ئەمڕۆ (١٧/٢/٢٠١٧) لە ئهڵمانیا، "کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی میونیخ" بە بەشداریی نوێنەرانی بڕیاربەدەستی دەیان وڵات و ژمارەیەک کارناسی ئابووری، سیاسی و سهربازی، دەستی بە کارەکانی کرد. لەو چەند ڕۆژەیشدا میدیای جیهانی به شێوهیهكی تایبهت، پنتی سهرنجی خۆی دهخاته سهر کارەکانی ئەو کۆنفڕانسە؛ چونکە کۆشکی سپی بە "ترامپ"ەوە مێلۆدیای تری بۆ ئاسایش و سیاسەتی نێونەتەوەیی پێیە.
بەشداریی ئەم جارەی ئەمریکا لەو کۆنفڕانسە، لە کاتێكدایە کە کۆشکی سپی لە هەوڵی ئەوەدایە هاوپەیمانییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دژی کۆماری ئیسلامی پێک بێنێت؛ وڵاتە عەرەبییەکان چەقی ئەو هاوپەیمانییەن. هاوکاتیش، ئەمریکا و ئیسڕائیل لە بواری هەواڵگری و سوپایییەوە پشتیوان و هاوکاری ئەو هاوپەیمانییە دەبن. گەرچی لەسەر پرسی فەلەستین، دوو بۆچوونی کەمێک جیاواز لە نێوان کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەن، بەڵام وێناچێت ئەمەیان تارمایی بخاتە سەر پەیوەندیی نێوان وڵاتە عەرەبییەکان و ئەمریکا؛ چونکە عەرەبستانی سعوودی، کە یەکێک لە جەمسەرە بەهێزەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، "گهشبین"ە بە هاوکاریی بەرفراوان لەگەڵ کابینەی "ترامپ"دا.
مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە سەرپەرشتیی شاندێکی سیاسی و سوپاییی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڕەسمی بۆ ماوەی سێ ڕۆژان لەو کۆنفڕانسە جیهانییەدا بەشدار دەبێت. بەشداریی هەرێمی کوردستان وەکوو هاوکێشەیەکی نادەوڵەتی، کە هاوشانی نوێنەرانی زلهێزەکانە، لە گرینگییەکانی ئەو کۆنفڕانسەیە.
گەرچی ئەم کۆنفڕانسە سێ ڕۆژەیە، شوێنی بڕیاردان نییە و ڕێککەوتننامەی تێدا واژوو ناکرێت، بەڵام بڕیاردەران بەشداری دەکەن و پرسە گرینگە جیهانی و ناوچەیییەکان تاووتوێ دەکەن؛ لەوانە بابەتی ململانێی ئەمنییەتی و سیاسیی هەنووکەیی، هەروەها کێشە، ناکۆکی و قەیرانەکان دەدرێنە بەر باس. شک لەوەیشدا نییە کە هەر دەوڵەتەی تەما و ئاراستەی بیرکردنەوەی سەبارەت بە پرسەکان دەخاتە ڕوو و گوێبیستی ڕای ئەوانی دیکەیش دەبێت. کۆنفڕانسی میونیخ، کلووبی بڕیاردەرانی سیاسەت، ئابووری و سوپایییە لە ئاستی جیهاندا و، ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژ، بنەمای کاری ئەو کۆنفڕانسەیە.
پرسی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی و کێشەی نێوان دوو پایتەخت (هەولێر و بەغدا)، هاوکاری بە پێشمەرگە، جەنگ له دژی داعش، گرتنەوەی مووسڵ و چارەنووسی ئەو شارە دوای داعش، لەو پرسە گەرمانەن کە وێدەچێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆنفڕانسەدا باسیان لێوە بکات. ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا، چێکردنی "لۆبی" و پەیوەندیی بەرفراوان و، دۆزینەوەی دۆست و هاوکاری زیاتر لە جاران، ئەو دەرفەتەیە کە کۆنفڕانسی میونیخ دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەری بکات. هەرێمی کوردستان چیتر بینەری یاریی شەترەنجی عێراق و ناوچەکە نییە، بەڵکوو یاریکەری شەترەنجی ئاڵۆزی ناوچەکەیە و، هەر ئەمەیش ڕێگەخۆشکەرە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی. سیاسەت، یانی ڕێکخستن و دابینکردنی بەرژەوەندییەکان.