پاڵنەر و لێکەوتەکانی کۆبوونەوەی لووتکەی شەشقۆڵیی ئیسرائیل و ئەمریکا و میسر و مەغریب و ئیماراتی عەرەبی و بەحرێن لە ئیسرائیل

د. محەمەد ساڵح، دکتۆرا لە دیراساتی ئیتنی-سیاسی لە زانکۆی ئێکستەر لە بریتانیا و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک

پێشەکی

به‌پێچەوانەی سەرجەم وڵاتانی دنیا، تەواوی ڕووداوەکانی ئەم دوایییە، ئەوەمان پیشان دەدەن کە بۆ هەر ئەگەرێک ئیسرائیل سیناریۆی تایبەتی خۆی هەیە. کۆبوونەوەی شەشقۆڵیی ئەم دوایییەیش، کە بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵات (ئەمریکا، ئیسرائیل، میسر، مەغریب، بەحرێن و ئیماراتی عەرەبی) لە نەقەب لە ئێوارەی ٢٧ی مارس دەستی پێ کرد و ٢٨ی مارسیش بەردەوام بوو، پاش چەندین هەوڵی جۆراوجۆر و درێژخایەن هات. سەرجەم ئەو هەوڵ و تەقەللایانەیش دەرەنجامەکانی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدا بوون. لە پاش ڕێکكەوتنی لەگەڵ میسر لە کامپ دەیڤید لە ساڵی ١٩٧٨، ئیسرائیل هەمیشە لە هەوڵی هاوشێوەدا بووە بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبیی پەیوەندیدار و خاوەن هەژموون بەسەر کێشەی فەڵەستینەوە. دیارە ئەو ڕێکكەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ میسر، ئەوکات میسر و سەرکردایەتیەکەی، بەتایبەت سەرۆک "سادات"ی تووشی ڕەخنەیەکی بێوێنە کرد؛ سەرەنجامیش سەریکێشا بۆ تیرۆرکردنی. ئەگەرچی لە کردەیەکی تیرۆریستیی هاوشێوەی تردا و، لە پاش ڕێکكەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ یاسر عەرەفات و ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین، ئیسحاق ڕابین کە ڕێکكەوتنی ئاشتیی لەگەڵ عەرەفات واژۆ کرد، لەلایەن توندڕەوێکی جوولەکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر بووەوە، ئیسرائیل لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بوو. سەرەنجام پاش دەیان ساڵ، چەندان وڵاتی تری عەرەبی، ڕێچکەی سادات و میسریان گرتە بەر؛ بەڵام ئەم جارە زۆر بەجورئەت و بێترس لەو جۆرە دژایەتییە میللییەی کە سەری کێشا بۆ تیرۆرکردنی هەردوو سەرۆک سادات و ڕابین. کەواتە هەم تێڕوانینی سیاسیی میللی و هەم بەرژەوەندیی سیاسیی ناوچەکە گۆڕانکارییه‌كی وای بەسەردا هاتووە کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە و هەماهەنگییانە بەئاشکرا و بە بەرچاوی میدیاکانەوە ئەنجام دەدەرێن. پرسیارەکە لێرە ئەوەیە کە، چی ڕووی داوە تا ئەم جۆرە پێویستییە سیاسی و ئامادەیییە لەلایەن حکوومەت و میللەتانی ناوچەکەوە هاتبێتە ئاراوە؟

ئەم کۆبوونەوەیە بۆچی لەم کاتەدا بەڕێوە چوو؟

سەرجەم ئەم جۆرە کۆبوونەوانەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە ئامادەبوون یان ئامادەنەبوونی ئەمریکا لە پاش ڕێکكەوتنی ئایینە ئیبراهیمییەکان دێت کە نوێنەرانی وڵاتانی سەر بە هەرسێ ئایینی ئیسلام و مەسیحییەت و جوولەکە لەسەری پێک هاتن. ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی و بەحرەین بە ئامادەبوونی ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێکەوتنەکەیان لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ ئیمزاکرد. لە هەمان ساڵ و لە مانگی دێسەمبەردا مەراکش و ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێکەوتنێکی هاوشێوەیان ئیمزاکرد. لەم ڕێکكەوتنەدا ئەمریکا دانی نا بە سەروەریی مه‌غریب (مەراکش) بەسەر تەواوی بیابانی ڕۆژاوا. لەم بارەوە سعودیە هەر لە زووەوە ڕێکەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل و، بەتایبەت لەبارەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە هەبووە. پێش ئەوانیش ئوردن و میسر لە ساڵەکانی ١٩٩٤ و ١٩٧٩ ڕێکكەوتننامەیان لەگه‌ڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە. کەواتە بەشێک لە هۆکارەکانی بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە لەم کاتەدا لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە و ئیسرائیلە. هۆکاری تریش وەکوو خۆئامادەکردن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لە هەردوو ئەگەری ڕێکكەوتنەوەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و نەمانی پێگەی بەهێزی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەڵسەنگاندنی سەرجەم بژاردەکانی قۆناغی داهاتوو، بە جه‌نگی ڕووسیایشه‌وه‌ لە ئۆکراینا، بەشێکن لە هۆکارەکانی پشت بەڕێوەچوونی ئەم لووتکەیە لەم کاتەدا.        

پاڵنەر و ئامانجەکانی

دیارە لەم کات و دۆخەدا بەدەر لە هەر ئامانجێکی دەربڕاو لەلایەن بەشدارانی کۆبوونەوەکەوە، پاڵنەرەکانی پشت کۆبوونەوەکە چەندان ئەگەر هەڵدەگرن، لەوانە:

له‌وانه‌یه‌ لە چوارچێوەی دڵنیاییدانی ئەمریکا بێت بۆ ئەو وڵاتانە لە ئان و ساتی بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران، یان هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە بێت کە لە نەمانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دێتە کایەوە، یان ئاماژەی درێژخایەنی جه‌نگی ڕووسیا لە ئۆکراینایە. لەم بارەیەوە لە سیناریۆی درێژخایەنی جه‌نگی ڕووسیا و ئۆکراینا و، هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی نەبوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین ئەرکی تری هاوبەشی بەشدارانی کۆبوونەوەکە و وڵاتانی تری هاوشێوە لە ناوچەکە دێنە ئاراوە.

بەتایبەت چەندان ئەرکی هەنووکەییی تر بۆ ئیسرائیل دێنە پێش کە پێویستی بە هاوکاریی وڵاتانی هەماهەنگی دەبێت. لەم پێشهاتە هەنووکەیییانە بۆ ئیسرائیل و، لەژێر کاریگەریی داگیرکاریی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا بەڵێن  و ئامادەیی دەربڕینی ئیسرائیلە بۆ وەرگرتنی ٥٠٠٠ کۆچبەری ئۆکرانی لە هەر حەفتەیەکدا. بەم شێوەیەیش ئیسرائیل بە درێژاییی جەنگەکە دەرگه‌ی زیادکردنی نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆری جوولەکەی ئۆکراینای لێ دەکرێتەوە. ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو جووە ئۆکراینییانەیش، بێ گومان خاوەن پسپۆڕیی باڵان لە پزیشکان و مامۆستایانی زانکۆ و پیشەوەرانی تر. بەم شێوەیەیش دەرگه‌ی دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەکی زۆرتری پسپۆڕانی ئیسرائیل لە وڵاتانی کەنداو فەراهەم دەبێت و، ئەمەیش بە بەشێک لە یارمەتییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی هەژمار دەکرێت؛ کە هاوکات پرۆسەی ئاشتییەکەیان باشتر دەباتە پێش.  

لە هەمان کاتدا لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، سەرجەم ئەم وڵاتانە و، داخوازییە پێکەوەیییەکانیان باشتر لەبەرچاو دەگیرێت و حسابی بۆ دەکرێت. لە سەرووی هەر مەرجێکی تریان، ئەم شەش وڵاتە لەسەر ئەوە کۆکن کە ئێران دەستبەرداری پەرەپێدانی هەژموونەکانی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئێرانیش واریدە، کە ڕەزامەند بێت بۆ هاتنەوەی بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، سەرجەم ئەو مەرجانە قبووڵ بکات کە دەرەنجام بە سەرکەوتن بۆی دەژمێردرێت؛ مادام بە هێشتنەوەی ڕژێمەکەی و نەبوونی ئابڵووقەی سەری و پرۆگرامی ئەتۆمییەوە بێتەوە سەر گۆڕەپانی نێونەتەوەیی. لە ئەگەری ئەم سیناریۆیەیش، بێ گومان هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبی، ئێرانیش پرۆسەی ئاساییکردنەوە نەک تەنیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەڵکوو لەگه‌ڵ ئیسرائیلیشدا واژۆ دەکات. بەڵام زۆر واریدە لەگەڵ ئیسرائیل سەرەتا بەنهێنی بێت؛ کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەمەی لێ قبووڵ دەکەن؛ عەرەب واتەنی، بۆ هێشتنەوەی ئاوی نێوچاوان!

بەڵام لە ئەگەری ملنەدانی ئێران و سووربوون لەسەر پەرەدان بە هەژموونەکانی لە ناوچەکە، ئەم وڵاتانە پێکەوە و بە هاوکاریی وڵاتانی تری هاوبەرژەوەندی، تەنیا یەک ئەگەریان لەبەرده‌مدا دەمێنێتەوە کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێرانە. بەڵام ئەگەرچی زۆر پێدەچێت کە دیموکراتەکان و ئیدارەی بایدن حەزیان لەوەیە بگەڕێنەوە سەر ڕێکكەوتنی پرۆگرامی ئەتۆمی کە لە ٢٠١٥ لەسەری ڕێک کەوتن و، پاشان کۆمارییەکان بە سەرۆکایەتیی ترامپ هەڵیان پەسارد؛ هەنووکەیش لە ناوخۆی ئەمریکا فشاری زۆر لەسەر بایدن لەمبارەیەوە هەیە.   

لێکەوتەکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر ناوچەکە

بە پلەی یەکەم، هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە بەرامبەر بە ئێران؛ بەتایبەت ئەگەری زۆری گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکكەوتنی ئەتۆمیی ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١٥ واژۆ کرا، لە ئارادایە. بە هەمان شێوەیش هەوڵی خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤێکە لە بەردەم پێویستیی ناوچەکە بۆ تورکیا. بەڵام بە هەمان شێوەی ئەگەری کرانەوەیان بەڕووی ئێراندا، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، ئەگەری هاوشێوەیش لە ئارادایە بەرامبەر بە تورکیا لەلایەن سەرجەم ئەم وڵاتە عەرەبییانە و ئیسرائیل و ئەمریکا؛ بەتایبەت بەهۆی ئەندامێتیی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ و، بوونی مێژوویەک لە هاریکاریی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمریکا و ئیسرائیل. هەمیشەیش تورکیا کاندیدێکی گونجاوە بۆ ئەو جۆرە هاوکارییانە. توركیای "ئا‌ك پارتی" و ئه‌ردۆغانیش دەرکیان به‌مه‌ کردووە و، حاڵی حازر چەندان لاپەڕەی تازەیان بەرامبەر بە سعوودیا و ئیمارات و میسر و ئیسرائیل کردۆتەوە. سەرجەم ئەو وڵاتانەیش لەوە تێ گەیشتوون کە ئەگەر پێویست بێت لە نێوان ئێران و تورکیادا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن، ئەوا بێ گومان تورکیا هەڵدەبژێرن. بەتایبەت وڵاتانی کەنداو لەوە تێ گەیشتوون کە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، مەترسییەکی مان و نەمانی (وجوودی)یه‌ بۆیان. بەڵام بەلایانەوە لەوانەیە لە داهاتوودا تورکیا بۆیان ببێتە مەترسی و، دیموکراسییەتی تورکیایش هەتا هەتایە ئه‌ردۆغان و حزبەکەی لە دەسەڵات ناهێڵێتەوە. دوایین سیناریۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئەگەری ئەوەیش لە ئارادایە کە ئەمریکا جارێکی تر و بە ئەیجەندایەکی نوێوە و، بە هێزەوە بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە لە هەر ئەگەرێکی لەدەستدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا- هاوشێوەی بریتانیا و فەڕەنسای پاش جەنگی جیهانیی دووەم- پێگەکەی لەدەست دەدات.

بۆ وڵاتانی کەنداویش سەرجەم سیناریۆکان کراوەن بەکرانەوەشیان بە ڕووی ئێران، بە مەرجێک ئێران ڕێز لە سەروەرییان بگرێت و، ئامادەی دانوسان بێت لەگەڵیان. بۆ وڵاتانی کەنداو، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان بکەنەوە، با لەگەڵ ئیسرائیل یان تورکیا یان ئێرانیش بێت. لەم بارەوە ئیمارات و ئێران ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان. هاوکات وڵاتانی کەنداو لە نێوان خۆیان و وڵاتانی تری عەرەبی و تورکیایش، کرانەوە و هەماهه‌نگییان دەست داوەتێ. بۆ نموونە، پاش ئەو جەنگە دیپلۆماتی و ڕاگەیاندنەی نێوان میسر و وڵاتانی تری کەنداو دژ بە قەتەر بۆ چەند ساڵێک، پاش ئاشتبوونەوەیان، لە ٢٩ ئازار قەتەر و میسر ڕێکەوتن لە سەر پرۆژەی وەبەرهێنان بە بڕی پێنج ملیار دۆلار. سعوودیایش، بەتایبەت محەممەد بن سەلمان، لەم نێوه‌دا و، لە کاردانەوەی بۆ سیاسەتی دیموکراتەکان و سەرۆک بایدن بەرامبەری، کە نایانەوێت وەکوو دەسەڵاتداری سعوودیا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و، بەلایانەوە تۆمەتباری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس "خاشقچی"یە، چەندان ئاماژه‌ی یاخیبوون لە ئەمریکای پیشان داوە؛ لەوانە، ئامادەنەبوونی بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکان وەکوو ئەڵتەرناتیڤێک بۆ نەوتی ڕووسیا. ئەمەیش کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. هاوکات لەوەتەی جه‌نگی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەستی پێ کردووە، بن سەلمان دوو جار له‌ ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گفتوگۆی لەگه‌ڵ "پووتین" كردووه‌. بەهەمانشێوەش لەم ئانوساتەدا دەسپێشخەر بووە و تەلەفۆنی بۆ سەرۆکی چین کردووە. هەموو ئەمانەیش لەگەڵ سیاسەتی تەقلیدیی سعوودیا و ئەمریکادا وێك نایه‌نه‌وه‌. هەر بۆیەیش سعوودیا لە لووتکەی نەقەب لە ئیسرائیل بەشدار نەبوو.      

هەڵوێست و سیاسەتی ئێران لەم بارەیەوە

تا ئێستایش گوتاری سیاسیی ئێران بەو ئاراستەیە کار دەکات کە ئەم، سەرکردایەتیی میحوەری بەرەنگاری (مقاومة) دەکات. کەواتە ئاسایییە بەلایەوە، بەڵکوو سوود لەوەیش دەبینێت کە نەیارەکانی لە وڵاتە عەرەبییەکان بەئاشکرا مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلدا بکەن. بەم شێوەیەیش ئێران نەک تەنیا تەیاری گرووپە شیعەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات، بەڵکوو هەمیشە ئەم هەڵوێستەی ئێران و، ئەو جۆرە سیاسەتەی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە ئیسرائیل، مایەی پەرەدان بووە بە ڕەوتی بەشیعەکردن لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی.

لە لایەکی ترەوە هەمیشە ئێران توانیویەتی زۆرینەی ئێرانیەکان کە شیعەن و، ٨٨.٧٩٪ پێک دەهێنن، تەییارکات کاتێک کە دوژمنێکی دەرەکییان بۆ بڕیاردەدات. باشترینی ئەو دوژمنانە لە ئێستادا و، لە ئەدەبیاتی ئێراندا زایۆنیزم و "شەیتانی گه‌وره‌" (شیطان بزرگ) و "وەهابیزم"ە. لەم کۆبوونەوەیه‌یشدا لە ڕوانگەی ئێرانەوە، هەرسێ سەرسەخترین دوژمنەکان یەکیان گرتووە. هەر بۆیە لە ڕووی وتاری سیاسییەوە ئێران سوودی مۆبالیزەکردنی زۆربەی ئێرانییەکان و شیعەکانی ناوچەکە بەم پێشهاتە دەدات.   

بۆ پێشهاتە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکانیش، ئەم لووتکە شەشقۆڵییە بە لای ئێرانەوە، زادەی سیاسەتی خەمڵاوی ئەو لایەنانەیە بەرامبەر بە ئێران و، مژدەی لەدایکبوونی سیاسەتێکی نوێ لە داهاتووی نزیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ دەدەن. ئێران گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییە، بەم کۆبوونەوەیەیشەوە، لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێت. هەر بۆیە هەنووکە ئێران بەرامبەر بەو لایەنانەی لووتکە شەشقۆڵییەکە، پەیڕەوی لە سمارت پاوەر (هێزی زیرەک) دەکات. بەڵام لە ئەگەری هەڵەکردن و دۆڕاندا، سەرەتای کۆتاییی هەژموونی ئێران دەبێت لە ناوچەکە. بەتایبەت عێراق کە بە مشتومڕی بە عەرەبیکردنەوەی مەرجعیەتدا تێدەپەڕێت. لە چەند ڕۆژی پێشوودا گۆڕەپانی شیعەی عێراق هەژا و، سەری کێشا بۆ هێرشکردنە سەر شوێنکەوتووانی سەرخی کە بە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی سیستانی و ئێران دەژمێردرێت. دیارە ئێران و پەیڕەوانی مەرجەعییەتی سیستانی، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لەپشتی ئەم جۆرە ناکۆکینانەوەن لە نێوماڵی شیعە. هەر بۆیە بە هەر جموجۆڵێکی لەو چەشنە زۆر هەستیارن و، زووش تووشی هیستیریا دەبن. لەبەر ئەمەیش بوو کە پاش تویتەکەی نایف کوردستانی لە بەغدا پەلاماری بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیاندا.

ئێران ئەم هەڵوێستەی سەرجەم ئەو وڵاتە عەرەبییانە بە ئەوپەڕی لەرزۆکی و کزۆڵی دەزانێت کە لە بێچارەییدا خۆیان خستۆتە ژێر پێی ئیسرائیل. نموونەیشیان بە لای ئێرانەوە بەوە دەشوبهێت کە "ژمارەیەک داماو لە ژوورێکدا گیریان خواردووە و، مارێک و شێرێکی نیمچەخەوتووی تێدایه‌؛ مارەکە بەملاولایاندا دەسووڕێتەوە و ئەم داماوانەیش لە ترسی شێرەکە، جووڵەیان لەخۆ بڕیوە و، ڕازین بە کیف و هوڕی مارەکە. تەنیا ئومێدیان ئەوەیە کە بە خشەخش بەرەو دەرگه‌کە بڕۆن و ڕزگاریان بێت. لەم ئان و ساتەیشدا، جارجاره‌ مام شێر سەرێک دەلەقێنێت و نەڕەیەک دەکات. ئیتر بەم شێوەیە ئەمانە چاوەڕێی بەختی خۆیان دەکەن." بە لای ئێرانەوە مارەکە ئیسرائیلە و، خۆیشی مام شێر. عەرەبی داماویش شێر بیانخوات یان مار، دەرەنجام هەر خوراون!  

پێشنیار و ڕاسپاردە

پێشهاتە نوێیه‌کانی سیاسەتی دنیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە بیری قووڵ و تێفکرین و ڕاسپاردەی تایبەت بۆ هەر لایەنەو بەجیا هەیە. بۆ ئێمەیش لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتتر، پێویستیمان بە وریایی و وردبینییەکی زیاتر لە هەمووان هەیە. ئەوەی لە ڕۆشناییی بارودۆخ و ئەزموونی ڕابردوومان پێویستە، ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوەن:

  1. پەلەنەکردن لە چوونەنێو هاوکێشە نوێیەکان.
  2. ئامادەیی بۆ گۆڕانکارییەکان بە یەکخستنی نێوماڵی خۆ.
  3. خۆپارێزی لە سیاسەتی وزە و نەکەوتنە نێو بەرژەوەندی و سیاسەتی هیچ لایەک.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples