لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ڕادەى هۆشیارى، ڕۆشنبیرى و وەعى، لە هەموو ڕوویەکەوە پێوەرى سەرەکیى سەرکەوتن، خۆشبەختی و خۆشگوزەرانیى ئەو کۆمەڵگەیەیە و، کاردانەوەى گەورەیشى لەسەر سیاسەت، ئابوورى و ئاسایشدا دەبێت.
ئەوەى کە جێگەى تێڕامان و تەنانەت سەرسووڕمانیشە، هەڵوێستى هاووڵاتیانى تورکیا بوو لە بەرامبەر کودەتاکەى 15ى تەمموزى ڕابردوو، بەڕاستی ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگەى تورکیا کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتووە (المجتمع الناضج) و، هۆشیاریی خەڵکەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەى کە خۆیان چارەنووس و ئاییندەیان دیارى دەکەن و قوربانیش لە پێناویدا دەبەخشن. مەحاڵە ئەگەر کۆمەڵگە پێگەیشتوو نەبێت، بە چەند کاتژمێرێکى کەم گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاییندەى دیموکراسى و مەدەنییەت بەرپەرچ بداتەوە. سەلماندنیش بۆ ئەوە، هەموو چین و توێژ و لایەنە ناکۆکەکان، کۆک بوون لەسەر گێڕانەوەى ئارامى و مەدەنییەت بۆ وڵات.
هەر بۆیە کە باس لە کودەتاکەى 15ى تەمموزى تورکیا دەکەین، دەبێت بە شێوهیهكی وردتر، باس لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەیشی بکەین، نەوەکو پرسە ئەمنى و عەسکەرییەکان. وەلێ كارلێكه کۆمەڵایەتییەکە (التفاعل الاجتماعی) زۆر گرنگترە لە ئەمن و ئاسایش بۆ پێکەوەژیان لە وڵاتدا.
بەبێ شک، ئەو پێگەیشتوویییه کۆمەڵایەتییەى تورکیایش، تەنیا ڕۆشنبیرى و هۆشیاریی تاک نییە، بەڵکو دامودەزگای پەروەردەیى، ڕۆشنبیرى، هونەری، سینەما، موزیک و مێژووى ئەو وڵاتە بەرجەستەى کردووە. واتە کارکردنى هەمەلایەنەیە، چونکە دەبێت لە نێوان سەوابتى دەوڵەت و حوکمڕانیدا (الدولة و الحكم) جیاوازى بکرێت. واتە سەرمایە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان، وزە، ئێنرژی و حەماسەت لە کۆمەڵگەدا به تاک دهبهخشن، نەك به سیاسى و حوکمڕانەکان، چونکە ڕۆشنبیران، هزرمەندان، هونەرمەندان، سینەماکاران، مۆسیقاران، سیمبول و مێژوو دەبنە مایەى پێگەیشتووییی کۆمەڵگە و هۆشیاریی ئەوانە سەوابت (نهگۆڕهكان)ى دەوڵەتن.
لە هەر ئان و زەمانێک لە ناو کۆمەڵگەدا، داهێنەران مایەى سەربەرزى و شانازین. تەنانەت هاووڵاتییەکى فەرەنسیش نازانێت لە سهردهمی ڕۆسۆدا کێ وەزیر بووە. ئەوەیان حکوومەتدارییە. بەڵام ڕۆسۆ، مونتسکیۆ و ڤوڵتێر بۆ فەرەنسییەکان مایهی شانازى و ئێنرژین کە سەوابتن لە کۆمەڵگەدا. ئەو نموونەیە بۆ هەموو کۆمەڵگە و میللەتانێک ڕاستە کە بە قۆناغى پێگەیشتنى کۆمەڵایەتیدا تێپەڕ بوونە.
تەنیا مەبەستم بوو کە کۆمەڵگەى کوردى، دەبێت زیاتر هۆشیار بێت و سوود لە ئەزموونى وڵاتان و کۆمەڵگە جیاجیاکان وەربگرێت و پەروەردە، سینەما، داهێنەر، هزرمەند، هونەرمەند و ڕۆشنبیران لە پێگەیاندنى کۆمەڵگە و بەرهوپێشبردنیدا زیاتر ڕۆڵى خۆیان ببینن.
لە کاتى ڕیفراندۆمەکەى دەرچوونى بریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا، ئافرەتێکى بریتانى دەیگوت: بۆمن گرنگ نییە بە دەرچوونمان لە یەکێتیى ئەوروپا چەند زەرەر دەکەین، بەڵکو بۆ من گرنگ ئهوهیه کە دەبێت بڕیارى من، لەندن بیدات نەوەکو برۆکسل. لێرە گهل هۆشیار و بەئاگایە و سیاسییەکانیش ئەو هێز و توانایەیان نامێنێت، کە گهل بە ئاڕاستەى سیاسییانە و بەرژەوەندیى تەسک و کاتیدا ببەن.
زۆر سەیرە، كه ئەمڕۆ چ حزب و هێزە سیاسییەکان، چ خەڵکى کوردستان، نەگەیشتوونەتە ئاستى "کۆمەڵگە و سیاسیى پێگەیشتوو" و لە هەمبەر سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت یەکڕا نین. هیوادارم ئاوڕ لە تەنیشت خۆمان بدەینەوە و بەوردى تەماشاى کۆمەڵگەى تورکیا بکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەى کودەتا و پاراستنى مەدەنییەتدا.
من ئەو کاتە کۆمەڵگەى کوردستانى بە پێگەیشتوو دەزانم، کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، داهێنەر زیاتر لە سیاسى ڕێزى لێ بگیرێت، کە ئێستا پێچەوانەکەى ڕاستە.