سەردانی فرانسوا ئۆلاند سەرۆكکۆماری فه‌ڕه‌نسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جارێکی تر هەرێمی کوردستانی هێنایەوە هاوشانی کۆماری عێراق. لە دیداری سەرۆكکۆماری فه‌ڕه‌نسا دەگەڵ سەرۆكکۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، پرسی جه‌نگی دژبه داعش، ئەو فه‌ڕه‌نسایییانەی کە دەچنە ناو ڕیزەکانی داعشەوە، هەروه‌ها جەختکردنەوەی فه‌ڕه‌نسا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و چالاکبوونی ئەو وڵاتە لەو پەیوەندییەدا، بەشێک لە گفتوگۆی بەغدا و فه‌ڕه‌نسا بووە. نزیک بە ٧٠٠ هاووڵاتیی فه‌ڕه‌نسایی، تێکەڵ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بوونە، کە ئەمەیان سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی فه‌ڕه‌نسا.
هەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییی دژ بە داعشدا، نزیک بە ٥٠٠ سەربازی فه‌ڕه‌نسایی لە عێراقدا هەن، کە کاریان ڕاهێنانی هێزەکانی ئەو وڵاتەیە. بەپێی هەواڵدەریی فه‌ڕه‌نسا، دوای ئەمریکا لە بواری نیزامییەوە، فه‌ڕه‌نسا دووەمین وڵاتی ئەوروپییە لە ناوچەکەدا، هەروەها لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریادا لە دژی داعش ئەنجام داوە. جیا لەمانەیش، فه‌ڕه‌نسا ١٤ فڕۆکەی جه‌نگیی "ڕافال"ی لە ئۆردن و ئیماراتدا جێگیر کردووە.
هەر دوای بەغدا، سەرۆککۆماری فه‌ڕه‌نسا و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، سه‌ردانی پایتەختی دووەمی عێراق، واته "هەولێر"یان كرد، بەتایبەت گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دا بوو كه لە نزیکەوە سەردانی بەرەکانی جه‌نگ و ناوەندەی سەرکردایەتیی پێشمەرگەیان كرد، كه له داعشه‌وه نزیك بوو. دیداری مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەگەڵ سەرۆكکۆماری فه‌ڕه‌نسا، بەشێکی جەختکردنەوەی پشتیوانیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوو، چونکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان سه‌ره‌ڕمی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامییە. بەشێکی تری گفتوگۆکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و فه‌ڕه‌نسا، گرتنەوەی مووسڵ و ئاوەدانکردنەوەی، هەروەها پرسی چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی ئیداری و سیاسیی مووسڵ دوای ئازادکردنەوەی ئەو شارە بووە.
سەردانی سەرۆكکۆماری فه‌ڕه‌نسا جارێکی تر ئەمەی دووپات کرده‌وه، کە عێراق دوو پایتەختی هەیە و، ڕووی دیپلۆماسیی جیهانی تەنیا لە بەغدا نییە، بەڵکوو هەولێریش بەشێکە لە هاوکێشەی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیی ناوچەکە و جیهان. هەرێمی کوردستان هاوکێشەیە و، توانیویەتی یاریکەری شەترنجی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا بێت؛ هەر بەو پێیەیش گۆڕه‌پانی یاریی سیاسی، ئابووری و سوپایی لە نێوان بەغدا و هەولێردا دابەش کراوە. ئەو جموجووڵە سیاسی و دیپلۆماسییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە و ڕووی لە زلهێزەکان کردووە، هه‌م دەرفەتێکی باشی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە تا لە داهاتوودا پارێزراو بێت، هەمیش بۆ ئه‌وه‌ی لە پرسی سەربەخۆییدا ترس و دڵەڕاوکێکان بڕەوێنێتەوە و یار بۆ خۆی بدۆزێتەوە. دیپلۆماسیی هەنووکەیی و دەستکەوتی کەڵەکەکراو لەو بوارەدا، وڵات بەهێز دەکات.