قەتەر و هێزی نەرم/ بەشی یەکەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

 

جۆزێف نای و مەولانا

یەکێک لە پرسیار و چەمکە گرنگەکانی نێو کایەی سیاسی، پرسی دەسەڵات و جۆرەکانی دەسەڵاتە. لە ساڵی ١٩٦٨دا پڕۆفیسۆر مەولانا لە کتێبی "زانیاری و پەیوەندییە جیهانییەکان: سنووری نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان"دا ئایین، بیروباوەڕ، ئایدیۆلۆژی، زانست و بەهاکانی، بە سەرچاوەکانی دەسەڵاتی نەرم داناوە! دواتریش جۆزێف نای لە کتێبی "هێزی نەرم: ڕێگەی سەرکەوتن لە سیاسەتەکانی جیهانی"دا کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڵاو بۆتەوە، باسی هێز و جۆرەکانی هێزی بەتایبەت هێزی نەرم کردووە و، بەم شێوەیە پێناسەی کردووە: بریتییە لە توانای بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێت لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشانەوە لە بری سەپاندنی هێز بە زۆرەملێ و پێدانی پارە. دەکرێت بڵێین هێزی نەرم بەگشتی، واتە بەدیهێنانی ئامانجەکان و توانای بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێت، لە ڕێی سەرنجڕاکێشان و ئامرازە شارستانی و کەلتوورییەکان لە بری سەپاندنی گوشار و زۆرلێکردن و پێدانی پارە. هێزی نەرم ئاماژەیە بۆ سەرمایە مەعنەوی و ڕۆحییەکانی میللەتێک لە چوارچێوەی بەها و بیروباوەڕ و شێوەی ژیان و مێژووی شارستانێتی و ڕێزگرتن لە بەهاکانی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ و کەلتوور و ئەدەب و هونەر و یارمەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکان؛ بە جۆرێک میللەتان و نەتەوەکانی تر بەو بەهایانە سەرسام بکەیت و، تا دواجار ڕێزی لێ بگرن و تەنانەت ببێتە هۆی چاولێکردن و بەدواکەوتنی. دیپلۆماسیی گشتی، مەعریفەناسی و زانست، سینەما و دراما و هونەر بەگشتی و وەرزش و ڕاگەیاندن و ستایلی جلوبەرگ و جۆری خواردن، ڕەگەزە سەرەکییەکانی هێزی نەرمن.

سیاسەتی دەرەوەی قەتەر و هێزی نەرم:

سیاسەتی دەرەوە کۆمەڵێک ئامانج، ئامراز، هەڵوێست و کردارە کە حکوومەتێک لە بەرامبەر ئەکتەرە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دەیگرێتە بەر بۆ بەدەستهێنانی چەند بەرژەوەندییەکی دیاریکراو. قەتەر لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا هەوڵی داوە وەک وڵاتێکی بچووک لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە زۆرترین هێزی نەرم بەکار بهێنێت، بەتایبەت دوای کودەتا سپییەکەی ساڵی ١٩٩٥ لە لایەن ئەمیر حەمەدەوە بەسەر شێخ خەلیفەی باوکییەوە و دواتریش گواستنەوەی دەسەڵات لە لایەن ئەمیر حەمەدەوە بۆ شێخ تەمیمی کوڕی لە ٢٠١٣دا، بەکارهێنانی ئەو هێزە نەرمە لە سیاسەتی دەرەوەی قەتەر چڕتر و زیاتر بوو. بەگشتی قەتەر لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە ڕێگەی چەند ئامراز و بوارێکی دیاریکراوەوە ئەو هێزە نەرمە بەکار دێنێت و لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت ناسنامه‌یه‌كی نوێ بۆ پێگەی سیاسی و ستراتیژی و چوارچێوەی ئەمنی و ئاسایشیی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت و بوارەکانیش ئەمانەن:

  • براندسازی:
    براند ئەو بەرهەم و بەروبووم و کاڵا و خزمەتگوزارییەیە کە وڵاتێک بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بەرهەمی دەهێنێت و ڕەوانەی دەرەوەی خۆی دەکات بۆ سەرنجڕاکێشانی نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکی تر. بۆچوونێک هەیە پێی وایە کە فەڕەنسییەکان بۆ یەکەم جار براندسازیی نەتەوەیییان داهێنا و لە ڕێگەی میراتە فکری و هزری و کەلتووری و گۆڕانکارییە سیاسییەکانییەوە سەرنجی زۆرینەی وڵاتانی دونیایان بۆ خۆیان ڕاکێشا، بەتایبەت لە ڕێگەی شۆڕشی فەڕەنسی و هەندێک بەهای سیاسی کە زیاتر ڕەهەندێکی جیهانی و گەردوونیی هەبووە! ئەڵمانیا لە ڕێگەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێڵ و بەرهەمەکانی "بی ئێم دەبلیو" و "مارسیدس" و "ئۆودی" و چەند بەرهەمێکی ترەوە، دەیەوێت براندسازی لە دونیادا بکات؛ سویسڕا لە ڕێگەی سیسته‌می بانکی و بێلایەنی لە گۆرەپانی نێودەوڵەتییەوە؛ بڕازیل لە ڕێگەی تۆپی پێ و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی قاوەوە. ئیتاڵیا لە ڕێگەی جلوبەرگ و جۆرەکانی پێڵاوەوە. یۆنان لە ڕێگەی میراتە کلاسیکییە فەلسەفییەکەیەوە!
    قەتەر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەیەوێت لە ڕێگەی براندسازییەوە وەک بەشێک لە هێزی نەرم، سەرنجی دونیا و وڵاتانی ناوچەکە بۆ خۆی ڕابکێشێت و ئاسایشی زیاتر بۆ وڵاتەکەی دابین بکات. قەتەر هەرچەند لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانییەوە بچووکە، بەڵام دەیەوێت ڕۆڵێکی گەورە لە ناوچەکەدا بگێڕێت و بەمەیش هەوڵ دەدات لە هێزە گەورەکانی دونیا نزیک بێتەوە و ببێت بە هاوپەیمان و دۆستیان. لە لایەکی ترەوە قەتەر هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نوێکردنەوەی ژێرخانە ئابووری و بیناسازییەکەیه‌وه‌، وا پیشانی بدات کە هێزێکی نوێیە و دەیەوێت ببێت بە بەشێک لە بونیادی ئابووری و سەربازیی وڵاتانی ڕۆژاوا.

ئابووری و گازی سروشتیی قەتەر:

سەرەڕای ئەوەی قەتەر وڵاتێکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمە، بەڵام خاوەن هێز و پێگەیەکی ئابووریی گەورەیە و بە بڕی ٣٣٥ ملیار دۆلار لە وڵاتانی جیهان وەبەرهێنانی هەیە. قەتەر خاوەنی یانەی تۆپی پێی ئەوروپی، مارکەی بەناوبانگ و براندی جیهانی، ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، بەشێکی پشکەکانی کۆمپانیای ڕۆسنەفت و چەندین تاوەر و فڕۆکەخانەیە و، بەمەیش قەتەر، بووە بە (١٤)مین دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان. قەتەر سێیەمین وڵاتی گازییە دوای ڕووسیا و ئێران و لە دوای تێپەڕاندنی ئیندۆنیزیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا بۆتە گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی شل لە جیهاندا. لە ساڵی ٢٠١٠دا، ٧٧ ملیۆن تۆن گازی بەرهەم هێناوە و ئەمەیش وای کردووە پیشەسازیی گازی قەتەر بۆ ئەو وڵاتە بە براندی نێودەوڵەتی هەژمار بکرێت! لە ساڵی ٢٠٠٨ قەتەر ڕیکۆردێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرد و بووە خاوەن زۆرترین گەشەی ئابووری. بەگشتی قەتەر وەبەرهێنانی لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی جیاوازی ئەوروپی هەیە بەم شێوەی خوارەوە:

- ئەمریکا

قەتەر لە ساڵی ٢٠١٥دا نووسینگەی خۆی لە نیویۆرکی سەنتەری بازرگانیی جیهان کردەوە و، پلانی ئەوەی هەیە تاکوو ساڵی ٢٠٢٠، بە بڕی ٣٥ ملیار دۆلار لە بوار و سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکات.

- ڕووسیا

لە ٢٤%ی پشکەکانی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی بۆ قەتەر دەگەڕێتەوە و، ٧%ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سان پێتێرزبورگیشی کڕیوە.

- ئەوروپا

وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا، دڵی وەبەرهێنانی قەتەر و جووڵە ئابوورییەکانییه‌تی؛ تا ئێستا قەتەر ملیۆنان دۆلاری لە وەبەرهێنان لە بوارەکانی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، مۆدێڵینگ و فاشیۆن و دیزاینی ئیتاڵی و یانەکانی تۆپی پێی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپادا خەرج کردووە؛ سەرەڕای ئەوەی قەتەر خاوەنی یانەی "پاریس سان جێرمان"ی فەڕەنسییە کە لە ساڵی ٢٠١١دا کڕیویەتی و، تا ئێستایش چوار نازناوی خوڵی فەڕەنسیی بەدەست هێناوە.   

- بریتانیا

قەبارەی وەبەرهێنانی قەتەر لە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا تا ساڵی ٢٠١٤، گەیشتبووە ٣٥ ملیار دۆلار؛ خاوەنی ٢٢%ی پشکی زنجیرە سوپەرمارکێتەکانی "سەینس بێری"یە کە بە دووەم گەورەترین زنجیرە سوپەرمارکێتی بریتانی دادەنرێت.

- باشووری کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشڵ تایمز"ی بریتانی، ساڵی ٢٠١٢ کۆمپانیای ئۆریدۆی قەتەری کە پێشتر ناوی کیوتێل بوو، لە ٣٠%ی پشکەکانی کۆمپانیای ئاسیاسێلی بە بڕی ١ ملیار و ٧٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە. پێشتریش خاوەنی ٣٠%ی پشکەکان بووە و، بەمەیش بووە بە خاوەنی ٦٠%ی پشکەکانی ئەم کۆمپانیایە.

قەتەر بەردەوام دەڵێت سیاسەت و بەرنامەی ئەو بۆ بەڕێوەبردن و بەبازاڕكردنی گازی سروشتی، جیاوازە لە وڵاتانی دیكە. قەتەر لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێی بەكارهێنانی گازی سروشتییەوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ بەدەر لە تێڕوانین و بیركردنەوەی سعوودیا، توانیویەتی ژێرخانێكی ئابووریی پتەو دابمەزرێنێت.

یەكەم و دووەم و سێیەم یەدەگی جیهان لە گازی سروشتی، بریتین لە ڕووسیا و ئێران و قەتەر؛ ڕووسیا 24%، ئێران 18% و قەتەر 14%ی یەدەگی گازی سروشتیی جیهان لەخۆ دەگرن. جگە لەوەیش یەدەگی گازی سروشتیی قەتەر نزیكەی 900 تریلیۆن پێ سێجایە و هەمیشەیش دەیەوێت ئەم بڕە یەدەگە وەک براندێکی نەتەوەیی لە دونیادا بەکار بهێنێت!

  • ئایدیۆلۆژی
    یەکێکی تر لەو نەرمە هێزانەی کە قەتەر دەیەوێت لە ناوچەکە بەکاری بهێنێت، مەسەلەی ئایدیۆلۆژی و فکری سیاسی و ناسنامە ئیسلامییەکەیەتی. لە ڕووی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامییەوە، قەتەر پشتگیری لە پرۆژەیەكی ئیسلامی دەكات كە ڕەگوڕیشەكەی لە بزووتنەوەی ئیخوان موسلمیندا هەیە؛ ئەمەیش پێچەوانەی ئەو پرۆژە ئیسلامییەیە كە سعوودیا پەیڕەوی دەكات كە خۆی لە ئایدیۆلۆژیی سەلەفیزمی سعوودیدا دەبینێتەوە. دیارە قەتەر مەبەستی ئەوەیە وەک هێزێکی جیاواز لە ڕووی ناسنامە و ئایدیۆلۆژییه‌ ئیسلامییەکەیەوە جیاواز لە سعوودیا دەرکەوێت و خۆی لە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی سعوودی جیا بکاتەوە. قەتەر بووە بە پەناگە بۆ ئەندامان و بەرپرسانی ئیخوانەکان و بەردەوامیش پاڵپشتییان دەکات، بەتایبەت لە چارەگی کۆتاییی سەدەی بیستەمدا.

دیارە پەیوەندیی نێوان قەتەر و ئیخوانەکان بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێ پەڕیوە: قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٥٤ەوە بە کۆچی ئیخوانەکان دەست پێ دەکات لە سەردەمی جەمال عەبدولناسر لە میسرەوە بۆ قەتەر. قۆناغی دووەم لە ساڵی ١٩٨٢وە دەست پێ دەکات، بە هۆی سەرکوتکردنیانەوە لە لایەن حافز ئەسەدی سەرۆککۆماری پێشووی سووریاوە و پەنابردنیان بۆ قەتەر. قۆناغی سێیەم لە دوای ١١ی سێپته‌مبەرەوە دەست پێ دەکات و بەمەیش قەتەر بەتەواوی بوو بە ماڵێکی گەورە بۆ ئیخوانەکانی ناوچەکە. لە دوای کردنەوەی کەناڵی "ئەلجەزیرە"وەیش، کەناڵەکە بەردەوام ڕووماڵی چالاکییەکانی ئیخوانەکان و حیکایەتی ئیخوانەکانی پیشانی دونیا و ناوچەکە دەدا؛ سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە نیوەی دەستەی نووسەرانی نووسینگەی ئەلجەزیرە، ئەندامان و لایەنگرانی سەر بە ڕەوتەکانی ئیخوانن و، لە لایەکی ترەوەیش کەناڵەکە بەتەواوی بووە بە ئامراز و ناوەندێک بۆ بانگەشەی ئیخوانەکان. ئەم هەوڵانە گوزارشتێکی تەواو لەو فۆرمە ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییە دەکات کە قەتەر وەک براند و ناسنامەی وڵاتەکەی بەکاری دێنێت و لە ناوچەکەدا بڵاوی دەکاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples