هەڕەشە و دەرفەتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

هەڵبەتە هەڕەشە و دەرفەتەکان نەک تەنیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە دونیای ئێستادا هیچ وڵاتێک نابینینەوە لە بەردەم هەڕەشەدا نەبێت؛ تەنیا ئەوەیە کە قەبارەی هەڕەشەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتاتێکی تر جیاوازە؛ هەندێكیان هەڕەشەی نزمن یان ئاسایین، هەشە هەڕەشەی مامناوەندین، یانیش بەرز و مەترسیدارن. ئەمە بۆ گشت وڵاتان ڕاستە لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەت کە ئێستا جیهان لە هەر کاتێک زیاتر بەیەکەوە پەیوەستە؛ ئەمەیش وای کردووە هەڕەشەی هەر وڵاتێک هەڕەشە بێت بۆ سەر وڵاتێک یان کۆمەڵێک وڵاتی تر لە جیهاندا. جه‌نگی ئۆکراینا باشترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لە ئاستی کاریگەربوونی جیهان و وڵاتان بەیەکترییەوە؛ ئینجا بۆ هەرێمێکی نادەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان کە لە ناوچەیەکی پڕ هەڕەشەئامێزی جیهاندایە، بێ گومان ئاست و قەبارەی هەڕەشەکان زۆرتریشن. بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێک جار هەڕەشەکانیش دەرفەت لەگەڵ خۆیان دەهێنن؛ بۆ نموونە جه‌نگی ئۆکراینا دەرفەتی گرانبوونی وزەی بە دوای خۆیدا هێنا، کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لە بووژاندنەوەی ئابووریدا سوودی زۆرمان لێ بینی. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی هەندێک لە هەڕەشە و دەرفەتەکانی سەر هەرێمی کوردستان شرۆڤە بکەین.

یەکەم/  هەڕەشە ناوخۆیییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

دەتوانم بڵێـم کە قۆناغی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠١٤، ئاسانترین قۆناغی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان؛ ئەمەیش بەهۆی بوونی داهاتێکی زۆری نەوت و دابەشکردنی بەسەر خەڵکدا بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پلانێک بۆ ئاییندەی ئەو حوکمڕانییە. ئەم قۆناغەی حوکمڕانی تا قەیرانەکانی ئەو دوایییەی پەتای کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، لەسەر دوو ستوونی سەرەکی وەستابوو:

یەکەمیان، پرسی کورد؛ واتا کورد خاوەن پرسێکی نەتەوەیییە، کە جیاوازە لە پێکهاتەکانی تری عێراق و بەرژەوەندیەکانیشی تەنیا پەیوەست نین بە ئامانجی ئابووری و دارایی لە عێراقی نوێدا. لە سەرەتای دروستبوونەوەی عێراقی دوای ٢٠٠٣، هەم ئەمریکا و هەم لایەنەکانی تری عێراقییش ڕەچاوەی ئەو تایبەتمەندییەی هەرێمی کوردستانیان کرد. ئەو پرسە بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان و کوردانی بەشەکانی تریش ئومێدێکی سیاسی و ئابووریی گەورە بوو و، تا ئەو ساتەوەختەیش ئەم فاکتەرە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە بەخشینی شەرعییەت و وزەی نیشتمانی بە پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. لە هەمان کاتدا کاریگەریی زۆریشی هەبوو لەسەر یەکگرتووییی گوتاری کورد لە بەغدا، بەتایبەت لە سەرەتاکانی دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دستووری هەمیشەییی عێراق.

ستوونی دووەمی پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بریتی بوو لە پشتبەستن بە ئابووریی نەوت، بەتایبەت لە دوای ٢٠٠٧ کە هەرێم ڕاستەوخۆ دەست دەکات بە دەرهێنان و دواتریش فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. نرخی بەرزی نەوت لە ٢٠٠٣ تا هاتنی داعش، ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە هاوکاریکردن و بەردەوامیدان بە پڕۆسەی حوکمڕانی و باڵابوونی پێگەی حکوومەتی هەرێم، لە پاڵیشیدا پێگەی هەردوو حزبی باڵادەست لە هەرێمی کوردستاندا. گرانیی نرخی نەوت وای کرد، داهات ئەوەندە زۆر بێت کە بەشی زۆری خەڵک و ئۆرگانە حزبییەکانیشی دەکرد. ئەم جۆرە حوکمڕانییە لە ڕاستیدا هیچ جۆرێک لە گرێبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پێویست نەبوو، چونکە بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵک ڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندیی حزبەکانەوە بەسترابووەوە. بەشەکەی تری خەڵکیش کە مووچەخۆری حکوومەت نەبوون، بەئاسانی کاریان دەست دەکەوت لە ڕێگه‌ی ئەو پارە زۆرەی کە مانگانە دەکەوتە بازاڕەوە، بەتایبەت ئەوە بڕەی کە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کرابوو.

دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە (لە دوای ٢٠٠٣) بەسەر پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو دوو شادەمارە سەرەکییەکەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا خەریکە وشک دەبن؛ واتا هەر یەکە لە پرسی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژیای نەتەوەگەری کە کورد پشتی پێ دەبەست لە بەرامبەر بەغدا، هەروەها پارەی زۆری نەوت و دابەشکردنی بەسەر خەڵک و لایانگراندا. ئیتر ئێستا ئەو ساتەوەختەیە کە دەکرێت کۆتاییی ئەو قۆناغە "ئاسانەی بەڕێوەبردن" easy management)) بێت بۆ نوخبەی سیاسی، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرەتای قۆناغێکی سەخت بێت بۆ حوکمڕانیکردن و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا خەریکە سیماکانی دەردەکەون.

ململانێکانی پارتی و یەکێتی و تۆخکردنەوەی دووئیدارەیی لە ساڵی ئاییندەیشدا وەک گەورەترین مەترسی دەمێننەوە لەسەر بچووکكردنەوەی قەبارە و پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ چونکە ئەمە هەمیشە دەرفەت بۆ عێراق و وڵاتانی هەرێمی دەڕەخسێنێت وەبەرهێنانی سیاسیی زۆرتر بکەن لە ناکۆکیدروستکردن لە نێوان ئەو دوو هێزەدا. مەترسیداریی فاکتەری ناوخۆ لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە وەک ڤایرۆسی ناوخۆ بەرپرسە لە کۆمەڵیک کێشەی تر؛ بۆ نموونە وەک لاوازکردنی دامەزراوە سیاسی، یاسایی و ئابوورییەکان، یان دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بەسەر دوو حزب، گەورەترین لەمپەر و هەڕەشەن لە بەردەم ئاییندەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

هەڕەشەیەکی تری سەر هەرێم لە ناوخۆدا لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەبێت. کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەستەمە چارەسەربوونیان؛ بەشێکی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە بەغدا یەک دەسەڵات و دەوڵەت نییە کە مامەڵە و ڕێکكەوتنی لەگەڵ بکرێت بەڵکوو هەمیشە دەسەڵات لە دەرەوەی دەوڵەتە؛ هەندێک جار حکوومەت و سەرۆکوەزیران دەسەڵاتیان بەسەر وەزیرەکانیشدا نییە. حکوومەتەکه‌ی "عادل عەبدولمەهدی" و "کازمی" و، بە ئەگەری زۆر حکوومەتی "محەمەد شەیاع سوودانی"یش لەو جۆرە حکوومەتانە دەبێت. پرسی موڵکداریی وزە و ناوچە دابڕاوەکان و بوودجە، وەک هەڕەشە دەمێننەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا.

دیوێکی تری هەڕەشەکان لە عێراقدا بریتییە لە زیادبوونی خێرای گەشەی دانیشتووان. "بەپێی ڕێژەی ئێستای زیادبوونی دانیشتووان، ساڵانە ژمارەی دانیشتووان نزیکەی یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات و لە ماوەی 10 ساڵدا 10 ملیۆن کەس زیاد دەکات و دوای 6 دەیە دەگاتە 100 ملیۆن کەس[1]. هەرچەندە عێراق بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پلانی هەیە کە بەر لەو زیادبوونە بگرێت، بەڵام ئەمە زۆر ئەستەمە چونکە بەها کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان ڕێگرن لە بەردەم ڕاگرتنی ئەو گەشەیە. ئەم گەشە زۆرە لە ڕاستیدا جێگه‌ی مەترسییە؛ بەپێی ڕاپۆرتی PAI لە نێوان ساڵانی 1970 تا 1999دا لە سەدا 80ی ململانێی مەدەنی لەو وڵاتانەدا ڕووی داوە کە 60٪ی دانیشتووان یان زیاتریان تەمەنیان لە سی ساڵ کەمتر بووە. ئەمڕۆ شەست و حەوت وڵات/هەرێم لە جیهاندا هەن کە ڕیژەی بەرزی گەنجیان هەیە؛ 60یان تووشی نائارامی و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی بوون.

دیمۆگرافیناسەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەڵاوسانی گەنجان، تاكه‌ هۆکار نییە بۆ ناکۆکییە مەدەنییەکان، بەڵکوو گەندەڵی، گرژییە ئایینییەکان، هەژاری و ناکاراییی دامەزراوە سیاسییەکانیش ڕۆڵی هاوبەشیان له‌ ڕووداوه‌كاندا هه‌یه‌. ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی ئه‌م تیۆرییه‌ (تیۆریی هەڵاوسانی گەنجان) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ وڵاتێكدا ڕێژه‌ی له‌دایكبوون زۆر بێت، ژماره‌ی گه‌نجان زیاد بكات، هه‌لی كار و دامه‌زراندن و خۆشگوزه‌رانی بۆ گه‌نجان نه‌بێت، هه‌ڵاوسان ڕوو ده‌دات؛ دواجار ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری په‌رچه‌كردار و توندوتیژیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ جۆرێك له‌ پشێوی دروست ده‌كات كه‌ زۆر جار سیاسییه‌كان ناتوانن كۆنترۆڵی بكه‌ن. ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئێمە پێشبینی دەکەین لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕوو بدات.

هەرێمی کوردستانیش لە بەردەم کێشەی هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجاندایە (Youth bulge)؛ ساڵانە نزیکەی 50 -60 هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستان زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکه‌ن (ئەمە بێجگە لە ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە لە دەرەوەی زانکۆ و پەیمانگاکانن) و دێنە بازاڕی کارەوە، کەچی نە کەرتی گشتی وەریان دەگرێت نە لە کەرتی تایبەتیشدا جێگه‌یان دەبێتەوە. ئەمانە دەبێت شوێنی گشتی و دەرفەتی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پەنا نەبەنە بەر توندوتیژیی سیاسی و ماددەی بێهۆشکەر و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، نەک شوقە و باڵەخانەی بەرزیان بەسەردا دروست بکەین کە نە توانایان هەیە بیکڕن نە بەکرێیش بچنە ناوییەوە، بەڵکوو ئەوەندەی دیکە پاڵیان پێوه‌ دەنێت بۆ تووڕەیی و کۆچ و دژایەتیی نیشتمان و پڕەنسیپە نەتەوەیییەکان. 

بەرزیی گەشەی دانیشتووانی عێراق وا دەکات، لە چەند ساڵی ئاییندەدا ژمارەی دانیشتووانی هەرێم لەچاو عێراق زۆر کەمتر بێت، بەتایبەت بۆ ڕێژەی کورد لە عێراقدا کە لەوانەیە لە ٢٠ ساڵی داهاتوو کورد ببێتە ١٠٪ی دانیشتووانی عێراق. ئەمە جگە لە زیادبوونی ئەو ڕێژە عەرەبەی کە ساڵانە مولک و ماڵ لە هەرێمی کوردستان دەکڕن و بە ئەگەری زۆر لە کوردستانیش دەمێننەوە بۆ ژیان؛ بۆیە لە ئاییندەدە لەوانەیە داوای نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی کوردستاندا بکەن. بەپێی هەندێک لە ئامارەکانی حکوومەت تەنیا لە شاری هەولێر، نزیکەی 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر خەڵكی عەرەب تاپۆ کراوە، ئەمە جگە لە دەیان هەزار یەكەی نیشتەجێبوون کە لە ئاییندەدا دروست دەکرێن؛ كڕیارەكانیش بەپێی داتاکان نزیکەی 60٪ عەرەبن، بە جۆرێک ئێستا چەند نەوەیەكی عەرەب لە كوردستان گەورە بوون، ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان[2].

بەپێی لێدوانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، د. بەرهەم ساڵح، لە كۆنگرەی گۆڕانی كه‌شوهەوا کە نەتەوە یەكگرتووەكان (UNDP) ڕێكی خستبوو، بەبیابانبوون لە 39٪ی خاكی عێراقی گرتووەتەوە و لە 54٪ زەوی كشتوكاڵی ڕووبەڕووی شۆربوون بووە. لە ماوەی ساڵی 2020 بۆ 2021، زیاتر لە 160 كیلۆمەتر چوارگۆشە بەتەواوی بووەتە بیابان و كەڵكی ژیانی نەماوە. ئەم دۆخە ژینگەیییە بێ گومان مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دروست دەکات. لە باشووری عێراق گوندەكان ڕوو لە شارەكان دەكەن، بەڵام لە داهاتووی نزیكدا شارەكانیش ژیانیان تێدا زەحمەت دەبێت! بۆیە بەدڵنیایییەوە بەشێكیان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە ئێستا لەسەر حیسابی ژینگە و سەوزاییی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن نیشتەجێ دەبن؛ ئەمەیش دواتر قەیرانی دیمۆگرافی، ئاو، خزمەتگوزاری و چەندان پرسی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

دەرفەتە ناوخۆیییەکان

لە ناوەخۆوە هەمیشە دەرفەت هەیە، بەتایبەت بۆ چاکسازیی ئابووری و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و بەدواداچوون و لێپێچینەوە. گەورەترین و باشترین کار کە حکوومەتی هەرێم بتوانێت بیکات، خستنەسەرپێی حکوومەتە لە ڕووی دارایییەوە کە پێویستیی بە بەغدا نەبێت؛ چونکە پشتبەستن بە بەغدا هیچ گەرەنتییەکی سیاسی و ئابووریی نییە بۆ هەرێم. بەرزیی نرخی نەوت، کە بە ئەگەری زۆرەوە لە ٢٠٢٣ لە دەوری ٨٠$ دەمێنێتەوە، دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەو چاکسازییانەی دەستی پێ کردووە ئەنجامی بدات. لەگەڵ عێراقیش، بەتایبەت لەگەڵ حکوومەتی محەمەد شەیاع سوودانی و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە ٢٠٢٣، دەرفەتە کە بتوانین پرسی بوودجە و دۆسیەی وزەی لەگەڵ یەکلایی بکەینەوە.

دووەم/ هەڕەشە هەرێمییەکان

وەک ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) لە ساڵی (٢٠٢٣)یش گەورەترین هەڕەشە هەرێمییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەبێت؛ ئەمەیش بە پاساوی بوونی پارتی کرێکاران لەلایەن تورکیا، هەروەها بوونی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم لەلایەن ئێرانەوە. تورکیا بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان. لەمەودوا پێ دەچێت گوشارەکانی ئێران لەسەر حکوومەتی سوودانی و هەرێمی کوردستانیش زیاتر بن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم. دوور نییە ئەمە پلانێکی ئێرانیش بێت بۆ گەڕاندنەوەی هێزەکانی عێراق بۆ سەر سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران؛ کە دواجار دەچێتە خزمەت بەرتەسکكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەسەر خاکی هەرێمی کوردستاندا. لە ڕاستیدا خەباتی چەکداری لە بەشەکانی تری کوردستاندا لەمەودوا دەبێتە بارگرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە زۆربەی ئەو بزووتنەوە چەکدارییانە لەناو سنوورەکانی تورکیا و ئێران نین، بەڵکوو دێنە سنووری هەرێمی کوردستان. ئەمە بۆ ڕۆژاوای کوردستانیش ڕاستە.

لە ساڵی ئاییندەدا ئەگەری لاوازبوونی ڕۆژاوای کوردستان هەتا گەڕانەوەی هێزەکانی سووریا بۆ ئەو ناوچانەی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات زۆرە؛ بەتایبەت کە خەریکە ڕێکكەوتنێکی ژێربەژێری دەکرێت لە نێوان تورکیا و سووریا و ڕووسیا بۆ لەقاڵبدانی هێزە کوردییەکانی سووریا. لەبارچوونی ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان، ئەگەرچی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان جیاوازیی سیاسیمان لەگەڵ هەبوو، بەڵام نەمانیان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە؛ چونکە ڕۆژاوای کوردستان وەک قەڵغانێک بوو دژی داعش لە بەرەی ڕۆژاوای هەرێمی کوردستان. دیسان لە ئەگەری هێرش یان ڕێکكەوتنی تورکیا-سووریا، ئەوە بەشێکی زۆری چەکدارەکانی پەیەدە ناچارن بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان پاشەکشە بکەن؛ واتا دیسان کێشە و پاساوێکی تر بۆ تورکیا دروست دەبێت بۆ دانانی بنکەی سەربازی و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.

دەرفەتە هەرێمییەکان

لە ئاستی هەرێمییەوە وا باشە، هەرێمی کوردستان بتوانێت بەردەوام بێت لە دروستکردنی هاوسەنگی لەگەڵ تورکیا و ئێران؛ هەوڵ بدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە زیاتر لە ڕەهەندی ئابووری و بازرگانییەوە بێت تا پرسی سیاسی، چونکە لە ڕووی سیاسییەوە شتێکی وامان لەو دوو وڵاتە دەست ناکەوێت؛ خۆیشیان لەوانەیە وایان پێ باش بێت پەیوەندییەکان زیاتر ئابووری و بازرگانی بن، هەرچەندە ئەم دوو وڵاتە بەبەردەوامی داواکاریی سیاسییان لە هەرێمی کوردستان هەیە. تورکیا لەم ساڵەدا دەچێتە ناو پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا ڕکابەرەکانی ئەردۆغان دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکپارتی بهێنن؟ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هه‌رچییه‌ك بێت، پەیوەندیی تورکیا و هەرێمی کوردستان هەر دەمێنێتەوە. بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە پەیوەندییە هەرێمییەکانی فراوانتر بکات و لە بازنەی تەسکی تورکیا و ئێران دەربچێت، بەتایبەت کە دەرفەت هەیە لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی وەک، سعوودیا و ئیماڕات و کوێت و قەتەر، هەروەها ئوردنیش پەیوەندیی سیاسی و ئابووری دروست بکرێت. بۆیە گرنگە لە ساڵی ئاییندەدا زۆرتر کار لەسەر ئەم وڵاتانە بکرێت.

سێیەم/ هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان

وای دەبینم کە هەرێمی کوردستان زیاتر لەژێر مەترسیی هەڕەشە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندایە تا هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان، چونکە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی سیاسی و دەستووریی جێگیری هەیە لە چوارچێوەی عێراقدا. تەنیا ئەوە نەبێت کە هەندێک کێشە هەن ڕەهەندێکی جیهانییان هەیە و کاریگەرییان لەسەر تەواوی جیهان هەیە؛ بۆ نموونە وەک دەرکەوتنی پەتایەکی تری هاوشێوەی کۆڕۆنا، یان هەڕەشەیەکی تەندروستیی تر کە دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئامادە بکات. دەبێت ژێرخان و کوالیتیی کەرتی تەندروستی، هەمیشە چاوی حکوومەتی لەسەر بێت و باشتر بکرێت. قەیرانی خۆراک یەکێکە لەو کێشانەی تر کە مەترسیی لەسەرە لە ئاییندەدا بەرۆکی جیهان بگرێت. دەیڤید بیزلی، سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهان، بەئاشکرا دانی بەوەدا نا کە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە بۆ دابینکردنی خۆراک؛ بە جۆرێک "لەوانەیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا خۆراکی پێویستمان بۆ هەمووان نەبێت". چونکە  ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر ١،١ ملیار مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی هەبووە و ٩٥%یان لە هەژارییەکی زۆردا دەژیان. ئەمڕۆ کەمتر لە 10% لە هەژارییەکی زۆردان. بەڵام لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئێمە خەریکە بەتەواوی دەگەڕێینەوە دواوە؛ ئەوەیش شتێکی کەم نییە، بەڵکوو پێویستە هەموومان ڕابچڵەکێنێ[3].

مەترسییەکی تری جیهانی، پرسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە. ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی سەخت بوو بۆ کەشوهەوا. پلەی گەرمیی ڕیکۆردشکێن و لافاوی شۆککەر و وشکەساڵی و زریانەکان، زۆرێک لە ناوچەکانی جیهانیان وێران کرد. بەرزبوونەوەی بێوەستانی پلەی گەرمیی جیهان و زیادبوونی کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا، لە ئەنجامدا سیستەمی مرۆیی پاڵ پێوه‌ دەنێت بۆ ئاستێکی مەترسیدار، کە هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لەم بوارەدا، بەتایبەت کێشەکانی کەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نموونە لە هەولێر ئاوی ژێرزەوی مەترسیی لەسەرە؛ بە شێوەیەك لە ئێستادا لەو شارە نزیكەی 40 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی دروستكردن و تەواوبووندان، كە هەموویان پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، چونكە هەر یەكێك لەو پڕۆژانە بیر بۆ دابینكردنی ئاو هەڵدەكەنن؛ بە جۆرێک کە لە 10 ساڵی داهاتوودا مەترسییەكان بەتەواوی دەردەكەون[4]. هەڵبەتە کۆمەڵێک پرسی نێودەوڵەتیی تریش هەن کە کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر. جه‌نگی ئۆکراینا و ململانێ هەرێمییەکان بەردەوام دەبن، بەڵام پێ ناچێت ببنە هەڕەشەی ئاستبەرز لەسەر هەرێمی کوردستان.

دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان

کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا، هەمیشە دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان و جۆرێکە لە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی. ئەو هەماهەنگییەی ئێستایش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەیە، دیسان دەرفەتێکە بۆ یەکخستنەوە و پڕۆفیشناڵکردنی هێزی سەربازی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ئاستێک بێت کە بتوانین بەشداری هاوپەیمانی و ئەجێندا نێودەوڵەتییەکان بین. بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگە کارتێکی گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان کە بتوانێت لە شەڕی دژایەتیکردنی تیرۆردا شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان بەشدارییان پێ بکات. زۆر جار گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان لە سوودی هەرێمی کوردستان بوونە، بۆیە پێویستە بەردەوام پەیوەندیی باشمان هەبێت لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق؛ بەتایبەت گەر هەرێم بتوانێت وەربەرهێنان لە کەرتی وزەی هەرێم بکات، پەرە بە کێڵگەکانی نەوت و گاز بدات و بتوانێت بیخاتەوە بازاڕەوە، ئەمە دەرگه‌یەکی تری سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە؛ بەتایبەت کە جه‌نگی ڕووسیا کێشەی زۆری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا دروست کردووه‌.

 

[1]  رووداو (26-11-2022 ) ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات. https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/26112022>>.  

[2]  زوبێر رەسوڵ (15-05-2022) کودەتای شوقەکان، مەترسیێک لە ئێستا و ئایندەدا!. << https://www.rudaw.net/sorani/opinion/150520221>>.

[3]  Time (12/1/2023)   There May Not Be Enough Food for Everyone in 2023. << https://time.com/6246278/david-beasley-global-hunger-interview/>>.

[4]  کوردسات ( 2023-01-10 ) ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر مەترسی لەسەرە. << https://www.kurdsatnews.com/news.aspx?id=19076&mapid=6>>.

5 WFP (13 January 2023) Climate action: what's new and what's next in 2023. <https://www.wfp.org/stories/climate-action-whats-new-and-whats-next-2023>.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples