پڕۆژەی "ڕێگه‌ی گەشەسەندن"؛ دەروازەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە بەرزی و نزمیی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوە؛ هەرگیز جۆرێک لە متمانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست نەبووە. ئەمەیش لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە دوای ٢٠٠٣ ڕژێمی نوێی عێراق و نوخبەی سیاسیی نوێ، بەتایبەت شیعەکان، هیچیان جێی ڕەزامەندیی تورکیا نەبوون. هەر بۆیە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکانی عێراق، تورکیا دانی نەنا بە دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا. هەڵبەتە تا دوای جه‌نگی داعشیش تورکیا بێجگە لە هەرێمی کوردستان (بەتایبەتیش پارتی) هیچ هاوبەشێکی سیاسیی تری نەبوو لە عێراق کە کاری لەگەڵدا بکات؛ بۆیە لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی. سه‌رەڕ‌ای ئه‌و پەیوه‌ندییه‌ ساردوسڕانه‌ی كه‌ له‌ نێوان عێراق‌ و توركیادا هه‌بوو، به‌تایبه‌تیش له‌ نه‌وه‌ده‌كان تاوه‌كوو ٢٠٠٣، بەڵام عێراق هه‌رده‌م مایه‌ی پاراستنی به‌شی باشووری ڕۆژاوای توركیا بوو؛ واتا ئه‌و سنووره‌ی كه‌ عێراق له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌تی‌ كه بە‌ته‌واوی ناوچه‌ی كوردنشینن‌ و، هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی نفووزی پارتی كرێكارانی کوردستان (پەکەکە) بووه‌. کەواتە بە نەمانی ڕژێمی بەعس، کەلێنێکی ئەمنی لە نێوان سنووری تورکیا و عێراق دروست دەبێت، کە پێشووتر هەردوو لا ڕێککەوتنیان لەسەری هەبووە. ئەم دۆخە بۆ تورکیا مایەی نیگەرانی و ترس بوو؛ دۆخێک کە جێگه‌ی متمانە نییە و نازانرێت عێراقی دوای ٢٠٠٣ و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان چۆن لە داهاتوودا مەمەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکەن.

دوای ڕیفراندۆم، تورکیا پێداچوونەوەیەکی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕەخنەی زۆر لە تورکیا گیرا کە خۆیان هۆکار بوونە بۆ بووژانەوە و باڵابوونی پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕێگه‌ی ڕێگەدان بە هەرێمی کوردستان کە نەوت لە ڕێگه‌ی تورکیاوە بنێرێتە دەرەوە. ئەمە ناڕەزاییی زۆری لای عێراق دروست کرد و، ئێرانیش دژی تورکیا بوو. ڕاستییەکەی، پرسی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە هۆکاره‌كانی ناکۆکیی نێوان عێراق و تورکیا. عێراق تا ئێستا لە دادگه‌کانی پاریس و لەندەن و تەکساس كۆمه‌ڵێك داوای لە دژی تورکیا تۆمار کردووە، تا دواجار دادگه‌ی ناوبژیكاریی نێودەوڵەتی لە پاریس، دۆسیەکەی لە بەرژەوەندیی عێراق و دژی تورکیا یەکلا کردەوە؛ بۆیە ئێستا پێ دەچێت باوەڕێک لای تورکیا دروست بووبێت کە کۆتایی بەو ناکۆکییانە بێنێت، بەتایبەت کە لە دوای ٢٠١٧ هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی عێراقدا گۆڕاوە و خەریکە عێراق دەگەڕێتەوە ناو پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەو پڕۆژەیەی کە ئەردۆغان لە کاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پڕۆژەی ڕێگه‌ی گەشەسەندن یان کەناڵی وشک (development road) ناوی برد، دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق.

مەبەست چییە لە ڕێگه‌ی گەشەسەندن یان ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێ؟

لە کۆتاییی مانگی ئاداری ئەمساڵدا (٢٠٢٣) سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد و لەسەر چەند پرسێکی سەرەکی وەستان، کە یەکێکیان پرسی بڕیاری دادگه‌ی ناوبژیكاریی نێوان تورکیا و عێراقە لەسەر ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆڕی بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا؛ چونکە لە کۆتاییی مانگی کانوونی دووەم هەر یەکە لە تورکیا و عێراق ئاگادار کراونەتەوە لە دەرەنجامی بڕیارەکە، کە لە سوودی عێراق دەبێت. پرسی دووەم، پرسی ئاو بووە کە کاریگەریی زۆری لەسەر باشووری عێراق دروست کردووە. بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو بەبیابانبوونەوەی لە باشووری عێراق ڕوو دەدات، خێراترینە لە جیهاندا؛ بە جۆرێک ساڵانە ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی لە عێراق تووشی بیابانبوون دەبێت. بەڵام ئەوەی کە جێگەی تێبینی بوو، پرسێکی تری تازە بوو کە ئەردۆغان لە گوتارەکەی خۆیدا ورووژاندی، بە "ڕێگه‌ی گەشەسەندن" یان "ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێ"، وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیی پڕۆژەکە ناوی برد. سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی لە ئەنقەرە، وتی: "ئێمە بەنیازی پرۆژیەکی گەورەین لەگەڵ عێراق کە خاڵێکی وەرچەرخان لە ناوچەکە دێنێتە کایەوە. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان (مشروع طريق التنمية) تەنیا بۆ عێراق و تورکیا نییە، بەڵکوو بۆ ناوچەکە و جیهانیشە، کە کۆریدۆری جیهانییە بۆ گواستنەوەی کاڵا و وزە کە ڕۆژهەڵات بە ڕۆژاوا دەبەستێتەوە."

لە بەرامبەردا، محەمەد شیاع سوودانی وتی، "ئەم پڕۆژەیە بابەتی گفتوگۆی بەردەوامی عێراق و تورکیا بوو لەسەر ئاستە جیاجیاکان، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان گەیشتینە ئەم ڕاگەیاندنە"، بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک لە بەغدا دەکەین بۆ گفتوگۆکردن، لە وێدا قۆناغەکانی ئەم پڕۆژە گرنگە بە وردی باس دەکەین."

ئەم ڕێگه‌یە لە بەندەری فاو لە بەسراوە دەست پێ دەکات (بە جووتسایدی) کە ڕێگەیەکی وشکانی و ڕێگه‌ی ئاسنینە بۆ فیشخابوور، کە ماوەی ١٢ تا ١٦ کاتژمێر دەخایەنێت تا سەر سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە ئەم هەنگاوە بێ گومان تەکانێکی زۆر دەدات بە جووڵەی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا؛ بە جۆرێک عێراق دەبێتە دەروازەیەک بۆ گواستنەوەی بازرگانی لە ئاسیا و وڵاتانی کەنداو بۆ تورکیا و لەوێیشەوە بۆ ئەوروپا. لە ساڵی ڕابردوو قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو لا ٢٤ ملیار دۆلار بووە.  لە دیدارەکەدا، وەزیری بازرگانیی هەردوو وڵات ئامادە بوون. هەڵبەتە ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی سوودانییە بۆ تورکیا لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران.

 

1 پڕۆژەی کەناڵی وشک یان ڕێگه‌ی گەشەسەندن کە لە نێوان تورکیا و عێراق پێشنیار کراوە

دوای سەردانەکە، وەزارەتی گواستنەوە وردەکارییەکانی پڕۆژەی گەشەپێدانی لە ڕووی دیزاینی ئەندازیاریی ڕێگه‌وبانەوە ڕوون کردەوە و وتی کە، پڕۆژەکە بە سیستەمی ئەوروپی جێبەجێ دەکرێت. نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە، لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)  ڕای گەیاند: "دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەبارەت بە ڕێگەی پێشنیارکراو (ڕێگه‌ی گەشەپێدان)، لە دوو بەشەکەیدا (ڕێگه‌ی زەمینی) و ( هێڵی ئاسنیی خێرا) بۆ گەشتیاران و کاڵاکان لە بەندەری گەورەی فاوەوە بۆ تورکیا درێژ دەبێتەوە؛ وەزارەتی گواستنەوە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە ئامادەکردنی دیزاینەکان." توانای هەڵگرتنی ئەو هێڵە ئاسنینە لە قۆناغی یەکەمدا ٣،٥ ملیۆن کەرەڤانەیە، کە توانای گواستنەوەی نزیکەی ٢٢ ملیۆن تۆن کەلوپەلی هەمەجۆری هەیە؛ بەڵام لە قۆناغی دووەمدا بەرز دەکرێتەوە بۆ ٧،٥ ملیۆن کەرەڤانە و ٣٣ ملیۆن تۆن کەلوپەل. بەپێی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بێت، هێڵەکە لەژێر چاودێریدا دەبێت و لە هەمان کاتدا خاڵی پشوودان، هەروەها بارکردن و داگرتنی کەلوپەلیشی دەبێت. ئەم هێڵە ئاسنینە دوو جۆر لە شەمەندەفەری پێدا تێپەڕ دەبێت: شەمەندەفەری سەرنشین بۆ گواستنەوەی خەڵک بە خێراییی ٣٠٠ کم لە سەعاتێکدا بە گواستنەوەی نزیکەی ١٣ هەزار گەشتیار، هەروەها شەمەندەفەری بارهەڵگر بە خێراییی ١٣٠ تا ١٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا کە بە وزەی کارەبا ئیش دەکات و، ئەم هێڵە ئاسنینە بە ٩ پارێزگای عێراقدا تێ دەپەڕێت. هەرچی ڕێگه‌کەی تری وشکانییە جووتسایدە؛ درێژییەکەی ١١٩٠ کم لە بەنداوی فاوەوە دەست پێ دەکات و بە ناوچە بیابانییەکاندا تێ دەپەڕێت و تایبەت کراوە بە بارهەڵگرەکان.

هەڵبەتە ئەم پڕۆژەیە ئەگەر سەر بگرێت، گۆڕانێکی زۆر لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نەک تەنیا عێراق و تورکیا، بەڵکوو لەسەر پێگەی عێراقیش لە ناوچەکەدا دروست دەکات و عێراق دەبێتە دەروازەیەکی بازرگانیی گرنگ بۆ گەیاندنی کەلوپەلی وڵاتانی ئاسیا بۆ تورکیا و ئەوروپا. ئەمە بۆ بەشێک لە وڵاتان دەبێتە جێگرەوەیەکی تر؛ بۆ نموونە گواستنەوەی کەلوپەل بە ڕێگه‌ی شانگهای-ڕۆتەردام ٣٣ کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام بەم ڕێگه نوێیەدا تەنیا ١٥ كاتژمێر دەخایەنێت.

 

2 هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠٢١

لێکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە لەسەر هەرێمی کوردستان

هەڵبەتە تورکیا چەندان جار داوای لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تری بازرگانی (کە بە دەروازەی "کۆراڤا" یان "ئۆڤاکۆی" ناو دەبردرێت)، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا بکات لە ڕێگه‌ی دروستکردنی هێڵێکی وشکانی لە تەلەعفەر بۆ مووسڵ و، دواتریش بۆ پاریزگاکانی تری عێراق. هەر یەکە لە بەغدا و ئەنقه‌ره‌ تا ئێستا چەندان جار هەوڵیان داوە ڕێڕەوێکی تری بازرگانی لە نێوانیان بکەنەوە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێمدا نەبێت؛ بۆ ئەم مەبەسته‌یش پێشنیاری ڕێرەوی ئۆڤاکۆی- Ovaköy کراوە وەک جێگرەوەیەک بۆ دەروازەی سنووریی فیشخابوور. لە ٢٠١٩یشدا کە عادل عەبدولمەهدی سەردانی تورکیای کرد، دیسان پرسی ئەو دەروازە بازرگانییە هاتەوە بەرباس، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ بنرێت.

لە ئان و ساتی دوای ڕیفراندۆمدا هەر یەکە لە ئێران و تورکیا بەکردار پاڵپشتییان لە حکوومەتی بەغدا کرد بۆ ڕێگرتن لە ڕیفراندۆم. ئەردۆغان لە ١٩ی ئۆکتۆبەردا وتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پێوەندی لەگەڵ بەغدا، لەسەر ئەوەی کە دەتوانرێت بیکەین... ئێمە هێشتا سنوورەکانمان دانەخستوون، بەڵام ئەمە دەکرێت لە هەر کاتێکدا ڕوو بدات." لە ٢٥ی ئۆکتۆبەردا ئەردۆغان بۆ هەمان مەبەست لە ئەنقه‌ره چاوی بە عەبادی کەوت و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان هەنگاوی باشیان ناوە لەگەڵ بەغدا و تاران. بە هەمان شێوە بینالی یەڵدرم، سەرۆکوەزیرانیش لە نێوه‌ندی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبادیدا وتی، کە ئەوان دەروازەی سنووریی خابوور دەگوازنەوە، بۆ ئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدا بێت؛ ئەمەیش وەک بەشێک لە سیاسەتی تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ناوەندی. دیسان لە ٣١ی ئۆکتۆبەردا عەبادی وتی کە دەروازەی سنووری لە نێوان فیشخابوور ڕادەستی حکوومەتی عێراق کراوەتەوە؛ بەڵام دواتر دەرکەوت کە وا نەبووە.

ئەم پڕۆژەیەی ئێستایش كه‌ بە کەناڵی وشک یان ڕێگه‌ی گەشەسەندن ناو دەبردرێت، ڤێرژنێکی پێشکەوتووتری ڕێگه‌ی ئۆڤاکۆیە لە نێوان عێراق و تورکیا. بێ گومان لە ئەگەری تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، تورکیا پێویستییه‌کی وای بە هەرێمی کوردستان نابێت و ڕاستەخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا دەکات؛ بۆیە ئەم پڕۆژەیە لێدانێکی ئابووری و سیاسی دەبێت لە هەرێمی کوردستان و دەچێتە خانەی "لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان"، کە دەمێکە عێراق و ئێران کاری بۆ دەکەن و تورکیاش دژی نییە. ئەوەی تورکیا لێی دەترسێ لە پشتکردن لە هەرێمی کوردستان (بەتایبەتیش پارتی)، مەترسیی بوونی پەکەکەیە کە هەرگیز بە عێراق کۆنترۆڵ ناکرێت. تورکیا هەمیشە بۆ ئەم پرسە، پێویستی بە هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانە. تورکیا له‌وه‌ ده‌ترسێ گەر هەرێمی کوردستان پەراوێز بخات، لەوانەیە پارتی بەناچاری لە پەکەکە و ئێران نزیک بێتەوە؛ یاخود ئەمە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی پەکەکە و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی دژ بە تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

تورکیا بوونی کێشەی سیاسیی نێوان پەکەکە و پارتی بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی سیاسیی تێدا بکات. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندا نەمێنێت، وەک ئەوەی ئێستا عێراق گوشار دەکات، هەرێم مەجبوور نییە ملکەچی سیاسەتەکانی تورکیا بێت؛ ئەوکات پاراستنی سنوور و ئاسایشی ئەو ناوچانە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق دەبێت نەک هەرێمی کوردستان؛ تورکیاش باش دەزانێت کە عێراق ناتوانێت سنوورەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات. دواتر نزیکیی عێراق لە ئێران و باڵادەستیی میلیشیا شیعەکان هەمیشە وا دەکات، کە متمانەی تورکیا بە عێراق تا سەر نەبێت. ئەمە جگە لەوەی مەرج نییە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، لەبەر حساباتی هەرێمیی تر، بەتایبەتیش ئێران. ئێران ڕێگه نادات پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێت کە ببێتە هۆی باڵابوونی پێگەی عێراق. دواتر ئەم پڕۆژەیە زیاتر عێراق دەبەستێتەوە بە وڵاتانی کەنداو و تورکیا؛ بۆیە گەرەنتیی جێبەجێکردنی، بێ کێشە نابێت.  

 لە لایەکی تر، ئایا عێراق ئامادەیە، یان لە توانایدایە هاوکاریی تورکیا بکات دژی پەکەکە- کە پەکەکە ئێستا لە ئێرانەوە نزیکن، بەشیک لە هێزەکانیشیان لە شەنگال لەلایەن حەشد و عێراقەوە هاوکاری دەکرێن؟ بەربەستێکی تر بۆ بەردەم ئەم پڕۆژەیە تەمەنی سیاسیی سەرۆکوەزیران یان حکوومەتی ئێستای سوودانییە؛ ئایا ململانێی هێزە سیاسییەکانی عێراق ڕێگه دەدەن سوودانی بتوانێت ئەم هەنگاوە بهاوێژێت؟ ئیتر ئەمانەیش هەموو بەربەستن لە بەردەم ئەم پڕۆژەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەمێکە خواستی ئەم هەماهەنگییە لە نێوان تورکیا و عێراق هەیە؛ بەتایبەت لە ئەگەری لەدەستدانی دۆسیەی فرۆشتنی نەوت و لاوازبوونی هەرێمی کوردستان، ئەگەری هەماهەنگیی نێوان تورکیا و عێراق زیاتر دەبێت؛ بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەیشەوە.

ئەنجام

پێ دەچێت ئێمە لە بەردەم قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقدا بین کە لە ڕاستیدا سەرەتای هەماهەنگییەک بێت لە نێوان هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێران، هەروەها عێراقیش، بۆ بچووكکردنەوەی پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ بەتایبەت لە هەماهەنگیی نێوان تورکیا و عێراق لە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ئان و ساتەدا. ئەو ھەڵوێستەی توركیا دەرەنجامی گۆڕانكاریی گەورەیە لە سیاسەتەكانی توركیا بەرامبەر بە كورد و ھاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە؛ بەتایبەت لەمە بەدواوە توركیا ئاراستەی سیاسەتەكانی لەگەڵ ئێران، عێراق و سووریا دەبێت بۆ دژایەتیكردنی پرسی كورد لە ھەموو پارچەكان. ئەم قوناغە نوێیە بە ئەگەری زۆرەوە بریتییە لە ھەماھەنگی و ھاوكاریی دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ دژایەتیكردنی پرسی كورد. ئەم پڕۆژەیەی بە ناوی "ڕێگەی گەشه‌سه‌ندن" یان "کەناڵی وشک" ئەردۆغان و سوودانی لەسەری ڕێک کەوتوون، سەرەتای قۆناغێکی لەو شێوەیەیه‌؛ بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بەربەست و ڕێگری لە بەردەم پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق نین و ئەم پڕۆژەیە بەخێرایی سەر دەگرێت!

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples