٢٠١٨ سعوودیای ناچار کرد بڕی ٤٥٠ ملیار دۆلار شمەک لە ئەمریکا بکڕێت. ئەمەیش لە چوارچێوەی سیاسەتی ترامپ بوو بەرامبەر بە وڵاتانی کەنداو، کە لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیدا وەکوو بەڵێنێک دای بوو بە دەنگدەرانی.  

بەڵام ئەم هەنگاوەی ئیمارات و سعوودیا بەرامبەر بە ئەمریکا ئاسان نییە. هەر بۆیە لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئیمارات لەژێر گوشاری ئەمریکادا، کەوتە هەوڵی ڕازیکردنی ئەندامانی "ئۆپێک" بۆ ئەوەی ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆرتر نەوت بخەنە بازاڕەکانەوە. ئەمەیش هەوڵێکی ئەمریکایە بۆ ئه‌وه‌ی هەنووکە  ئەڵتەرناتیڤی کەلێنی نەبوونی نەوتی ڕووسیا لە بازاڕەکاندا پڕ بکاتەوە. 

هەموو وڵاتانی کەنداو، بەو چوار وڵاتەی کە باس کران، لەگەڵ بەحرێن و عومانیشدا، ملکەچی بەشێک لەو هەژموون و سیاسەتی ئەمری واقعەی ئەمریکا بوون، کە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم لە ناوچەکەی پەیدای کرد و، لە پاش داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەددامەوە لە ساڵی ١٩٩٠ پەرەی سەند؛ ئەگینا لە هەر دەرفەتێک دەگەڕێن کە لە تاکڕەویی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەریان ڕزگاریان کات. دیارە ئومێد به‌ دنیایەکی فرەجەمسەر و دادگەرتر دەخوازن. هەر بۆیە تا ئەوەنده‌ی بۆیان بلوێت، حەزیان لە خۆماتکردن و چاوەڕوانییە.    

لە ئێستادا پەیوەندیی ڕووسیا و وڵاتانی کەنداو چۆنە و لە چ ئاستێکدایە و، زیاتر لە چ بوارێکدایە؟

لە پاش سۆڤیەت جارێکی تر ڕووسیا بەهێزەوە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ڕووی کردۆتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سووریا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە هێشتنەوەی بەشار ئەسەد و واقعێکی تری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی دژه‌بەرژەوەندیی ڕۆژاوایییەکان، بەتایبەت ئەمریکای هێنایە ئاراوە. ئەمەیش بەشێک بوو لە سیاسەتی خۆخستنەڕوو بە هەردوو هێزی سەخت (Hard Power) و هێزی نەرم  (Soft Power)لە ناوچەکە. لە لایەک، هەر کاتێک پێویست بووایە هێزی بەکار دەهێنا؛ هەر کاتێکیش دانوستان و بواری سیاسەت لە کاردا بووایە، قسەی هەبوو و، لە دانیشتنەکانی پلانی پاش جه‌نگی سووریا قسەکەری سەرەکی دەبوو. جگە لە سووریا، ڕووسیا لە جه‌نگی ناوخۆی لیبیا و یەمەنیش ئامادەییی هەبوو.  هەموو ئەم سیاسەتانەی ڕووسیا تەنیا بۆ پاڵپشتی لە نەیارەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی بەبازاڕکردنی خۆی بووە. واته‌ مەبەستی سەرەکی و، لە سووریا گرنگتر بەلایەوە، وڵاتانی کەنداو و پلانی بازرگانیی هاوبەش بووە. ئەمەیش بۆ هەردوو لا (ڕووسیا و وڵاتانی کەنداو) دیارە لە کاتی گونجاو و بارودۆخی گونجاودا دەست دەدات.

وڵاتانی کەنداو ئەم واقعە نوێیەی بوونی هێز و سیاسەتی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان قەبووڵ کرد؛ بەڵکوو بە دەروازەیەکی باشیشیان زانی بۆ دەربازبوون لە هەژموونی ئەمریکا و یەکلایینەکردنەوەی ڕووسیا بۆ پاڵپشتیی ئێران و سێبەرەکانی لە ناوچەکە. ئەگەرچی تا ئێستایش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ڕووسیا بەو ڕێژە بەرچاوە نییە، بەڵام هەوڵی هاریکاری و هەماهەنگی لە بواری وزە و بازاڕەکانی، بۆ داهاتووی هەردوو لایان گرنگترە. ئەمەیش بە لای هەندێ لە چاودێرانەوە بەوە ناو هێنراوە کە ئەم پەیوەندییەی ڕووسیا و وڵاتانی کەنداو پەیوەندییەکی "جۆرایەتی" (چۆنایه‌تی)یە کە بە لایانەوە لە "چەندایەتی" گرنگترە.  

ئێران و خەونی پارسەنگی هێز

ئێران لە وریاترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە خوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و، هەردەم لە مەڵاسدایە بۆ هەر دەرفەتێک کە تەرازووی هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لاسەنگ ببێت. هەر لە داگیرکردنی عێراق بۆ کوێت و، تێکشکانی سوپاکەی و، سەپاندنی ئابڵووقەی ئابووریی سەر عێراق و، بگرە ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و، ڕووخانی ڕژێمی عێراق و، دروستبوونی داعش تا هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هەر هەمووی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان سودمەند بووە لێیان. بە درێژاییی ئەو ماوەیەیش، ڕژێمی ئێران پەرەی بە هەژموونی خۆی داوە لە دەرەوەی ئێران. بوونی پرۆکسییەکانی لە لوبنان و سووریا و عێراق و یەمەن، بەرهەمی ئەو سیاسەتە و، ئەو گۆڕانکارییانەن.  

پاش ئەوەی کە ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و، وڵاتان چاوەڕێی هەڵوێستییان لێ دەکرا، پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا، ئێران لە بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوشێوەی سووریا، لە ڕقی ئەمریکا پشتگیریی لە ڕووسیا نەکرد؛ بەڵکوو بە شێوەیەکی پراگماتی و، هاوشێوەی چین بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاند. ئەمەیش بۆ ئێران دەرفەتێکی زێڕینە، بەتایبەت لە سیناریۆی درێژەکێشانی جەنگ لە ئۆکراینا و، دووبارەبوونەوەی سیناریۆی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان؛ چونکە لە لایەک بۆ ئەمریکا و ناتۆ هێشتنەوەی بێلایەنیی ئەو ٣٥ وڵاتە گرنگیی خۆی هەیە، ئەوجا لە سینارێوی درێژەکێشانی جەنگەکە، لە بیری پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتانی بێلایەن دەبن. بۆ ئێرانیش هەنووکە (هاوشێوەی ڤه‌نزوێلا) دەرفەتی ناردنەدەرەوەی نەوت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی کە گەمارۆکانی سەر ڕووسیا دروستی دەکات هاتۆتە پێش.  ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری سەرگرتنی ڕێککەوتنەوەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوایییەکان لەسەر دۆسییە ئەتۆمییەکەی و، هەڵگرتنی ئابڵووقەی سەری.

هەنووکە ئێران، ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بەربەست دروست دەکات لە بەردەم گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکكەوتنی ٢٠١٥ کە سەر دەکێشێت بۆ هەڵگرتنی ئابڵووقەی سەر ئێران و، گەڕانەوەی نێو بازاڕەکانی جیهان. ئەم دواخستن و چاوەڕوانییەی ئەمریکا لەو بارەوە، دەکرێت بە بەشێک لە مانۆڕی ئەمریکا شرۆڤە بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لە ئاڕاستەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا پێش ڕێکكەوتنەوه‌ لەگەڵ ئێران. هاوکات ئێرانیش لەمە تێ دەگات و، لە بەرامبەردا مانۆڕی خۆی هەیە بەرامبەر بە ئەمریکا. هێرشە مووشەکییەکانی سەرلەبەیانیی ١٣ی مارس بۆ دەوروبەری كونسڵگەریی ئەمریکا لە هەولێر، بە بەشێک لەو مانۆڕە سیاسییەی ئێران دادەنرێت. ئەم هێرشە و هێرشە پێشووەکانی تریش لە ڕێگه‌ی پرۆکسییەکانییەوە پەیامی هێزی زیرەک (Smart Power)ی ئێرانە بۆ ئەمریکا کە بریتییە لە تێهەڵکێشکردنی هێزی سەخت (Hard Power) و هێزی نەرم  (Soft Power)لە یەک کاتدا. واته‌، پەیامی ئێران بۆ ئەمریکا ئەوەیە کەوا، باشترە بە دانوستان لەگەڵما بگەیتە ئەنجام، ئەگینا بەم شێوەیە و، لەم بارودۆخەدا کە نەک هەر نەتپەرژایە سەر چین، ئەوەتە ڕووسیایشت لێ هەستاوەتەوە، من دەتوانم بە هێز لەم ناوچەیەیش دەرت پەڕێنم؛ کەواتە پەلە کە لە بەئەنجامگەیاندنی دانوستانەکان.     

داهاتووی پێگەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش ئەم جەنگە چۆن دەبێت، لە کاتێکدا گرنگیی کەمتر بەم ناوچەیە دەدات و، زیاتر گرنگی بە چین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەدات؟ ئایا ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی چین و ڕووسیا؟

هەروەک لە سەرەتاوە باسمان کرد، تەواوی ئەم جۆرە تەنگژە و جه‌نگانەی زلهێزان، لە پێناوی مانەوە و خۆسەپاندن و تەرازووی هێزە؛ بەڵام باجی دۆڕانی جه‌نگ بۆ هەر هێزێک، لاوازی و تێکشکان و پەرتەوازەیی و خۆدانەدەستەوەیە. جیهان نموونەی تێشکانی زلهێزانی زۆری بەخۆوە دیوە. هەر لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی تووشی دابەشکاری و بچووکبوونەوە بووەوە لە دەره‌نجامی دۆڕانی جه‌نگەکە. کەواتە، لێرە باس لە ئەگەری دۆڕانی ڕووسیا ناکەین لەم جه‌نگە کە باجەکەی بەپێی دره‌نگی و زووییی کۆتاییهاتنی جه‌نگەکە دەبێت. لە خراپترین سینارێۆکانی جه‌نگەکە لە ئەگەری گەلەکۆمەی ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژاوا، نەک هەر سەر دەکێشێت بۆ دۆڕانی هەژموونی ڕووسیا، بەڵکوو ئەگەری بچوکبوونەوە و خۆدانەدەستەوەی لە ئارادا دەبێت.   

کەواتە، لە ئەگەری سەرکەوتنی ڕووسیا لە داگیرکردنی ئۆکراینایش، سەر دەکێشێت بۆ لاسەنگبوونی تەرازووی هێز بە لایدا و، دەرگه‌ی هەژموونێکی نوێی بۆ واڵا دەبێت. بەدڵنیایییەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە پێشینەی داخوازییەکانی ڕووسیا دەبێت و، وڵاتانی ناوچەکەیش ئەو چاوەڕانییەیان دەبێت. بەڵام چاوەڕوانیی سیاسیی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو لە ڕووسیا، کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەبێت دوور لە پاڵپشتیی ئێران لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی ئەوان؛ لە بەرامبەردا بازاڕێکی باشتر و هاوبەشییەکی تۆکمەتر بۆ ڕووسیا فەراهەم دێت.

هاوکات، پێشبینیی ئەوە لە ڕووسیای ئەوکات دەکرێت کە نە هاوشێوەی ئێستا، نە هاوشێوەی سۆڤیەتی جاران مامەڵە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. بە هەمان شێوەیش، پێشبینیی سیاسەتێکی نوێ و، جیاواز لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە وڵاتانی زلهێزی وەکوو چینی لێ دەکرێت. بە واتایەکی تر، ڕووسیا نایەوێت بکەوێتە جەنگێکی ساردی ترەوە لەگەڵ چین. هەر بۆیە لە ئەگەری سەرکەوتنی ڕووسیا لە ئۆکراینا، سەرەتای ئاڵنگارییەکی ئەوتۆ دەبێت بۆ ئەمریکا و ناتۆ لە هەموو جیهان. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاسانتر دەبێتە بەشێک لە هەژموونی ڕووسیا و چین.     

ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی سیاسیی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟

بێ گومان لە هەردوو ئەگەری سەرکەوتن یان دۆڕانی ڕووسیا لە ئۆکراینا، کاریگەریی خۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت. سەبارەت بە عێراق، لە هەناوی سیاسەتی عێراق هەنووکە دوو جەمسەری بەردەوامیی هەژموونی ئێران و دژەئێران لە ململانێدان. پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی ڕووسیا لە جه‌نگه‌کەی لە ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی ڕووسیای ئەوکات، هەموو شتێک بە دڵی ئێران نابێت، بەڵام بوونی ئێران بە لایەوە هاوشێوەی سیاسەتی ئەمریکا زەروور دەبێت، ئەما بە دۆستانە؛ هەر بۆیە بەردەوامیش دەبێت. بەڵام لە ئەگەری دۆڕانی ڕووسیا، هەژموونی ئەمریکا بەهێزتر دەبێت لەم ناوچەیە؛ ئەوکات ئەگەری سنووردارکردنی ئێران زۆرتر وارد دەبێت. هەر بۆیە لە هەردوو ئەگەری سەرکەوتنی ڕووسیا لە جه‌نگەکەی یان دۆڕانی، ئەگەری ڕێکخستنەوەی تەرازووی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادا دەبێت.

ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ دەبێت ئەوەیە کە، ئامادەییی هەبێت بۆ هەر سیناریۆیەکی گۆڕانکاری. هەر بوون و مانەوەی هەرێم، ئەگەر کورد خۆی بیەوێت، گرنگ دەبێت بۆ ئەو جەمسەرانەی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە هەر لەسەر بنەمای "فرق تسود" بەڕێوە دەچێت. بوونی نەوت و گازیش شادەماری ژیانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ئەگەر بەدانایییەوە مامه‌ڵەی لەگەڵدا نەکرێت، دەبنە هۆی لەدەستدانی هەموو شتێک. لەمانەیش گرنگتر، بوونی ئاسایشی خۆراکە کە لە هەر ئەگەرێکدا دەبێتە مایەی بەرخۆدان یان خۆبەدەستەوەدان.    

پێشنیار و ڕاسپاردە

بەکورتی بۆ هەرێمی کوردستان و داهاتووی، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەک بە گرنگ دەزانین:

  • زامنکردنی ئاسایشی خۆراک.
  • هەموو هێلکەکانمان نەخەینە نێو یەک سەبەتەوە.
  • دووربینیی سیاسی و چاودێریی سیاسەتی نێونەتەوەیی و ئەگەرەکانی تێکچوونی تەرازووی هێز.
  • باش بەکارهێنانی کارتی نەوت و گاز.
  • هێشتنەوەی قەوارەی هەرێم؛ کە بەبێ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و یەکبوونی هەڵوێستی نەتەوەییی حزبە سیاسییەکان، داهاتووی لەرزۆک دەبێت.  
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples