هێزی نەرم و ماناکانی – بەشی دووەم  

 

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

هێز بەگشتی، کۆمەڵێک بنەما و ڕەگەز لەخۆ دەگرێت، لەوانە دەسەڵات، سەرچاوە و داهات و بیروباوەڕ، کە زیاتر بە سێکوچکەی هێز دادەنرێت. لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا هەموو جۆرەکانی هێز بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت بەکار دەهێنرێت. هێزی نەرم لە سیاسەتی دەرەوەی زۆربەی وڵاتاندا، بەگشتی هونەر و پێکهاتەکانی وەک سینەما، شانۆ، گۆرانی و موزیک، سەما و هەڵپەڕکێ نەتەوەیییەکان لەخۆ دەگرێت. دواتر ئەدەب، لەناویشیدا ڕۆمان، شیعر، فۆلکلۆر و حیکایەتە میللییەکانی ئەو وڵاتە و؛ بەگشتی هەموو ژانرەکانی ئەدەب لەخۆ دەگرێت. هێزی ڕەق پێچەوانەی هێزی نەرم، تیشک دەخاتە سەر بابەت و ڕەگەزی تر. دەکرێت بڵێین زیاتر ڕەگەزە کلاسیکی و تەقلیدییەکان لەخۆ دەگرێت، لەوانە: ژمارەی دانیشتووانی وڵات، ڕووبەر و فراوانیی وڵات، جوگرافیا و تۆپۆگرافیای وڵات، توانا و سەرچاوە ئابوورییەکانی، توانا سەربازی و دیپلۆماسییەکانی.

بۆ ئەوەی هێزی نەرم بەتەواوی بناسین و بە بنچینەکانی ئاشنا بین، دەبێت سەرەتا هێزی ڕەق و ڕەگەزەکانی بناسین و؛ بۆ ئەم مەبەستەیش دەکرێت شەش بنەما بۆ هێزی ڕەق دیاری بکەین بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: ژمارەی دانیشتووان و جۆر و چینە کۆمەڵایەتییەکانی.

دووەم: سیسته‌می سیاسی و فەرمانڕەوایی و پێگەی نێودەوڵەتی.

سێیەم: هەڵکەوتەی جوگرافی و لایەنی تۆپۆگرافی.

چوارەم: سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی.

پێنجەم: توانای مرۆیی و شێوازی بەرهەمهێنانی ئابووری و پیشەسازی.

شەشەم: کەرتی سەربازی.

هێزی نەرم لە زۆربەی دۆخەکاندا بە باشترین و کاریگەرترین جۆری هێز لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دادەنرێت، چونکە ئاسانتر دەتوانێت ئەکتەرە ڕکابەرەکانت بۆ کۆنتڕۆڵ بکات و هەمیش تێچووی کەمترە و، ئاسانیشە لە بەکارهێنان و زووتریش ئامانجەکەی خۆی دەپێکێت. "جۆزێف نای" پێی وایە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دونیا دەتوانن لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی ڕەقەوە تا ڕاددەیەکی زۆر ئامانج و ویستەکانیان بەدەست بهێنن، بەڵام ڕووبەڕووی هەڕەشە و تێچوو و کاتی زۆریش دەبنەوە و لە هەندێک دۆخیشدا ڕەنگە کیان و چوارچێوەی دەوڵەتەکەیشیان بکەوێتە مەترسییەوە. "نای"، هانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدات بۆ بەکارهێنان و فراوانکردنی هێزە نەرمەکەی، بۆ ئەوەی وەک زلهێزێکی جیهان و ئەکتەرێکی کاریگەری نێو سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتیی تاکجەمسەری بمێنێتەوە. چونکە ئەمریکا خاوەن سەرچاوەیەکی یەکجار گەورەی هێزە لە دونیادا؛ هەر لە هێزی ڕەقەوە کە هێزی سەربازی و ئابووری لەخۆ دەگرێت، تا دەگاتە کەلتوور و فەرهەنگ و شێوە ژیانی تایبەتی ئەمریکییەکان، بەتایبەت ئەمریکا لە ئێستادا خاوەن ٦٠%ی نیشانە بازرگانییەکانی جیهانە و خاوەن زانکۆی گەورە و بەناودەنگ و ئاستبەرزی وەک "زانکۆی هارڤارد"ە و، لە ئێستادا ٣٠%ی قوتابیانی جیهان لە زانکۆکانی ئەمریکا لە ئاست و بوار و پسپۆڕییە جیاوازەکاندا درێژە بە خوێندنەکه‌یان دەدەن. ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین کارخانەکانی دونیا لە مەسەلەی بەرهەمهێنانی فیلم، موزیک، گۆرانی (بەتایبەت ڕاپ)، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی، میدیا و ڕەگەزەکانی، کتێب و چاپ و بڵاوکردنەوە، توانای مرۆیی و فیلم کارتۆن و یارییە ڤیدیۆییەکان و هتد.

پایە سەرەکییەکانی هێزی نەرم

"جۆزێف نای" وەک داڕێژەر و تیۆریستی یەکەمی چەمکی هێزی نەرم، پایەی ئەم هێزە بۆ سێ ئاستی جیاواز پۆڵێن دەکات:

١- بەها و دامەزراوەکان.

٢- کەلتوور و فەرهەنگ و زانست و میدیا و بزنس.

٣- پێگەی دەوڵەت و کاریگەرییەکەی بەسەر ئەکتەرەکانی ترەوە.

سەرچاوە و ڕەگەزەکانی هێزی نەرم لە دیدی "جۆزێف نای"ەوە

جۆزێف نای، بۆ سەرنجڕاکێشانی دونیا و سەپاندنی هێژموونی ئەمریکا لە ناوچە و جوگرافیا جیاوازەکانی دونیادا، زۆر بەقووڵی و زۆر بەوردی سەرچاوە و ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی هێزی نەرمی ئەمریکای دیاری کردووە. سەرچاوەکانیش بەگشتی بریتین لە:

١- کۆمپانیا ئابوورییە نێودەوڵەتییە فرەڕەگەز و کیشوەربڕەکان.

٢- لێکۆڵەر و خوێندکار و توێژەرە بیانییەکان و ئەو نوخبە ئەکادیمییەی کە بۆ خوێندن ڕوو لە ئەمریکا دەکەن و دواتریش دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان، لە دامەزراوەی نوێنەرایەتیی ئەمریکا و ناوەندە دیپلۆماسی و میدیایییەکانی ئەمریکا کار دەکەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنە نوێنەری ئەمریکا لە وڵاتەکەیان.

٣- سینەمای ئەمریکی بەگشتی و، بەرهەمەکانی هۆلیوود و موزیکی جاز و ڕاپ بەتایبەتی.

٤- هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە وەک کۆچبەر لە ئەمریکادا دەژین، لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە بە مەبەستی بازرگانی و کارکردن لە ئەمریکادا ژیاون و کاریان کردووە.

٥- تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەگشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، تویتەر، یۆتيۆب، گووگڵ بەتایبەتی و کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژی وەک مایکڕۆسۆفت، ئەپڵ و هتد.

٦- بڕاندە جیهانییەکانی وەک ماکدۆناڵد، کۆکا کۆلا، کەی ئێف سی، فۆڕد و چەندانی تر.

جۆزێف نای پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم سەرچاوانەی هێزە نەرمەکەیەوە، دەتوانێت ئامانجە سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی، سەربازی و فەرهەنگییەکانی خۆی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بپێکێت و، بەمەیش دەبێتە مۆدێلێک و، وڵاتانی تری دونیا بە هۆی سەرسامبوونیانەوە پێی، بەردەوام لاسایی دەکەنەوە یان بە لایەنی کەمەوە هەوڵ دەدەن وەک ئەمریکا دەربکەون. لێرەوە گرنگیی هێزی نەرم دەردەکەوێت، بەوەی کە بەبێ ناچارکردن و زۆرلێکردن و بەکارهێنانی هێز وا لە وڵاتانی تر و ئەکتەرەکانی تر دەکەیت ملکەچی بڕیار و فەرمانەکانی تۆ بن و ئەو کردەیە ئەنجام بدەن کە تۆ وەک دەوڵەت دەتەوێت و ئامانجتە. سەرەڕای ئەمانەیش، هێزی نەرم هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بنەماکانی هێزی ڕەقەوە نییە! واتە هێزی نەرم پەیوەندیی بە قەبارە و ڕێژەی دانیشتووانی دەوڵەت، شێوەی دەوڵەت و پێگەی سەربازی و دۆخی ئابووری و لایەنی ئایدیۆلۆژیی دەوڵەتەوە نییە؛ بۆ نموونە، مەرج نییە وڵاتێک خاوەن سەرچاوەکانی هێزی ڕەق بێت (زۆری ژمارەی دانیشتووان، فراوانیی ڕووبەری دەوڵەت و پێگەی سەربازی) و لە هەمان کاتیشدا ڕەنگەدانەوەی لەسەر هێزە نەرمەکەی هەبێت.

هێزی نەرم و ناوەندە میدیایییەکان

میدیا و ڕەگەزەکانی بەگشتی و میدیای کۆمەڵایەتی بەتایبەتی، بە دڵ و ئۆکسجینی هێزی نەرم دادەنرێت، چونکە لە بڵاوکردنەوە و پەخشکردن و دابەشکردنەوەی بەها و ڕەگەزەکانی هێزی نەرم و بەرهەمهێنانی ڕای گشتی لە دونیادا، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورە و سەرەکی دەگێڕن. میدیا دەتوانێت لە هەموو گۆشە و کون و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگەدا ئامادە بێت و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت؛ بەتایبەت لە سەردەمی ئەمڕۆدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەخێرایی ڕووداوەکان دەگوازنەوە و هەموو سنوورە نەتەوەیی و یاسایییەکانی بڕیوە و بازی بەسەر هەموو نەتەوە و کەلتوور و فەرهەنگە جیاوازەکانی دونیادا داوە و بەتەواوی چەمکی میدیای کلاسیکی تێ پەڕاندووە و بووە بە کاریگەرترین و خێراترین ئامراز لە دروستکردنی هێژموون و کاریگەریی وڵاتیک بەسەر یەکێکی ترەوە. بێگومان پڕۆسەی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و سەرهەڵدانی کۆمپیوتەر و مۆبایلی تاکەکەسی و لایڤی ڕاستەوخۆ و ئامرازەکانی تری پەیوەندیکردن، ئەم پڕۆسەیان خێراتر کردووە و بووە بە پایەیه‌کی بنەڕەتی و کڕۆکی هێزی نەرم و شێوازی کارکردنی لە ڕووبەرە گشتییەکانی جیهاندا.

هێزی نەرم بەگشتی، پەیوەندییەکی پتەو و توندوتۆڵی بە میدیا و پایە سەرەکییەکانی میدیاوە هەیە و؛ لە لایەکی ترەوەیش پڕۆسەی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی، ئەم پڕۆسەیەی هێندەی تر خێراتر کردووە! بەشێکی زۆری وڵاتانی دونیا، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی تایبەت و کەناڵی ئاسمانیی تایبەتەوە هێزە نەرمەکەیان بەکار بهێنن و کاریگەری لەسەر ڕای گشتیی جیهانی و ئەکتەرە سیاسییە جیاوازەکانی نێو کٶمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەن؛ بۆ نموونە ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی کەناڵی "سی ئێن ئێن" و "ماڵپەری دەنگی ئەمریکا" و "کەناڵی فۆکس نیوز" و بەرنامەی "زە دۆکتەرس" و کاراکتەری "ئۆپرا" و و ڕۆژنامەکانی وەک "واشنتۆن پۆست" و "نیویۆڕک تایمز" و...، کاریگەری لەسەر ڕای گشتیی جیهان دروست بکات. بریتانیا لە ڕێگەی کەناڵی "بی بی سی" و "سکای نیوز" و "ماڵپەری گاردیان" و کاراکتەری "جیمس بۆند" و "هاری پۆتەر" و "ئەدێڵ"ەوە هێژموون و کاریگەری دروست بکات. ئێران لە ڕێگەی کەناڵی "سەحەر" و "پرێس تیڤی" و چەندین کەناڵی ترەوە و تورکیایش لە ڕێگەی زنجیرە کەناڵەکانی "تاراتە" و "ئاژانسی ئەنادۆڵ"ەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples