د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
(٥٩)یەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ١٧ تا ١٩ی شوباتی ٢٠٢٣ لە "هۆتێل بایریشێر هۆف" لە شاری میونشن بەڕێوە دەچێت. MSC 2023 جارێکی دیکە سەکۆیەک دەبێت بۆ مشتومڕ لەسەر ئاستەنگە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش و ناتۆ و سیستهمی جیهانی. ئەم کۆنفرانسە کە نزیکەی ساڵێک دوای جهنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دێت، دەیەوێت دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ یەکگرتوویی، هاوپەیمانی و پابەندبوونی سیاسی بە نەزمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای سیستهمی نوێی جیهانی کە ڕۆژاوا سەرکردایەتیی دەکات.
کۆنفرانسەکە، کە وڵاتانی ناتۆ، لەنێویشیاندا شاندێکی بەهێزی ئەمریکا (سەرۆککۆمار بایدن لە ساڵی ٢٠٢١، جێگری سەرۆک هاریس لە ساڵی ٢٠٢٢) ئامادەن، وەک دەروازەیەک دەبێت بۆ مشتومڕی پرسەکانی ئاسایشی ئەوروپا و دەستنیشانکردنی قەیران و لێکتێگەیشتنەکان لە داهاتوودا. ئەمە بێجگە لەوەی کە سەکۆیەکە بۆ سەرکردەکانی دەرەوەی ناتۆش کە پەیامی خۆیان بە جیهان بگەیەنن؛ وەک چۆن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ یەکەم جار بەئاشکرا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە پشتگیریکردن لە فراوانکردنی ناعەقڵانیی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات. سەرۆک "نێچیرڤان بارزانی"یش وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و کاراکتەرێکی سیاسی و دیپلۆماسیی کاریگەر لە عێراق و ناوچەکهدا، بەشدار بووە. چەند پرسێک ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسەن کە دەکرێت بەو شێوەیە خوارەوە پۆلێن بکرێن:
پرسی ئاسایشی ئەوروپا، تەوەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ قسەکردن لەسەری، بەتایبەت کە ساڵانی پێشوو جۆرێک لە تێبینی هەبوو لەسەر ڕۆڵی ناتۆ، بەتایبەت لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هەروەها لێدوانەکانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن سەبارەت بە "مردنی مێشکی ناتۆ"، وەرچەرخانی ستراتیژیی ئەمریکا بەرەو ئاسیا و پرسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین؛ ئەمانە هەمووی پاڵی بە کۆنفرانسەکە ناوە کە بەخۆداچوونەوەیەک بکات بۆ زیاتر گرنگیدان بە لایەنە ئەمنییەکانی جیهان، لەوانەیش: کەشوهەوا، بایۆ-دایڤێرسیتی، پرسە دیجیتاڵییەکان، تەندروستی و خۆراک.
بەڵام جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراینا وای کردووە، ڕووداوەکە سەرنجی لەسەر هەندێک لەو پرسانە وەک پێویست نەبێت؛ بەتایبەت نەزمی ئەمنی لە ئەوروپا، کە ئێستا پێویستیی بە پێداچوونەوەیەکی تەواو هەیە. ئەمەیش پێویستیی بە نووسینی ڕێسای نوێ و چاکسازی لە دامەزراوەکاندا دەبێت؛ لەگەڵ ئەوەیشدا بیرکردنەوە لە تەواوی ئامرازی بەرگریی ئەوروپا لە ژێر ڕۆشناییی هەڕەشە نوێیەکان، یان ئەو هەڕەشانەی کە پێشتر دەستنیشان نەکراون (کە لە ئەڵمانیادا ئەمە بەZeitenwende ، واتا "خاڵی وەرچەرخان" ناسراوە)، یان گۆڕینی پارادایمی مێژووییی سیاسەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە ئاراستەی جەختکردنەوە لە پڕچەککردن. بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، ئەم جهنگه پێویستیی بە بیرکردنەوە لە کۆمەڵێک پڕەنسیپ و بەها هەیە کە بنەمای نەزمی نێودەوڵەتین، کە لە ئێستادا ملکەچی "دیدگه"ی کێبڕکێی نێوان دیموکراسی و "ڕیڤیژنیستەکان"ن. ڕاپۆرتی کۆنفرانسی ٢٠٢٣ بە ناویRe:vision" " هۆشداری دەدات لە پێداچوونەوە بە مامەڵهکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە سەرپێچیی بەهاکانی سیستهمی نوێی جیهان دەکەن و، داوای دووبارە بنیاتنانەوەی دیدێکی هاوبەشی نوێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەکات؛ کە مەبەست لێی وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین و کۆریای باکوورە. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەشدار بووە لە دابینکردنی ئاسایشی ئەوروپا؛ ئەمەیش لە ڕێگهی بەشدارییهكی سەرەکی لە جهنگی داعش، کە بههۆی ئهمهیشهوه تا ئیستایش هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کە چەند ڕۆژێک دوای MSC 2022 دەستی پێ کرد، وەک خاڵێکی وەرچەرخان (زەیتێنڤێندێ) سەیر دەکرێت. ئەم جهنگه نەک هەر لە ئۆکراینادا زیانی یەکجار زۆری لێ کەوتووەتەوە، بەڵکوو قەیرانەکانی ناوچەکانی دیکەی جیهانیشی گەورەتر کردووە. کۆنفرانسەکە دەیەوێت تاوتوێی ئەوە بکات کە جیهان دوای ساڵێک لە دەستپێکی لەشکرکێشیی ڕووسیا، چۆنە؟ ئایا جهنگ نیشاندەری جیهانێکی توندوتیژترە، کە بێسزایی تێیدا زاڵە؟ بەهێزەکان ئەوەی لە توانایاندایە دەیکەن و لاوازەکانیش لە بێتواناییدا ئازار دەچێژن؟ یان دەتوانێت کاتالیستێک بێت بۆ پابەندبوونێکی جیهانی بە نەزمێکی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا؟ ئەمانە و چەندان پرسیاری دیكه، تەوەری گفتوگۆکان دەبن لە میونشن.
لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆ هەوڵەکانی جەنگی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت؛ لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیی سنورداری ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت، ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونی ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و کریستۆف هیوسگن، سەرۆکی نوێی MSC، کە داکۆکی لە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکراینا دەکات. پێ دەچێت پێنتاگۆن مکوڕتر بێت لەسەر ئەو بیرۆکەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو 31 تانکی ئەبرامزی نارد بۆ ئۆکراینا.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ڕاستە ناتوانێت ببێتە تەڕەفێکی ڕاستەوخۆی ئەو ململانێیە، بەڵام دەتوانێت هاوکار بێت لە ڕێگهی پێدانی نەوت و گاز بە بازاڕەکانی ئەوروپا و لە کاتی قەیرانی وزەدا. بەڵام ئەمە پێویستیی بە پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوا و کۆمپانیاکانی وزە هەیە کە هاوکاریمان بکەن، بەوەی کە گوێ بە گوشارەکانی بەغدا نەدەن؛ چونکە ئێران لە ڕێگهی عێراقهوه گوشارەکان دەکا؛ هەندێک جار ئەم گوشارانەیش بۆ دژایەتیی ڕۆژاوا و ئەمریکایە، بەڵام لە ڕێگهی دامەزراوە یاسایییەکانی عێراقهوه دەیکات، وەک: بڕیارەکەی دادگهی فیدراڵی دژی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. چونکە لە ئەگەری کشانەوەی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان، کۆمپانیای ڕووسی و چینی جێگهیان دەگرنەوە. هەرێمی کوردستان لە هەموو وێستگەکان لە دوای ٢٠٠٣ ئەگەر بە ڕۆڵێکی کەمیش بێت، بەشدار بووە لە پاراستنی ئاسایشی جیهان لە چوارچێوەی بەها و سیاسەتە ڕۆژاوایییەکاندا. لەم سۆنگەیەوە گرنگە لە دوو باردا هاوکاریی هەرێم بکرێت کە دواجار هەردوو بوارەکە لە بەرژەوەندیی سەقامگیری و ئاسایشی جیهانە: ١) بواری وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز لە ڕێگهی پاڵپشتیی وڵاتان و کۆمپانیاکانیان؛ ٢) پاراستنی هەرێم لە دژی ئێران و پڕۆکسییەکانی و گوشاری وڵاتانی ناوچەکە، کە لە بنەڕەتدا بۆ دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوایە.
دوای ساڵیک لە جهنگی ئۆکراینا، توانای ناتۆ بۆ بەردەوامبوونی لە پاڵپشتیی ئەندامەکانیدا، هەروەها پەرەسەندنی دابەشبوونی ڕۆژهەڵات/ڕۆژاوا، پێ دەچێت بچێتە ژێر پرسیارەوە. سەرەڕای ئەو یەکێتییەی کە بارودۆخی ئێستا دروستی کردووە، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کە سنوورێکیان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، زیاتر هەست دەکەن کە دەوڵەتانی ڕۆژاوا گوشاریان لێ دەکەن. داهاتووی هاوپەیمانیی ناتۆ، پشت بە چالاکی و وەڵامدانەوەی ئەم دابەشبوونە و توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ژینگەی ئەمنیی ئێستای ئەوروپا و جیهان دەبەستێت.
گفتوگۆکانی دیکە لەسەر پرسی فراوانکردنی هاوپەیمانیی ناتۆ دەبێت، بۆ ئەوەی سوید و فینلاند بگرێتەوە کە دواجار کەوتۆتە ژێر ڕێککەوتنی تورکیاوە و، پێ دەچێت تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا لە کۆتاییی ئەمساڵدا ئیفلیج بمێنێتەوە. داواکاریی ئۆکراینا بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ تاوتوێ دەکرێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە کورتخایەندا هیچ بڕیارێکی لێ بکەوێتەوە. پێ دەچێت ئەندامان سەرنجیان لەسەر یەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆکرانیا بێت، کە دەتوانێت بخرێتە بەرنامەی پلانی کاراکردنی ئەندامێتی MAP)) کە لە لووتکەی ناتۆدا لە مانگی تەممووزدا لە ڤیلنیۆس بەڕێوە دەچێت. سەبارەت بە پاڵپشتیکارە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ، پێ دەچێت گرنگی بە بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بدرێت. لە چوارچێوەی جهنگی ئۆکراینادا، ئەوانەی بانگەشە بۆ ئۆتۆنۆمیی ستراتیژیی ئەوروپا دەکەن، بەهۆی ئەم جهنگەوە پەراوێز خراون؛ بەو پێیەی ئەولەوییەتی سەرەکی لە ئیستادا ئەوەیە کە، تەواوی ناتۆ یەک بلۆکی دژی ڕووسیا پێک بهێنێت.
ئەڵمانیا و فەڕەنسا هەر یەکەیان ملیارەها یۆرۆیان لە بوودجەدا ڕاگەیاندووە بۆ پشتگیریکردن و بەرزکردنەوەی سوپاکانیان لەم چوارچێوە جیۆپۆلیتیکییە نوێیەدا؛ ئەمەیش پرسیاری گرنگی بۆ بواری بازرگانی ورووژاندووە کە چۆن ئەم پارانە دەگاتە دەست کۆمپانیاکان، چەند دەچێتە سەر کۆمپانیا نیشتمانییەکان؟ هەر بۆیە کۆمپانیاکان زیاتر لە جاران لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەن. چەمکی "بەئەورووپاییکردنی" بەرگری، لە دڵی یاسا نوێیەکانی یەکێتیی ئەوروپادایە، کە کۆمپانیاکانی بەرگری پابەند دەکات، کە ئارەزووی بازاڕی ئەوروپا دەکەن پابەندبوونی خۆیان بە ئەوروپا نیشان بدەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش خەرجییەکانی پڕچەککردن و هەستکردن بە هەڕەشە زیاتر بوون، بەتایبەت زۆربەی سەرنجی ئەمریکا و ڕۆژاوا لەسەر جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینایە و؛ ئەمەیش جۆرێک لە فەرامۆشی لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ دەکەوێتەوە و، وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن خۆیان ئاسایشی خۆیان دابین بکەن.
پێناسەکردنی پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ چین، چ وەک بلۆک و چ وەک تاک-نەتەوە، چۆن دەبێت؟ ئهمهیش كه "ئایا ئەوروپا چۆن مامەڵە لەگەڵ چین بکات؟" خاڵێکی تری سەرەکیی کۆنفرانسەکە دەبێت. پەیوەندیی گەشەی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی، ئەمە دەکاتە باسێکی چالاکتر لەوەی پێشتر بوو؛ جا چ لە بواری تەکنەلۆژیا، بازرگانی، وزە یان ئامادەکاری بۆ پەتاکان.
پەیوەندیی نێوان چین و ڕووسیا ساڵێک دوای "هاوبەشیی بێسنوور" لە ڕیزبەندی گشتیدا دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا دابینکردنی کەرەسەی سەرەکی لەلایەن چینەوە بۆ ڕووسیا بەردەوامە. پێ دەچێت "وانگ یی" وەزیری پێشووی دەرەوە و ئەندامی نوێی مەکتەبی سیاسی بەشداری کۆنفرانسی میونشن بکات، لە کاتێکدا ڕووسیا بۆ یەکەم جار لە چەندان ساڵدا هیچ بانگێشتنامەیەکی فەرمیی وەرنەگرتووە (ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەسی نەناردووە) و، ئێرانیش بانگێشت نەکراوە. پێ دەچێت ئەمە ئەو دەوڵەتە سەرکێشانە بن کە کۆنفرانسەکە ناوی ناون "revisionist - ڕیڤیژنیست" کە دژی سیستهم و بەهاکانی سەرکردایەتیی ڕۆژاوا ڕەفتار دەکەن.
وزە و کەشوهەوا تەوەرێکی تری گرنگی کۆنفرانسی میونشنە، لە کاتێکدا پابەندبوونی گەلان بە هەڵبژاردنی وزەی سەوز بەردەوامە لە سازشکردن، بەهۆی قەیرانی بەردەوامی ئاسایشی وزەوە. ئەوروپییەکان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەسەر وەڵامی خۆیان بۆ یاسای کەمکردنەوەی گوشار و یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسانی ئەمریکا (US Inflation Reduction Act) و ڕێگهکانی سووککردنی ڕێسا توندەکانی بەکۆمەڵ لەسەر دەوڵەتان. هەروەها ڕەنگە گرنگیی بەپەلە بدرێت بۆ گرتنەبەری چەند میکانزمێک بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگری لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی کەشوهەوادا، وەک کۆچکردن؛ بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پێشتر کاریگەریی زۆری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، وەک: ئەفریقا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. لێرەیشدا عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان زۆر بەسەرەوە دەبێت، بەتایبەت ناوچەکانی باشووری عێراق بە ئەگەری زۆرەوە دەکەونە بەر کاریگەریی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا. لەم سۆنگەیەوە، گرنگە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی کەشوهەوا، بەتایبەت لە ڕێگهی سوودوەرگرتن لەو پاڵپشتییە دارایی و لۆجستییەی، کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاریکردنی وڵاتان هەیانە. بەپێی لێدوانی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق د. بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەی گۆڕانی ئاوهەوا کە نەتەوە یەكگرتووەكان UNDP)) ڕێكی خستبوو، بەبیابانبوون 39٪ی خاكی عێراقی گرتووەتەوە و، 54٪ی زەویی كشتوكاڵی، ڕووبەڕووی شۆران بووە. لە ماوەی ساڵی 2020 بۆ 2021 زیاتر لە 160 كیلۆمەتر چوارگۆشە بەتەواوی بووەتە بیابان و كەڵكی ژیانی نەماوە. ئەم دۆخە ژینگەیییە، بێ گومان مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دروست دەکات. لە باشووری عێراق گوندەكان ڕوو لە شارەكان دەكەن، بەڵام لە داهاتووی نزیكدا شارەكانیش ژیانیان تێدا زەحمەت دەبێت! بۆیە بەدڵنیایییەوە بەشێكیان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە ئێستا لەسەر حیسابی ژینگە و سەوزاییی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن نیشتەجێ دەبن؛ ئەمەیش دواتر قەیرانی دیمۆگرافی، ئاو، خزمەتگوزاری و چەندان پرسی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
ئاسایشی ئەلیکترۆنی خەریکە دەبێتە تەوەرێکی سەرەکیی ئاسایش لە جیهاندا. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی میونشن، جەختکردنەوە دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە ڕێگەی دانانی ستانداردی هاوبەش لە دەوری تەکنەلۆژیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی، بەتایبەتی لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا؛ بە جۆرێک کە پابەندبوونێکی بەردەوام بە ژینگەیەکی دیموکراتی و متمانەپێکراو هەبێت لە بواری زانیاری لەنێوان ئەندامانی ناتۆدا. ڕێکخستنی تەکنەلۆژیا لە ئەوروپادا تەوەرێکی گرنگی ئەم کۆنفرانسە دەبێت، لەوانەش یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و بازاڕە دیجیتاڵییەکان، کە هەردووکیان هەوڵدەدەن فەزایێکی دیجیتاڵیی سەلامەتتر دروست بکەن و مافە بنەڕەتییەکانی بەکارهێنەر بپارێزن و، دواتریش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەڵبەتە لە (٥٩)یەمین کۆنفرانسی میونشندا سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەشداریکردن و پەیامگەیاندن بە ئامادەبووان، بەتایبەت سەبارەت بە پرسەکانی وەک تیرۆر و وزە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێم بەغدا، کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپادا بەشدار بێت. لەم سۆنگەویەوە بە ئەگەری زۆر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە نوێنەری زۆرێک لە وڵاتانی کاریگەر لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری لە جیهاندا، دەکەوێت؛ ئەمە جگە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیا چالاکەکانی جیهان، کە دەکرێت هاوکار بن لە بووژانەوەی کەرتی وزە و پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە، یاخود هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە پرسە لۆجستی و دارایییەکان و چەندان پرسی تر، کە دەکرێت هەرێمی کوردستان لە ئاستی کارگێڕی و حوکمڕانیدا سوودیان لێ ببینێت.