د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر (٣ی ئەیلوول) بەرپرسی دەزگهی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، هاکان فیدان، سەردانی بەغدای کرد، بەبێ ئەوەی فۆکەسی میدیاییی زۆر لەسەر سەردانەکەی هەبێت. هەڵبەتە هاکان فیدان کەسێکی نزیک و متمانەپێکراوی ئەردۆغانە؛ هەر کاتێک سەردانی شوێنێک دەکات مانای وایە پرسێکی گرنگ و خێرا لە ئارادایە. تێگەیشتن لە جووڵەکانی تورکیا و ئێران، بۆ وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێمی کوردستان زێدە گرنگن، بەتایبەتیش کە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی و ناکۆکییان هەرچۆنێک بێت، پرسی کورد هەمیشە کۆکیان دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی ئەم دوو وڵاتە هەرچەندە لەسەر بەشێکی زۆری پرسەکانی ناوچەکە ناکۆکن، بەڵام بەردەوام توانای هەماهەنگی و گفتوگۆیان هەیە و هەر کات پێویست بوو، هاوکاریی یەکتریش دەکەن.
لە ئێستادا کۆمەڵێک پرس هەن کە جێگهی نیگەرانی و گرنگیی تورکیان لە عێراقدا، کە دەکرێت بەشێک بن لە ئەجێندای سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق. هەڵبەتە گرنگە لەوە تێ بگەین کە تورکیا تا ئێستایش باجی ئەو ڕێگرییە دەدات کە نەیهێشت سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانان خاکی تورکیا بەکار بهێنن بۆ لێدان و ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام لە ٢٠٠٣. واتا لە دوای ڕووخانی بەعس، تورکیا دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا کە وەک ئەکتەرەکانی تر، بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بوارێک بۆ کاریگەری و دەستوەردان (sphere of influence) لە عێراقدا دروست بکات. بەتایبەت دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ٢٠٠٥، تورکیا تاکە دراوسێی عێراق بوو کە ڕەخنەی لە دەستوور گرت و گوتی تورکیا دژی ئەو دەستوورەیە چونکە گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق ناکات. لە ڕاستیدا تورکیا لەو کاتەدا-ئێستایش بە هەندێک جیاوازییەوە- هەموو عێراقی دوای ٢٠٠٣ی لە چاوی پرسی کوردهوه دەدیت! بەڵام لە دوای ٢٠٠٨، بەتایبەت بە هۆکاری کاریگەریی فرۆشتنی وزە لە هەرێمی کوردستان، تورکیا بە چاوێکی پراگماتییانەتر سەیری هەرێمی کوردستانی کرد؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو لە ٢٠٠٩ تورکیا داوای لە تورکمانەکانیش دەکرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان هەماهەنگی بکەن.
بەڵام دوای هاتنی داعش و دواتریش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ئەیلوولی ٢٠١٧ لهلایەن هەرێمـی کوردستانەوە، تا ئێستایش تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات کە دۆستەکانی لە عێراقدا زیاتر بکات؛ بەتایبەت دەیەوێت لە پشتبەستن بە تەنیا بە هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان ڕزگاری بێت. دیارە حزبە کوردییەکانی تری وەک یەکێتی و پارتە ئۆپۆزیسیۆن و ئیسلامییەکان، تا ئێستا نەبوونەتە بەدیلی پارتی بۆ تورکیا، ئەگینا تورکیا دەمێک بوو بەدیلی پارتیی پەیدا کردبوو. بەتایبەت دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان "بەڕێز مەسعوود بارزانی" لە پرسی ڕیفراندۆم هەرگیز تەسلیمی ئیرادەی تورکیا نەبوو. لەو ساتەوە تا ئێستا، تورکیا چاوی لەسەر سوننەکانی عێراقە کە بتوانێت وەک فاکتەرێک بۆ هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق بەکاریان بهێنێت؛ واتە لە هەژموونی فراوانی شیعەکان و نادڵنیایی لە کورد و هەرێمی کوردستان ڕزگاری بێت و بژاردەی تری سیاسیی لەبەردەست بێت. هەرچەندە تورکیا دەمێکە هەوڵ دەدات لە شیعەکانی عێراق نزیک بێتەوە، بەڵام جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و هەژموونی ئێران و کاراکتەری نیمچەمەزهەبیی سوننیی ئەردۆغان، تا ئێستا ڕێگر بووە لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییە.
تورکیا دەمێکە هەست دەکات لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵێکی کاریگەری نییە؛ هەڵبەتە لە ڕێگهی سوننەکان، بەتایبەتیش هاوپەیمانیی سیادە بە سەرکردایەتیی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبووسی، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە بگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵگێران لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. هاتنی هاکان فیدان لە ئێستادا بەر لە هەر شتێک پەیوەندیی بەو ڕۆڵەوە هەیە کە تورکیا دەیەوێت لە ڕێگهی سوننەکانەوە بیگێڕێت، بەتایبەتیش ڕۆڵی لە پێکهێنانی حکوومەتی ئاییندەی عێراقدا؛ چونکە گرووپەکانی چاورچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا دژی بەرژەوەندیی تورکیا ڕەفتاریان کردووە.
هەرچەندە هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە تورکیا دەیەوێت هەرێمێکی سەربەخۆی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بۆ سوننەکان دروست بکات، بەڵام باوەڕ ناکەم لە ئێستادا تورکیای ئەردۆغان پاڵپشتی لە دروستکردنی ئەو هەرێمەی سوننەکان بکات. تورکیا لەگەڵ بوونی سنووری چوارچێوەی دەوڵەت و سەروەریی مەرکەزیی عێراقە نەک لاوازکردنی؛ دواتر بوونی هەرێمیکی تر بۆ سوننەکان، واتا دابەشکردنی عێراق بۆ سێ هەرێم لەسەر بنەمای ئیتنی و تائیفی. ئەمەیش ئەگەری جیابوونەوەی ئەو سێ هەرێمە زیاتر دەکات و دەرفەتی باشتر بۆ هەنگاوەکانی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت. بۆ تورکیا هەرێمی کوردستان چەندە دۆست و دڵسۆزی بێت، ئەمە ناگاتە سنووری ڕێگەدان بە دروستبوونی دەوڵەتێک لە باشووری کوردستان؛ ئەمە تا ئێستا هێڵی سوورە لە ستراتیژیی تورکیا هەمبەر هەرێمی کوردستان!
تورکیا باش دەزانێت کە بوونی حکوومەتێک لە بەغدا، چەندە سەختە ئەگەر دۆستی تورکیا نەبێت. هەڕەشەی میلیشیا شیعەکان لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لە کەرکووک و شنگال و مووسڵ و یارمەتیدانی پەکەکە، گەورەترین مەترسییە بۆ تورکیا لە عێراقدا. تورکیا هەستی بەو مەترسییە کردووە و دەیەوێت ئەم جارە کارتێکی لەدەست بێت کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا دژی میلیشیا شیعەکان و ئێران بەکاری بهێننی. ئێستا ئەم دەرفەتە بۆ تورکیا ڕەخساوە چونکە موقتەدا سەدر تا ئەوپەڕی لە ئێران تۆراوە و، ناوماڵی شیعەکانیش تا بڵێی لێک ترازاوە؛ هەر یەکە لە سوننەوە و کوردیش (لێرەدا زیاتر مەبەستم پارتی دیموکراتی کوردستانه)، لە تورکیا نزیکترن تاوەکوو لە ئێران. ئیتر ئەمە دەرفەتێکە بۆ تورکیا کە بتوانێت وەبەرهێنانی سیاسیی باش لەم هاوکێشە تازەیە بکات؛ بەتایبەت ئەگەر تورکیا بتوانێت تورکمانەکانیش بخاتە سەر ئەم هاوپەیمانێتییە، ئەوا دەتوانێت کورسییهکی بەهێزی لە دانوستاندنە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی عێراقدا هەبێت.
لە ئێستادا پێ دەچێت موقتەدا سەدر و سوننەکان و کوردیش پێویستییان بەو هاوکاری و پاڵپشتییە سیاسییەی تورکیا ههبێت، بەتایبەت کە ڕۆڵی ئەمریکا لاوازە و نایەوێت ڕاستەوخۆ دهستوهردان بکات؛ ئەمە جگە لەوەی کە موقتەدا سەدر ئێستا ئەو ئومێدەی به ئەمریکییەکان نییە تا پاڵپشتیی بکەن و، لەلایەن ئێرانیشەوە دەورە دراوە و پێویستییهكی زۆری بە پاڵپشتیی هێزێکی هەرێمیی وەک تورکیا هەیە. لەم سۆنگەیەوە دوور نییە هاتنی فیدان بۆ بەغدا پەیوەندیی بە دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێوه هەبێت لەلایەن موقتەدا و سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان؛ بەتایبەت کە لەم سەردانەدا هاکان چاوی بە هەر یەکە لە خەمیس خەنجەر و حەلبووسی و مستەفا کازمیی کەوتووە.
هەڵبەتە هاتنی خەمیس خەنجەر و حەلبووسی (دوای دوو ڕۆژ لە سەردانەکهی فیدان بۆ بەغدا) بۆ لای بارزانی، ئەم گومانە زیاتریش دەکات. هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە فیدان چاوی بە سەرکردەکانی حەشدی شەعبیش کەوتبێت. ئەم دیدارە ئەگەر ڕوویشی دابێت، پەیوەندیی بە دژایەتیی پەکەکەوە هەیە کە تورکیا هەست دەکات لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەکار دێن، بەتایبەت لە شنگال لە ڕۆژاوای کوردستان؛ ئەگینا مەبەستە سەرەکییەکە گەڕانەوەی تورکیایە بۆ عێراق، دواتریش پرسەکانی تری وەک مەترسیی پەکەکەوە و دۆزینەوەی بەدیلێک بۆ هەرێمی کوردستان.