سەردانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی بۆ ئەڵمانیا و، بەشداریی لە "کۆنفڕانسی ئەمنیی میونشن"، هەر درێژەی سیاسەتی بەهاوکێشەبوونی هەرێمی کوردستان و گەڕان بەدوای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەو پارچەیەی وڵات بوو.
ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و جیهان، هەروەها هەوڵە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو دەرفەتەی بۆ باشووری کوردستان ڕەخساندووە تا لەناو پانتاییی یاریی زلهێزەکان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یاریکەر بێت و بخوێندرێتەوە. بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە "کۆنفڕانسی میونشن"دا، ئەو ئامانجەی پێکا. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و چاوپێکەوتنی دەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ڕێک هەمان ئامانج، واته گێڕانی دەوری هاوکێشە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە.
لەو سەردانەدا، ئەولەوییەتەکانیش هەر بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بووە؛ کە ئەمەیشیان ڕێک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و، دەبێ وایش بێت. پرسی وزە (گەیاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی جیهانی، ئابووری، بازرگانی، ئەمنی و جهنگی دژ به داعش، لەسەر بەرژەوەندییهكی دوولایەنە (هەرێمی کوردستان و تورکیا)، ئاڵقەی سەرەکیی باس و لێدوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لهگهڵ بەرپرسە هەرە باڵاکانی تورکیا بووە.
هاوکات کە هەرێمی کوردستان پێویستیی بە تورکیا هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆی بەهێز بکات، هەروەها هەر بە ڕێگەی تورکیاوە نەوتی خۆی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و، هەر بەو ڕێگەیەوە پەیوەندی بەو بازاڕەوە دەکات. ئەمڕۆکە نەوت و وزەیش توانیویەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناو بازاڕی ئابووریی جیهان ڕێنوێنی بکات و، ئەمجارەیان لەسەر بنەمای "وزە" دانوستانیش دەکات.
هەر بەو پێیە تورکیایش پێویستیی بە هەرێمی کوردستانە؛ چونکە هەرێم لە بواری وزە و نەوتەوە و بە بەراورد دەگەڵ وڵاتانی تردا نزیکترین بازاڕە بۆ ئەو وڵاتە و، لە بواری جوگرافیشەوە بە کەمترین تێچوو بەشێک لە ئابووریی تورکیا دەگەشێنێتەوە، هەروەها هەناردەکردنی کاڵای تورکییش بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی ترە لە پێویستی و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
لە کوێ زۆرترین بەرژەوەندی دابین بکرێت، پێویستە سیاسەت ڕوو لەوێ بکات؛ ئەمەیش یاسای بەهاوکێشەبوونه لە جیهانی سیاسەتدا؛ بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان خاوەنی نەوتێکی زۆرە و دەتوانێت زۆر بەباشی و بەڕوونی شەقڵی خۆی لە سیاسەتدا دەستنیشان بکات، چونکە ئابووری، بڕبڕەی پشتی سیاسەتە.
هەر لە پەراوێزی سەردانە فهرمییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسی ناوخۆییی ئەو وڵاته و، هەروەها باکووری کوردستانیش ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا دەگەڵ ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدار و شارەداری پیشووی مێردین، باسی لێوە کراوە. پرسی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) یەکێک لە باسەکانیان بووە.
هەرێمی کورستان وەکوو یەکەیەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی، توانیویەتی لە عێراق و ناوچەکەدا خۆی بسەپێنێت. لە سادەترین فۆرمییەوە، کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو لە "فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستامبۆڵ"، تا دەگاتە دیداری فهرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها دیدار و بینینی نوێنەرانی وڵاتانی زلهێز لە "کۆنفڕانسی ئەمنیی میونشن" کە لە (١٧/٢/٢٠١٧) لە ئەڵمانیا بەڕێوە چوو، گشتیان باس لەوە دەکەن هەرێمی کوردستان بە نوێنەرەکانیەوە، شوێنی لەناو کۆڕی زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە. هەرێمی کوردستان بە ئاڵاکەیەوە "معادلە"یە و چیتر "معاملە"ی پێ ناکرێت؛ چونکە دەرفەتی ئەم چەشنە سیاسەتەی بۆ دەوڵەتانی ناوچەكه نەهێشتۆتەوە.