د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
هێشتا ناڕەزایییەکانی ئێران لە قۆناغێکی سەرەتادا بوون، هەر زوو سەرکردە ئایینی و سەربازییەکانی ئێران کەوتنە تاوانبارکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانن؛ ئەمەیشیان بەستەوە بە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوژمنی ڕژێمی ئێران کە لە پشتی ناڕەزایییەکانن. لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران، عەباس نیلفرۆشان، ڕای گەیاند: "دژبەرانی شۆڕشی ئیسلامی لەودیوی سنوورەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێمەوە [هەرێمی کوردستانی عێراق] هێرش و دزەیان کردووەتە ناو وڵاتەکەمان بۆ دروستکردنی پشێوی و نائارامی."
نیلفرۆشان گوتی کە بۆردوومانکردنی بارهگاكانی "كۆمهڵه" و "حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران" و "پارتی ئازادیی كوردستان" له هەرێمی كوردستان لهلایهن ئێرانهوه، لەبەر ئەوە بووە چونكه "له ئاژاوهكانی ئهم دوایییهدا گهورهترین ڕۆڵیان ههبووه". پاشان نموونەی سووریای هێنایەوە، کە چۆن کوردانی ڕۆژاوای کوردستان دوای قەیرانی سووریا، توانییان ئیدارەیەک دابمەزرێنن، بەڵام دواجار ئەمریکا پشتی تێ کردن و ئێستایش خەریکە بەجێیان دەهێڵێت. مەبەستی لەمە پەیامێک بوو کە کورد هەڵە دەکەن گەر بە دوای پەیامی ئەمریکا بکەون! ئێران، تورکیا، سووریا و عێراقیش، ئێستایشی لەگەڵدا بێت هەمیشە بۆ هەر جووڵانەوە و ناڕەزایەتییەکی کورد دژی دەسەڵاتە داپلۆسێنەرهکانیان، هەر زوو پەنا دەبەنە بەر تاوانبارکردنی کورد بە دەستێکەڵکردنی لەگەڵ وڵاتانی بیانی، بەتایبەتیش ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەم چیڕۆک و قەوانەیە تا ئێستایش بەشێکی سەرەکیی سیاسەتی ئەم وڵاتانەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد.
هەرچەندە ئەستەمە بزانین کە ئایا سەرکردەکانی ئێران خۆیشیان باوەڕیان بەو قسانە هەیە سەبارەت بە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکان کە لە دەرەوەی ئێران بن، یان ئهوهی کە ئەمریکا هەوڵ دەدات هاوکاریی کوردانی ڕۆژهەڵات بکات لەو ڕاپەڕینەی ئێستای دژی ڕژێمی ئێران. لە ڕاستیدا گەر وا بیر بکەنەوە، ئەوا بەهەڵەدا چوون، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە کوردانی ڕۆژهەڵات ساڵانێکە لە دژی ڕژێمی ئێران خەبات دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا هەرگیز بیریان لە پشتیوانیکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات نەکردۆتەوە.
سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد و بەتایبەت کوردی ئێران، زۆر جار بەهەڵە بە پشتیوانی لێک دەدرێتەوە، لە کاتێکدا بهڕاستی وا نییە. لەوانەیە ئێران خۆیشی هەندێک جار پرسی پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پرسی کورد وەک پاساوێک بۆ دەستوەشاندنی سەربازی لەو بزووتنەوانە بەکار بهێنی؛ لە لایەکی تریش بۆ ترساندنی غەیرەکوردەکانی ئێران، بۆ ئەوەی پاڵپشتی لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە نەکەن؛ وەک ئەوەی ئەم جارە کە ئێران زۆر هەوڵی دا مۆرێکی کوردانەی لێ بدات، بەڵام لە ڕاستیدا سەرکەوتوو نەبوو.
سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژهەڵات (ئێران)
لە ڕاستیدا سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردی ئێران بەردەوام نێگەتیڤ بووە. لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، بابەتێکی گشتگیری لەسەر سیاسەتی ئێرانی ئیدارەی ترامپ بۆ گۆڤاری کاروباری دەرەوە (Foreign affairs) نووسی بە ناوی "بەرهنگاربوونەوەی ئێران: ستراتیژیی ئیدارەی ترامپ" (Confronting Iran: The Trump Administration’s Strategy)؛ بابەتەکە بەگشتی وێناکردنی بۆچوونی واشنتۆن بوو. لە وتارەکەیدا کە نزیکەی چوار هەزار وشە دەبێت، سەرەڕای سەرکوتکردنی درێژخایەنی دەزگه ئەمنییەکانی ئێران دژی کورد، بەڵام وەزیری دەرەوەی پێشوو، مایکل پۆمپیۆ، تەنانەت یەک جاریش باسی وشەی "کورد" ناکات. لە یەکێک لە بڕگەکاندا دەڵێت: "هەروەها ڕژێم بەبەردەوامی کەمینە ئایینییەکان یان نەتەوەیییەکان، لەوانە بەهایی، مەسیحی و دەروێشەکانی گۆنابادی، دەستگیر دەکات، کاتێک بۆ پشتیوانی لە مافی خۆیان قسە دەکەن." ئەم دوورخستنەوەیەی کورد، وەک یەکێک لە کەمینە گۆشەگیرکراوەکان، شتێکی بەرچاوە؛ بەتایبەتی کە لە دوای ئازەرییەکان، کورد دووەم گەورەترین گرووپی کەمینەکانی ئێران پێک دەهێنێ.
ڕاستییەکەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکاش، گرنگییەکی کەمی بە کوردی ئێران داوە و ئەمە لە پەیامەکانی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و جاک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیدا بەرچاوە. کوردانی ئێران تەنیا کاتێک خرانە بەردەم سەرنجی ئیدارەی سەرۆک باراک ئۆباما، کە لە شوباتی 2009 گرووپێکی شۆڕشگێڕی کوردی ڕۆژهەڵات، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)یان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساند. دوای مانگێک لە خولێکی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ١٤ی ئۆکتۆبەری ئێران، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا، دانی بەوەدا نا کە سیاسەتی بێهەڵوێستیی ئیدارەکەی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ (کە بە "بزووتنەوەی سەوز" ناسراوە)، سیاسەتێکی هەڵە بوو. هەرچەندە ئەو بۆچوونەی ئۆباما دوای ١٣ ساڵ، کە ئێستا هیچ پۆستێکی سیاسی و بەرپرسیارێتییهکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا نییە، ناکرێت ئومێدی لەسەر هەڵچنرێت!
لەوانەیە بەشێک لە توێژەران بڵێن ئەی بۆچی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کوردانی ڕۆژاوا بە جۆرێکی ترە؟ لە دۆسیەی ڕۆژاوادا، سوپای ئەمریکا تەنیا بڕیاری دا پشتگیری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکات کە کورد سەرکردایەتیی دەکات؛ ئەمەیش دوای ئەوە هات کە هەموو بژاردەکانی تر شکستیان هێنا. دوای ئەوەی بەرنامەکانی مەشقپێکردن و پڕچەککردنی گرووپە یاخیبووەکانی تری سووریا بە شێوەیەکی خراپ شکستیان هێنا، بە جۆرێک کە ئەمریکا هیچ هاوبەشێکی تری ناوخۆییی جگە لە کورد لە سووریا دەست نەکەوت، بۆیە بەناچاری ئەمریکا بڕیاری دا پشتگیری لە SDF بکات. وەک دەزانین هێزەکانی سووریای دیموکراتیش تەنیا کورد نین، بەڵکوو عەرەب و کریستیانیشی تێدایه؛ ئەمە جگە لەوەی هەرچەندە سوپای ئەمریکا پشتگیریی لەو هێزانە کرد کە بە سەرکردایەتیی کوردن، بەڵام ئەم پشتگیرییە هەرگیز نەگواسترایەوە بۆ پشتگیریی سیاسی و ئیداری لە کوردانی سووریا. ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (AANES) هەرگیز بانگهێشت نەکرابوو بۆ هیچ پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی کە باس لە داهاتووی سیاسیی سووریا بکات. بۆیە کاتێک ئەمریکا هاوبەشیی لەگەڵ کوردانی سووریادا کرد، پرسەکە بەتەواوی سەربازی بوو و لەسەر یەک ئامانج بنیات نرابوو، کە بریتی بوو لە شکستپێهێنانی داعش.
هەرچی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان (کوردانی باشوور)، ئەوە دیسان هەڵبەز و دابەزی زۆری تێ کەوتووە و بەردەوام لێكدژیی هەبووە. لە ساڵی 1972 واشنتۆن تەنیا کاتێک پشتیوانیی سەربازیی بۆ كورد لە عێراق درێژ كردەوە، دوای ئەوەی سەرۆك ڕیچارد نیكسۆن و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، هێنری كیسنجەر، لەلایەن محەمەد ڕەزا شای ئێرانەوە داوای چەكداركردن و پاڵپشتیی داراییی یاخیبووانی كوردی عێراقیان كرد وەك خزمەتێک بە ڕژێمی شای ئێران لە دژی عێراق.
مەلا مستەفا بارزانی، لەو كاتەدا دەڵێت كە ئەگەر پرسی کورد سەر بگرێت، ئامادەیە كوردستان "ببێت بە ویلایەتی (٥١)ی ئەمریكا". بەڵام ئەمریکا وەڵامی ئەو هەڵوێستەی بارزانیی نەدایەوە. دواتر، له ڕاپۆرتێکی ساڵی ١٩٧٦ی لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چالاکییە هەواڵگرییهكان (House Select Committee on Intelligence Activities)، کە ئەندامی کۆنگرێس، ئۆتیس پایک سەرۆکایەتیی دەکرد، دەرکەوت کە بهپێی بەڵگەنامەکانی بەردەستی لیژنەکە، کیسنجەر و شای ئێران هیوایان خواستووە کە دۆستەکانیان- کە مەبەستی کوردی باشوورن- سەر نەکەون." دواتریش ئەو پشتگیرییە ئەمریکا بۆ کورد لە عێراق لەناکاو کۆتایی هات، کاتێک شای ئێران لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سنوورییەکانیان گەیشتە ڕێککەوتن. دواتر هێنری کیسینجهر ئهو ئۆپهراسیۆنهی بە پشتیوانی له کورد وهسف کردووه و دەڵێت: "نابێت کردەوەی شاراوە لەگەڵ بانگەوازی دینی تێکەڵ بکرێت. هەرچەندە كورد یەكێكە لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەڵام ئومێدەكانیان بۆ سەربەخۆیی و پشتیوانیی سیاسییان لە واشنتۆن زۆر کەمە." ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ کرا لە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، لە ڕاستیدا لە چوارچێوەی دەرکردنی عێراق بوو لە کوێت؛ ئەوەی ٢٠٠٣یش بە هەمان فۆڕم، بەشێک بوو لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق لە فۆڕمێکی تردا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە پرسەکە پاڵپشتیکردن نەبووە لە کورد، بەڵکوو پرسە سەرەکییەکە پرسێکی تر بووە. پرسی کورد تەنیا ئامرازێک بووە لە چوارچێوەی پرسێکی تری سەرەکیدا کە لاوازکردنی بەعس و ڕووخانی ڕژێمی سەددام بووە. بەڵام ئەم قۆناغەی ئێستا، بەتایبەت دوای جهنگی داعش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە ئاستێکی ترن. بەرژەوەندیی زیاتر لە نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، لە شێوەی: دروستکردنی هاوسەنگی لە عێراقدا، پرسی وزە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەوەها چاودێریکردنی نەیارانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە هەموو ئەو پرسانەدا ئەمریکا دۆستێكی نییە، لە هەرێمی کوردستان باشتر بێت. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە ئێستا پرسی کورد و هەرێمی کوردستان، بووەتە واقعێکی سیاسی و بە گران لەسەر ئەمریکا ناکەوێت.
سەبارەت کوردانی باکوور (کوردی تورکیا)، هەڵوێستی ئەمریکا ڕوونترە؛ چونکە تورکیا هەمیشە لە بەرەی دۆستەکانی ئەمریکا بووە. هەر بۆیە لە 8ی ئەیلوولی 1997 كاتێك ئەمریكا لیستی تیرۆری خۆی لە سەردەمی وەزیری دەرەوەی ئەوكات، مادلین ئۆلبرایت خستە ڕوو، "پەکەکە"ی وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی ناساند. زۆر جار سەرچاوە تورکییەکان کاریگەرییەکانی دەستنیشانکردنی پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەکەم دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هۆکارە کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر پەکەکە کە نەتوانێت کۆمەک بکرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار بکات، چەکی ئاڵۆز و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. کاتێک سەرکردەکانی پەکەکە خرانە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە زۆر سنوردار بوون. ئەو دروشمە سەرەکییەی ئێستای ناڕەزایەتییەکانی ئێران "ژن، ژیان، ئازادی"، لە بنەڕەتدا لهلایەن باڵی ژنانی پەکەکەوە داڕێژراوە. ئەمەیش لەسەر بنەمای ئەو ئایدیۆلۆژیایە دامەزراوە کە عەبدوڵڵا ئۆجهلان دای ڕشتووە. بۆیە ڕژێمی ئێران باش دەزانێت کە زۆر ئەستەمە ڕۆژاوا لە دژی ئێران پشتیوانی لە کورد بکات.
سەرنجی کۆتایی
کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ و گەڕاندنەوەی سزا ئابوورییەکان و "ستراتیژیی زۆرترین گوشار"ی ترامپ، تا ڕاددەیەک توانای ئەوەیان هەبوو کە جۆرێک لە ناسەقامگیری بۆ ڕژێم دروست بکەن. ئەمەیش دەتوانێ دەرفەتی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بڕەخسێنێت تا چالاکیی بەهێزتر ڕێک بخەن. بەپێچەوانەوەیش، ئەمە ڕەنگە هاندەری ئێران بێت بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توندوتیژتر بەرامبەر بە چالاکییە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات. لە ڕاستیدا هێرشی چەکداری لە ئەهواز لە ٢٢ی سێپتەمبەری ٢٠١٨، جارێکی دیکە نیشانی دا، کە ئێران ڕووبەڕووی کێشەی ئەمنی بووەتەوە؛ نەک لەلایەن کورد بەڵکوو لەلایەن زۆربەی کەمینە نەتەوەیییەکانی ئێرانهوه. کورد مەگەر سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت، ئەگینا پاڵپشتیی ئەمریکا لە ئێستادا ئەگەرێک نییە کورد بتوانێ پشتی پێ ببەستێ.
سەرچاوەکان: