لغاوکردنی زیانەکان

پڕکێشی و فرەخوازیی سەرچڵانە لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندیی حزبی، یەکێکە لە گرفتە هەرە سەرەکییەکان لە کوردستاندا. کاتێک نەرماژۆیی، شوێنێکی لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا نەبێت، دانوستان دەبێتە یاریی ماراسۆنی و، کۆمەڵگە تووشی قەیران دەکات.

لە هەر دانوستانێکدا کە پڕکێشی و فرەخوازیی تێدا زاڵ بێت، بێ شک، پچڕان ڕوو دەدات و، دڕدۆنگی و بێمتمانەیی باڵ بەسەر پەیوەندییەکاندا ده‌كێشێت. تەنیا کاتێک کۆمەڵگە دەتوانێت بکەوێتە سەر گەڕی ئاساییی خۆیەوە، کە یەکێتی لە فره‌چەشنیدا دروست ببێت و دوور بکەوێتەوە لە یەکێتی لە یەکدەنگیدا. سیاسەتی لغاوکردن و کەمکردنەوەی زیانەکان، دەتوانێت یەکێک لە بنەماکانی فره‌چەشنی بێت.

حزبی سیاسی بۆ ئەوە هاتووەتە کایەوە، کە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کۆمەڵگە گەڵاڵە بکات و ڕێکیان بخات؛ کەواتە، کۆی حزبەکان دەبێ ڕێکخەر بن، هەر ئەمەیش دەبێ وایان لێ بکات، کە بەرژەوەندیی جۆراوجۆر لە شوێنێکدا کۆیان بکاتەوە.

حزب و ڕێکخراوی سیاسی لە دەڤەری ئێمەدا بۆ ئەوە هاتووەتە کایەوە و دێتە دی، کە ڕووبەڕووی داگیرکەری وڵاتەکەی ببێتەوە و هەوڵ بدات مافەکان مسۆگەر بکات، بەڵام لایەنی سەرەکی لە فەلسەفەی حزبایەتیدا، دەبێ ئەوە بێت کە دەسەڵات بگرێتە دەست تا کۆمەڵگەیەک بێنێته‌ كایه‌وه‌ کە شایانی مرۆڤی سەردەم بێت. ڕێک لەبەر ئەوەیە، چێکردن و ڕۆنانی سیستەمێکی دادپەروەر، کە تێیدا بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەبێتە چەقی کار و پلان، ببێتە ئامانجی.

گەرچی لە وڵاتە ڕۆژاوایییەکاندا، حزبی سیاسی، دوای شۆڕش چێ بوون و، ڕێکخستنی هاووڵاتیان و گەڵاڵەکردنی بەرژەوەندیی ئەوان و خەباتی پەرلەمانی، ناوەندی پلانیان بووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و، کوردستانیش بە تایبەتی، بە کەلتووری شۆڕشگێڕی و لەقاودەرییەوە بۆ خەبات و بەربەرەکانێ بە دژی دوژمن، چێ بوون. هەر لەبەر ئەوە، گواستنەوە و چالاکی بە تایبەتمەندییەکانی کەلتووری شۆڕشگێڕی، لەقادەری و نەسازان، لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا یەک ناگرنەوە، تەنانەت زیانیشی گەلێک زۆرە. هزری لێکترازاندن و هەڵوەشاندنەوەی گرێچنەکانی کۆمەڵگە، ئەو مەترسییەیە کە هەروا بەربینگی بە هەرێمی کوردستان گرتووە.

حزبی سیاسی بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە چێ نەبووە، بەڵکوو دەبێ ئامانجی، لێکنزیککردنەوەی هاووڵاتیان بێت. هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرییە، هەر ئەمەیش پێناسەی ئەم وڵاتەیە. ئەم ڕەنگانە پێکەوە جوانن و هەر پێکەوەیش ئامانجەکان دێننە دی. دانوستانی ئەقڵانی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکان، زیانەکان کەمتر و کەمتر دەکاتەوە و بوارێکی باشیش دەڕەخسێنێت کە بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە و بەوشیارییەوە سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples