پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر
گولەن و پرسی کورد:
لە ڕاستیدا دیدی گولەن لەبارەی پرسی کوردەوە، دیدێکی ناڕۆشن و شەرمنانەیە. ڕاستە لە کاتی کارەساتەکەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، گولەن لە مینبەری مزگەوتەوە ئیدانەی ئەو کارە دڕندانەیهی ڕژێمی بەعسی کردووە و هاوسۆزیی خۆی بۆ کوردانی باشوور دەربڕیوە بەڵام ئەم هاوسۆزییە لە ڕوانگەی ئایین و مەسەلەی ئیسلامبوون و سوننەبوونەوە بووە، نەک لە ڕوانگەی بڕوابوون بە پڵوڕاڵیزمی سیاسی و نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە مەسەلەی ناسیۆنالیزم و ئیتنیکە جیاوازەکانی تر. ئەوان لە ڕوانگەی چەمکی "برا موسـڵمانەکانمان" لە کورد دەڕوانن، نەک لە ڕوانگەی برای ناسیۆنالیزمی و نەتەوەیی. بەگشتی گولەنییەکان پرسی کوردیان زۆر بچووک کردۆتەوە و لە ڕوانگەیەکی زۆر تەسک و داخراو لە پرسی کورد و مافەکانیان دەڕوانن کە زیاتر تیشک دەخاتە سەر خاڵە کەلتوورییەکان و گرنگیدان بە گەشەی ئابووری و پەروەردە، نەک چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەستبردن بۆ برینە مێژوویییەکان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی دەستوور و پێدانی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی لە تورکیا و، دیاریکردنی مافە سیاسی، کەلتووری، فەرهەنگی و ئابوورییەکانیان و دداننان بە ناسنامهی کوردبوون و ڕێزگرتن لە ناسنامە ڕاستەقینەکەیان.
قوتابخانەی گولەنییەکان لە هەرێمی کوردستان:
لە دوای دروستبوونی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢دا، یەکێک لە وەزارەتەکانی، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بوو و؛ ئەرکی سیاسەتی پەروەردەیی خرایە سەر شانی ئەو وەزارەتە. ئەوکات وەزارەتی پەروەردە، توانی زمانی کوردی بکاتە زمانی خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا بەڵام خودی سیستهمەکە بەدەست کۆمەڵێک کەموکوڕیی بنەڕەتییەوە دەیناڵاند. ئەم بۆشایییە پەروەردەیییەیش دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردەدا. گولەنییەکان ئەم دەرفەت و هەلومەرجەیان قۆستەوە و لە ساڵی ١٩٩٤دا "دەزگهی پەروەردەییی فەزاڵەر"، "کۆلێژی ئیشک"ی لە هەولێر کردەوە و دەستی بە چالاکییە پەروەردەیییەکانی خۆی کرد. تا ساڵی ٢٠١٦ سی قوتابخانەی سەر بە ڕەوتی گولەن لەگەڵ زانکۆی ئیشک لە سنووری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دامەزرابوون. لەناو خەڵک و شەقامدا زیاتر بە قوتابخانە تورکییەکان ناسراون و سەرەڕای زۆریی کرێی خوێندن لەم دامەزراوە پەروەردەیییانە، بەڵام بە هۆی بەرزیی ئاستی پەروەردەیی و شێوازی فێرکردن و وانەوتنەوەیان، خێرا گەشەیان کرد. جگە لەمانەیش دەزگه پەروەردەیییەکانیان لە شارەکانی تری عێراق وەک بەغدا، مووسڵ، بەسڕە و ڕومادی هەیە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٤دا ٣٢ باڵەخانەی خوێندنی گولەنییەکان لە عێراق دامەزراون؛ هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە زانکۆکان و، خزمەتگوزاریی پەروەردەییشیان بۆ زیاتر لە ١٤ هەزار قوتابی پێشکەش کردووە. لە هەرێمی کوردستانیش قوتابخانەکانیان شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، سۆران و هەڵەبجەی گرتۆتەوە. سەرەڕای ئەمانەیش چەندین ئۆڵۆمپیادی زانستی و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و کۆرسی هاوینەیان بۆ قوتابیان لە دەرەوەی کوردستاندا ڕێک خستووە.
ڕەخنەکان لە گولەن و گولەنییەکان:
گولەن هەم وەک کەسایەتی و هەمیش دامەزراوە پەروەردەیییەکانیان، ڕووبەڕووی ڕەخنە و بۆچوونی جیاوازی زۆر بوونەتەوە. لە ئاستی کەسایەتیدا گولەن وا تۆمەتبار دەکرێت کە کارنامەی دەرەکی جێبەجێ دەکات و، لە پشت دامەزراوە پەروەردەیییەکانیانەوە بەرنامەی سیاسی و شاراوە و ئامانجی سیاسی و کەلتووریی شاراوەی هەیە. بەشێکی تری ڕەخنەکانیش بۆ میتۆد و فەلسەفەی پەروەردە و ڕۆحانییەت و ڕەوتە سۆفیگەرییەکەیانە. دەگوترێت کە گولەن چەمکی هیجرەت (کۆچ)ی بەکار هێناوە بۆ کاریگەریخستنە سەر لایەنگر و شوێنکەوتووانی بۆ هەڵکشان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، بەتایبەت دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و دروستبوونی ئەو بۆشایییەی کە لە ئاسیای ناوەڕاست و کۆمارە سەربەخۆکان و قەوقاز و ناوچەکانی تردا هەبووە و بەمەیش خێرا گەشەیان لەو ناوچانەدا کردووە.
لە لایەکی ترەوە ڕەخنە لە میتۆدی پەروەردەیییان دەگیرێت، بەوەی کە میتۆدێکی مۆدێرنی تێکەڵ بە دونیابینییەکی زانستییانە جێبەجێ دەکەن کە زیاتر تیشک دەخاتە سەر زانستە سروشتییەکان و ئەنجامە زانراوەکان نەک پرسیارە فەلسەفییەکان و گەڕانەوە بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان کە مرۆڤ و ماهیەتی مرۆڤ شرۆڤە دەکەن، دەرەنجامیش تاکێک پەروەردە دەبێت ناتوانێت پرسیار بکات، گومان بکات، بیر بکاتەوە و ڕەخنە بگرێت. لە لایەکی ترەوە ئەو قوتابخانانە ڕەخنەی ئەوەیان لێ دەگیرێت کە بەشێکن لە پلانی پەلهاوێشتنی ئیسلامی تورکی بە هەموو دونیادا و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە هێژموونی زمان و کەلتووری تورکی بەسەر کەلتوورەکانی تردا زاڵ بکەن و، دەکرێ ئەمەیش بە خاڵی هاوبەشی ئایدیۆلۆژیی نێوان حزبی داد و گەشەپێدان و گولەنییەکان دابنرێت.
جگە لەوەیش، دەگوترێت گولەن پێچەوانەی "نورسی"، لە بری ئوممەتی ئیسلام، تیشک دەخاتە سەر نەتەوەی تورک و تۆرانیزم و، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کەلتووری ئیسلامی بکرێتەوە بە چەقی شارستانییهتی جیهان و لە ڕابردوویشدا تەنیا تورک ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتیی ئایینی و کەلتوورییان لەنێو چوارچێوەی ئیمپڕاتۆریییهتی عوسمانیدا گێڕاوە و لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا تەنیا تورکەکان دەبێت لە ڕێگەی ئامرازەکانی دیالۆگ و زانست و پەروەردەوە ڕابەرایەتیی جیهانی ئیسلامی بکەن و، ئەمەیش زمانی تورکیی کردووە بە زمانێکی سەپێنراو و ناچاری، کە دەبێت لە هەموو قوتابخانەکانی سەر بە گولەن بخوێندرێت و بە زمانی هاوبەشی گەلان و پێکەوەگرێدانی کۆمەڵگە جیاوازەکانی دونیایش دادەنرێت.
ئەم دیدەی گولەن بە ڕەهەندێکی قووڵی ناسیۆنالیزمی تورکی و تۆرانیزم لە دونیادا دادەنرێت. جگە لەوەیش لەم قوتابخانانە تەنیا لە وانە زانستییەکاندا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەكهن، ئەگینا زمانی هاوبەش لە نێوان مامۆستا و قوتابی و بەڕێوەبەر و کارگوزارەکاندا زمانی تورکییە و؛ ئەمەیش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی گرنگیی زمانی کوردی. جگە لەوەی کە زیاتر تیشک دەخرێتە سەر زانستە سروشتییەکانی وەک فیزیا و کیمیا، لە کاتێکدا زانستە کۆمەڵایەتییەکان پەراوێز خراون؛ ئەمەیش بەوە لێک دەدرێتەوە کە ئەم میتۆدەی گولەنییەکان بۆ دوورخستنەوەی قوتابییە، لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لێکدانەوەی فرەڕەهەند بۆ دیاردە و ڕووداوەکان، چونکە زانستە کۆمەڵایەتییەکان قوتابی وا پەروەردە دەکات کە چەندین وەڵامی جۆراوجۆر و جیاواز بۆ پرسیارێکی دیاریکراو ئامادە بکەن لە کاتێکدا لە زانستە سروشتییەکاندا وەڵامەکان تاکلایەن و دیاریکراو و سنووردارن.
بۆچوونێکی تر هەیە پێی وایە کە ئەم میتۆدەی گولەنییەکان (گرنگیدانی زۆر بە زانستە سروشتییەکان) بۆ ڕێگرتنە لە پارچەپارچەبوونی ناسنامه و نزیککردنەوەی قوتابییە لە خودا لە ڕێگەی بنەمای زانستە سروشتییەکانەوە، چونکە گولەنییەکان پێیان وایە کەموکورتی لە پەروەردەی ئایینیدا دوورکەوتنەوە لە خودا و خودانەناسیی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام کەموکورتی لە پەروەردەی زانستی، حوکمی پێشوەختە و دۆگماتیزم بەرهەم دەهێنێت.
گولەن و پرسی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦:
لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی شەوی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦وە، ئەردۆغان هەر زوو گولەن و لایەنگرانی گولەنی بە هەوڵی کودەتاکە تۆمەتبار کرد و داوای لە ئەمریکا کرد کە گولەنی ڕادەست بکاتەوە. لایەنگرانی گولەنیش کودەتاکە بە سیناریۆ و دەستکرد ناو دەبەن و خودی ئەردۆغانیش بە سیناریۆکە تاوانبار دەکەن و پێیان وایە کە ئەردۆغان لەم ڕێگەیەوە مەبەستی بوو نەیارەکانی لەناو دامەزراوە سیاسییەکانی تورکیا و حکوومەتی تورکیادا دوور بخاتەوە و، بەمەیش تا ئێستا سەدان هەزار کەس بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکە لە زیندانن و بەشێکی زۆریشیان سەر بە بزووتنەوەکەی گولەنن.
گولەن بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە چەندین جار سەردانی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵاتی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٩دا سەردانی ئەمریکای کردووە بە مەبەستی چارەسەکردنی نەخۆشی، بەڵام جارێکی تر نەگەڕایەوە بۆ تورکیا و؛ هەروەک خۆی دەڵێت مانەوەی ئەو لە ئەمریکا پێویستە و دەیەوێت هەر لەوێ بمێنێتەوە. گولەن دەڵێت کۆچکردنی بۆ ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە بارودۆخی سیاسی و کێشە و ڕووداوە سیاسییەکانەوە نییە، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی کاروباری تورکیا پێیان وایە کە گولەن بە هۆی ئەو داوا سیاسییانەوە لە تورکیا دەرچووە کە پێی تۆمەتبار کراوە، بەتایبەت تۆمەتبارکردنی بە ڕووخاندنی دەوڵەت.
لە ئێستایشدا ئەردۆغان چەندین جار بەفەرمی داوای ڕادەستکردنەوەی گولەنی لە ئەمریکا کردووە و لە دوایین جاریشدا لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا و زیاتربوونی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لەسەر دەستگیرکردنی قەشە ئەمریکییەکە (ئەندریۆ بڕۆنسون) و پێداگریی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی قەشەکە، ئەردۆغان داوای گۆڕینەوەی گولەنی بە قەشە ئەمریکییەکە کردووە! ئەمەیش پێدەچێت هێمایەک بێت بۆ تێوەگلانی گولەن و گولەنییەکان لە سیاسەت و ڕۆڵیان لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناو تورکیادا.
ئەو سەرچاوانەی سوودیان لێ وەرگیراوە:
١- گەشەسەندنی تەوژمی ئیسلامی لە تورکیادا لە ١٩٤٦-٢٠١٢، وەرگێڕانی بەرزانی مەلا تەها.
٢- قوتابخانە گولەنییەکانی باشووری کوردستان: ئایدیۆلۆژی و مەنهەجی خوێندن، نووسینی: فاتح سەعیدی، وەرگێڕانی: نزار سابیر.
٣- M. fethullah Gulen, Essays, Pesrpectives and opinions
٤- https://fgulen.com/en/