د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا پەیوەندیی تورکیا و وڵاتانی کەنداو بەرزی و نزمیی زۆری تێ کەوتووە. هەمیشە جۆرێک لە ناکۆکی و ململانێ بەسەر پەیوەندییەکانیاندا زاڵ بووە، بەتایبەت کە ئەردۆغان لە چوارچێوەی ستراتیژیی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی، دەیویست بە میراتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بکات، بەتایبەت لە کاتی "بەهاری عەرەبی"دا. بەڵام ئەم سیاسەتە دواجار شکستی هێنا و، وای کرد کە ئەردۆغان وەک نەیارێکی ناوچەیی، پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەتیش دراوسێكانی تورکیا تێک بچێت. بەڵام دوای بردنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی نیسانی ٢٠٢٣، پێ دەچێت ئەردۆغان پێداچوونەوەیەکی فراوان بە سیاسەتی هەرێمیی دەرەوەی خۆیدا بکات، بەتایبەت لە دوای دەرکەوتنی چەند ئاماژەیەکی وەک: پاشخانی لاوازی دۆخی ئابووریی تورکیا و فراوانبوونی ئامادەییی هەرێمیی ئێران، باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبی و ڕیاز و دیمەشق و قاهیرە. ئەم گۆڕانکارییانە، چ گۆڕانێک لە سیاسەتی تورکیا لە ناوچەکە دەهێننە ئاراوە؟ ئەمە چ کاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە؟ ئەم تەوەرانە ئامانجی سەرەکیی ئەم نووسینە پێک دەهێنێت.
دوا بە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، دیسان کابینەکەی ڕاگەیاند و هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا پێشوازییەکی باشی لێ کراوە. بە سەرنجێک لەسەر کاراکتەرە سەرەکییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا، دەتوانین هەندێک ئاماژە هەست پێ بکەین؛ وەزیری دەرەوەی نوێی تورکیا، هاکان فیدان، کاراکتەرێکی کاریگەری پێشووی بەهێزە و ڕوانگە هەواڵگری و ئاسایشییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیای گۆڕیوە. فیدان یەکێکە لە ئەندازیارانی چالاکییە جیۆپۆلیتیکییەکانی تورکیا. هەروەها وەزیری داراییی نوێیش مەهمەت شیمشەک، ئابووریناسێکی پێشووی کۆمپانیای "مێریڵ لینچ"ە، کە دۆستی ئابووریی کراوە و بازاڕی ئازادە. هەردووکیان ناوی بەئەزموون و دیارن و پەیوەندییەکی نزیکی کارکردنیان لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکانیاندا هەیە. ناوێکی دیکەی بەئەزموون و خاوەن پێشینەی ئابووری، "جەودەت یەلماز"ە، کە وەک جێگری سەرۆککۆمار دیاری کراوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە هەر یەکە لە ڕوانگەی ئابووری و ڕوانگەی ئاسایش و جیۆپۆلیتیکی، دوو تەوەری سەرەکی دەبن لە کێشانی وێنەی نوێێ دەسەڵاتی ئەردۆغان لەم پێنج ساڵەی دواییدا. وڵاتانی کەنداو بە حوکمی پێگەی ئابوورییان لە ناوچەکەدا، دەکرێ هاوکاری باش بن بۆ سەرکەوتنی ئەجێندا زەبەلاحەکانی ئەردۆغان لە ناوەوە و دەرەوەدا.
لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ئەنقەرە میوانداریی محەمەد بن زاید، حاکمی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی کرد و لە شوباتی ٢٠٢٢ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە بەرامبەردا سەردانی ئیماراتی کرد. نزیکبوونەوەی ئەبوزەبی و ئەنقەرە گوزارشت لە وەرچەرخانێکی تایبەتی دەکات، چونکە پێشتر ئەردۆغان ئیماراتی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە پشت هەوڵی کودەتای ساڵی ٢٠١٦ی تورکیا وە بووە؛ بەڵام لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ هەردوو لا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە بڕی ٥ ملیار دۆلار ڕێک کەوتن. لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەبوزەبی، زنجیرەیەک ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، لەوانەیش: ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە بەکۆمەڵەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگری.
ئامانجی تورکیا لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات، وەک هەوڵێکیشە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و میسریشدا. لە ڕاستیدا پاڵنەری سەرەکیی هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ لێکنزیکبوونەوە لە وڵاتانی کەنداو، پەیوەندیی بەر لە هەر شتێک بە باشترکردنی دۆخی ئابووریی تورکیا وە هەیە؛ ئەم هەوڵانەیش لە پاشخانی گۆڕانی ئیدارەی ئەمریکا و ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەرەی سەندووە، بەتایبەت لە ئاساییبوونەوەی گرژییەکانی قەتەر لەگەڵ سعوودیا و ئیمارات. بەڵگەی دیکەی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو، هەڵوێستی تورکیا بوو سەبارەت بە ڕووداوەکانی یەمەن: کاتێک تورکیا لە مانگی یەکی ٢٠٢٢ ئیدانەی هێرشی حووسییەکان دژی ئیمارات و سعوودیای کرد و وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوزەدی کرد.
بێجگە لەوە، سعوودیا و ئیمارات گریمانەی ئەوەیش دەکەن کە ئەنقەرەی سوننە، بەتایبەت لە سەردەمی ئەردۆغاندا دەتوانێت لانی کەم ببێتە بەشێک لە هاوسەنگیی هێز لە بەرامبەر باڵابوونی هەژموونی ئێراندا. نیگەرانی لە کەنداودا ئەوەیە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمییش لەگەڵ ئێران ببێت، ئەگەر تارانیش دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات، بەڵام لە بەرامبەردا ڕەنگە تاران چالاکییە شەڕانگێزەکانی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات. ئەمە وا دەکات ئەنقەرەش نیگەران بێت؛ کە هەرگیز خۆی لە تاران بەزیاتر نەبێت، کەمتر نازانێت. هەرچەندە ئەم سیاسەتە پاسیڤەی تورکیا لە دە ساڵی ڕابردوودا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دوژمنایەتیی تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو، بەوەی کە ئەنقەرە بێدەنگە لە دژایەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، گۆڕانی ڕوانگە لە کەنداو لەم چوارچێوەیەدا ڕەنگدانەوەی هەیە لە هەوڵی نزیکبوونەوە لەگەڵ تورکیادا – بەڵام ئەم جارەیان وەک دژبەرێک بۆ ئێران.
لە ڕاستیدا بەشێكی ئەو بەریەککەوتنەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، دەگەڕێتەوە بۆ دوای ناڕەزایەتییەکانی بەهاری عەرەبی کە تورکیا دەیویست ببێتە مۆدێلێک بۆ وڵاتانی ناوچەکە؛ هەر لەم سۆنگەیشەوە دژی بەشێک لە سیستەمە سیاسییەکانی ناوچەکە، پشتگیریی ناڕەزایەتییەکانی دەکرد. بوونی سەربازیی تورکیا لە کەنداو و تێوەگلانی تورکیا لە لیبیا و دەریای سووردا تا ئێستایش بەردەوامە و هەڕەشەیەکە لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو. ئەوەی ڕاستی بێ، گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبی بەشێکی بەهۆی ئەو هاوسەنگییە لاوازە بوو کە دوای گفتوگۆکانی نێوان هێزە ڕکابەرەکان لە لیبیا دروست بوو. بۆ سعوودیاش بە هەمان شێوە؛ ئەو دەستوەردانەی تورکیا لە وڵاتانی عەرەبیدا جێگەی مەترسی بوو.
لە ڕاستیدا هێشتا متمانە لە نێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیا بەتەواوی دروست نەبۆتەوە؛ لای خۆیەوە ڕیاز بەوریایی و وردتر لە ئەبوزەبی لەگەڵ تورکیا مامەڵە دەکات، لە هەمان کاتدا درێژە بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنقەرە دەدات. لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان شا سەلمان و ئەردۆغان، سەردانی سعوودیای کرد و لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە کۆ بوونەوە و لەسەر "باشترکردنی پەیوەندییەکان" ڕێک کەوتن. پێ دەچێت گفتوگۆکە لە دابەزاندنی ئاستی گرژییەکاندا سەرکەوتوو بووبێت، بەڵام ڕکابەرییە کەسییەکانی نێوان ئەردۆغان و شازادە محەمەد بن سەلمان لە دوودڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەردەوام دەبێت؛ تەنانەت دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ سعوودیا. ئەمەیش ڕوون نییە کە ئایا ئەنقەرە- وەک ئەوەی ئەبوزەبی و ڕیاز پێشبینی دەکەن- سەرکەوتوو دەبێت لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر لەژێر ڕۆشناییی سەختی داننان بە ڕەوایەتیی ڕژێمی سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی. دوای نۆ ساڵ لە دەرکردنی باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە قاهیرە، تورکیا خەریکە باڵیۆزخانەی لە میسر دەکاتەوە؛ هەروەها پلانی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ تورکیا لە ئارادایە. ئەمانە گشتی پێشکەوتنی باشن لە پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو و، ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر ٥ ساڵی تری حوکمی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا.
هەرچی قەتەرە، بەنیگەرانییەوە سەیری نزیکبوونەوەی نێوان تورکیا و ئەبوزەبی و ڕیاز و قاهیرە ناکات و باشی نابینێت، چونکە هێشتا ناکۆکی لە نێوان قەتەر و دراوسێ کەنداوییەکاندا ماوەتەوە و کێبڕکێی ناوچەیی هێشتا کاریگەریی هەر ماوە. پێ دەچێت قەتەر نیگەران بێت لە لەدەستدانی ڕۆڵی ناوازەی خۆی بۆ تورکیا لە کەنداودا – چونکە هێشتا قەتەر میوانداریی بنکەیەکی سەربازیی تورکیا دەکات لە وڵاتەکەیدا.
لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا سێ بوارى سەرەکی هەن، کە ڕۆڵی کاریگەر لە پێوەندیى تورکیا و سعوودیا دەگێڕن: بوارى یەکەم لە کایەى ئابووریدایە. دۆخی ئابووریی تورکیا لە ئێستادا لە ساتێکی ناسکدایە. هەڵاوسان بەرز بووەتەوە بۆ 44%، لیرەی تورکییش لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا 90%ی بەهای خۆی لەدەست داوە و، دوای سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا گەیشتە نزمترین ئاست. لەم سۆنگەیەوە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ سعوودیا هاوکاریی ئەردۆغان دەکات لە بووژاندنەوەی ئابووریی تورکیا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسانی بەردەوام. هەردوو وڵات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامانجە لە مانگی ئازاردا چەندان گرێبەستیان واژۆ کردووە. دووەم، بواری هاوکارییە لە کەرتی بەرگریدا. ڕیاز ئارەزووی خۆی بۆ بەشداریکردنی زیاتر لە پیشەسازیی بەرگریی تورکیا دەربڕیووە. لە مانگی یەکدا بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی سعوودیا و بەڵێندەرانی بەرگریی ناوخۆ سەردانی تورکیایان کرد. پێ دەچێت قووڵبوونەوەی پەیوەندیی بەرگری و بازرگانیی نێوان تورکیا و سعوودیا لە پێنج ساڵی داهاتوودا بەردەوام بێت. بواری سێیەم بۆ هاوکاریی هەردوو لا لە گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە. ئەنقەرە و ڕیاز پشکیان هەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانی بەردەوامی سوودان و، دەتوانن هاوکاری بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا. سەرەڕای ئەوەیش، ڕەنگە هاوکارییەکی نزیکتر لە پرسە ناوچەیییەکانی دیکەدا هەبێت کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت لەسەر پرسی سووریا. هەروەها زۆر گرنگە ڕەهەندی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات، بە ئەمریکاوە. دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییەکانی سعوودیا و تورکیا دەبێت. هەڵبەتە پرسی هەژموونی ئێرانیش لە ناوچەکەدا بەشێکە لەو بابەتە، بەتایبەت کە ڕیازیش هاوڕای ئەنقەرەیە کە پەرەسەندنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا مەترسیدارە؛ بەڵام ئەوەی ئەردۆغانە، هەوڵی داوە سوود لە مەلەفی ئێرانیش ببینێت بۆ ترساندنی نەیارەکانی، ئینجا چ وڵاتانی ڕۆژاوا بن یان وڵاتانی کەنداو.
سەرکردایەتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات)، پابەندبوونی بەهێزی دەربڕی بۆ پاراستن و باشترکردنی زیاتری پرۆسەی بەردەوامی بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات لە ماوەی پێنج ساڵەی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەردۆغاندا. محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لە یەکەم سەرکردە عەرەبییەکان بوو کە پیرۆزباییی دووبارەهەڵبژاردنەوەی سەرۆک ئەردۆغانی کرد. بە لەبەرچاوگرتنی کەشوهەوای ئێستای ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا، پێ ناچێت گوشارێکی بەرچاو لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیمارات هەبێت. بەپێچەوانەوە، دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار، ئەگەری بەرزبوونەوەی هاوکاریی ئابووری زیاد دەکات، بەتایبەتی لە کەرتی بەرگریدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا تورکیا ڕووبەڕووی ببێتەوە.
بەڵام زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیمارات هەمیشە تێکەڵەیەک بووە لە هاوکاری و کێبڕکێ، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دوایییەی ئاشتەوایی؛ بەڵام تا ئێستایش ناکۆکیی سیاسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیماراتیدا بەردەوامە. ئەمەیش بەتایبەتی لە بابەتەکانی پەیوەست بە وڵاتانی عەرەبی و زیادبوونی دەستوەردانی تورکیا لە دۆخی ناوچەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا، هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر بە یەکلاییکردنەوەی سیاسی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و پێگەی لە ململانێی بەردەوام لە سوودان، دەتوانێت لە هەر کاتێکدا لە نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبیدا گرژیی سیاسی دروست بکات. لە کاتێکدا ڕەنگە ڕکابەرییەکی تەواو و ئاشکرای نێوان هەردوو وڵات لەژێر ڕۆشناییی نزیکبوونەوەی ئەم دوایییەدا داپۆشرابێت، بەڵام ئەم بوارانەی ناکۆکی، ئاماژەن کە بۆشایییەکی زۆر ماوە بۆ متمانەدروستبوون و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات.
لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، پەیوەندیی نێوان تورکیا و قەتەر بەخێرایی گەشەی کردووە. بەرزبوونەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان دەوحە و ئەنقەرە بەگشتی بۆ هۆکاری بۆ هۆکاری ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی دەگەڕێتەوە. بەڵام لە دەرەوەی ئەم هۆکارانە، ناتوانرێت چاوپۆشی لە پەیوەندیی کەسیی هەر یەکە لە ئەردۆغان و میر تەمیم بکرێت لە چەسپاندنی پەیوەندییەکان، کە وەک زۆرێک لە زانیارییەکان باس دەکەن پەیوەندیی زۆر تایبەت لە نێوانیاندا هەیە. بۆیە پێنج ساڵی داهاتووی ئیدارەی ئەردۆغان وەک درێژەپێدەری هاوکاریی ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە لە پرسە سیاسی، ئابووری، سەربازی و کەلتوورییەکاندا بەردەوام دەبێت. گۆشەیەکی دیکەی گرنگ، پشتگیریی قەتەرە بۆ تورکیا پێش هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییە و لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا بەردەوام بوو. ئەمیر تەمیم یەکەم سەرکردە بوو کە بۆ پیرۆزبایی و سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا پەیوەندیی بە سەرۆک ئەردۆغانەوە کرد. بەپێی دۆخی ئێستای پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پێ دەچێت پێنج ساڵی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان وەبەرهێنانی زیاتری قەتەر لە تورکیا و زیاتر دەستپێشخەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا لە قەتەر و ئەگەری فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی دراوی دوو وڵات بەردەوام بێت. قەتەر یارمەتیی زۆری تورکیای داوە بۆ سەقامگیرکردنی ئابوورییەکەی و پاراستنی یەدەگی دەرەکی. هاوکات لەگەڵ گەشەسەندنی ڕۆڵی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا لە دەوحە، ڕەنگە بنکەی سەربازیی تورکیا لە دەوحە فراوانتر بێت.
هەر یەکە لە تورکیا و قەتەر لە مەلەفی سووریا و لیبیادا بەشدارن. ئەنقەرە و دەوحە ڕۆڵێکی، بە حسابی خۆیان، زیاتر مرۆیی -مەدەنی لە ئۆکراینا و سوودان دەگێڕن، کە ئەمەیش ڕەنگە دەمارێکی دیکەی هاوکارییەکان بێت. دیسان دەوحە و ئەنقەرە ڕەنگە هەماهەنگ بن لە هەر ئاساییکردنەوەیەکی تایبەت بە ڕژێمی سووریا و گەڕاندنەوەی سوورییەکان بۆ زێدی خۆیان؛ هەروەک ئەردۆغان لە وتاری سەرکەوتنیدا ئاماژەی پێ کرد، کە لە وڵاتانی تری هەرێمی و نێودەوڵەتی چاوەڕێ دەکات کە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان هاوکاریی تورکیا بکەن.
هەرچەندە ئێران بەشێک نییە لە وڵاتانی هاریکاریی کەنداو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەکتەرێکی کاریگەرە لەسەر سیاسەتەکانی کەنداو؛ بەشێکی زۆری پرسە سیاسی و ئەمنییەکانی کەنداویش ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکانی ئێرانە لە "کەنداوی عەرەبی/فارسی"دا. بۆیە لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو هەمیشە پرسی ئێران ئامادەییی هەیە، بۆیە بەپێویستم زانی بیخەمە ناو وڵاتانی کەنداوەوە، کە لە ڕاستیدا هەر خۆیشی بەشێکە لە وڵاتانی کەنداو. دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان، بەدڵنیایییەوە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران دەبێت. ئەو دوو دراوسێیە، مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە ڕووبەڕوونەبوونەوەی فیزیکی و زارەکی. لەم دوایییانەدا بەهۆی کێشەی پەیوەندیدار بە سووریا و ئازەربایجانەوە، ئەو دووانە دیسان گرژیی نهێنییان هەبوو. تاران لە دژی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، بەتوندی پاڵپشتیی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکات. لە لایەکی دیکەوە ئێران بەتوندی دژایەتیی ئازەربایجان دەکات کە لە ڕووی نەتەوەیی و کەلتوورییەوە هاوپەیمانێکی نزیکی تورکیایە؛ بە جۆرێک، حکوومەتی ئێران زۆر نیگەران بوو لە سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیا لە شەڕی قەرەباغ لە ساڵی ٢٠٢٠، تا دواجار ناڕەزاییی خۆی بە هەڕەشەکردن لە باکۆ دەربڕی. ئەمەیش وای کرد ئەنقەرە پشتیوانیی خۆی بۆ باکۆ دووپات بکاتەوە.
سەرکردەکانی ئێران لەمێژە نیگەرانن لەوەی کە دوو دەوڵەتی تورک لە قەوقازەوە وڵاتەکەیان گەمارۆ بدەن و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان لە سووریا دروست بکەن. لە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، چاوەڕوانییەکی بێدەنگ لە ئێراندا هەبوو؛ زۆرێک لە چاودێران هیوایان دەخواست ئەردۆغان بدۆڕێت. لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەم هیوایە، ڕەنگە چاوەڕوان بکرێت ئێران زیاتر تامەزرۆی بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان بێت. ئاساییکردنەوەیەکی بەڕواڵەت لە نێوان ئەنقەرە و ڕژێمی سووریادا ڕەنگە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران باشتر بکات و ئێرانیش گرژییەکانی لەگەڵ ئازەربایجان کەم بکاتەوە. بەڵام بەو پێیەی هەردوو وڵات دوو هێزی هەرێمیی دیارن و ناوچەی نفووزیشیان (sphere of influence) هاوبەشە و، لە بنەڕەتیشدا ئامانجی ناوچەییی جیاوازیان هەیە، بەدڵنیاییەوە ڕکابەرییەکانیان بەردەوام دەبێت.
پەیوەندیی ئەنقەرە و وڵاتانی کەنداو لە پێنج ساڵی داهاتوودا بە چەند فاکتەرێک کاریگەر دەبێت:
ئەگەری گۆڕان لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا
پێ دەچێت ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتی ئەردۆغان، وابەستەی پەیوەندییەکی نزیک بێت لە نێوان سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی تورکیادا. لە کاتێکدا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕەچاوکردنی پرسە جیۆپۆلیتیکی و ئەمنی و سیاسییەکان، سیاسەتی دەرەوەی تورکیایان پێناسە کردووە، بەڵام پێ دەچێت لەمەودوا چوارچێوەی ئابووریی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا زیاتر ئاراستە بکات. زۆرێک لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ دەدەن کەلێنی نێوان خواستە جیۆپۆلیتیکییەکانیان و پێداویستییە ئابوورییەکان پڕ بکەنەوە. ئەمەیش بەتایبەتی بۆ تورکیا گوشارێکی زۆری لەسەرە، چونکە تووشی دۆخێکی سەختی ئابووری بووە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارە ئابوورییەکانی، پێ دەچێت ئەنقەرە زیاتر وێلی بەدەستهێنانی سوودی ئابووریی خێرا و وەبەرهێنان بێت، بەتایبەت لە وڵاتانی کەنداو، ڕووسیا و چین، کە دەتوانن پارە پێشکەش بە تورکیا بکەن بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێکیان هەبێت یان گوشار بخەنە سەر تورکیا؛ بەڵام دۆخەکە لە ئەوروپا و ڕۆژاوا جیاوازە؛ ئەوان هەمیشە بۆ کارکردن لەگەڵ ئەردۆغان مەرجیان هەیە، ئەو مەرجانەیش هەرگیز جێگەی ڕەزامەندیی ئەردۆغان نەبوونە. ئەم ئاماژانەیش ئەوە دەردەخەن کە تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەدا زیاتر مەرکەزییانە دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی ئۆتۆنۆمی لە سیاسەتی دەرەوە و پرسە ئەمنییەکاندا، هەروەها پێگەی زیاتر لە کاروباری نێودەوڵەتیدا؛ بەڵام مەرج نییە ئەمە بە مانای دژەڕۆژاوابوون بێت. بەپێچەوانەوە، کابینەی نوێی ئەردۆغان ئاماژەیەکە بۆ هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازی و ناکۆکییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا، بەڵام بە شێوەیەکی لێهاتووتر لە پێشوو.
تورکیا وەک هاوسەنگیسازێكی جیۆپۆلیتیکی
نابێت ئەوە نادیدە بگرین کە تورکیا نوێنەرایەتیی ڕەوتێکی سەرەکی لە سیاسەتی جیهانیدا دەکات، کە تێیدا هاوشیوەی هێزە گەورەکان (great powers)ی تری ناوچەکە داوای بەدەستهێنانی ڕۆڵی زیاتر لە کاروباری ناوچەکە، ئۆتۆنۆمیی زیاتر لە سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی ئاسایش و پێگەی زیاتر لە کاروباری نێودەوڵەتیدا دەکات (سەیری نەخشەی ژمارە ١ بکە). بە بەراورد بە هێزە هەرێمییەکانی دیکەی وەک بەڕازیل و باشووری ئەفریقا و سعوودیا، تورکیا دوو تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی هەیە کە وای لێ دەکەت هەمیشە خۆی پێ کەمتر نەبێت لە هێزە گەورەکانی تری جیهان. یەکەم: تورکیا ئەندامی ناتۆیە، ئەمەیش وای کردووە کە بۆ بەرقەراکردنی هاوسەنگیی جیۆپۆلیتیکی و هەوڵەکانی بۆ ئۆتۆنۆمیی زیاتر، هەمیشە لە کێبڕکێدا بێت، لە هەمان کاتیشدا جێگەی گرنگیپێدانی ڕۆژاوا بێت. دووەم: تورکیا میراتگری ئیمپراتۆرییەتێکە، کە پێگە و گەورەیییەكەی لە کاروباری نێودەوڵەتیدا زۆر دیار بووە. ئەم دوو تایبەتمەندییە لە ڕاستیدا ڕۆڵێکی سەرەکییشی بینی لە سەرخستنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا.
نوخبە سیاسییەکانی ئەنقەرە پێیان وایە کە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا – بەتایبەت دوای داگیرکاریی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا – ئەو گریمانە و پێشمەرجەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەسەلمێنن کە سیاسەتی جیهانیی ئەمڕۆ، وەک جاران، ڕۆژاوا تێیدا سەنتەر نییە. ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی تەواو لەلایەن پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕەنگدانەوەی هەبووە، کە بۆ ئەنقەرە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەشداربوون لەو نەزمی جیهانییە نوێیەدا، بەتایبەت کە بەشێکی پەیوەستە بە لاوازبوونی پێگەی ناوچەیی و بوونی ئەمریکا و پەرەسەندنی گرنگیی ئەکتەرە ناوچەیییەکانی تر. ئەمە سەرەڕای زیادبوونی ڕۆڵی ڕووسیا لە ئاسایشی ناوچەکە و هەڵکشانی گرنگیی ئابووری و سیاسیی چین. تورکیای ئەردۆغان نایەوێت خۆی لە باوەشی ئەمریکادا حەشار بدات، بەڵکوو دەیەوێت لەگەڵ ئەوانی تریش لە یارییەکەدا بەشدار بێت. تورکیا و ڕووسیا پێکەوە کاریان کردووە لەسەر بەڕێوەبردنی ململانێی ناوچەیی لە سووریا، لیبیا و ناگۆرنۆ قەرەباغ و تەنانەت لە دەریای ڕەشیشدا؛ ئەمە وەک پڕۆسەیەکی ئامادەکاری وایە بۆ ئەنقەرە و هەنگاوێکە بەو ئاراستەیەوە، بەڵام هێشتا زووە دیمەنەکانی بنەخشێنین.
بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە دەرەوەدا
لێکەوتەکانی پەیوەندیی تورکیا و وڵاتانی کەنداو لەسەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا
تا ئەم دوایییانەیش هەر یەکە لە ڕیاز و ئەبوزەبی هانی حکوومەتی ئەسەدیان دەدا کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکگرتنی ئەو هێزە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا وەک بەشێک لە دەسەڵاتی دیمەشق قبووڵ بکات. ڕووسیاش دژی ئەم بیرۆکەیە نەبوو، بەڵام لە ئەگەری نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕیاز و ئەبوزەبی، ئەستەمە ئەم دوو وڵاتە لەسەر ئەم ڕایە بمێننەوە. هەر جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە داهاتوودا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانێتیی تورکیا و ئەمریکا هەبێت. بە سەرنجدان بەوەی کە واشنتۆن نایەوێت هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ڕژێمی ئەسەد وەک سەرۆکێکی شەرعیی عەرەبی بناسن، پێ ناچێت واشنتۆن پێشوازی لە ئەنقەرە بکات کە پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا ئاسایی بکاتەوە. بەڵام ئەمریکا بەربەستیشی بۆ ئەم نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداو و تورکیا لە ڕژێمی ئەسەد دروست نەکردووە.
سیاسەتی لەمەودوای ئەردۆغان ئەوەیە کە، هەوڵ دەدات بە ڕەخساندنی کۆدەنگییەکی هەرێمی و جیهانی لەو بارەوە، گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئەسەد لا بدات. پێ ناچێت ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبییش دژایەتیی ئەم بیرۆکەیە بکەن، بەتایبەت لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە سوورییەکان کە بوونەتە بار بەسەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. هەرچۆنێک بێت ئەم کرانەوەی تورکیا بەسەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، لە بەرژەوەندیی پرسی کورد نابێت؛ نەک تەنیا لە بەشە ئازادنەکراوەکانی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەرێمی کوردستانیش دەرفەتە سیاسی دیپلۆماسییەکان کەمتر دەبنەوە. چونکە وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپاش لە ترسی تورکیا ناوێرن پاڵپشتی لە پرسی کورد بکەن.
دووبارە دەرچوونەوەی ئەردۆغان کێشەی زۆر بۆ پرسی کورد دروست دەکات، بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان. هیچ کام لە وڵاتانیش دژایەتیی ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان ناکەن، چونکە نایانەوێت بەرژەوەندییە گشتییەکانیان لە پێناو کێشەی کورد بخەنە مەترسییەوە. پرسی کورد لە ڕاستیدا تا ئێستایش زیاتر هەروەک کارتێکی سیاسی بەکار دێت لە کاتی ناکۆکییە هەرێمییەکاندا؛ هەر کاتێک ناکۆکییەکان نەمان، ئەکتەرە دەوڵەتییەکانیش پشت لە پرسی کورد دەکەن.
هەرچی تایبەت بە هەرێمی کوردستانە، پێ ناچێت تورکیا وەک جاران گرنگیی پێ بدات، بەتایبەت لە ئەگەری نەمانی فرۆشتنی نەوت لەدەست هەرێمی کوردستان و یان لە ئەگەری ڕۆیشتنی نەوت بە ڕێرەوێکی تر جگە لە بۆڕیی هەرێمی کوردستان-جەیهان. بۆ هەرێمی کوردستانیش گەر وا بڕوات، لەبەر بوونی دۆسیەی نەوت لەدەست بەغدا، زۆر ئیشی بە تورکیا نابێت؛ مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە لە هەموو هەڵوێستێکدا ڕەچاوی تورکیا بکات. بەڵام بوونی دوو فاکتەر وا دەکات کە تورکیا نەتوانێت پشت لە هەرێمی کوردستان بکات: یەکەمیان، پەیوەندیی باش، بەتایبەت لە نێوان ئەردۆغان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک پارێزەری ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا دەمێنێتەوە. دووەمیان پرسی بوونی پەکەکە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، وا دەکات تورکیا هەمیشە لینکێکی ئەمنی و سەربازیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە لە پرسی پەکەکەدا- چ لە دۆخی ئاشتی یان شەڕ- جگە لە هەرێمی کوردستان (بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان) کەس ناتوانێت یارمەتیی تورکیا بدات؛ عێراق هەرگیز لەم پرسەدا نابێتە جێگرەوەی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکان:
Galip Dalay (5 June 2023). How will geopolitics shape Turkey’s international future? Chatham House. <<https://www.chathamhouse.org/2023/06/how-will-geopolitics-shape-turkeys-international-future?utm_source=twitter.com&utm_medium=organic-social&utm_campaign=turkey&utm_content=election&fbclid=IwAR1pLyyRe3ALF2cBfjEZ4zwyagqRRirIkK5opecUnL5czg5JkrWM6s-XzA4>>.