قەتەر و هێزی نەرم/ بەشی دووەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

دیدگه‌ی نەتەوەییی قەتەر تا ساڵی ٢٠٣٠

قەتەر لە ڕێگەی دیدگه‌ی نەتەوەییی تایبەت بە خۆیەوە، دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٣٠ لە کۆمەڵێک بواردا گەشەپێدان ئەنجام بدات هەر لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆیییەوە تا دەگاتە بواری ژینگە و بوارە جیاوازەکانی تر. لە لایەکی ترەوە قەتەر دەیەوێت بێلایەن دەربکەوێت، بەتایبەت لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و پاڵپشتینەکردنی هیچ وڵاتێکی ئەندام لەم ئەنجومەنە. بەمەیش ناسنامه‌یه‌کی سیاسیی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرهەم دێت، جیاواز لە سیاسەتی وڵاتانی تری عەرەبی و وڵاتانی کەنداو؛ سەرەڕای ئەوەی قەتەر میوانداریی بەشێکی زۆری کۆنفڕانس و ڕووداوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بەشدارییەکانی خۆیشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دونیا زیاتر کردووە. هەموو ئەو هەوڵ و سیاسەتانەی قەتەر، دەچێتە بواری بەکارهێنانی هێزی نەرم و بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسیی ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

کەرتی خوێندنی باڵا و هونەر و کەلتوور

 کەرتی خوێندنی باڵا یەکێکە لە سەرچاوەکانی تری هێزی نەرم، کە قەتەر هەوڵ دەدات لە ڕێگەیەوە وەبەرهێنانی سیاسیی تێدا بکات و وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و مەعریفی لە ناوچەکەدا دەربکەوێت. لە ساڵی ٢٠٠٨دا ناوەندێکی فکری وەک بەشێک لە ناوەندی بڕۆکینگز بە پاڵپشتیی دارایی و هاوکاریی ئەمیری قەتەر کرایەوە. قەتەر شار و ناوچەی تایبەت بە خوێندن و لێکۆڵینەوەی دامەزراندووە کە ڕۆڵی ئەکادیمی و زانستی بۆ پێشخستنی کایەی مەعریفی و کەرتی خوێندنی باڵا لەو وڵاتەدا دەگێڕێت! لەگەڵ ئەمانەیشدا کۆمەڵێک زانکۆی نێودەوڵەتی و جیهانی، لق و کامپسی تایبەتی خۆیان لە قەتەردا کردۆتەوە، لەوانە: زانکۆی جۆرج تاون، زانکۆی تەکساس و کۆلێژی پزیشکیی ویل کۆرنێل و هتد. لە پاڵ هەموو ئەمانەیشدا قەتەر بەچڕی کار بۆ ئەوە دەکات بچێتە سەر نەخشەی هونەری جیهانییەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری و مۆزەخانەی هونەرییەوە، لەوانە: مۆزەخانەی هونەری ئیسلامی لە قەتەر، کتێبخانەی نەتەوەیی، مۆزەخانەی مێژوویی، مۆزەخانەی وێنە و جلوبەرگی فۆلکلۆری و کەلوپەلی کۆن جگە لە میوانداریکردنی دەیان ڕووداوی هونەری و فێستیڤاڵی فیلم و دراما و کردنەوەی سینەمای گەورە لەو وڵاتەدا. دەستەبژێری سیاسی لە قەتەر پێیان وایە، لەو ڕێگەیەوە و بە هۆی خوێندنی باڵا و هونەر و فەرهەنگ و کەلتوورەوە، دەتوانن باشتر پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی و چوارچێوەی کیانەکەی خۆیان بکەن و باشتر پایەکانی خۆیان جێگیر بکەن و زیاتر بمێننەوە!

کەرتی گەشتیاری و هێڵی ئاسمانیی قەتەر

 بەشێکی تری سەرچاوەی هێزی نەرمی قەتەر، کەرتی گەشتیاری و هۆتێڵ و چێشتخانە و شوێنی گەشتیاری و هێڵی ئاسمانیی قەتەرە. قەتەر توانیویەتی ئاستی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانی بگەیەنێتە ئاستی جیهان و لەگەڵ بنەما و پێوەره‌ جیهانییەکان بیگونجێنێت! پیشەسازیی گەشتیاری و داهاتی ئەو کەرتە، بەشێکی هەرە گەورە لە ئابووریی قەتەر پێک دەهێنێت. قەتەر لە ڕێگەی ڕێکخراوی گەشتیاریی قەتەرەوە کە بەشێکە لە وەزارەتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە، دەیەوێت ڕۆڵێکی نوێ و کاریگەر لە پیشاندانی قەتەر وەک هێزێکی ناوچەیی و خاوەن هێژموونی سیاسی و ئابووری و کەلتووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت. ڕێکخراوی گەشتیاریی قەتەر لە ڕێگەی ڕیکلام و سیاسەتی ڕاگەیاندن و بەبازاڕکردنییەوە، توانیویەتی ڕێژەی گەشتیاری بۆ یەک ملیۆن و نیو لە ساڵێکدا بەزر بکاتەوە؛ ماوەی مانەوەی گەشتیاریش لە ڕۆژ و نیوێکەوە بۆ چوار ڕۆژ زیاد بکات. ئەم ڕێکخراوە لە شارێکی وەک لەندەن کە یەکێکە لە شار و ناوەندە هەرە پڕدانیشتووان و زیندووەکانی دونیا لە ڕێگەی ٥٠ ئۆتۆمبێڵی تاکسییەوە ڕیکلام بۆ کەرتی گەشتیاریی قەتەر دەکات و ئۆتۆمبێلەکان بەبەردەوامی لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو شارەدا دەخولێنەوە تا زۆرترین کەس لەو شارەدا بە کەرتی گەشتیاریی قەتەر و تایبەتمەندی و شوێنە دڵڕفێنەکانی قەتەر ئاشنا بێت و، بەمەیش ڕێژەی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە زیاتر بکات. لە لایەکی ترەوە کەناڵی "ئەلجەزیرە" وەک ناوەندێکی کاریگەریی میدیایی، بۆتە سەرچاوەیەکی تر بۆ ناساندنی کەرتی گەشتیاریی وڵاتی قەتەر لە ڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانییەوە. ژمارەی هۆتێلە چوار ئەستێرەیی و پێنج ئەستێرەیی و ناوەندە گەشتیارەکانی تر لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەردەوام لە زیادبووندان. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٦ ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەرانی قەتەر، لە ١١٣% زیادی کردووە.

بەشێکی تری هێزی نەرمی قەتەر بریتییە لە کەرتی هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەخانە و هاتوچۆ و ترانزێت و گواستنەوەی نێودەوڵەتی! هێڵی ئاسمانیی قەتەر یەکێکە لە بەناوبانگترین هێڵە ئاسمانییەکانی دونیا. بەشێکی زۆری گەشتیاران و ئەوانەی کە بەشداری لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوە و پێشانگه‌کانی قەتەر دەکەن، لە ڕێگەی ئەم هێڵەوە گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن و، تڕانزێتی زیاتر لە چوار کیشوەری دونیایش لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی قەتەرەوەیە و؛ ئەمەیش دید و تێڕوانینی گەشتیاران بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ دیدێکی ئەرێنی لە بەرامبەر قەتەر و سیسته‌مە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی و شێوازی ژیان و ناسنامە سیاسییەکەی بەگشتی. "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەوحە"، وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی، ڕۆڵێکی هەرە گرنگ و ئەرێنی لە ناساندن و پیشاندانی قەتەر وەک هێزێکی نوێ و خاوەن دید و ستڕاتیژ و هێژموون، دەگێڕێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە ڕێگه‌ ئاسمانییەکانی قەتەر یەکێکن لە پێنج ڕێگه‌ سەرەکییەکەی جیهان و خاوەن پلەی پێنج ئەستێرەیین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەلامەتی.

- میدیا و ڕۆڵی کەناڵی ئەلجەزیرە

لە ڕووی میدیایییەوە، قەتەر كۆنتڕۆڵی میدیاییی شەقامی عەرەبیی بەدەستەوەیە ‌و، لە پێشكەوتووترین ئاستی ڕاگەیاندندایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بوونی چەند كەناڵێكی پێشكەوتوو، لەوانە "جەزیرە".

بەگەڕخستنی ئەم کەناڵە میدیایییە بۆ دەرخستنی کەموکوڕییەکانی سیسته‌می حوکمڕانی و دەستەبژێری سیاسیی وڵاتانی کەنداو بوو! دەکرێت بڵێین مێژووی هاوچەرخی وڵاتی قەتەر دابەش دەبێت بۆ دوو قۆناغ: قۆناغی بەر لە دروستبوونی کەناڵی ئەلجەزیرە و قۆناغی دوای دروستبوونی کەناڵی ئەلجەزیرە! قەتەر پێش دروستبوونی کەناڵی ئەلجەزیرە هیچ سەنگ و پێگە و گرنگییەکی نەبوو. تۆڕی ئەلجەزیرە پێگەی قەتەری بەتەواوی بەرز کردەوە، نەک بەتەنیا لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکوو لە هەموو دونیادا. کەناڵی ئەلجەزیرە ڕۆژانە پرسە گەرمه‌كان و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان ڕووماڵ دەکات و لە ڕووی هەرێمییشەوە تا ڕاددەیەک هاوسەنگیی نێوان ئێران و سعوودیای وەک دوو بلۆک و جەمسەری نێو جیهانی ئیسلامی ڕاگرتووە. ئەو کەناڵە لە مانگی شوباتی ١٩٩٦دا دادەمەزرێت و لەو کاتیشدا وڵاتانی کەنداو لە تەنگەژە و ناکۆکییەکی دیپلۆماسیی سەختدا بوون و، قەتەر ئەوکات هەر یەک لە سعوودیا و ئیمارات و میسڕ و بەحرێنی بە تێوەگلانیان لە کودەتایەکی شکستخواردوو لە بەرامبەر ئەمیر حەمەد بن خەلیفەدا تۆمەتبار دەکرد.

دواتر بەشێکی تری ڕووماڵی ئەو کەناڵە، جه‌نگی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو و لە چەندین گۆشەوە ململانێ ناوخۆیییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ جیهانی عەرەبی دەگواستەوە! لە ساڵی ١٩٩٦دا لە سەردانێکی مێژووییدا شیمۆن پێرێز، سەرۆکی ئەوکاتی ئیسڕائیل، سەردانی قەتەر دەکات و چەندین ڕێککەوتننامەی تایبەت بە فرۆشتنی گازی سروشتیی قەتەر بە ئیسڕائیل واژوو دەکات و ئەو کەناڵەیش گرنگی بەم سەردان و بابەتە دەدات. ساڵی ١٩٩٨ کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیا چەند گورزێکی سەربازییان لە عێراق دا و پڕۆسە و کردە سەربازییەکەیان ناو نا "پڕۆسەی ڕێویی بیابان"، کەناڵی ئەلجزیرە ڕووداوەکەی ڕووماڵ کرد و ئەمەیش ناسنامه‌یه‌کی سیاسی و میدیاییی نوێی بۆ قەتەر لە ناوچەکەدا دروست کرد. لە جه‌نگی ئەڤغانستان لە ٢٠٠١ و لە جەنگی ڕزگاریی عێراق لە ٢٠٠٣، جارێکی تر ئەو کەناڵە ڕۆڵێکی هەرە گرنگی بینی و ڕووداو و پێشهاتە جۆراوجۆرەکانی، زۆر بەچڕی بۆ بینەرانی جیهانی عەرەبی دەگواستەوە. سعوودیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەردەوام هەوڵ دەدەن لە پێگەی ئەم کەناڵە و سیاسەت و ستراتیژەکانی کەم بکەنەوە.

سعوودیا لە ڕێگەی دامەزراندنی کەناڵێکی تایبەت بە خۆی بە ناوی "ئەلعەرەبییە"وە و ئیماراتی یەکگرتووتی عەرەبییش لە ساڵی ٢٠١٢دا کەناڵێکی بە تێچوویەکی زۆر بە ناوی "سکای نیوز"ی بریتانیی دامەزراند و لە ئێستادا ٣٠ نووسینگەی تایبەت بە خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. لە سەرەتاوە کەناڵەکە قۆناغێکی باشی بڕیی، بەڵام دواتر نەیتوانی ئەلجەزیرە تێ پەڕێنێت و بەسەریدا زاڵ بێت.

تۆڕی ئەلجەزیرە چەکێکی کاریگەر و ڕەگەزێکی گرنگی هێزی نەرمە و؛ قەتەر بۆ بەگژداچوونەوەی هێژموونی ناوچەییی سعوودیا و ئێران وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستن و پارێزگاریکردن لە قەوارە سیاسی و ئەمنییەکەی و بۆ بەرزکردنەوەی پێگە و ناسنامەی خۆی، ئەلجەزیرە بەکار دێنێت و سوودی لێ وەردەگرێت. سعوودیا وەک کاردانەوە لە بەرامبەر قەتەردا لە کاتی جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣دا تۆڕی ئەلعەرەبییەی دامەزراند و بەمەیش ململانێ میدیایییەکانی نێوان ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبییە زیاتر و گەورەتر بوو چونکە ئەوانەی دژ بە سعوودیا و دەسەڵاتی سعوودیان، پێشوازییەکی گەورە لە ئەلجەزیرە و سیاسەتە میدیایییەکەی دەکەن، بەتایبەت کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٦دا تۆڕی ئینگلیزیی ئەلجەزیرە لە ئەمریکادا دادەمەزرێت. بە شێوەیەکی گشتی، ئەلجەزیرە وەک ناوەندێکی میدیاییی کاریگەر، بەشێکە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بڕاندسازیی نەتەوەییی قەتەری و، وەک هێزێکی نه‌رم هەوڵ دەدات پێگەی ئەو وڵاتە و ناسنامە و کاریگەرییەکەی بەرز بکاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples