قەرەنی قادری
کەمتر لە مانگێکە، دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان بەگەڕ کەوتۆتەوە؛ سەردانی ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا بۆ بەغدا و هەولێر، هاتنی جۆزێف بۆرێل، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، هەروەها سەردانی فهرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بریتانیا، لەو ڕووداوە سەرەکییانەن کە لە ماوەی مانگێکدا ڕوویان دا. ئەو چالاکییە دیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان دوو خاڵی زۆر گرینگی پیشان دا: یەکەم، لایەنی ئەوروپی (فەڕەنسا، یەکێتیی ئەوروپا و بریتانیا)، عێراق بە خاوەنی دوو پایتەخت (هەولێر و بەغدا) دەزانن، کە ئەمەیش لەگەڵ ستراتیژیی ئەوان (بوونی ههرێمی كوردستانێكی بههێز له چوارچێوهی عێراقێكی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری)دا، یەک دەگرێتەوە. ڕێک لەو پەیوەندییەدایە کە بوونی هەرێمی کوردستانی بەهێز و عێراقێکی یەکگرتوو و خاوەنی سەروەری، تەنیا بە دوو پایتەخت (هەولێر و بەغدا) دەکرێت! هەروەها لایەنێکی گرینگی ئەو دیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان، ئەوە پیشان دەدات کە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و ئاژاوەدا بەگەڕ کەوتۆتەوە و هەنگاوی بۆ ناوەتەوە کە بێ شک دەبێ لە داهاتوویشدا چاوەڕوانی ڕووداوی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراویش بین.
خاڵی دووەم، ئەو هەنگاوە گرینگ و ئاستبەرزە لە دیپلۆماسییەت، بۆ ئەو پرس و بابەتانە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسە باڵاکانی بریتانیا (سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا باس و گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە کە، بەشێک لە باسەکان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبووە؛ خواست بۆ هاريكارى و هاوبهشيى بريتانيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهكاندا، بهتايبهتى له بوارى ئابوورى و بازرگانيدا پەیوەندییەکان فراوان بكرێن، پشتگيريى پهرلهمانى بريتانيا له ههرێمى كوردستان و، بۆ ئەو مەبەستەیش لەلایەن پەرلەمانی بریتانیاوە پێشنيار و ڕاسپارده دهدرێتە حكوومهتى وڵاتهكهى، هەروەها داواکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکی ئەنجومەنی لۆردانی بریتانیا، كه بۆ پتهوكردنى ديموكراسى و دامهزاروهكانى وڵات، هاوكاريى ههرێمى كوردستان بكات؛ هەروەها پرسی چاكسازى و ههنگاوهكان بۆ يهكخستنهوهى هێزی پێشمهرگه و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان له بواری پەروەردەوە.
بۆريس جۆنسۆن، سهرۆكوهزيرانى بريتانيا و نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان
لە کۆبەندی ئەمانەیشدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەیش کردەوە کە ههرێمى كوردستان خوازيار و ئامادهيه ههموو كێشهكانی لەگەڵ بەغدا لهسهر بنهماى دهستوور چارهسهر بكات. ئەو داواکارییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێک لەگەڵ ستراتیژیی فەڕەنسا، بریتانیا و یەکێتیی ئەوروپادا یەک دەگرێتەوە، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەر چوار لایەنە. هاوکات کە بەشێک لە پرسەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام بەشێکیشان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هەیە کە، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لێوە کراوە، وەکوو؛ دۆخى ئهمنيى عێراق و ناوچهكه بهگشتى، هاوڕایی لهسهر ئهوهی كه داعش هێشتا لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى عێراق و ناوچهكه و جيهانيش ههڕهشهیە، هاوڕایی لهسهر ئهوهی كه سهقامگيريى عێراق بۆ ناوچهكه و جيهانيش گرنگه و، فراوانكردنی خواست بۆ هاريكارى و هاوبهشيى بريتانيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهكاندا، بهتايبهتى له بوارى ئابوورى و بازرگانيدا.
بەشی سێیەمیان پەیوەندیی بەو پرسانەوه ههبووه کە پەیوەستن بە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە (دەرەوەی دوور)، پێشهاتهكانى ئهفغانستان و لێكهوتهكانی. بە ئەگەری زۆرەوە ئەو باسەی پێشهات و لێکەوتەکانی ئەفغانستان، پەیوەندیی بە "کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوه ههیه، کە بڕیارە ڕاوێژکار و ڕاهێنەری ئەمریکی جێگهیان پڕ بکەنەوە، یان بە واتایەکی تر بەرفراوانتری بکەن کە چۆن ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان و سیاسەتەکانیان ڕێک بخەنەوە. هەروەها دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و پەرواێزخستنی یەکێتیی ئەوروپا، ئەو پرسەی لەناو ئەو یەکێتییەدا زەق کردۆتەوە کە، بیر لە "هێزێکی سهربازیی ئەوروپی" بكرێتهوه، کە ئەمەیان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا بەتەواوەتی پشتگیریی لێ دەکات. یان پرسی "سەربەخۆییی ستراتیژیی ئەوروپا" یەکێکی ترە لەو پرسانە تا جارێکی تر یەکێتیی ئەوروپا وەکوو پرسی ئەفغانستان پەراوێز نەخرێت. تەنانەت ئەم باسە بە چەشنێک لەناو "ناتۆ"یشدا بۆتە جێی لێدوان.
یان ئایا بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق (هێزە شەڕکەرەکانی)، بۆشایی دروست دەبیت؟ ئایا ئێران و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدا دەبن کە بۆشایییەکە پڕ بکەنەوە و هەرێمی کوردستان و عێراق بکەنە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان، یان ئەوەتا فەڕەنسا، یەکێتیی ئەوروپا و بریتانیا بەو جووڵە و هەنگاوە دیپلۆماسییانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیانە، بەر بەو بۆشایییە دەگرن و ڕێگر دەبن کە بەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق قەیرانێکی تر دروست نەبێت، ئەویش بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی ئەفغانستان، ڕێگە نەدەن کە ئاژاوەیەکی تر لە عێراق و ناوچەکەدا دروست ببێت؟ ئەمە یەکێکە لەو هەڕەشانەی کە، پێویستە هەرێمی کوردستان ئاگاداری بێت، کاری بۆ بکات و وهڵامی گونجاویشی بۆی هەبێت!
نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوڕوپا
ئەم سێ خاڵە ئەوەمان پیشان دەدات کە ئاستی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی بریتانیا زۆر بەرز بووە و تەنانەت لە ئاستی پرسی نێوان دەوڵەتاندا بووە؛ هەر ئەمەیش وا دەکات کە هەرێمی کوردستان بە سێ دەسەڵاتەکەیەوە (سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان) پێویستیان بە هەماهەنگیی زیاتر و کاری جددیتر هەبێت و، لەو بوارانەی کە لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکوەزیرانی بریتانیا باسیان لیوە کراوە، کاری خێرا و بەپلانی بۆ بکەن.
دیوی ناوەوەی دیپلۆماسییەکەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
کۆی دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکوەزیرانی بریتانیا هەنگاوی دیپلۆماسین و ڕوویان لە دەرەوەیە، بەڵام دیوی ناوەوەی ئەو دیپلۆماسییەته ئەوەیە کە چۆن هەرێمی کوردستان کاری تۆکمە، ڕێکخراو و بەپلان بۆ ئەو دەرفەت و دەسکەوتانە بکات تا لە کردەوەدا بەرهەمدار بێت و هەرێمی کوردستانیش بەهێز بکات. "جۆزێف نای" کاتێک باسی هێزی نەرم (soft power) و دیپلۆماسی دەکات، دەڵێت: "توانای وڵاتێک بۆ گەیشتن بە خواستەکانی لە ڕێگەی ڕاکێشکردن"؛ واتە دۆزینەوەی خاڵ و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ لایەن یان لایەنەکانی مەبەست. ئەم "ڕاکێشکردن" و دۆزینەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشه، کە "جۆزێف نای" بە "هێزی نەرم" ناوی دەبات، ئەوە ئەرکی دیپلۆماسییە کە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی بەگەڕی بخات.
یەکەمین باس ئەوەیە کە ئەو چالاکییە دیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو زلهێزانە، باشترین دەسکەوت و دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان لە دەوری ئەو دیپلۆماسییەدا کۆ ببنەوە، چونکە ئاراستەی کارە دیپلۆماسییەکە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و، هەر ئەمەیش دەتوانێت حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەوری خۆیدا ڕێک بخات و کۆیان بکاتەوە. بە دیوەکەی تریشدا، هەر ئەمە دەبێتە پشتیوانی بۆ چالاکییە دیپلۆماسییەکە. دیپلۆماسی و کارتێکەرییەکانی لە ناوەوه، دەبێ دوو دیوی دراوێک بن، دەنا دەرفەتەکان دەسووتێن! پێکهێنانی چەندان لێژنە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەند بەو پرسە دیپلۆماسییەی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا، فەڕەنسا و بریتانیا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت تەواوکەری دیپلۆماسییەکەی هەرێمی کوردستان بێت تا وڵاتمان بەرهەمەکەی بچنێتەوە.
ئيمانوێل ماكرۆن سهرۆكکۆماری فەڕەنسا و نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان
بەر لە ههر هەنگاوێكی گرینگ کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەبێت، پێویستە هەرێمی کوردستان لە بواری یەکڕیزی، پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی، چاکسازی، پرسی ئازادییەکان، پێکهاتەکان، پرسی ژنان و خزمەتگوزاری، هەنگاوی جددیتر و بەبڕشتتر باوێژێت کە ئەمەیشیان بۆ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانە؛ هەروەها ئەمە خۆگونجاندن و وهڵامە بۆ داواکاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تا ئەوانیش هەست بە دڵنیایی بکەن کە دەتوانن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کار بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان بکەن و، هەرێمی کوردستانیش پیشانیان بدات کە لەو بوارەدا لێبڕاوە بۆ "بوونی ههرێمی كوردستانێكی بههێز له چوارچێوهی عێراقێكی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریدا".