پێنووس

سەعید جەلیلی؛ “داوی تەسبیح”ی حزبوڵڵایییەکان یان توێکڵی “ناوکی ڕەق”ی حکوومەت؟

نووسینی: ڕادیو فردا

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

سەعید جەلیلی لە تەمەنی 59 ساڵیدا بۆ جاری سێیەم کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بوو؛ ئێستایش بە کەمتر لە 38%ی دەنگەکان، لەپاڵ مەسعوود پزیشکیان بە 42%ی دەنگەکان، چووە خولی دووەمی هەڵبژاردن. جەلیلی لەم ساڵانەی دواییدا ڕوخساری جەماوەری “جبهە پایداری” بووە؛ کۆمەڵێک بناژۆخواز کە بە “حزبوڵڵای توندڕەو” ناو دەبردرێن.

لە بەرەی جەنگەوە تا زانکۆی ئیمام سدیق

سەعید جەلیلی لە کاتی خوێندنی ئامادەییدا بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئێران و عێراق، چووە بەرەی جەنگەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٦ کە تەمەنی ٢١ ساڵ بوو، لە ئۆپەراسیۆنی کەربەلای پێنج بریندار بوو و قاچی ڕاستی لەدەست دا. سەرەڕای چاوپێکەوتنە زۆرەکانی و وتارەکانی، کەمتر باسی ڕەوتی ژیانی خۆی لە مەشهەدەوە بۆ بوون بە کاندیدی سەرۆکایەتی کردووە.

جەلیلی کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان، تێزی دکتۆراکەی بە ناوی “دیپلۆماسییەتی پێغەمبەری ئیسلام” و کتێبێکیشی بە هەمان ناونیشان چاپ کردووە. جەلیلی لە ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٣ لە هەڵبژاردنی شەشەم و حەوتەمی پەرلەمانی ئێران کاندید کرا، بەڵام هەردوو جارەکە شکستی هێنا.

هاتنە ناو گۆڕەپانی سیاسی لە سایەی ئەحمەدینەژادەوە

دەکرێ بڵێین جەلیلی چوونە ناو سیاسەتی، قەرزاری مەحموود ئەحمەدینەژادە؛ لە فەرمانبەرێک لە وەزارەتی دەرەوە، پلەی بەرز کرایەوە بۆ پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ ناکۆکیی نێوان عەلی لاریجانی و ئەحمەدینەژاد پەرەی سەند، سەرۆککۆماری ئەوکات بڕیاری دا لاریجانی لە پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دوور بخاتەوە و جەلیلی لە شوێنی دابنرێت. لەو کاتەدا بەرپرسیارێتیی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەستۆی وەزارەتی دەرەوە نەبوو، بەڵکوو لە ئەستۆی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوو. لە ئەنجامدا جەلیلی لەناکاو بەرپرسیارێتیی دۆسیەیەکی لەو شێوەیەی لە ئەستۆ گرت، بەبێ ئەوەی پێشینەیەكی دیپلۆماسیی بەرچاوی هەبێت.

 لە ڕێکەوتی ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بە یەکێک لە قۆناغە وەرچەرخانەکانی ژیانی سەعید جەلیلی دادەنرێت؛ کاتێک لاریجانی بردی بۆ ڕۆما بۆ ناساندنی وەک بەرپرسی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بە خاڤێر سۆلانا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا. تا ئەو کاتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردەمی ئیدارەی ئەحمەدینەژاددا سێ بڕیارنامەی دژ بە ئێران دەرکردبوو و دوای ئەوە جەلیلی بە سیاسەتە تایبەتەکانی خۆی درێژەی بەو گفتوگۆیانە دا.

سەعید جەلیلی و کاترین ئاشتۆن (بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەو کاتەدا) لە کاتی دانوستانەکانی ئەستەنبووڵ، شوباتی ٢٠١٠

دانیشتن بەرامبەر سەرۆکی داهاتووی سی ئای ئەی (C.I.A)

بە چوونی جەلیلی بۆ سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، دانوستانەکانی ئێران و ڕۆژاوا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکان بەبێ ئەنجام، دواجار ئەمریکا بۆ ئەو وتووێژانە زیاد دەکرێت. واشنتۆن بڕیار دەدات دیپلۆماتکارێکی بەئەزموون بە ناوی ویلیام بێرنز بەشداری لە دانوستانەکان بکات. بێرنز کە ئەمڕۆ سەرۆکی سی ئای ئەیە، لە کتێبەکەیدا یادەوەریی یەکەم دیداری لەگەڵ سەعید جەلیلی لە مانگی حوزەیرانی 2008دا بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

“جەلیلی وتارێکی 45 خولەکیی سەبارەت بە مێژوو و کەلتووری ئێران پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەسەر ڕۆڵی بنیاتنەری ئێران لە ناوچەکەدا کردەوە. لە بەشێکی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد کە لە زانکۆی تاران بە شێوەی گرێبەست وانە دەڵێتەوە. هەر لەوێ بوو هەستم دەکرد بە هیچ شێوەیەک ئیرەیی بە خوێندکارەکانی نابەم.”

بێرنز لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، لە یاداشتێکی کورتدا کە ئاراستەی کۆندۆلیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کاتەدا کردبوو، نووسیبووی: “گفتوگۆی پێنج کاتژمێر و نیو لەگەڵ ئێرانییەکان بەڕوونی ئەوەی بیر خستمەوە کە ڕەنگە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە بەشداریمان لە گفتوگۆکاندا نەکردووە، هیچمان لەدەست نەدابێت.”

بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش

ئەم سیاسەتمەدارە توندڕەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ بەرپرسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بووە. لەو ساڵانەدا چەندان دانوستان لە جنێڤ، ڕۆما، ڤیەننا، بەغدا، ئەستەنبووڵ، ئەلماتی، مۆسکۆ و ناوچەکانی دیکەی جیهان لە نێوان شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی سەعید جەلیلی و دانوستانکارانی ڕۆژاوا بەڕێوە چوو، بەڵام لە کۆتاییدا هیچیان هیچ دەستکەوتێکیان بەدەست نەهێنا، جگە لەوەی شاندی ئێران دەتوانێت خولی داهاتووی دانوستانەکان دیاری بکات.

جەلیلی لە وتارێکدا لە مانگی ئایاری ٢٠١٣ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماردا ئەمەی وت: “یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە كە، بۆچی هەمیشە گفتوگۆکان لە جنێڤ و ڤیەننا و نیویۆرک بەڕێوە دەچن؟ بۆچی لە بەغدا و ئەستەنبووڵ و ئەلماتی گفتوگۆمان کرد؟ بۆچی دەبێت سیستەمی سوڵتە (مەبەست ڕۆژاوا و ئەمریکایە) بڕیار بدات کە دانوستانەکان لە کوێ ئەنجام بدرێت؟ لۆژیکی دیالۆگ وا دەخوازێ کە شوێنەکەی لەلایەن لایەنەکانەوە ڕێککەوتنی لەسەر بێت. ئەوان گوتیان مادەم پێشتر گفتوگۆکان لە جنێڤ بووە، پێویستە گفتوگۆکان لەوێ بەردەوام بن، بەڵام منیش وەڵامم دایەوە کە کاتێک بەرپرسێکی وڵاتەکەمان بۆ دیالۆگێکی فرەلایەنی نێودەوڵەتی دێتە ئەوێ و سووتەمەنی بە فڕۆکەکەی نادەن، بۆچی و لەسەر بنەمای چ لۆژیکێك، دەبێ ڕازی بین بچینە ئەوێ و، بۆیە بڕیارمان دا بچینە ئەستەنبووڵ. بۆیە دەبێت لە دانوستانەکاندا ئەم توانا لاوەکییانەیش بەکار بهێنین.

لەو شەش ساڵەی کە جەلیلی بەرپرسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ بڕیارنامەی دژ بە ئێران دەرکرد کە دوا بڕیاریان بڕیارنامەی ١٩٢٩ لەژێر فەسڵی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو؛ ئەو بەشەی کە ڕێگە بە ئەنجومەنی ئاسایش دەدات “کردەوەی سەربازی و مەدەنی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی” ئەنجام بدات.

کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار

ساڵی ٢٠١٣، دوای شەش ساڵ مانەوە لە پۆستی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، جەلیلی بڕیاری دا خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کاندید بکات؛ کە تێیدا لەلایەن کاندیدەکانی دیکەوە بەهۆی ئەدای لە دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕەخنەی لێ گیرا. یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنی ئەو ساڵە، ڕەخنەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری دەرەوە لە حکوومەتی خامنەیی و هاشمی ڕەفسەنجانی و کاندیدی دیکەی ئەو ساڵە بوو، کە لەبارەی دانوستانی ئەتۆمی وتی:

“سەیری کە ئاغای جەلیلی! دیپلۆماسی هۆڵی وتنەوەی وانەی فەلسەفە نییە کە بچیتە ئەوێ و بڵێیت لۆژیکی ئێمە بەهێز بوو و ئەوانیش مەحکووم بوون. ئەوەی خەڵک دەیبینن ئەوەیە کە ئێوە چەند ساڵێکە بەرپرسی دۆسیەی ئەتۆمین و یەک هەنگاوتان بۆ پێشەوە نەناوە و گەمارۆکان ڕۆژانە زیاتر دەبن و گوشار دێتە سەر خەڵك”. بێ گومان جەلیلی لە وەڵامدا جەختی لەوە کردەوە کە “لۆژیکی” کۆماری ئیسلامی لە دیالۆگەکاندا باڵاترە و هەر بەم هۆیەیشەوە وڵاتانی ڕۆژاوا وەڵامێکیان نەبووە کە بیخەنە بەردەم ئێران.

جەلیلی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا سەرکەوتوو نەبوو و بە نزیکەی چوار ملیۆن دەنگ لە پلەی سێیەم کۆتایی بە ڕکابەرایەتییەکە هات. پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، ئەحمەد عەلەمولهودا، ئیمامی جەماعەتی مەشهەد لە ٢٠١٣، قسەیەکی عەلی خامنەییی سەبارەت بە سەعید جەلیلی گێڕایەوە، كە بەپێی ئەو وتەیە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، چوار ملیۆن دەنگەکەی ئەم سیاسەتمەدارەی بەنرخ وەسف کردووە و بە جەلیلی گوتووە: “ئەم چوار ملیۆنە ئاماژەیە بۆ بوونی جەوهەرێک لەم کۆمەڵگەیەدا”.

لە هەمان کاتدا هەوادارانی جەلیلی لێدوانی دیکەی خامنەیییان هێنایەوە، کە بێ گومان نە پشتڕاست کرایەوە و نە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکەوە ڕەت کرایەوە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کرایەوە، ئەویش ئەوە بوو کە خامنەیی وتوویەتی کە جەلیلی دەبێ هەوڵی ئەوە بدات کە “داوی تەسبیح”ی ئەو چوار ملیۆن کەسە بێت تاكوو “ئەم حەشیمەتە گەشە بکەن و فراوان بن”.

دوای ئەو هەڵبژاردنە، جەلیلی بوو بە یەکێک لە ڕەخنەگرانی جددیی حکوومەتی ڕۆحانی و دانوستانە ئەتۆمییەکان و دواتر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ (JCPOA ، بۆیە زۆر جار لە وتارەکانیدا ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بە کارێکی هەڵە وەسف کرد و بە پەیماننامەیەک بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا ناوی برد.

جەلیلی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ خۆی کاندید نەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ یەکێک بوو لە کاندیدەکان و لە دیبەتەکانی هەڵبژاردنیشدا چەندان جار ڕەخنەی لە ئەدای حکوومەتەکەی ڕۆحانی گرت و باسی پلانەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دەکرد. بەڵام “داوی تەسبیح”ەکە دوای کۆتاییهاتنی دوایین دیبەیت، کاتێک بۆ هەمووان ئاشکرا بوو کە ئیبراهیم ڕەئیسی بڕیارە ببێتە سەرۆککۆمار، بە قازانجی ئەو کشایەوە.

هەڵبژاردنی ٢٠٢٤

پاش کۆچی دواییی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەعید جەلیلی جارێکی دیکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کاندید کردەوە. لێدوانەکانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا هیچ جیاوازییەکیان نەبوو لەگەڵ ئەوەی کە لە قۆناغەکانی پێشوودا گوتبووی. جەلیلی کە لەنێو هێزە ڕادیکاڵترەکانی نێو حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا خۆشەویستە، بە پشتبەستن بەو پشتیوانییانە کاندید کرا و سەرەڕای هەوڵی گرووپە بناژۆخوازە جۆراوجۆرەکان، ئامادە نەبوو لە گۆڕەپانەکە پاشەکشە بکات.

لەم نێوەندەدا بەشە جیاجیاکانی ئەو دەستە حکوومییەی کە “قالیباف”یان پێ باشتر بوو، هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی جەلیلی لە بەرژەوەندیی قالیباف بکشێتەوە، بەڵام جەلیلی کە تەنانەت ئامادە نەبوو پۆستێک لە حکوومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی قبووڵ بکات، سەرەڕای ڕاوێژی زۆر و تەنانەت مشتومڕە توند و شاراوە و ئاشکراکانی نێوان هەوادارەکانیان، تا کۆتایی لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە.

ئەمە پێنجەمین جارە کە ئەم کەسایەتییە سیاسییە ڕادیکاڵە لە هەڵبژاردنێکدا لە کۆماری ئیسلامیدا کاندید دەکرێت و سێیەمین ئەزموونی ئەو کەسایەتییەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا. لە دوو هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی و دوو جاریش لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا، جەلیلی هیچ سەرکەوتنێکی نەبوو و باشترین تۆماری ئەم کاندیدە جەماوەرییەی “بەرەی موقاوەمە” (بە فارسی: جبهه پایداری)، بەدەستهێنانی چوار ملیۆن دەنگ و بەدەستهێنانی پلەی سێیەم بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2013 .

ئێستا، ئەم کەسایەتییە توندڕەوە، لەپاڵ مەسعوود پزیشکیان، چۆتە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و، تەنیا هەنگاوێک لە بینای پاستوورەوە دوورە.

سەرچاوە:

https://www.radiofarda.com

image_pdfimage_print