پێنووس

لە پشت پەردەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر قاسم سولەیمانی چی ڕووی دا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

لە کاتێکدا چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە بەغدا تێ پەڕیوە، کینێس مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناونیشانی “خاڵی توانەوە: فەرماندەیی و جەنگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا” وردەکاریی نوێ لەم بارەیەوە ئاشکرا دەکات.

بەشێک لە کتێبەکە کە باس لە ڕووداوەکانی پشت پەردە و بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کوشتنی سولەیمانی دەکات، لە گۆڤاری ئەتڵەنتیکدا بڵاو کراوەتەوە، کە دواتر بڵاو دەبێتەوە.

مەكێنزی بە ئاماژەدان بە ناكاریگەرێتیی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە هۆی بوێرتربوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەڵێت، لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەوە دەرکەوتووە کە ئەمریکا تەنیا کاتێک دەتوانێت ڕێگری (رەدع)ی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی کاریگەر بێت کە لە پێگەیەکی بەهێزەوە مامەڵە بکات.

مەکێنزی درێژە بە قسەکانی دەدات و دەنووسێت؛ لەو سەردەمەی كە فەرماندەی “سێنتکۆم” بوو، بەرپرسیارێتیی ئۆپەراسیۆنی هێرشەکەی سەر قاسم سولەیمانیی لە ئەستۆیدا بووە؛ هەروەها دەڵێت ئەم هێرشە وانەیەکی هەبوو کە زۆر سەرنجی لێ نەدراوە، ئەویش ئەوەیە: ڕەنگە کۆماری ئیسلامی لە هەندێک کاتدا پێشبینینەکراو دەرکەوێت، بەڵام هێزی ئەمریکا لە بەرامبەریدا توانای ڕێگریکردن (وەستاندن)ی هەیە. بەپێچەوانەوە، کاتێک ئەمریکا پاشەکشە دەکات، کۆماری ئیسلامی پێشڕەوی دەکات. کاتێک ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە دەکات و ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک، ئەوە کۆماری ئیسلامی پاشەکشە دەکات. هەروەها دەیشڵێت، ژیان و مردنی سولەیمانی بەڵگەی ئەو بانگەشەیە و، پێویستە ئەم سیاسەتە ڕێنیشاندەری سیاسەتی داهاتووی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.

چواردەیەمین فەرماندەی سێنتکۆم دەنووسێت، کاریگەریی سولەیمانی لە ناوچەکەدا بە درێژاییی ساڵان فراوانتر دەبوو و ناوبراو پێی وا بووە کە کەس دەستی پێڕا ناگات. تەنانەت سولەیمانی لە ساڵی ٢٠١٩ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم بابەتە وتی: “دەیانەوێت چی بکەن، دەمکوژن؟”

بە گوتەی مەکێنزی، کاتێک لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا وەک فەرماندەی سێنتکۆم دەستنیشان کرا، یەکێک لە یەکەم کارەکانی کە کردوویەتی، ئەوە بووە کە بزانێت ئەگەر سەرۆک داوای هێرشکردنە سەر سولەیمانی بکات، سێنتکۆم پلانێکی هەیە یان نا؟ لە کاتی لێکۆڵینەوە لەم بابەتەدا بۆی دەرکەوتووە کە چەند داواکارییەکی لەم شێوەیە سەبارەت بە قاسم سولەیمانی ئاراستەی کۆشکی سپی کراوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق بە هێرشی مووشەکیی گرووپە میلیشیاکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی کرانە ئامانج و بۆ ئەمریکاش ڕوون بووەوە کە سولەیمانی بەرپرسیارە لە هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی ئەو هێرشانە. بۆیە، ئەندامە سەرەکییەکانی سێنتکۆم کۆ بوونەوە بۆ پێداچوونەوە بەو بژاردانەی کە چەند مانگێکە بیریان لێ دەکردەوە. مەکێنزی ئاماژە بەوە دەکات کە بێ گومان کۆبوونەوەکە تەنیا کۆبوونەوەیەکی پلاندانان و پێشبینیکردن بووە، چونکە تەنیا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەوکات، لە ڕێگەی وەزیری بەرگری، “مارک ئێسپەر”ەوە، دەیتوانی مۆڵەتی هێرشەکە بدات.

مەكێنزی دەنووسێت ئامانجی دیکەیان لە یەمەن کەسێک بوو کە ماوەیەک چاودێرییان دەکرد: فەرماندەیەکی سوپای قودسی سوپای پاسداران کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبوو. ئامانجەکانی دیکە بریتی بوون لە کەشتیی “ساویز”ی سوپای پاسداران لە باشووری دەریای سوور کە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بوو، هەروەها بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانەکانی نەوت لە باشووری ئێران.

دوای تاوتوێکردنی بژاردەکان، مەكێنزی بە ئەندامانی تیمەکەی ڕاگەیاند کە ئەوان تەنیا دەستنیشانی ئامانجەکان لە ناوخۆی عێراق و سووریا دەکەن بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان. ئەوان چوار “ئامانجی لۆجستی” و سێ “ئامانجی مرۆیی”یان کە لە هێرشەکەدا لە دژی ئەمریکییەکان بەشدار بوونە پێشنیار کردووە: دوو کەسیان بریکاری کەتائیبی حزبوڵڵا و سێیەمیشیان سولەیمانی بوو. هەروەها بڕیار بوو بژاردەی ئۆپەراسیۆن و هێڕش لە یەمەن و دەریای سوور و باشووری ئێران بەرز بکەنەوە، بەڵام پێشنیار نەكەن.

ڕۆژی دواتر، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە لۆجستیکییەکان، بڕیار بوو ترامپ لەلایەن ئێسپەر و میلی ئاگادار بکرێتەوە. مەکێنزی دەڵێت ئەو پێشنیاری نەکردووە کە هێڕش بۆ سەر سولەیمانی نەکرێت، بەڵام باسی ئەو مەترسییە چاوەڕوانكراوانەی کردووە کە ئەم هێرشە (کوشتنی سولەیمانی) لەوانەیە بە دوای خۆیدا بهێنێت.

لە کۆبوونەوەکەدا بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتەکە، لە ڕوانگەی ترامپەوە هێرشکردنە سەر ئامانجە لۆجستییەکان بەس نەبوو و بۆیە داوای کرد ئەگەر سولەیمانی بچێتە عێراق، ئەوا بکرێتە ئامانج. هەروەها هێرشکردنە سەر فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە یەمەن و کەشتیی ساویز لە دەریای سووری پەسەند کردبوو. ترامپ پێی وابوو ئەم هێرشانە کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان.

مەكێنزی لە درێژەی قسەکانیدا دەنووسێت، “هەستمان دەکرد هێرشەکان ڕەنگە توانای وەستێنەرانە (ڕێگریكەرانە)ی ئەمریکا بگەڕێننەوە، بەڵام وەک ڕێگەیەک بۆ دانوستان نەماندەبینی.” هەروەها دەڵێت، دەیانزانی کە دەتوانن بەخێرایی هێرشەکە بۆ سەر کەشتیی ساویز و فەرماندەی سوپای قودس لە یەمەن جێبەجێ بکەن، بەڵام سولەیمانی ئامانجێکی پڕئاڵنگاریتر بوو. ئەوان پلان و بژاردەکانی هێرشکردنە سەر سولەیمانییان لە سووریا و عێراقدا دانابوو و سووریایان پێ باشتر بوو؛ چونکە لەوانە بوو هێرشەکە لە عێراق، دنەی گرووپە میلیشیا شیعەکان بدات و کاردانەوەی سەربازی و سیاسیی قورسی لێ بکەوێتەوە.

ئەوان زانیارییان پێ گەیشتبوو کە سولەیمانی لە ٣١ی کانوونی دووەمەوە (٣١ی دێسەمبەر) لە تارانەوە بەرەو بەغدا دەڕوات. لە کۆتاییدا بڕیار درا سەرەتا سولەیمانی بکرێتە ئامانج و دواتر دوای چەند خولەکێک، فەرماندەی سوپای قودس لە یەمەن بکرێتە ئامانج. بڕیاریان دا کەشتیی ساویز بەجێ بهێڵن بۆ دواتر. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا پێی وابوو کە کۆماری ئیسلامی تۆڵە لە ئەمریکا ناکاتەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی فڕۆکەکەی هەڵگری سولەیمانی لە بەغدا، مەكێنزی و میلی و ئێسپەر لەپەیوەندیدا بوون لەگەڵ یەکتری، بەڵام بینییان کە فڕۆکەکە لە شوێنی خۆی نەنیشتەوە و بە بەرزیی 30 هەزار پێ بەسەر شارەکەدا تێ پەڕی.

لەم کاتەدا، بەرپرسێکی پێنتاگۆن لە مەكێنزیی پرسی: “دەتوانیت ئەم نەفرەتییە بخەیتە خوارەوە؟” یەکسەر مەكێنزی تەلەفۆنی بۆ فەرماندەی تیمە ئاسمانییەکەی لە قەتەر کرد و وتی: ئەگەر فەرمانت پێ بدەم ئەم فڕۆکەیە بخەیتە خوارەوە، دەتوانی بیکەیت؟ خێرا وەڵامی ئەرێنیی دایەوە و هێزەکانی ئەمریکا دوو فڕۆکەی شەڕکەریان ئامادە کرد بۆ ڕاوەدوونانی فڕۆکەکە.

مەكێنزی دەڵێت، زۆری نەخایاند بۆمان دەرکەوت کە فڕۆکەکە بەرەو دیمەشق دەڕوات و ٥٠ سەرنشینی مەدەنیی تێدایە. مەكێنزی و میلی بەخێرایی وازیان لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەکە هێنا. هەروەها فڕۆکەکان لە ئەرکەکە لە یەمەن کشانەوە. بەڵام زانیارییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لە 36 کاتژمێری داهاتوودا سولەیمانی لە دیمەشقەوە دەگەڕێتەوە بەغدا.

دواجار سولەیمانی دوای چەند کاتژمێرێک لە چاوەڕوانی و دواکەوتن، لە دیمەشق سواری فڕۆکەکە بوو و کەمێک پێش نیوەشەو بە کاتی عێراق، لە بەغدا نیشتەوە. دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلی هەڵگری سولەیمانی دوای دەرچوونی لە فڕۆکەخانە کرایە ئامانج، ماڵێکیش لە یەمەن کە پێ دەچوو فەرماندەی داهاتووی سوپای قودسی سوپای پاسداران لەوێ بێت، کرایە ئامانج. بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەو لەوێ نەبووە.

بڕیاری هێرشکردنە سەر سولەیمانی لەلایەن ترامپەوە درا، کە ڕاوێژکارەکانی دڵنیایان کردبووەوە کۆماری ئیسلامی تۆڵە ناکاتەوە. بە بڕوای مەکێنزی، ترامپ بڕیاری دروستی دابوو؛ ئەگەر سولەیمانی ڕانەگیرابایە ستافی زیاتر لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و، هەروەها خەڵکی عێراق گیانیان لەدەست دەدا و هێرشی زیاتریش ڕوویان دەدا. سولەیمانی خۆی ئەو هێرشانەی ئەنجام نەدەدا، بەڵام بێ گومان دوای سەفەرەکەی سولەیمانی بۆ عێراق ڕوویان دەدا.

مەكێنزی لە درێژەدا دەڵێت، “مەترسیی بێکرداری (پەسیڤبوون)، زیاترە لە کردار.” کۆماری ئیسلامی گومانی لە توانای ئەمریکا هەبوو بۆ ئەنجامدانی هێڕشێکی لەم شێوەیە؛ لانی کەم دوو ئیدارەی پێشووی ئەمریکا هەڵوێستێکی بەهێزیان نەبووە. کۆماری ئیسلامی دوای چەندان ساڵ بۆ یەکەم جار هێزی ئاشکرای ئەمریکای بینی و ناچار بوو پێداچوونەوە بە حیساباتەکانیدا بکات. هەرچەندە پاشان هێرشە بچووکەکان بەردەوام بوون، بەتایبەت ئەوانەی کە نەتوانرا ڕاستەوخۆ بەپرسیارێتییەکەی بگەڕێندرێنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئاراستەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئێران و بریکارەکانیان گۆڕابوو: دوورکەوتنەوە لە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.

فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم لە کۆتاییدا دەنووسێت، ئەگەر ئەمریکا بەنیازی مانەوە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێت ئامادە بێت جارێکی دیکە هەمان ئیرادە نیشان بدات. مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان حەتمییە، بەڵام دەتوانرێت بەڕێوە ببردرێت؛ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆرە سیاسەتی ئەمریکای لەرزۆک کردووە، دوورکەوتنەوەیە لە قبووڵکردنی ئەم مەترسییە. وانەی هێرش بۆ سەر سولەیمانی ڕوونە و، نابێت لەبیر بکرێت. ئێرانییەکان ڕێز لە هێزی ئەمریکا دەگرن و لاوازیی ئەمریکا دەقۆزنەوە.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com

سەرچاوەی گۆڤاری ئەتڵەنتیک:

https://www.theatlantic.com/

image_pdfimage_print