ترامپ یارییەکەی بردەوە و، جیهانی سهرسام کرد؛ هەم لەبەر قسەکانی، هەمیش لەبەر هەندێک ڕەفتار و پەیامی کە لە جیهانی سیاسەتدا باو نەبوو. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە بە چ کەس و ستراتیژییەکی سیاسیی ڕوونەوە، دەبێ کۆشکی سپی نێڵ بدات. لە ئەمریکادا بەپێچەوانەی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستەواژەی "ڕاست" و "چەپ" بۆ کابینەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان بەکار ناهێنن، بەڵكوو باس لە "کۆتر"ەکان و "باز"ەکان دەکەن.
ئەگەر بێت و ترامپ، بە گوێرەی پەیامەکانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، شیتەڵ بکرێتەوە، ئەوە ئەمریکا ڕووبەڕووی گۆڕانێکی بنەڕەتی دەبێتەوە، بەڵام لە مێژووی حوکمڕانیی سەردەمدا جیاوازی لە نێوان بانگەشەی هەڵبژاردن و حوکمڕانیدا هەمیشە هەبووە و دەبێت، چونکە بەشێک لە دروشمەکانی بانگەشە، کورتخایەنن. یەکەمیان دروشمە، دووەمیان دابینکردنی بەرژەوەندییە. لە هەر هەڵبژاردنێکدا، سەرەڕای بوونی پلانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەرەوە، ڕاوی دەنگی هاووڵاتیان (ژمارە)، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. ترامپ و کابینەکەیشی بەدەر لەم یاسا و ڕێسایە نین. گەرچی باس لە "کەمئەزموونیی سیاسیی ترامپ" دەکرێت، بەڵام لە جیهانی مۆدێڕندا ئەوە سیاسەتوانان نین کە بە تەنیا گەمیوان بن، بەڵکوو لەشکرێک کارناس و لێزان، هەروەها بە دەیان ناوەند و خانەی هزری، چوارچێوەی سیاسەت (بەرژەوەندی) گەڵاڵە دەکەن.
هێنری کیسێنجێر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا گوتەنی: "پێویست ناکات سەرۆكکۆمار زۆر ئاقڵ بێت، بەڵکوو دەبێت لە بڕیارداندا ئازا بێت." "کیسێنجێر"، "ئاقڵی و وشیاری، بۆ ڕاوێژکاران دەهێڵێتەوە." ئازایەتی بۆ ڕێبەران، وشیاری و لێزانی بۆ کارناسان و ڕاوێژکاران، ئەمە دەتوانێت بە هانای 'ترامپ"ەوە بچێت.
هەر ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا، باس لە چەند کەسایەتییەک دەکرێت کە لەوانەیە ببنە ئەندامی کابینەی ترامپ. "نیۆت گینگریج" لە بەرهەڵستکاره لێبڕاوهكانی ڕێککەوتنی ناوکییه دەگەڵ ئێراندا. "جۆن بۆڵتۆن"، نوێنەری پێشووتری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەكان، ناوێکی ترە کە باسی لێوە دەکرێت. ڕا و وتارەکەی بۆڵتۆن، هەروا لە ئینترنێتدا دەستاودەست دەکرێت کە دەڵێت: "بۆ ئەوەی ڕێگه له بۆمبی ئەتۆمیی ئێران بگریت، ئێران بۆمباران بکە!" "مایک پەنس"، "باز"ێکی تر لە ناو کۆمارییەکاندا، کەوتووەتە ژێر گەردبینیی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە. ئەم ناوانە و چەندانی تر، دەگەڵ ڕووی دەرەوەی سیاسەتی ترامپ، بەتایبەتی دۆخی ناسەقامگیر و شڵەژاوی دەڤەری ئێمەدا، گونجاون.
لایەنێکی تری سیاسەتی ترامپ، "هاوکاری دەگەڵ ڕووسیا"یە و، سەردێڕی یەکێک لەو پەیامانە بوو کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا ئاماژەی پێ دا. ئەمەیان بە مانای دوورکەوتنەوەیه لە پێکدادان و دوژمنایەتی لە نێوان دوو زلهێزدا، کە بنەمای ئەمەیش بۆ بۆچوونی "زیبیگنیۆ بێرژینسکی" دەگڕێتەوە. کێشە ئاڵۆز و کەڵەکەکراوەکەی سووریا، کە میراتی حکوومەتی ئۆبامایە، بۆ ترامپی بەجێ هێشتووە. "گرینگیدانی بە ڕۆڵی ڕووسیا لە سووریا"، دەکرێت ئەوەیشی لێ بخوێندرێتەوە، کە ترامپ لە دانوستانەکانی دەگەڵ مۆسکۆ بۆ چارەنووسی ئەسەد و ڕژێمەکەی، کۆماری ئیسلامی بخاتە پەراوێزەوە.
بەڵام پێ ناچێت سیاسەتی ترامپ لە عێراق هاوچەشنی سووریا بێت، چونکە کۆماری ئیسلامی، دەستی بەسەر هەندێک لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە عێراقدا گرتووە و، ئەو وڵاتە بۆتە مەیدانی تەڕاتێنی سوپای قودس. دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و دەستێوەردانی تاران لە عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پرسە هەرە گرینگەکانی کابینەی ترامپ دەبێت. ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا عێراقی لە دەست ڕژێمی سەددام ڕزگار کرد، دیارە هاتنی بۆ ناو عێراق ئاسان بوو، بەڵام بەرژەوەندی و ئاڵۆزییەکانی دەڤەری ئێمە، ڕێگە بە ئەمریکای ترامپ نادات کە وا بەئاسانی ئەم ناوچەیە بەجێ بێڵێت. لەبەر ئەوە، ئەگەری زۆرە کە ئاڵۆزیی دۆخەکە و بوونی فرەهاوکێشەیی، قورسایی بە ڕۆڵی "باز"ەکان لە کابینەی "ترامپ"دا بدات.