قەرەنی قادری
لە ڕۆژی پێنجشه‌ممه (٨/٤/٢٠٢١) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان (نۆ حزب و لایەنی سیاسی) كۆ بووه‌وه. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا "سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ فه‌ڕه‌نسا، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له هاوكێشه سياسييه تازه‌كاندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ديالۆگى ستراتيژيى ئەمريكا ـ عێراق و، به‌شدارى و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان تيايدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، بارودۆخى ناوخۆ و په‌يوه‌نديى نێوان پێكهاته و لايه‌نه سياسييه‌كان، تاوتوێ كران."
کۆی ئەم پرسانە کە پەیوەندییان بە ژیانی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پرسی ئێستا و داهاتووی وڵاتن؛ زۆر گونجاوە کە لە کۆڵانی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەویش بە ڕێگەی کۆبوونەوە و گفتوگۆوە شی بکرێنەوە و بگەن بە کۆدەنگی. چونکە باردۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە وا دەخوازێت کە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەجددی لەسەر خەت بن؛ تەنانەت ئەو دەنگە ناشازەیش لە بەغدا بەرز بووەتەوە و لە هەوڵی ئەوەدایە "دەستووری عێراق هەموار بکاتەوە"، کە ئەمەیش زۆر ئاشکرایە و مەبەستیان ئەوەیە بە ڕێگەی دەستوور (یاریی یاسایی)یەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەر لەبەر ئەوە بۆ یەکڕیزی و تۆکمەییی هەرێمی کوردستان، باشترین ڕێگە پەیوەندیی حزب و لایەنە سیاسییەکانە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە و، بێ شک کۆبوونەوەی هاوبەشیان دەتوانێت ئاراستەی کۆدەنگی و یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستاندا بەهێز بکات.
هەر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "جه‌خت لە دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه ده‌ستوورييه‌كان، پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و هه‌نگاونان بۆ ئايینده‌يه‌كى باشتر، واقعبينى و هه‌ستكردن به به‌رپرسارێتیی هه‌مووان، پێكه‌وه‌كاركردن، هاوبه‌شى، ته‌بايى و يه‌كڕيزى كرایه‌وه و، هه‌روه‌ها به‌گرنگييه‌وه باس له پرۆسه‌ى چاكسازى و كاركردن بۆ باشتركردنى گوزه‌ر‌انى هاووڵاتيان و پێويستيى پاراستنى ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين و... کرا و جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه!"
نێچیرفان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتى كرده‌وه: "تاكه ڕێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى كێشه و قه‌يرانه‌كان و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و پێگه‌ى ده‌ستوورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزييه؛ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و به چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه."
ئەم ستراتیژی و جەختکردنەوەیە ڕێک بۆ ئەو هزرە فەلسەفییەی "یەکبوون لە فرەچەشنی"دا دەگەڕێتەوە کە چۆن کۆی ڕەنگ و دەنگەکان بە جیاوازییەکانیانەوە لە شوێنێکدا کۆ ببنەوە، بەڵام لە بنەمادا ڕەچاوی بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکەن، چونکە "یه‌كبوون لە یەکدەستی"دا بەپێچەوانەی "یەکبوون لە فرەچەشنی"دا، دۆخەکە بەرەو ئاقاری لێکترازان و لێک‌دابڕان دەبات و دەرگەی وڵات بەڕووی لاوازی و بێهێزیدا دەکاتەوە، هەروەها شوێنێک بۆ "جیاوازی"یەکان تەرخان ناکات. هەرێمی کوردستان یەکەیەکی سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ئایینزاییی ڕەنگاوڕەنگە، هەر لەبەر ئەوە ستراتیژیی "سەرۆکایەتیی هەرێم وەکوو چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان" یان بە واتا فەلسەفییەکە "یەکبوون لە فرەچەشنی"دا لە پرسە ژیانییەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەم ستراتیژییە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت، بەهێزی بکات و بیکاتە هاوکێشەی سیاسی تا بتوانێت لە شەتڕەنجی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا یاریکەر بێت!
کاتێک لە (١٠-٦-٢٠١٩)دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی‌ی خوارد، لە بەشێک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا: "جارێكى ديكه سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا."
پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لە ستراتیژیی یەکڕیزی و کۆکردنەوەی هێزەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکات، کە ئەمەیش بە ڕێگەی ڕاوێژ، هەروەها کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەبێت؛ بۆیە کۆکردنەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بابەتێکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو پرسێکی ستراتیژیک و پێویستی وڵاتە کە لە هزری یەکڕیزی و کۆدەنگیی لایەنەکانەوە گرێ دراوە. هەر بۆیە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ماوە بە ماوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە زۆر گرینگە، ڕێک پەیوەندیی بەو ئاڕاستە ستراتیژییەوە دەبێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە "چەتری کۆکەرەوە"ی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی دەبات.
ئەم ستراتیژییە تەنیا بواری هێزی "نەرم"ی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکوو ڕوو لە هێزی "ڕەق"ی هەرێمی کوردستانیش دەکات تا تەواوکەر و پاڵپشتی هێزە نەرمەکەی بێت؛ واتە هەرێمی کوردستانی بەهێز و هاوکێشە. لە مەیدانی سیاسەتدا بەتەنیا هێزی نەرم وه‌ڵام ناداتەوە، بۆیە دەبێت "هێزی نەرم"، "هێزی ڕەق"ی لەبەردەستدا بیت؛ مەگەر لەو شوێنانەی کە پێویستە دیپلۆماسی بەگوڕوتینەوە خۆی دەربخات و لە کارتێکەرییەکانیدا خۆی بسەلمێنێت.
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كورستان لە (١٢/١١/٢٠١٩) له ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولی ٢٦ی پێگەیاندنی ئەفسەرانی کوردستان له كۆلێژى سه‌ربازيى زاخۆ باسی لەوە کرد: "ئەفسەران، چەقی پلاندانان، تاکتیکی جەنگی، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هێزی سەربازین، بۆیە تواناسازیی بەردەوام لە توێژی ئەفسەراندا گەورەترین وەبەرهێنانە لە کەرتی سەربازیدا، چونكە سەرمایەی مرۆیی لە سەرووى هەموو سەرچاوە و سەرمایەكانی تره‌وه‌يه."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان پێویستی بە هێزێکی چەکداری نیشتمانیی خاوەن دیسپلین و پرەنسیپی پێشکەوتووە. هێزی یەکگرتوو، خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانی، لە سەرووى هەموو مەبەستێکی سیاسی، حزبی، نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە بێت. هێزى پاراستنى گه‌ل و وڵات و ده‌سكه‌وته‌كان بێت؛ ناكرێت هێزى حزب و لايه‌ن و گرووپه‌كان بێت. ده‌بێ دوور بێت له ناكۆكى و ململانێى ناوخۆ." هەروەها "هێزێكى نيزاميى تۆكمه و له ئاستى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا بێت كه له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌ن."
ڕێک لێردایە کە کۆدەنگی و یەکڕیزی، لایەنەکانی ژیانی سیاسیی وڵات دەگرێتەوە و تێڕوانینەکە گشتگیربوونی خۆی دەردەخات و دەتوانێت دۆخی سیاسیی وڵات بەرەو هێوربوونەوە ببات و، لە بری ئەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکان-جا چ لە کۆڵانی جیاوازییەکانەوە بێت یان ئەوەتا ناکۆکییەکان- ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، با ڕێگەی دیالۆگ بگرنە بەر؛ هەروەکوو "ئابراهام لینکۆڵن" (١٨٠٩-١٨٦٥) گوتەنی: "دیالۆگ جوانترین لایەنی مرۆڤە." ئەمە کارێکی وا دەکات کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیدا بپەیڤێت، چونکە هەر ئەمەیە کە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات.
دیپلۆماسییەکەی سەرۆکی هەرێم بە دوو ئاراستەدا ڕەگاژۆیی دەکات؛ دیپلۆماسی و گفتوگۆ لەناوخۆدا بۆ چێ‌کردنی یەکڕیزی و کۆدەنگی، هەروەها بۆ دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش، بوون بە هاوکێشە و هێز؛ چونکە تا هەرێمی کوردستان نەبێتە هێز و هاوکێشە، ناتوانێت لە دانوستانەکاندا سەرکەوتوو بێت و، لە بەرانبەر شەپۆل و ڕووداوە دەرەکییەکاندا خۆی بپارێزێت. گشتی ئەمانەیش لە گرەوی یەکگرتوویی و کۆدەنگیی هێزە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستاندایە. هەرێمی کوردستانی بەهێز و ئاوەدان تەنیا لە گرەوی یەکگرتوویی و کۆدەنگیدایە!