گولەن و گولەنیزم - بەشی یەکەم

پەیڕەو ئەنوەر/توێژەر

سەرەتا:
فەتحوڵا گولەن کەسایەتییەکی موسڵمانی جیهانی و ڕابەرێکی پەروەردەیییە کە پاڵپشتی گفتوگۆی نێوان ئایین و کەلتوورەکان و پێداگری لەسەر بەها مۆدێرنەکانی وەک دیموکراسی، مافی مرۆڤ و پێکەوەهەڵکردن (تۆلیرانس) دەکات و دژی توندوتیژی بە ناوی ئایین و بەئایدۆلۆژیکردنی ئایینە. لە لایەکی ترەوە تیشک دەخاتە سەر عیرفانییەت و ڕۆحانییەت و پایەکانی سۆفیگەری و تێکەڵکردنی زانستە مۆدێرنەکان بە زانستە کلاسیکییەکان و وانە ئیسلامییەکان.

گولەن وەک کەسایەتی:

ناوی تەواوی "موحەممەد فەتحوڵا گولەن"ە و لە ٢٧ی نیسانی ١٩٤١ لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئەرزرۆم لەدایک بووە. فەتحوڵا گولەن کوڕی ڕامز ئەفەندییە کە کەسایەتییەکی ناسراو بوو بە زانست و ئەدەب و ئایین. دایکی ناوی ڕەفیعە بووە و خواناس و ئایینپەروەر بووە و، لە تەمەنی چوار ساڵیدا فەتحوڵا گولەنی فێری قورئانخوێندن کردووە و باوکیشی فێری زمانەکانی عەرەبی و فارسی کردووە.

لە منداڵییەوە لە خوێندنگەی ئایینی و تەکییەدا زانستە ئایینییەکانی خوێندووە و گرنگیشی بە فەلسەفە داوە. کتێبی "پەیامەکانی نور"ی "سەعید نورسی" خوێندۆتەوە و کاریگەری زۆری لەسەر ژیان و بیرکردنەوە و دامەزراوە پەروەردەیییەکەی دروست کردووە. فەتحوڵا گولەن لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا دەبێت بە ئیمامی مزگەوتی "ئوج شەرەفلی" لە شاری ئەدەرنە و دواتر دەست بەکاری بانگەوازی دەکات و وەک ئامۆژگارێکی گەڕۆک دەردەکەوێت و، بە ناوچەکانی ڕۆژاوای ئەنادۆڵدا دەگەڕێت و وتار و ئامۆژگاری پێشکەش بە شوێنکەوتوانی دەکات.

خەڵکانێک هەبوون بە ئامۆژگارییەکانی گولەن سەرسام و کاریگەربوون و دواتر دەستیان دایە دروستکردنی خوێندنگە و بەشی ناوخۆیی و دەزگای ڕاگەیاندن، تەلەفزیۆن، دەرکردنی گۆڤار و کتێب و دواتریش دەبێت بە بزووتنەوەیەکی پەروەردەیی و سیاسی و، لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتیشەوە دەرسخانەکانیان لە ڕووسیای فیدڕاڵ، ئاسیای ناوەڕاست، باڵکان، قەوقاز و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیشدا بڵاو دەبێتەوە.

تورکیا و ئیسلامی سیاسی:

تورکیا وڵات و ڕووبەرێکی فرەئایین و ناسنامەیە و لەناویشیدا چەندین فۆڕم و شێواز و دیدی سیاسی ئیسلامی لەو وڵاتەدا هەیە. مێژووی گەشەی ئیسلامی سیاسی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی دووەمی جیهانی و ئەو کاتەی کە "پارتی دیمۆکرات" بەسەرکردایەتیی "عەدنان مەندەرس" دەسەڵات دەگرنەدەست و تا ساڵی ١٩٦٠ لە دەسەڵات دەمێننەوە و دواتر لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە لە دەسەڵات دوور دەخرێنەوە. "نەجمەددین ئەربەکان" یەکێکە لەو کاراکتەرانەی کە بە باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا دادەنرێت. ساڵی ١٩٤٦ خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی تورکیادا، لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە چوو و بۆ یەکەمجار پارتی دیمۆکرات بەشداری تێدا دەکات و لە کۆی (٤٦٥) کورسی (٦٢) کورسی مسۆگەر دەکات و پارتی گەلی کۆماریش (٣٩٦) کورسی، بەمەش سەرەتایەکی تازە لە پلوراڵیزمی سیاسی لە کەلتووری سیاسی و پڕۆسەی سیاسی لە تورکیادا لەدایک بوو. دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٥٠دا پارتی دیمۆکرات وەک پارتێکی ئیسلامی توانی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی تورکیادا (٤٠٨) کورسیی پەرلەمانی بەدەست بێنێت و سەر بکەوێت بەسەر پارتی گەلی کۆماری کە پارتێکی سێکیۆلار بوو.

هێلی خزمەت و ئیسلامی کۆمەڵایەتی:

بە شێوەیەکی گشتی ڕەوت و تەوژمە ئیسلامییەکان لە تورکیادا بەسەر دوو گروپ دابەش دەبن:
یەکەم: "تەوژمی ئیسلامی سیاسی" کە پارتە سیاسییەکان دەگرێتەوە و بەرنامە و دونیابینییان لەسەر بنەماکانی ئیسلام داڕێژراون! دووەم: "تەوژمی ئیسلامی کۆمەڵایەتی" کە ڕێبازە سۆفییەکانی نێو کۆمەڵگەی تورکی و دونیای تورکی دەگرنەوە، لەوانە نەقشبەندییەکان و نورسییەکان. لەنێو خودی نورسییەکانیش چەند لق و پۆپێکی تر هەن، لە دیارترینیان گولەنییەکانن کە گرنگییەکی زۆر بە پێشخستنی پرسی پەروەردە، فەرهەنگ، کەلتوور، زانست و وانە ئایینییەکان دەدەن.

بزاڤی خزمەت کە بە (بزاڤی گولەن)یش ناو دەبرێت، بزاوتێکی ئیسلامی مەدەنییە. سەرەتا وەک هەوڵێکی پەروەردەیی ناوچەیی لە لایەن کۆمەڵێک قوتابی و مامۆستا و خێزان و چەند خاوەنکارێکی نزیک لە فەتحوڵا گولەنەوە لە شاری ئیزمیر دەستی پێ کرد. لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی گولەن سروشبەخشی سەرەکیی بزاڤەکەیە، بزاڤی خزمەت لە لایەن زانایانی ڕۆژاواوە بە (بزاڤەکەی گولەن) ناودەبرێت. هەروەها وەک ئاماژە بۆ خەسڵەتەکانی بزاڤەکە، زۆربەی کات وەک “خزمەت” ناو دەبرێت کە بەمانای کاری خۆبەخشی دێت.

بزاڤەکە لە کۆتاییی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە تورکیا وەک دەستپێشخەرییەکی ئایینی یاخود (سروش وەرگر لە ئیسلامەوە) گەشەی سەندووە کە گرنگی بە دەستەبەرکردنی خوێندن، بەشە ناوخۆیی و قوتابخانە و ناوەندی پەروەردەیی دابوو. پاش چوار دەیە لە گەشەسەندنی، بزاڤەکە بەرەوەپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بە بەشداریی ملیۆنان کەس و سەدان دامەزراوە و کۆمپانیا و دەستەی پیشەیی و دەستەی ڕێکخراو و ناڕێکخراوی یاساییی جۆراوجۆر، بەرەو بزاڤێکی پەروەردەییی نێودەوڵەتی و فرەکەلتووری پەرەی سەند. لەلایەکی ترەوەیش فەتحوڵا گولەن لە تورکیا، بە باوکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، ئەمەیش وەک هێمایەک بۆ تێکەڵکردنی ئایین و بەشێک لە بنەماکانی مۆدێرنە و سۆفیگەریی و دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیستمێکی تازەی کۆمەڵایەتی و کارکردن لەسەر بەها کۆمەڵایەتی و بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئایین و ئامۆژگاری ئایینییەوە! ئەم مۆدێڵە لە ئیسلامی کۆمەڵایەتی کە گولەن ڕابەرایەتی دەکات، زیاتر بانگەشەی کرانەوە بە ڕووی دونیادا دەکەن.

شێخ سەعیدی نورسی و گولەن:

سەعید نورسی لە گوندی نورس لە نزیک شاری بەتلیسی باکووری کوردستان لەدایک بووە. بۆچوونی تایبەتی لەبارەی پەیوەندیی نێوان مۆدێرنیزەبوون و پەروەردەی ئیسلامی هەبووە و ئەمەیش کاریگەری لەسەر زۆرێک لە بزووتنەوە ئیسلامییە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیادا بە گشتی و لە باکووری کوردستانیش بە تایبەتی هەبووە. دەکرێت بڵێین، گولەن بەتەواوەتی لەژێر کاریگەریی بیروڕا و بۆچوونەکانی نورسییە بەجۆرێک بەشێک لە شارەزایان بزووتنەوەکەی گولەن بە بزووتنەوەی (نووری نوێ) ناو دەبەن.

نورسی بەگشتی پێداگری لەسەر مەسەلەی هۆشیاربوونەوەی موسڵمانان و گوتاری پۆزەتیڤیزم و کارکردن بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەی ئیسلامی دەکات. نورسی پێی وایە دەبێت ئیسلام و زانست ئاوێتە و تێکەڵی یەکتر بکرێن بە جۆرێک کە زانست و مەعریفە مێشک رۆشن بکاتەوە و باوەڕ و ئیمانیش دڵ و دەروون. ئەم دیدەی نورسی کاریگەرییەکی یەکجار قوڵی بەسەر گولەن و بزووتنەوە و دەرسخانەکانییەوە هەیە، بە جۆرێک لە قوتابخانەکانیان گرنگییەکی تەواو بە زانستە سروشتییەکانی وەک فیزیا و کیمیا دەدرێن و لەبەرامبەریشدا گرنگییەکی زۆر کەم بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەدرێت؛ تەنانەت ئۆڵۆمپیاتی زستانە بۆ ئەم مەبەستە ڕێک دەخەن کە پەیوەندییەکی زۆری بە زانستە سروشتییەکانەوە هەیە.

تێکەڵکردنی ئایین و مۆدێرنە و دیالۆگی نێوان شارستانییەت و ئایینەکان:

دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و کۆبوونەوە و تیشکخستنەسەر بەها هاوبەشەکان، بەردی بناغەی پێکەوەژیانی شارستانییەتەکانە بەلای گولەنەوە. گولەن پێی وایە تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاڕگیۆمێنتەوە ڕێ لە بەریەککەوتن و پێکدادانی شارستانییەتەکان دەگیردرێت. لەلایەکی ترەوە گولەن باوەڕی بەوە هەیە کە ئایین و زانست دەتوانن ببن بە تەواوکەری یەکتر لەبری دوورکەوتنەوە لە یەکتر و پێکدادانی یەکتر. گولەن لە چەندین شوێنی جیاوازدا بانگەشەی بۆ برەودان بە زانست و هونەر کردووە. لە کتێبی "کاتێک پەیکەری ڕۆحمان بونیاد دەنێین" دەرگایەکی تازە بەسەر پرسی زانست و هونەر و تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ یەکتردا دەکاتەوە. گولەنییەکان پێیان وایە کە لە ساڵانی نەوەدەکان و چەندین ساڵ پیش ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەر، گولەن بانگەشەی دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکرد پێچەوانەی سامۆئێل هەنتینگتۆن کە لە کتێبەکەیدا (پێکدادانی شارستانییەتەکان) پێشبینی پێکدادان و بەریەککەوتنی نێوان شارستانییەت و ئایینەکانی دەکرد.

نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوەیان لە ئەردۆغان و دروستکردنی دەوڵەت لەناو دەوڵەت:

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠١دا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئیستەنبۆڵ داوای مۆڵەتی بۆ پارتەکەی کرد بەناوی (پارتی داد و گەشەپێدان)، دەستەی دامەزرێنەرانی ١٣ ژنی لەخۆ دەگرت کە چواریان باڵاپۆش بوون. سەرباری چەندین کەسایەتیی نێو پارتی فەزیلەت کە پێشتر کاری سیاسییان لێ قەدەغە کرابوو و دواتریش بەشێکی زۆری ئەندامانی هێلی خزمەت و هەوادارانی گولەن دەنگیان بە پارتەکەی ئەردۆغان دا و، دواتریش بەشێک لە دامەزراوەکانی وەک پۆلیس و دادگاکانیان کۆنتڕۆڵ کرد.

هەرچەند گولەنییەکان لە بنەڕەتدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان دوورن لە سیاسەت و تێکەڵی سیاسەت نابن، بەڵام لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە بە جۆرێک لەجۆرەکان تێکەڵ بە کایەی سیاسەت دەبن، تا ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەردۆغاندا دەگاتە لووتکە و، ئەردۆغان بەوە تۆمەتباریان دەکات کە گولەنییەکان دەیانەوێت دەوڵەتی هاوتەریب یا دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا دروست بکەن و کارنامە و بەرنامەی سیاسی دەرەکی جێبەجێ دەکەن. ڕەنگە نزیکبوونەوەیان لە ئەردۆغان لەسەر ئەو بنەمایە بووبێت کە هەردوو لایەن وەک دوو هێزی ئیسلامیی لەیەکتر نزیک و لە ڕووی پاشخانەوە پێیان وابووبێت کە یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە لە تورکیادا، کە بریتییە لە جەنەڕاڵەکان و هێزە چەپ و سێکیۆلارەکانی ناو تورکیا.

بەشێک لە چاودێران گولەن تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەشێوەی شاراوە و نهێنی کار دەکات و تەنانەت هەندێکیان دەڵێن: "گولەنییەکان وەک خێو وان، لەهەموو جێگایەک هەن و لە هیچ جێگایەکیش نین و مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگە." گولەن زیاتر تۆمەتبار دەکرێت بە کارکردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان بەتایبەت دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا. بۆچوونێکی تر هەیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گولەنییەکان ویستوویانە ببن بە ئۆپۆزسیۆن بەسەر حکوومەتەکەی ئەردۆغانەوە، بە تایبەت کاتێک دامەزراوەی پۆلیس و دادگا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بووە و ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵیان لە دژی ئەردۆغان ئەنجام داوە و چەندین گەندەڵیی ئەردۆغان و کەسایەتییەکانی نێو حکوومەتیان ئاشکرا کردووە و، لەپشت خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەقسیمەوە بوونە! لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دا ئەردۆغان وتی: "هەوڵ دەدەین قوتابخانەکانی گولەن لە ئەفریکایش دابخەین." بەمەیش زۆرینەی دامەزراوە پەروەردەیی و میدیایییەکانیان لە تورکیا و چەند وڵاتێکی تر داخران.

 

ماویەتی

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples