پرسی وزە و دۆلار؛ وەک بەشێک لە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

لەوەتەی لایەنەکانی نزیک لە ئێران (چوارچێوەی هەماهەنگی- یان ئیدارەی دەوڵەت) دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و حکوومەتیان پێک هێناوە، ئەمریکا گوشارەکانی سەر عێراقی چڕتر کردۆتەوە؛ لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەم حکوومەتەی سوودانی کە زۆرینەی پێکهاتەکانی لەژیر کاریگەریی ئێراندان، بەتەواوی عێراق بخەنە خزمەت بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران. گوشارەکانی ئەم دوایییەی ئەمریکا، جیاوازن لە جارەکانی پێشوو؛ بەو مانەیەی گوشاری سەربازی و سیاسی نین بەتەنیا، بەڵکوو گوشاری ئابووری و دارایین لە دوو ئاستەوە: گوشاری دارایی لە ڕێگه‌ی پێدانی دۆلار و چاودێریکردنی فرۆشتنی دۆلاره‌وه‌؛ گوشاری ئابوورییش لە ڕێگه‌ی سەربەخۆکردنی کەرتی وزەی عێراق، بەتایبەتیش بۆ کۆتاییهێنان بەو وابەستەیییه‌ی عێراق بە ئێرانەوە لە ڕێگه‌ی کڕینی گاز و بەرهەمە نەوتییەکان و، هەروەها دابینکردنی کارەبا. ئەمریکا هەست دەکات عێراق خزمەتی زۆری بە ئابووریی ئێران کردووە، بەتایبەت لەو ماوەیەی کە ئەمریكا زۆرترین گوشاری لێ کردووە. ئەمریکا دەیەوێت بەهێواشی عێراق لە ئێران دابڕێنێت و لە جیهانی سوننە، بەتایبەتییش ئوردن، میسر و وڵاتانی کەنداو، نزیکی بکاتەوە. ئەمەیش تەنیا پەیوەست نییە بە دابڕینی عێراق لە ئێران و سیاسەتی دەورەدانی ئەمریکا لە دژی ئێران، بەڵکوو لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە چەند پرسێکی تریشەوە، کە لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین باسیان بکەین.

ترس لە پێکهێنانی بەرەی چین و ڕووسیا و ئێران

دیارترین پرسیار لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەگەری دروستکردنی هاوپەیمانییەکی جیهانیی نوێ بوو کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکای هەبێت، لە پاشخانی ئەو ململانێ گەورانەی کە واشنتۆن تێوە گلاوە، بەپێی ئەوەی لە ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕووسیدا هاتووە. لە ڕاپۆرتێکی گیڤۆرگ میرزیان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی داراییی حکوومەتی ڕووسیا، کە لەلایەن "ڤزگلیاد"ەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانەکەی ئەم دوایییەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بۆ چین، دەرگه‌ی قسەکردن لەسەر ئەگەری پێکهێنانی جەمسەرێک کردەوە لە نێوان مۆسکۆ و پەکین و تاران، وەک هاوپەیمانییەک بەڕووی ئەمریکادا. پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکراینا، شارەزایانی ئەمریکی ئیدارەی سەرۆک "جۆ بایدن"یان لە پێویستیی دەستنیشانکردنی دوژمنێک ئاگادار کردەوە؛ جا چ ڕووسیا بێت یان چین؛ ئاماژەیشیان بەوە دا کە ململانێکان لە دوو بەرەدا ئەگەر وێرانکەر نەبێت، تێچووی لەسەر ئەمریکا زۆر دەبێت. میرزیان هێمای بۆ ئەوە کرد کە کێشەی ڕاستەقینەی واشنتۆن، لە مەترسیی پەرەسەندنی دۆخەکەدایە؛ نەک تەنیا لە دوو بەرەدا، بەڵکوو لە 3 بەرەدا؛ بەو پێیەی لە ئێستادا سەرقاڵی ململانێیە لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین، هەروەها لەگەڵ تاران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

وەک بڕیارە، لە بەهاری ئەمساڵدا سەرۆکی چین سەردانی مۆسکۆ بکات و تاوتوێی پرسە ئابوورییەکان، هەروەها ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا و هاریکاریی سەربازی-تەکنیکی بکات؛ لەو شوێنانەی کە هاوکاریی نزیکی نێوان ڕووسیا و چین و ئێران بووە هۆی ئەوەی شارەزایان جارێکی دیکە قسە بکەن لەسەر ئەگەری گۆڕینی ئەم سێگۆشەیە بۆ میحوەری مۆسکۆ و پەکین و تاران.

بلومبێرگ لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاماژەی بەوە دا، کە ئێستا نەیارانی سەرەکیی ئەمریکا تەنیا هاوپەیمانی کلاسیکی نین، بەڵام ئەگەر پێکەوە بگونجێن، دەبنە زلهێزێک کە هێزەکەی لە توانا سەربازییەکانی ئەمریکا زیاترە؛ بە جۆرێک کە تەنیا ئەگەری سەرهەڵدانی ئەم میحوەرە، لە ڕاستیدا واشنتۆن بێهیوا دەکات لەوەی کە بتوانێت هەنگاوی کتوپڕ دژی سێ زلهێزەکە بنێت؛ هەرچەندە پێکهاتنی تەنانەت لە شێوەی "دیپلۆماسیی یەکگرتوو"دا هێشتا بەدوور دەزانرێت. ئەمەیش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان ئامادەنەبوونی هەردوو وڵاتی چین و ئێرانە بۆ پابەندبوون بە بەڵێننامە یان ڕێكکەوتنێکی فەرمی. ئەمە جگە لەوەی کە دامەزراندنی میحوەرێکی نوێی سێقۆڵی، تەنیا دەرفەتی هاوکاریی نێوان سێ لایەنەکە بەهێز ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی هەڕەشەیش لەسەر گرژبوونی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئەمریکا. ئەمەیش پرسێکە کە پەکین بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات خۆی لێ بەدوور بگرێت. بێجگە لەمە، ئێران سەدان فڕۆکەی شەڕکەری بێفڕۆکەوانی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە کە بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئۆکراینا بەکار هێنراون. وڵاتانی ڕۆژاوا پێیان وایە تاران خەریکە خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ هاوکاریی سەربازی لەگەڵ مۆسکۆ. بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ڕووسیا خۆی لە کڕینی مووشەکی بالیستیکی دوورمەودای ئێران، کە خێراتر لە خێراییی دەنگ دەفڕن و باری سوودبەخشی تەقینەوەیان گەورەترە، بەدوور گرتووە. یەکێک لە هۆکارە بەرچاوەکان، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی وڵاتانی ناتۆ، بریتییه‌ له‌ هەڕەشەی دابینکردنی سیستەمی مووشەکیی ATACMS  لەلایەن ئەمریکاوە، کە بە مەودای ٣٠٠ کیلۆمەتری دەتوانێت بگاتە قووڵاییی خاکی ژێردەستی ڕووسیا. دەمێکە ئۆکراینا داوای ئه‌م سیسته‌مه‌ دەکات. ئەگەر تێبینی بکەین، ئەمریکا لەم دوایییانەدا هۆشدارییەکانی دژی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕووسیا و ئێران چڕتر کردووەتەوە و دیپلۆماتکارانی ئەوروپی، نیگەرانیی خۆیان بۆ تاران دەربڕیوە. جولیان سمیس، باڵیۆزی ئەمریکا لە ناتۆ ڕای گەیاند، هاوپەیمانانی ڕۆژاوا ئەو پەیوەندییەی تاران و مۆسکۆیان بە "لەڕاددەبەدەر نیگەرانکەر-extremely worrying" زانیوە.

بەڵام هەرچۆنێک بێت، هاوپەیمانییەک یان هەماهەنگییەکی لەو جۆرە ڕێگه‌ی تێ دەچێت و، دوور نییە وڵاتی تریش، کە نەیاری ئەمریکا و ئەوروپان، بهێننە پاڵ ئەم هاوپەیمانییە. بۆیە ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی کە ئەمریکا ترسی لێی هەیە و دەیەوێت ئیران لە چوارچێوەکی تەسکدا لەقاڵب بدات. یەکێک لە گرنگترین ئەو وڵاتانەیش بۆ ئێران، عێراقە، کە ئەمریکا دەیەوێت لە چنگی ئێران دەری بهێنێت.

هەنگاوی یەکەم؛ دەستبەرداربوون لە کڕینی غازی ئێران

لە ٧ی کانوونی دووەم، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی: "عێراق دەبێت بچێتە بازاڕی غاز و، وڵاتێکی بەرهەمهێنەر بێت کە توانای دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی خۆی هەبێت. ئەمەیش دەستکەوتێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی دەبێت." ئاماژەی بەوەیش کرد، "غازی هاوردە [لە ئێرانەوە] ساڵانە لە بوودجەدا تا ١٠ ترلیۆن دینار (نزیکەی حەوت ملیار دۆلار)ی تێ دەچێت." یەکێک لەو کۆمپانیایانەی لە پرۆژەکەدا کار دەکەن دەڵیت کە، لە توانایاندایە لە ماوەی 15 مانگدا چارەکی بڕی ئەو غازەی عێراق هاوردەی دەکات دابین بکات؛ بە جۆرێک کە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواوی بڕی غازی هاوردەکراو دەستەبەر بکەن بۆ عێراق.

بە گوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێکە لە 10 وڵاتی سەرەکیی جیهان کە گاز دەسووتێنن و بەهەدەر دەدەن؛ هەرچەندە عێراق پابەند بووە بە دەستپێشخەریی بانکی نێودەوڵەتی (سفر سووتاندنی گاز تا ساڵی 2030 (ZRF)، کە "حکوومەت و کۆمپانیاکان پابه‌ند دەکات کە  لە هەر کێڵگەیەکی نوێی نەوت، نابێت گاز بە شێوەیەکی ڕۆتینی بسووتێنرێت؛ هەروەها کۆتاییهێنان بە سووتانی ڕۆتینی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێستادا کە لە ساڵی ٢٠٣٠ تێپەڕ نەکات". لەم سۆنگەیەوە لە سەرەتای مانگی شوباتدا، کابینەی سوودانی لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وزەی ئابووری، ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئیماراتی و چینی بۆ وەبەرهێنان لە شەش کێڵگەی غاز لە پارێزگاکانی دیالە و بەسرە. ئەمە دەکرێت پیشاندانی نییەتپاکیی حکوومەتەکەی سوودانی بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی عەرەبیدا، بە ئاراستەی فرەڕەنگردنی پەیوەندییەکانی عێراق بە جیهانی دەرەوەدا؛ هەروەها وەک پەیامێکی ئەرێنییش بۆ گوشارەکانی ئەمریکا.

بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی 2022 دەڵێت کە، "عێراق ساڵانە زیاتر لە ١٨ ملیار مەتر سێجا غازی دەسووتێنێت. ئەو گازەی ساڵانە لە عێراق دەسووتێت، بەهای 6.5 ملیار دۆلارە." عیماد ئەلعەلاق، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە دەڵێت: لە سەردانێکی ئەم دوایییەی وەفدێکی باڵای عێراق بۆ واشنتۆن، ئەمریکا جددییەتی خۆی لە هاوکاریکردنی عێراق دەربڕی، بۆ پەرەپێدانی چارەسەری ستراتیژیی مامناوەند و درێژخایەنی کاریگەر بۆ وەبەرهێنانی لە بواری پەرەپێدانی وزە لە عێراقدا، بەتایبەتیش لە بواری وزەی نوێ و گازی سروشتیدا. شاندی ئەمریکا بەڵینیان بە عێراق داوە، کە "باشترین تەکنەلۆژیای کەرتی تایبەتی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی وزەی عێراق دابین بکەن". ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا و عێراق لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا میوانداریی مێزگردێکی کرد بۆ شاندی عێراقی لەگەڵ ٤٠ کۆمپانیای ئەمریکی و پێشەنگی پیشەسازی، کە شارەزایییان لە بواری غاز و مۆدێرنکردنی ژێرخانی کارەبا و وزەی نوێبووەوەدا هەبوو. ئەمریکا دەیەوێت لە بواری وزەوە هانی عێراق بدات کە بتوانێت هاوکاریی بازاڕەکانی جیهان بکات؛ بەتایبەت لەو بۆشایییەی کە وزەی ڕووسیا دروستی کردووە. بۆ ئەمەیش پەنای بردۆتە بەر گوشاری دارایی لەسەر عێراق؛ نەوەک ئێران هەوڵ بدات عێراق وەک قەڵغانێک لە دژی گوشارەکانی ئەمریکا بەکار بهێنێت.

حکوومەتەکەی "سوودانی"یش ئەگەرچی لەلایەن هاوکارانی ئێران کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام باش دەزانن ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا نه‌کەن، حکوومەتەکەیان چەند مانگێکیش ناتوانێت بەردەوام بێت؛ بەتایبەت کە سەدرییەکان وەک مۆتەکە ئامادەیییان هەیە و دەتوانن لە هەر کاتێکدا حکوومەتەکەی سوودانی پەک بخەن. لە 23ی 1ی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕای گەیاند، کۆمپانیا حکوومییەکانی، 6 ملیار بەرمیل یەدەگی سەلمێنراوی نەوتیان لە بیابانی ئەنبار لە ڕۆژاوای عێراق و، هەروەها ناوچەکانی دیکەی نەینەوا، نەجەف، موسەننا و زیقار دۆزیوەتەوە؛ هەروەها  یەدەگی سەلمێنراوی غازی سروشتییش ٢٣ ملیار پێ سێجا زیادی کردووە.

دانوستانەکانی ئەم دوایییەی عێراق و ئەمریکا، باسیان لە خێراکردنی پڕۆژەی پەیوەندیی کارەبایی لەگەڵ ئوردن و سعوودیا و وڵاتانی کەنداو کردوو. ئەمەیش ڕەنگە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە کارەبای ئێرانەوە. هەرچەندە دوورکەوتنەوە بەتەواوی لە پشتبەستن بە کارەبای ئێران لە ئاییندەیەکی نزیکدا، ڕێگه‌ی تێ ناچێت؛ چونکە عێراق ساڵانە نزیکەی ٢٠ تا ٢٥ ملیۆن تەن بەرهەمی نەوتی لە ئێران هاوردە دەکات.

ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات عێراق لە ڕێگه‌ی وڵاتانی کەنداوەوە، بە بازاڕەکانی جیهانه‌وه‌ ببەستێتەوە. بە گوێرەی بڕیارێک کە لە 15ی شوباتی 2022 دەرچووە، وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارێک کە لەلایەن "کۆمپانیای ئێکسلێرات"ی ئەمریکییەوە پێشکەش کراوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی غازی قەتەر، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت. گرێبەستی وەبەرهێنانی داهاتووی نێوان قەتەر و عێراق، دەگاتە یەک ملیۆن و نیو تۆن غازی شل لە ساڵێکدا. "هەرچەندە عێراق یەکێکە لە گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان هەیە و، و لە ڕووی یەدەگی غازەوە لە پلەی دوازده‌یەمدایە، بەڵام نزیکەی 40%ی ئەو غازەی کە بەکاری دەهێنێت، لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و زۆرینەی بۆ کارەبا تەرخان کراوە."

بە گوتەی تۆماس ئۆدۆنێل، توێژەر لە "سەنتەری وۆدرۆ ویڵسن" لە واشنتۆن، "ئەم واقعە کێشە بۆ ئاسایشی دارایی و ئابووریی عێراق دروست دەکات. کڕینی ئەو ڕێژە زۆرەی غاز لەلایەن عێراقەوە لە ئێران، "وابەستەیییەکی سیاسی و ئەمنیی گەورە دروست دەکات؛ کێشەیەک که‌ زۆر هاوشێوەی ئەو کێشەیەیە کە ئێستا ڕووبەڕووی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەروپا بۆتەوە لە پشتبەستن بە غازی ڕووسیا. ئەم واقعە عێراق دەخاتە کورتهێنانی دارایییەوە، چونکە عێراق پارەیەکی زۆر دەدات بۆ هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە." ئینجا بۆ ئەوەی عێراق لەو وابەستەیییه‌ دارایی، ئابووری و سیاسییە ڕزگاری بێت، ئەمریکا دەیەوێت ئەم جارە کار لەسەر کەرتی دارایی و وزە بکات، چونکە گوشاری سیاسی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە لاوازکردنی وابەستەییی عێراق بە ئێرانەوە. هەر بۆیە ئێستا عێراق هەماهەنگییەکی باشتری هەیە لەگەڵ ئەمریکییەکان.

دەرەنجام

ئەمریکا بە کارتێکی نوێ و میکانزمێکی تازە هاتۆتە مەیدان بۆ گوشارخستنە سەر عێراق بۆ ئەوەی خۆی لە وابەستەییی ئێران ڕزگار بکات. ئەمەیش پاش ئەوە دێت کە ئەمریکییەکان بۆیان ڕوون بۆتەوە کە گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران وەک پێویست کاریگەر نەبووە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەستە بەهێزەی کە ئێران لە عێراق هەیەتی؛ بەتایبەت ئێران بەشێک لە نەوت و گاز لە ڕێگه‌ی عێراقەوە بفرۆشیت و، هەروەها دراوی دۆلاری نەختیشی لە ڕێگه‌ی عێراقەوە دەست کەوێت. ئەمریکییەکان بەو پێیەی دەسەڵاتیان بەسەر شادەماری ئابووری و داراییی عێراقەوە هەیە، دەستیان کردووە بە وشکردنی ئەو دوو دەمارەی کە ئێران لە ڕێگه‌ی عێراقەوە پێی دەژیت؛ کە ئەویش پرسی وەبەرهێنانە لە گازی سروشتی و دەسکەوتنی کاشی دۆلاره‌، کە ئاسانکارییان کردووە بۆ دەربازکردنی ئێران لەو سزا دارایییانەی کە بەسەر بەشێک لە کەسایەتی و بانکە ئێرانییەکاندا سەپێنراون. هەڵبەتە ئەو گوشارانەی سەر عێراق پاش نیگەرانییەکی زۆری ڕۆژاوا دێت لە هەماهەنگیی نێوان ڕووسیا و ئێران لە جەنگی ئۆکراینا و، هەروەها ترس لە دروستبوونی جەمسەرێکی دژە-ڕۆژاوا کە ڕووسیا و چین و ئێران  سەرکردایەتیی بکەن و، بتوانن نەیارانی تری ڕۆژاواش لەو جەمسەر کۆ بکەنەوە.  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples