ماکس بووت (Max Boot)
ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (CFR)
جەنگی ئێران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دامەزراوەی بەرگریی ئەمریکای دەرخستووە و ڕێگەیش نیشان دەدات کە چۆن پێویستە ئەمریکا هێزە چەکدارەکانی بۆ جەنگەکانی داهاتوو دابڕێژێتەوە. بەدیاریکراوی، جەنگەکە پەردەی لەسەر کۆمەڵێک لاوازی داماڵییەوە کە پێویستە ئەمریکا بەپەلە چارەسەریان بکات، بۆ ئەوەی بۆ ململانێ لەگەڵ ئەو نەیارانە ئامادە بێت کە تەنانەت لە ئێرانیش مەترسیدارترن.
ڕوونترین خاڵی بەهێزی پێنتاگۆن (Pentagon) بریتییە لە بەکارهێنانی چەکی وردپێک (precision weaponry) بۆ باراندنی ئەوەی کە پیت هێگسێت (Pete Hegseth)، وەزیری بەرگری، زۆر جار بە ”مەرگ و وێرانکاری لە ئاسمانەوە” وەسفی دەکات، بە کەمترین مەترسی بۆ سەر سەربازەکانی ئەمریکا. ئەمریکا زیاتر لە ٨٥٠ مووشەکی کرووزی جۆری تۆماهۆک (Tomahawk)ی تەقاند، کە لە جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ەوە کۆڵەکەی سەرەکیی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئەمریکایە، لەگەڵ چەکی نوێتری وەک مووشەکی لێدانی ورد (PrSM)، کە جێگرەوەی سیستەمی مووشەکیی تاکتیکیی سوپایە (ATACMS) و مەوداکەی ١٩٠ میلە.
لە یەکەم مانگی جەنگەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سێزدە هەزار ئامانجیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە، کە لە بارەگاکانی سەرکردایەتییەوە تا دەگاتە بنکەکانی هەڵدانی مووشەکی دەگرتەوە. ئەو هێرشانە کە پشتیان بە زانیاریی هەواڵگریی خاڵپێک دەبەست، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئێرانیان لە ڕێبەری باڵا، “ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی” و بەرپرسانی خوارترەوە کوشت. کێشەکە لەوەدایە کە ئەمریکا ڕێژەیەکی تا ڕاددەیەک کەم لە پێشکەوتووترین مووشەکەکانی بەرهەم دەهێنێت، هەروەها دوای چەند هەفتەیەک لە جهنگ، ساڵانێکی دەوێت تا کۆگهکانی پڕ بکاتەوە. بۆ نموونە، سوپای ئەمریکا تەواوی یەدەگی مووشەکەکانی (PrSM)ی خۆی دژی ئێران بەکار هێنا.
گرفتە گەورەکە قورسیی گۆڕینی سەرکەوتنە سەربازییە تاکتیکییەکانە بۆ ئەنجامی ستراتیژی – گرفتێک کە ئەمریکا چەندان جار ڕووبەڕووی بووەتەوە و، تازەترینیان لە ئەفغانستان و عێراقدا بوو. هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل توانای سەربازیی ئێرانی لاواز کرد، بەڵام نەیتوانی ڕژێمەکە بڕووخێنێت یان دەست بەسەر کۆگهکەیدا بگرێت کە نزیکەی هەزار پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراو لەخۆ دەگرێت. هەروەها بووە هۆی ئەوەی ئێران گەرووی هورمز دابخات و، بەو هۆیەوە قەیرانێکی جیهانیی وزەی دروست کرد. جیمز ماتیس (James Mattis)، ژەنەڕاڵی چوار ئەستێرەی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی (Marine) و یەکەم وەزیری بەرگریی دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump) گوتی: ”ئامانجپێکان هەرگیز قەرەبووی نەبوونی ستراتیژییەت ناکاتەوە.”
لە کاتێکدا جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستان لاوازیی سوپای ئەمریکایان بەرامبەر بۆمبە چێنراوە هەرزانەکان دەرخست، ململانێکەی ئێران لاوازیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر بە درۆن (فڕۆکە بێفڕۆکەوان)ە هەرزانەکان ئاشکرا کردووە. ئێران هەزاران درۆنی جۆری شاهید (Shahed)ی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداوی فارس کرد. باوترین جۆری فڕۆکەی شاهید مەوداکەی دەگاتە ١،٥٠٠ میل و تێچووەکەی نزیکەی ٣٥ هەزار دۆلارە.
فڕۆکەکانی شاهید، هاوشانی ئەو مووشەکانەی کە ئێران ئاراستەی کردن، زیانێکی بەرچاویان گەیاند، بەتایبەتی بە ژێرخانی مەدەنی لە کەنداو و، بەم شێوەیە کەموکوڕیی بەرگرییی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان دەرخست. لەبەر ئەوەی فڕۆکەکانی شاهید بچووکن، شاردنەوەیان ئاسانە و دەتوانرێت بەخێرایی هەڵبدرێن، ئێران توانیی بەردەوام بێت لە تەقاندنیان؛ سەرەڕای هەڵمەتی بۆردوومانەکانی ئەمریکاش. هێرشەکانی ئێران زیانیان بە فڕۆکەکانی ئەمریکا لەسەر زەوی گەیاندووە یان تێکیان شکاندوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە تۆڕەکانی ڕادار کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ بەرگریی ئاسمانی بەکاریان دەهێنن.
ئەمریکا و هاوبەشەکانی لەپێناو بەرگریکردن لە خۆیان دژی هەڕەشەکانی ئێران، لە ١٦ ڕۆژی سەرەتای ململانێکەدا زیاتر لە ١،٧٠٠ مووشەکی پاتریۆت (Patriot)یان تەقاند. بەخێرایی ئەوە ڕوون بووەوە کە تەقاندنی مووشەکی پاتریۆت بە بڕی ٣.٤ ملیۆن دۆلار یان مووشەکی تاد (THAAD) بە بڕی ١٢.٧ ملیۆن دۆلار بۆ بەرگریکردن دژی درۆنی ٣٥ هەزار دۆلاری، بژاردەیەکی ئابووریی گونجاو نییە. بەڵام بەر لە هەڵگیرسانی جەنگەکە، ئەمریکا سیستەمی بەرگریی هەرزانی دژی درۆن لە گۆڕەپانەکاندا جێگیر نەکردبوو. ئەمە بەو واتایە بوو، کاتێک جەنگەکە پێویستیی ئەو سیستەمانەی دەرخست، وڵاتانی کەنداو ڕێکكەوتنیان لەگەڵ کیێڤ (Kyiv) واژۆ کرد بۆ دەستکەوتنی شارەزایییەکانی ئۆکراینا لە بواری دژەدرۆن، لەنێویاندا درۆنی ڕێگریکەری هەرزان کە تێچووەکەی تەنیا هەزار دۆلارە. ئەو تەکنەلۆژیایانە وایان لە ئۆکراینا کردووە کە زیاتر لە ٩٠٪ی ئەو درۆنانهی شاهید بخاتە خوارەوە کە ڕووسیا ئاراستەی دەکات.
بەم جۆرە، جەنگی ئێران پێویستیی ئەمریکای بۆ تەقەمەنیی زیاتر و بەرگریی زیاتری دژەدرۆنی هەرزان ڕوون کردووەتەوە. هەروەها بەتوندی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە پشتبەستنی واشنتۆن بە ئامرازە جەنگییە گرانبەهاکانی وەک تانک، فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و کەشتییە دەریایییەکان کە لەلایەن مرۆڤەوە سەرپەرشتی دەکرێن (manned platforms)، لە سەردەمی جەنگی درۆنەکاندا خەریکە دەبێتە بابەتێکی بەسەرچوو.
یەکەمین مەرج لەو پێداویستییانە ماوەیەکە بەڕوونی دەرکەوتووە. تەنانەت بەر لە دەستپێکردنی جەنگەکەیش، وەزارەتی بەرگری پلانی هەبوو بەرهەمهێنانی هەندێک لە مووشەکە سەرەکییەکان زیاد بکات کە دژی ئێران بەکار دەهێنرێن. بەڵام ئەم کارە چەند ساڵێکی پێویست دەبێت و، لەم نێوەندەدا دابەزینە مەترسیدارەکەی ئاستی جبەخانەکانی ئەمریکا دەتوانێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ لەگەڵ چین یان ڕووسیادا ببێتە هۆی کەموکوڕی. جگە لەوەیش، تەنانەت ڕێژە بەرزەکانی بەرهەمهێنانیش ئەگەری زۆرە لە کاتی ململانێیەکی گەورەدا ناتەواو بن. شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ئەمریکا دەکرێت لە ماوەی یەک هەفتەی جهنگدا دژی چین، تەقەمەنییە سەرەکییەکانی لێ تەواو بێت.
بەسادەیی هیچ ڕێگەیەکی کردەیی و ئابوورییانە لهئارادا نییە بۆ بەرهەمهێنانی بەلێشاوی تەقەمەنییە پێشکەوتووەکان بە بڕی پێویست بۆ جەنگێکی درێژخایەن دژی زلهێزێک. بۆ نموونە، هێزی ئاسمانی هەستی بەوە کردووە کە ڕووبەڕووی گرفتێک بووەتەوە، بۆیە دەستی کردووە بە وەبەرهێنان لەو بوارەی کە جەنەڕاڵ ڕۆبەرت پی. لایۆنزی سێیەم (Robert P. Lyons III) بە ”پۆلێکی نوێ لە تەقەمەنیی گونجاو و کەمتێچوو ” ناوی دەبات. نموونە سەرەتایییەکان بریتین لە مووشەکی کرووز کە مەودایان کورتترە و بڕی ئەو تەقەمەنییەی هەڵی دەگرن (payload) کەمترە بە بەراورد بە مۆدێلەکانی ئێستا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تێچووەکەیان زۆر کەمترە، کە بۆ هەر مووشەکێک کەمترە لە ٢٥٠ هەزار دۆلار.
بە شێوەیەکی گشتی، ئەمریکا بەردەوامە لە دواکەوتنێکی زۆر خراپ لە بواری بەرهەمهێنانی درۆندا. لە ساڵی ٢٠٢٦دا، تەواوی سوپای ئەمریکا تەنیا شازدە هەزار ئامرازی ئاسمانیی بێفڕۆکەوانی لە گۆڕەپانەکاندا جێگیر کردووە. هێگسێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند بۆ زیادکردنی ئەو ژمارەیە بۆ سێ سەد هەزار درۆن تا ساڵی ٢٠٢٧، بەڵام تەنانەت ئەو ڕێژەیەیش پێ دەچێت بە چەندان قات کەمتر بێت لە پێداویستییەکانی ناوەندی جەنگ. لە ساڵی ٢٠٢٦دا، ئۆکراینا، کە زۆر هەژارتر و بچووکترە لە ئەمریکا، پلانی هەیە حەوت ملیۆن درۆن دروست بکات.
پێویستە ئەمریکا سەرچاوەیەکی زۆر زیاتر لە بواری درۆندا خەرج بکات و کەمتر وەبەرهێنان لە سیستەمە گرانبەها سەرپەرشتیکراوەکاندا (manned systems) بکات، وەک تانکەکانی ئێم یەک ئەبرامز (M1 Abrams)، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف سی و پێنج (F-35) و کەشتییە دەریایییەکان. بە هەمان شێوە، زۆر پێویستە ئەمریکا سیستەمی بەرگریی دژی درۆن دروست بکات کە توانای ئەوەی هەبێت بە تێچوویەکی کەم، ڕێگری لەو درۆنە هێرشبەرانە بکات کە لە سەرانسەری جیهاندا پەرە دەستێنن. کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی بەرگریی ڕۆژاوا خەریکی پەرەپێدانی مووشەکی دژەدرۆن و فڕۆکەی ڕێگریکەرن کە تێچووەکەیان دەیان هەزار دۆلارە. ئەمە زۆر هەرزانترە لە مووشەکەکانی پاتریۆت و تاد (THAAD) – بەڵام هێشتا زۆر گرانترە لەو درۆنه ڕێگریکەرانەی کە ئۆکراینا دروستیان دەکات. لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کیێڤ (Kyiv) لە سفرەوە هێزێکی دامەزراندووە کە پێ دەچێت کاریگەرترین سوپای درۆن بێت لە جیهاندا. پێویستە ئەمریکا وەبەرهێنان لە پیشەسازیی درۆنی ئۆکراینادا بکات و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەدا دروست بکات، بۆ ئەوەی بە تێچوویەکی زۆر کەمتر لەوەی بەڵێندەرانی بەرگریی ئەمریکا دەتوانن بیکەن، درۆنی هێرشبەر و بەرگریکاریش بەرهەم بهێنێت.
خراپترین کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکا بەرامبەر بە جەنگی ئێران، بریتی دەبێت لە لەخۆڕازیبوون و خەمساردی. ڕاستە، جەنگەکە وەک دەرفەتێک بوو بۆ نمایشکردنی چەکە پێشکەوتوو، دوورمەودا و خاڵپێکەکانی ئەمریکا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لاوازییە زەقەکانی هێزەکانی ئەمریکایشی دەرخست. ئەگەری زۆرە چین و ڕووسیا هێزی مووشەکی و درۆنی زۆر پێشکەوتووتر لە ئێران بخەنە مەیدانەوە. پێویستە ئەمریکا ئامادە بێت – نەک تەنیا بە شێوازێکی تاکتیکی و تەکنەلۆژی، بەڵکوو بە شێوازێکی ستراتیژیش.
پێویستە سەرکردە سیاسییەکانی ئەمریکا بەر لە چوونەناو هەر جەنگێک لە داهاتوودا، زۆر بەوردی بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن دەتوانن سوپای ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی سیاسیی خوازراو بەکار بهێنن. نەبوونی ستراتیژییەتێکی لەو شێوەیە، کەموکوڕییەکی ئاشکرای ئەمریکا بووە، هەر لە جەنگی ڤێتنامەوە تا دەگاتە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستان – و ئێستایش جەنگی ئێران.








