لە "معامەلە"وە بۆ "معادلە" و لە "معادلە"یشەوە بۆ "معامەلە"!

قەرەنی قادری

"سوون تزوو" (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز): "شکست و هەڵەی خۆمان هەر بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە و سەرکەوتنی دوژمنیش هەر بۆ خۆی دەگەڕێتەوە!"

ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە (١٧-١٠-٢٠١٩) لەسەر ڕۆژاوای کوردستان، سەرەتای تێکدانی تەکووزی سیاسی و حوکمڕانیی ڕۆژاوای کوردستان بوو، بەڵام ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا لەسەر ڕۆژاوا لە (٢٢-١٠-٢٠١٩) کۆتاییی بە حوکمڕانییە خۆجێیییەکەی ڕۆژاوا (کانتۆنەکان) هێنا! هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، بنەمای ڕێککەوتنی ڕووسیا و تورکیا لەسەر ڕۆژاوا، هەر هەمان بنەماکەی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکایە کە لە  (١٧-١٠-٢٠١٩)دا واژۆ کرا!

هاوکێشەکان لە یاریکەرانی ڕۆژاوای کوردستان زۆر زۆر زلترن؛ پاساوهێنانەوە (شەهیدمان داوە، بەرگریمان کردووە و چی و چی ...) هیچ دەردێک دەرمان ناکات، چونکە ئەو چەشنە پاساوانە دەچنە خانەی بزواندنی هەستی خەڵکەوە و، ئەمەیش لە ململانێ و دانوستاندندا هیچ دەورێکی نییە. بەرژەوەندیی ڕووسیا، تورکیا، سووریا و ئەمریکا بەسەر هەست و سۆزی خەڵکدا زاڵ بوو و هەمیشە هەروا بووە و هەر وایش دەبێت!

دنەدانی هەستی خەڵک، تەنیا لە مەیدانی جەنگ و خۆپیشاندان، هەروەها بۆ بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی زەینی هاووڵاتیان کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی ڕاستییە تاڵ و هەڵەکان نەبینن و تارمایییان بخرێتە سەر!

خۆ هەم ڕووسیا، هەم ئەوروپا و هەمیش ئەمریکا دەزانن کە لەو ماوەیەدا ڕۆژاوا زیاتر لە ١٠ هەزار شەهیدی داوە، بەڵام ئەوان هەر بیر لە "ئاسایشی نەتەوەییی خۆیان"، "بەرژەوەندی" و "باڵادەستیی خۆیان" لە ناوچەکەدا دەکەنەوە. بۆ گەیشتن بەمەیش، پێویست بوو یەکێک ببێتە قوربانی؛ ئەم جارەیش هەر کوردیان هەڵبژاردەوە!

بۆ ئەوەی ڕۆژاوا هەستێتەوە سەر پێ و نەبێتەوە کەرەسەی دانوستان و قوربانیی بەرژەوەندیی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە گشت سیاسەتەکانیدا بچێتەوە؛ بەدەر لەمە هیچ ڕێگه‌یەکی تری لەبەردەمدا نییە. دۆخی نوێ، سیاسەتی نوێی گەرەکە؛ بۆ گەیشتن بەمەیش، پێویستە "پەکەکە" پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ڕابردووی خۆیدا بکات و، ئاڵوگۆڕێکی جددی و ڕیشەییش لە سیاسەتەکانیدا بێنێتە کایەوە. یەکێک لە سیاسەتە نوێیەکانی، ده‌كرێ ئەوە بێت کە تەواوی هێز و وزەی بۆ باکووری کوردستان بگوێزێتەوە و، پێویستە چەقی خەباتیشی هەر باکووری کوردستان بێت نەک پارچەکانی دیکەی وڵات!

پێویستە هەرێمی کوردستانیش زۆر ئاگادار و ئامادە بێت، چونکە ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە لەو دەڤەرە هەڵمساو و فرچکگرتوو بە جەنگ و پێکدادان. ڕوودان و قەومان بەڕێوەن. خۆئامادەکردن و تەیارکردن بۆ ڕوودانی هەر چەشنە ئەگەرێک، باشترین بەرگرییە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples