لە ساڵی ٢٠٠٣وە، کە حکوومەتی بەعسی لە عێراق بە زەبری هاوپەیمانانەوە خرایە ناو ئەرشیڤی مێژووەوە، دوو ڕەوتی هاوشان لە هەرێمی کوردستان، بوون بە بابەتی ڕۆژ.
یهكهم، یەکگرتنەوەی خاک، واتە گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان. دووەم، پرسی زمانی کوردییە کە چۆن ڕێک بخرێت و لە دامودەزگه حکوومییەکان، لەوانە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، ببێتە سەرەکیترین زمانی نووسین. ئەم دوو ڕەوتە تا ئێستا بە قۆناغێکی پڕ لە ئێش و ئازاردا دەرباز دەبن. تا ئەم کاتەیش زمانی عەرەبی لە پەرلەمانی کوردستان یاسای پێ دەنووسرێت و دواتر بە ڕێگەی وەرگێڕەوە دەیکەن بە کوردی، ئەویش کوردییەکی زۆر سەقەت. زمانی کوردی لە پەرلەمانی کوردستاندا، کە دامەزراوەیەکی نەتەوەیییە و یاسا بۆ هەرێمی کوردستان دادەڕێژێت، "زمانی دووەم"ە!
شەڕی مووسڵ، باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بگەڕێندرێنەوە. واتە پێویستە شەڕی مووسڵ ببێتە دەرفەتێکی مێژوویی، بۆ ئەوەی بەیەکجاری کۆتایی بە دۆسیەی ئەو ناوچانە بهێنێت.
ئەم جارە، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە لەو بوارەدا سەرکەوتوو نەبوو، پێویستە لە دۆخی لەبار و گونجاوی ئێستادا، بەپێی سیاسەتێکی ژیرانە و، بە هێزی تۆکمەی پێشمەرگەوە سنووری جوگرافیای سیاسیی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات و شەقڵی خۆی لێ بدات و بەهێزەوە بەرگریی لێ بکات، چونکە هێز، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەت و، بوون بە هاوکێشە.
گەرچی شەترهنجە سیاسییەکەی ئەمڕۆکە زۆر ئاڵۆزە و یاریکەری فرەن، بەڵام بوونی هەرێمی کوردستان وەک هاوکێشەی خاوەن هێز، پێویستە هەر خۆی کۆتایی بەو بڕیار و پلانانە بێنێت، کە لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقی دوای ٢٠٠٣وە تۆزیان لەسەر نیشتووە و، بە پاساوی جۆراوجۆرەوە، لەوانە لەژێر ناوی "بەرژەوەندیی باڵای عێراق" گنخاندوویانە. شەڕی مووسڵ ئەگەر کۆتایی بە ناوەندی چڕی دەوڵەتی ئیسلامی دێنێت، دەبێ بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستانیش چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان تەخت بکات و عێراق بکات بە دراوسێ.