شەڕی هێرشبەرانە

نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە، ڕێوی بن، تەڵان بناسن!"

شەڕی ئازادکردنی مووسڵ، کۆمەڵێک هاوکێشەی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆری کە بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری و ئایینزایییەوە بارگاوی کراون، هێناوەتە ناو جوگرافیای سیاسیی عێراقەوە و، بەخەستی چالاکی کردوون.

لە ساڵی ٢٠١٤وە، مووسڵ بۆتە پایتەختی سوپاییی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هەر لەوێوە، هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لە ئەفغانستان و ئەوڕووپایش ڕێک دەخات. لەبەر ئەوە، شەڕی ئەم جارە ئاسایی نابێت، چونکە پەیوەندیی بە چارەنووسی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەیە. داعش، کە بە ڕێگەی تاقیکردنەوەی گشت فۆرمە کۆن و نوێیەکانی توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر ڕووتوقووتەوە، هەوڵی داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی خۆی دەدات، ئێستا لە گشت لایەنەوە پایتەختەکەی کەوتووەتە بەر هێرشی دەیان هاوکێشەوە، کە ئەمەیشیان، ڕێک سێرە لە ستراتیژیی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەگرێت.

مووسڵ، "زەویی مەرگهێنەر"، یان "مەیدانی مەرگ"ە بۆ داعش. ئەگەر دەرفەتی هەڵاتنیان نەدرێتێ، دەتوانێت کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی بە هۆی دڕندەییی داعشەوە بەربینگ بە هاووڵاتیانی ئەو شارەوە بگرێت؛ چونکە مووسڵ بە هاووڵاتیانییەوە لە بارمتەی داعشدایە.

ڕزگارکردنی مووسڵ، زۆر خێرا، بەرژەوەندیی هاوکێشەکان دەستنیشان و، یارییەکە ئاڵۆزتر دەکات. مووسڵی سوننەنشین کە لە لایەن نووری مالیکیی شیعەوە ڕادەست کرا، دەتوانێت بە چەشنێکی ترەوە سوننەکان هەم لە مووسڵ و هەمیش لە بەغدا، بە دەسەڵات بگەیه‌نێتەوە و بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و سوپایی لە بەغدا بۆ مووسڵ بگوازێتەوە. ئەمەیش لە بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی، سوپای قودس (تاران) و بەغدادا نییە.

بۆ ئەمریکایش زۆر گرینگە کە بەر لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری (٨/١١/٢٠١٦) لەو وڵاتەدا، مووسڵ ئازاد بکرێت، بەو ئەگەرەی کە ڕای گشتی، ڕوو لە حزبەکەی ئۆباما بکات. ئامانجی تری ئەمریکا ئەوەیە کە داعش لە عێراق وەدەر بنێت و پاشماوەکانی داعشیش بۆ خۆدەربازکردن، ڕوو لە سووریا بکەن. ئەمەیش دەتوانێت سووریا بکاتە چەقی کێشەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و، ئەمریکا و ڕووسیایش لەو وڵاتەدا کێشەکانیان یەکلا بکەنەوە. پرسی سەرەکییش ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا دەخوازێ جارێکی تر تاکتیکی "ڕووچوون لە زەڵکاو" بۆ ڕووسیا لە سووریا بەگەڕ بخاتەوە، ڕێک وەکو ئەوەی کە لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی سیاسەت و تاکتیکەکانییەوە، ئەفغانستانی کرد بە "زەڵکاو بۆ سۆڤیەت؟"

تورکیا، عەرەبستان و ئۆردنیش، پرسی سوننەکان و "ئازادکردنی مووسڵ"یان زۆر لە لا گرینگە و، لانی کەم دەتوانن بەر بە دەستڕۆییشتوویی و پیلانی کۆماری ئیسلامی لەو بەشەی عێراقدا بگرن.

کۆماری ئیسلامی، ترسی ئەوەی هەیە کە دوای ئازاکردنی مووسڵ، سوننەکان دەستی باڵایان لە بەڕێوەبەریی پارێزگای مووسڵدا هەبێت؛ ئەمە ململانێیەکی شاراوەیشە لە نێوان تاران و ئانکارادا. کۆماری ئیسلامی، لایەنگری حکوومەتێکی بەهێزە لە بەغدا، کە بێ شک، شیعەکان دەستی باڵایان دەبێت. ئەوان نەیانتوانی هەرێمی کوردستان هەڵلووشن، لە دوای ئازادکردنی مووسڵ و بووژانەوەی سیاسیی سوننەکان لەو بەشەی عێراقدا، مەیدان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی تەسکتر دەبێتەوە. بەم حاڵەوە، دوایین هیوای کۆماری ئیسلامی لە شەڕی مووسڵ ئەوەیە کە، بە ڕێگەی حکوومەتی عێراق و "حەشدی شەعبی"یەوە، هەروەها لەژێر ناوی ئەوانەوە، بەرژەوەندییەکانی خۆی و بەغدانشینانی لە پارێزگای مووسڵدا دابین بکات. ئازادکردنی مووسڵ، دەتوانێت سەرەتای هەڕەشەیەکی جددی بێت بۆ سەر "خەرمانەی شیعە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

لە شەڕی بەرگریکارانەوە بۆ شەڕی هێرشبەرانە

پلانی ئازادکردنی مووسڵ، هەرێمی کوردستانی لە دۆخی بەرگریکارانەوە بۆ شەڕی هێرشبەرانە گواستەوە. ئەمە هێزی هەرێمی کوردستان تۆکمە دەکات، هەروەها هاوسەنگیی هێزەکانیش لە جوگرافیای سیاسیی عێراقدا بە قازانجی کورد دەشکێنێتەوە. ئازادکردنی مووسڵ ئەو دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، کە بە چۆنایەتییەکی ترەوە دانوستان لەگەڵ بەغدادا بکات، هەروەها لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییشدا متمانەی زیاتر بە کورد دەبەخشێت. هەرێمی کوردستان دەتوانێت و پێویستە، دەوری جددی لە شکستی داعش لەو شەڕه‌دا بگێڕێت.

تۆکمەییی زیاتر کاتێک دێتە کایەوە، کە هەرێمی کوردستان لە ناوەوە، ڕوو لە کۆدەنگی و چارەسەکردنی خێرای هەندێک کێشەی وەکوو پرسی مووچە، قەیران، هەروەها چاکسازیی خێرای ئیداری بکات، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت دوای ئازادکردنی مووسڵ بەباشی خۆی دەگەڵ دۆخەکە بگونجێنێت و تووشی لاسەنگی نەبێت و بشێت بەرژەوەندییەکانی دابین بکات. ئەمەیش پلەی ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان بەرزتر دەکاتەوە و دەتوانێت خۆی بۆ ئەگەرە بەهێزە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکانی دیکەیش ئامادە بکات.

مووسڵ شوێنی پێکدادان و دابینکردنی بەرژەوەندیی هاوکێشە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییه‌كانه‌، لەبەر ئەوە یارییەکەی ئەم جارە بۆ کورد، قورس، ئاڵۆز و فرەڕەهەندە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples