فۆرمی حکوومەتی ئاییندەی عێراق: سەدر چ جۆرە حکوومەتێکی دەوێت؟

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

فۆرمی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣وە تاوەکوو هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ئەو حکوومەتە بووە کە زۆربەی لایەنەکان تێیدا بەشدار بوونە؛ دەتوانین ناوی بنێن حکوومەتی تەوافوقیی بنکە فراوان بە ڕەچاوکردنی سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق: شیعە، سوننە، کورد. لەسەرەتای ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠١٠ حکوومەتی عێراق فۆڕمێک بوو لە باڵادەستیی شیعە و کورد بەسەر حکوومەتدا. سوننەکان ڕۆڵێکی پەراوێزییان هەبوو، تا دواجار "بەهاری عەرەبی"ی لێ کەوتەوە و دواتریش هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی بەسەردا هات، کە جیاوازیی خستە نێوان شیعە و کوردیش لەسەر فۆرمی فەرەمانڕەواییکردنی عێراق. بەتایبەت حکوومەتی دووەمی مالیکی (٢٠١٠-٢٠١٤) ڕۆڵێکی نەرێنیی بینی لە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان لە خزمەت سەرۆکوەزیران. بۆیە دەتوانین بڵێین کە مالیکی هەوڵی دا حکوومەتێکی دەسەڵاتگەرا و بەهێز دروست بکات بەبێ ڕەچاوکردنی کورد و سوننەکان. ئێستا موقتەدا سەدر لە ڕێگه‌ی هاوپەیمانی لەگەڵ گەورەترین لیستی سوننە و کورد، دەیەوێت ئەم چوارچێوەیە تێ پەڕێنێت و تا ئێستایش مکوڕە لەسەر دروستکردنی حکوومەتێکی زۆرینە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئایا موقتەدا سەدر، چ جۆرە حکوومەتێکی دەوێت لە عێراقدا؟ بەتایبەت لەو هەموو کێشە زۆره‌ی کە عێراق هەیەتی، چۆن موقتەدا سەدر جەسارەت دەکات شان بداتە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە، یانیش مەبەستەکە گەورەترە؟

سەدر چ جۆرە حکوومەتێکی زۆرینەی مەبەستە؟

لە ٢٠١٠وە تاکوو ئێستا، سەدرییەکان ئەگەر حکوومەتیشیان لا نەبووبێت، بەڵام کاراکتەری سەرەکی بوونە لە جومگە سەرەکییەکانی گشت حکوومەتەکان و دانانی سەرۆکوەزیران و لابردنی سەرۆکوەزیرانیش. عەبادی لە ٢٠١٤ و دواتریش حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لە ٢٠١٨ بە پاڵپشی و ڕەزامەندیی سەدرییەکانی هاتنە دەسەڵات. حکوومەتەکەی مستەفا کازمییش بە هەمان شێوە، سەدرییەکان پشت و پەنای بوون، ئەگینا دەمێک بوو بە دەردی عادل عەبدولمەهدی چووبوو. ئەم خولیایەی سەدر بۆ دەسەڵاتی سیاسی، ڕەگ و ڕیشەی لە دیدگه‌بینیی ڕێبازەکەی سەدر وەرگرتووە. موقتەدا سەدر و ڕێبازەکەی باوکیشی (محەمەد باقر سەدر)، هەمیشە لە دژی شێواز و مۆدێلی کلاسیکی ڕابەرانی باڵای شیعە قسەیان کردووە و بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە هەر "خەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارن لەبارەی حەرام و حەڵاڵەوە و لە خەڵکەوە دوورن و بەرگری لە مافە گشتییەکانیان ناکەن." ئاشکرایە کە ڕابەرانی مەزهەبیی بنەماڵە دیارەکانی نەجەف، ڕاستەوخۆ تێکەڵی خەڵک نابن و تەنیا لە ڕێگه‌ی بریکارەکانیانەوە پەیوەندییان لەگەڵدا دەکەن؛ بەپێچەوانەی بنەماڵەی سەدر، که‌ خۆیان لە خەڵکی ئاسایی نزیک دەکەنەوە. لەم سۆنگەیەوە بەردەوام مەرجەعییەتی فەرمیی شیعەکان بە "بێدەنگ" (المرجعیة الصامتة) وەسف دەکات و لە بەرامبەردا خۆیان بە مەرجەعییەتی "هەڵوێستوه‌رگر" (المرجعیة الناطقة) دادەنێن.

بنەماڵەی سەدر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە پێگەی ئایینی و مەزهەبیی خۆیان بۆ مەبەستی سیاسی بەکار دەهێنن و پەیڕەوی لە ئیسلامی سیاسیی شیعی دەکەن؛ بۆیە هەمیشە لە ململانێدان لەگەڵ مەرجەعییەتە فەرمییەکەدا، کە هەوڵ دەدات وا خۆی پیشان بدات گوایە نایەوێ ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی کاروباری سیاسی بێ. لە ڕاستیدا ڕابەرانی شیعە هەمیشە کاریگەرییان لەسەر لایەنگرانیان هەبووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەم کاریگەرییە بەهێزە لەسەر ژیانی سیاسی لە دەسپێکدا لە ئێران و دواتریش لە عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە؛ ئەمە جگە لەوەی کە لە ٢٠٠٣ بەم لاوە عێراق هیچ هەنگاوێکی گرنگی بەبێ ڕەزامەندیی مەرجەعی "سیستانی" نەناوە. گوتارەکانی ڕۆژانی هەینی، یەکسەر دەبنە پڕۆژەیاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرۆگرامی کاری حکوومەت و کەسیش ناتوانێ لە قسەی دەرچێ. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە لە بنەڕەتدا موقتەدا سەدر پرۆژەیەکی هەیە بۆ دیزاینکردنی فۆڕمی حکوومەت و پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا. ئەم پرۆژەیە لە ٢٠٠٣ بە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دەرکردنیان دەستی پێ کرد، کە ئەوکات لەگەڵ ئێرانییەکان بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کاراکتەرە سیاسییەکانی تری ناو حکوومەت بوونە بەربەست لە بەردەم حەزە سییاسییەکانی موقتەدا سەدر؛ لە کاریگەرترین ئەو بەربەستانەیش حکوومەتەکه‌ی مالیکی بوو کە لە ٢٠٠٨ لەژێر ناوی کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و سەروەریی یاسا، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەژێر ناوی "سوپای مەهدی" کردە سەر سوپای بەدر لە بەسرە و پارێزگاکانی باشوور کە چەند هەفتەیەکی خایاند. ئەوکاتیش ململانێکە، بەشێکی پەیوەندیی هەبوو بە سنووردارکردنی هەژموونی سەدر بەسەر پرۆسەی سیاسیدا. لە ٢٠٠٣ تا ئێستا سەدر بەردەوام کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆی لە عێراقدا دەکات. بۆیە لە ڕاستیدا پرۆژەی سەدر پرۆژەیەکی سیاسییە بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و بڕیاری شیعەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا.

سەدر باش دەزانێ كه‌ مانەوەی کارەکتەرە سیاسییەکان و بەهێزبوونیان لە عێراقدا، پەیوەستە بە بوونیان لە جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسیدا (بۆ نموونە هەر یەکە لە مالیکی و عەبادی هیچ پێگەیەکی دیاریان لە گۆرەپانی سیاسیی عێراقدا نەبوو، تا نەهاتنە سەر دەسەڵات). ئەم پرۆژەیە لە ئێستادا پێویستی بە هاوکاریی کورد و سوننەیە، چونکە سەدر بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە. لە ئێستادا پڕۆژەکەی سەدر، ڕووی سەرەکیی لە ناوماڵی شیعەیە. سەدر دەیەوێت دەسەڵاتێکی تائیفی-نەتەوەیی لە عێراقدا دابمەزرێنێت، کە مۆرکێکی شیعەی عێراقییانەی پێوە بێت و، پاشکۆ نەبێت بۆ ئێران و وڵاتانی دوروبەر. ئەو دەیەوێ هێزەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسیی شیعە ناچار بکات، دان بە ڕابەرایەتیی ئەودا بنێن و لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو ببێ بە تاکە نوێنەری شیعە لە عێراق. سەرکردە شیعەکان ترسی ئەوەیان هەیە کە سەدر ئەم دەسەڵاتە سیاسییە بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی دواتر یەک لە دوای یەک هەموویان لە ڕێگه‌ی دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی حکوومەتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی ڕاماڵی؛ چونکە ئەوەندە دزی و گەندەڵییان کردووە، هەموو خەڵک بە گرتن و سزادانیان دڵخۆش دەبن. لەگەڵ ئەمەیشدا موقتەدا چاوێکیشی لەسەر دوای نەمانی ئایەتوڵڵا سیستانییە؛ دوور نییە هەڵپەی ئەوەیشی هەبێت کە دوای سیستانی، خۆی یان کەسێکی سەر بە بنەماڵەی سەدر، بکا بە مەرجەعی هەموو شیعەکان.

سەدر لە گوتاری سیاسیی خۆیدا هەمیشە وەک ڕیفۆرمیستێک ڕەفتار دەکات کە دەیەوێت عێراق لە دەستی نوخبەیەکی سیاسیی گەندەڵ ڕزگار بکات. کاتێک تشرینییەکان لە کۆتاییی ٢٠١٩ دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، سەدر هەر زوو پاڵپشتیی کردن تاوەکوو ئێران گوشاری لێ کرد؛ ئیتر پاڵپشتیی خۆی کشاندەوە. ئەوەی ئیستایش لەژێر ناوی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دەیکات، هەر پەیامێکە بۆ دەنگدەرانی خۆی و تشرینییەکان و شەقامی عێراقی کە سەدر زۆر بەوردی کاری لەسەر دەکات و ئاڕاستەیشی دەکات. هەر لەم سۆنگەیە بانگه‌شەی حکوومەتێکی نیشتمانی دەکات کە وەک خۆی دەڵێت نە سەر بە ڕۆژاوا بێ و نە سەر بە ڕۆژهەڵات (لا شرقیة ولا غربیة). هەرچەندە ئەم دروشمە بۆ خۆی لەم سەردەمەی ئێستادا هیچ واتایەکی نییە، چونکە ئەمە دروشمی "خومەینی" بوو لە سەردەمی جه‌نگی سارد لە نێوان بەرەی ڕۆژاوا بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا و بەرەی ڕۆژهەڵاتی سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت. سی ساڵە یەکێتیی سۆڤیەت نەماوە و ڕووسیای ئێستایش هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک نییە کە وڵاتان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. هەرچەندە ئەوەی سەدر دەیەوێت بیڵێت ئەوەیە، ئەم حکوومەتە نە پاشکۆی ئێران دەبێت نە پاشکۆی ئەمریکایش، بەڵکوو تەواو "حکوومەتێکی خۆماڵی"یە؛ ئاڕاستەیەکی نەتەوەییی نیشتمانیی هەیە، بە فۆڕمی عەرەبی شیعی. سەدر دەیەوێت حکوومەتێک دروست بکات کە خۆی سەرکردایەتیی بکات و بەشێک نەبێت لە ئەجێندای هەرێمی، بەڵام بە فەرمان و تویت و فتواکانی ئەو ڕەفتار بکات؛ هەر کات ویستی وەزیر و سەرۆکوەزیرەکان لا ببات. ئەمەیش لە ڕاستیدا دوو دیوی هەیە: دیوێکی ئەوەیە کە موقته‌دا دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر ئەو حکوومەته‌دا دەبێت و، لە خزمەت بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەناو عێراق و شیعەکاندا بەکاری دەهێنێت کە دواجار لەوانەیە فۆڕمی حکوومەتێکی دەسەڵاتگەرای لێ بکەوێتەوە (Authoritarian government). دیوێکی ئەرێنییشی هەیە کە کابینەکە هەردەم لە بەردەم چاوێکی لێکوڵینەوەدایە و ناتوانن بە کەیفی خۆیان دەسەڵات لە خزمەت بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنن.  

سەدر و هەرێمی کوردستان

بۆ هەرێمی کوردستان پرسی بەشداریکردن لە حکوومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ لایەنە شیعەکان، بژاردەیەک نییە تا بتوانن بە کەیفی خۆیان هەڵی بژێرن، چونکە کورد و سوننە هەرچییەک بکەن، ناتوانن حکوومەت بەتەنیا پێك بێنن. لە ئێستادا دوو جەمسەری شیعەت هەیە؛ بەناچاری دەبێت لەگەڵ یەکێکیان بیت. لەگەڵ لایەنێکیان نەبی، واتا لەگەڵ ئەوی دیكه‌یانی. هەرێمی کوردستان پێویستی بە پاڵپشتیی بلۆکێکی گەورە هەیە لە بەغدا کە کاری لەگەڵ بکات و هەماهەنگییان هەبێت. لە دوو خولی ڕابردوو هەرێمی کوردستان گەورەترین کێشەی لە پەرلەمان هەبوو، چونکە نەک لیستە شیعە و سوننەکان، بەڵکوو کوردیش پاڵپشتیی یەکتریان نەدەکرد. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرکردایەتیی بەشێکی سەرەکیی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دەکات)، پاڵپشتییه‌کی باشی بۆ دروست بوو، ئەگەر تا سەر بەردەوام بێت.

هەڵبەتە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ سەدر هەرگیز جێگه‌ی متمانەی تەواو نییە. هەرچەندە سەدر لە دیدار و چاوپێکەوتنە میدیایییەکاندا خۆی وەک کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ نیشان دەدات، بەڵام ئەو کەسانەی کە لەخۆیەوە نزیکن، پێچەوانەکەی دەڵێن، کە کەسێکە کەم پێ دەکەنێ و زوو هەڵدەچێ. کاتێک لێکۆڵەرانی هەواڵگریی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کەسی دووەم لە سوپای مەهدی کرد لە ٢٠٠٧، کە ئەوکات قەیس خەزعەلی بوو و ئێستا سەرکردایەتیی کەتیبەکانی عەسائیبی ئەهلی هەق دەکات، گوتی: "سەدر هیچ پرەنسیپێکی نییە و، تەنیا بۆ دەسکەوتی شەخسی کار دەکات؛ گەلی عێراقی هیچ لا گرنگ نییە." باسی ئەوەیش دەکات کە ئێران هەر زوو ئەوکات بانگێشتنامەیان بۆ نارد و به‌ سەردانێکی نهێنی چووە ئێران بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیناسن؛ بەو پێیەی کە کەسێکی شایستەیە بۆ کاریگەری لەسەر ئاییندەی عێراق لە دوای گەیشتنەدەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا. ئەم ڕاڕایی و هەڵبەز و دابەزەی سەدر لە هەڵوێست و بڕیارە سیاسییەکانی و پابەندبوونی بە شەقامی عێراقی و ئەو سیاسەتە پۆپۆلیستییەی کە پەیڕەوەی دەکات، وا دەکات کارکردن لەگەڵ سەدر هەمیشە جێگه‌ی دڵنیایی و پشتبەستن نەبێت، بەڵام لە دۆخی ئێستادا هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی لە سەدر باشتری نییە. لە فۆڕمە زۆرینەکەی تردا کە هەمووان تێیدا بەشدارن، کورد هیچ گرنگییه‌کی نامێنێت تا سەودای سیاسیی پێ بکات.

مەترسییەکی تر کە لەوانەیە لە ئاییندەدا ڕووبەڕووی هاوپەیمانێتیی پارتی و سەدر ببێتەوە، پرسی ناوچە دابڕاوەکانە. سەدر لە ناوچە کێشەلەسەره‌کان ئەوەندە کەرەسەی خاوی هەیە کە بتوانێ زیان بە کورد بگەیەنێ. زۆربەی ئەوانەی بۆ پرۆسەی بەعەرەبکردن هێنراونەتە ئەو ناوچانە، ئێستا سەر بە سەدرن؛ هەرچی تورکمانی شیعەیشە پشتگیریی دەکەن، مادام ئامانج لێدانی کوردە. دوای ئەوە نۆرەی سوننە دێ، کە شارەکانیان بەتەواوی لەلایەن میلیشیاکانی شیعەوە داگیر کراون و پرۆسەی بەشیعەکردن تێیاندا بەهێزە؛ ئیستا لە کەمینەکانەوە دەستیان پێ کردووە و ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەوانەی دەبن بە شیعە، زیاد دەکەن.

لەوانەیە سەدرییەكانیش هاوپەیمانیی خۆیان لەگەڵ پارتی بەئاسان نەبینن؛ لە خۆیشیان ڕانابینن بكەونە ژێرباڵی هاوپەیمانێتییەك كە دواتر مافی كوردیان بەسەردا بسەپێندرێت. لە ترسی دەنگدەران و هێزە پۆپۆڵیستییەكان ناوێرن ماددەی 140 جێبەجێ بكەن؛ هەژموونی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەهێڵن؛ یان بەشە بوودجەی هەرێم بەئاسانی بەدەستەوە بدەن. واتە چارەنووسی سیاسییان ناكەنە قوربانیی هاوپەیمانێتییەكی كاتی. بۆیەیش، ڕەوتی سەدر بەمکوڕییەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ڕاكێشانی بەشێك لە سەركردەكانی نێو ئیتارییەكان، هەتا شەرعییەتی شیعی و زۆرینەی شیعی و ڕەزامەندیی ئێرانیش مسۆگەر بكات.

لێکەوتەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و هاوپەیمانێتیی پارتی لەگەڵ سەدر، خەریکە خراپ بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەشکێتەوە. ئەم جارە دەرفەتێک بۆ کورد (لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی) ڕەخسابوو کە دووبارە پێگەی خۆیان لە بەغدا بەهێز بکەنەوە، بەڵام دووبەرەکێی تەسکی حزبایەتیی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، ئەو دەرفەتەی هەر زوو لەبار برد.

سەدر و ئەمریکا

ئێستا سەدر پەیڕەوی گوتارێکی نەتەوەییی عێراقی-عەرەبی دەکات، کە کەمێک خۆی لە مەیلی شیعەگەری و مەزهەبیی ڕەها دوور دەخاتەوە. ئەمەیش لەوانەیە تەنیا پاساوێک بێت بۆ خۆدوورکردنەوە لە بلۆکی ئێرانی و ئەمریکییەکان؛ بەتایبەتیش ئێران کە هەمیشە شیعەکانی عێراقی پێ تاوانبار دەکرێن. ئەم بۆچوونە ئیستا لەسەر ئاستی جەماوەرییش برەوی هەیە؛ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تشرین ئەو تووڕەیییە جەماوەرەییەمان بینی بەرامبەر هەژموونی ئێران لە عێراقدا، کە بووە هۆی سووتاندنی چەند بالیۆزخانەیەکی ئێران لە پارێزگاکانی باشووری عێراق. سەدر هەوڵی داوە حکوومەتەکەی، جۆرێک لە هەمەڕەنگی و کرانەوەی لەگەڵ کورد و سوننە هەبێت؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژییش لەگەڵ حزبی شیوعی هاوپەیمان بوون؛ وەک هەنگاوێک بۆ پێشاندانی تێپەڕاندنی دەسەڵاتی پشکپشکێنە و تائیفی لە عێراقدا. ئەم ڕوانگەیەی سەدر وای کردووە، ئەمریکایش پاڵپشتیی لێ بکات و لاپەڕەیەکی سیاسیی نوێ بەرامبەر بە سەدرییەکان بکاتەوە. ئەمەیش ئەو پرسیارە دێنێتە پێشەوە کە ئایا سەدر دەتوانێت لە ئاییندەدا، هاوشێوەی ئەو هاوپەیمانییەی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیەتی، ببێتە دۆستی ئەمریکا؟ ڕاستە سەدرییەکان مێژوویەکییان هەیە لە بەره‌نگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، بەڵام دەکرێت لەم حکوومەتەدا سەدرییەکانیش لاپەڕەیەکی نوێ بەڕووی ئەمریکا و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بکەنەوە؛ بەتایبەت ئەگەر سەدر بتوانێت سنوورێک بۆ میلیشا و هیزە نایاسایییەکان دابنێت و هێز بگەڕێنێتەوە ناو دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی دەوڵەت.

دەرەنجام

ئەم هاوپەیمانییەی سەدر و لایەنەکان، ئەگەری هەیە کێشەی سیاسی-ئاسایشیی بۆ دروست بێت، بەتایبەت لە ئەگەری بەردەوامبوونی گوشارەکانی هێزە سیاسییەکانی نزیک ئێران و میلیشیا چەکدارەکان. ئەم حکوومەتەی زۆرینە، ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزی دەبێت لە پەرلەماندا بە قەبارەی ٨٠ تا١٠٠ کورسی. ئەمانە بە باش و خراپ، بەتایبەت بەشێکیان بەئەنقەستیش بێت، بەربەست بۆ کاری حکوومەت دروست دەکەن و دەبنە مایەی ڕاگرتنی کارەکانی حکوومەت لە پەرلەمان؛ بە نییەتی تۆڵەکردنەوە مامەڵە لەگەڵ حکوومەت دەکەن. سەدر دژە-ئێران نییە، بەڵکوو دەیەوێت هەژموونی سیاسیی ئێران لە عێراق لە ڕێگه‌ی ئەوەوە بێت؛ هەژموونی شیعەگەرییەتییەکەیشی لە ڕێگه‌ی "حەنانە" بێت. ئێستا سێ جۆر کوتلەی شیعەمان هەیە لە عێراق: زۆرینەی جەعفەری، کەمینەی وەلائی و، هەروەها سەدرییش، کە هەر یەکەیان دەیانەوێت نوێنەرایەتیی ماڵی شیعە بکەن؛ ئەم ململانێیەی ئێستایش بەشێکی گرێدراوی ئەم دۆخەیە.

 

سەرچاوکان

Thomas O Falk  (23 Oct 2021) Muqtada al-Sadr: Iraq’s kingmaker in uncertain times. Available at <https://www.aljazeera.com/news/2021/10/23/muqtada-al-sadr-iraqs-kingmaker-in-uncertain-times>.

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples