ئەمریکا و هێزی نەرم - بەشی یەکەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

سەرەتا
لە ئەدەبیاتی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەمریکا بە باوکی هێزی نەرم لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم چەمکە لە لایەن خودی ئەمریکییەکان و لێکۆڵەرەکانییەوە بەرهەم هاتووە و گەشەی پێ دراوە و چوارچێوەی فکری و سیاسیی بۆ داڕێژراوە و جۆر و شێوازی کارکردنی شی کراوەتەوە. "جۆزێف نای" وەک لێکۆڵەر و تیۆریستێکی ئەمریکی، لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و سەرکەوتنی لیبڕاڵیزم بەسەر بلۆکی سۆسیالیزم و گەورەبوونی ڕۆڵی ئەمریکا لە دونیادا ئەم چەمکەی تیۆریزە کرد و پایەکانی داڕشت و خستییە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە. جۆزێف نای پێی وابوو ئەمریکا دەبێت لە ڕێگەی هێزی نەرم و سەرچاوەکانییەوە هێژموونی خۆی لە جیهاندا فراوان بکات، چونکە هێزی نەرم هەم تێچووی کەمترە و هەمیش بەخێرایی و بەئاسانی باڵادەستی و هێژموون بەسەر ئەکتەرەکانی تردا دروست دەکات. هەرچەند ئەمریکا وەک دەوڵەت و زلهێزێک لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمه‌وە هێزی نەرمی خۆی بەکار هێناوە، بەڵام لە دوای جەنگی سارددا تیشکی زیاتری خستە سەر ئەم جۆرەی هێز، بە هۆی گۆڕانی سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی لە دووجەمسەرییەوە بۆ تاکجەمسەری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و پڕۆسەی جیهانگیری و لەدایکبوونی سیسته‌می نوێی جیهانی کە ڕەگەزەکانی بریتی بوون لە بەهاکانی وەک لیبراڵ دیموکراسی، بازاڕی ئازاد و مافەکانی مرۆڤ و دەستوەردان لە پێناو پاراستنی مرۆڤ و زیاترکردنی تۆڕەکانی هاوکاریی مرۆیی؛ ئەمریکا زیاتر هانای بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆره‌ی هێز برد و زیاتر لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا گرنگیی پێ دا.

- پلانی مارشاڵ

پلانی مارشاڵ وەک هێزی نەرمی کلاسیکی ئەمریکا هەژمار دەکرێت. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمه‌وە ئەمریکا لە ڕێگەی پلانی ماڕشاڵەوە هەوڵی دەدا ڕۆژاوای ئەوروپا ببووژێنێتەوە و بیکات بە خاوەن ئابووری و ژێرخانێکی پتەو و بەهێز. ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە ١٢ ملیار دۆلاری  تەرخان کرد، بۆ ئەوەی پایەکانی سیسته‌می ئابووریی ئەوروپای ڕۆژاوا دابڕێژێتەوە و لە قۆناغی دوای جەنگ و برسێتی و بێکاری و ناهاوسەنگیی جێندەری و کۆمەڵایەتی و نەخۆشی دەربازی بکات و ڕێگە نەدات یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزم دەرفەتی لاوازیی ژێرخانی ئابووریی ڕۆژاوای ئەوروپا و هەژاری و تێکشکانی کۆمەڵگەکەی بقۆزێتەوە و هێژموونی خۆی بەسەر تەواوی ئەو کیشوەرەدا بسەپێنێت.

مەبەستی سەرەکیی ئەمریکا لە پڕۆژەکە، لابردنی بەربەستی بازرگانی و بەمۆدێرنکردنی کەرتی پیشەسازیی ئەوروپا بوو تاکوو بتوانێت لەسەر پایەکانی خۆی بوەستێت و نەبێتە نێچیری سۆڤیەت و ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزم. پلانەکە لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، "جۆرج مارشاڵ" داڕێژرا و بەشێکیشی تیشکی دەخستە سەر یارمەتیی مرۆیی وەک خواردن و کەلوپەلی تەندروستی و بووژاندنەوەی کەرتی گواستنەوە و تۆڕی کارەبا و...، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پلانەکە هێزی نەرمی ئەمریکا بوو لە ڕۆژاوای ئەوروپا و ژاپۆن بۆ سەرنجڕاكێشانی ئەوروپی و ژاپۆنییەکان بە کەلتوور و بیرکردنەوە و شێوە ژیان و بازاڕ و سیسته‌می لیبڕاڵیزم و شێوازی ڕێکخستنەوەی شار و بووژاندنەوەی شار و کەرتی ئابووری و کارگێڕی. بە شێوەیەکی گشتی، ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووه‌مەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمی خۆیەوە بەشێکی ئەوروپای کردە ئامانج، تاکوو لە ڕێگەیەوە ئەوروپا بکات بە یەکەیەکی گرنگ و بەستراو بە ئەمریکاوە و بە تێچووییەکی کەم و کاتێکی کەمەوە سەرنجی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا بە لای خۆی و ئایدیۆلۆژیی لیبڕاڵیزم و سەرمایەداری ڕابكێشێت و دووریان بخاتەوە لە هەر ئایدیۆلۆژییەکی تر، بەتایبەت سۆسیالیزم و هێژموونی یەکێتیی سۆڤیەت لەو سەردەمەدا، چونکە سۆڤیەت بە هەموو هێز و توانایەکییەوە هەوڵی دەدا تەواوی ئەوروپا بکات بە بەشێک لە بلۆکی سۆسیالیزم، بەڵام ئەمریکا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزە نەرمەکەیەوە هەر زوو ڕێگریی لەو هەوڵەی سۆڤیەت کرد و دەرفەتی فراوانخوازیی لە ڕۆژاوای ئەوروپادا پێ نەدا.

- بەرنامەی ئاڵوگۆڕی خوێندن

ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی دونیا کە زۆرترین بەرنامەی ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی و خوێندن لە زانکۆکانی لە بوارە جیاجیاکان و خوێندنی باڵا و بەرنامەی سەرکردایەتی و ڕاهێنان و خول لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و پێکەوەژیان و پڵوڕاڵیزم و کارگێڕی و... لەخۆ دەگرێت. ساڵانە ئەم بەرنامەیە سەدان هەزار بەشداربوو و خوێندکار لە سەرجەم کیشوەر و وڵاتە جیاوازەکانی دونیادا و لە سەرجەم نەتەوە و زمان و ئایین و مەزهەب و ئایدیۆلۆژی و هەر پاشخانێکی فکری و ئایدیۆلۆژی بەشداریی پێ دەکات و تێچووی کرێی فڕۆکە و هاتووچۆ و مانەوە و هۆتیڵ و خواردن و گەڕان و سەرجەم تێچووەکان لەخۆ دەگرێت و سیسته‌می کۆمەڵایەتی و شوێنە مێژوویی و گەشتیاری و دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی ئەو وڵاتەی پێ ئاشنا دەکرێت بە مەبەستی سەرنجڕاكێشانی بەشداربووان و پەیوەستبوونیان بە ئەمریکا وەک دەوڵەت و هێز و، بەستنەوەی خەیاڵ و بیرکردنەوەی بەشداربووان و نەتەوە جیاوازەکانی دونیا بەگشتی بە خودی ئەمریکا و شێوازی ژیانی ئەمریکییەکانەوە؛ بەتایبەت لە سەپاندن و قووڵکردنەوەی بەهاکانی نێو سیسته‌می لیبڕاڵیزم و لیبڕاڵ دیموکراسی و ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین و میدیای سەربەخۆ و یەکسانی و پرسی تاکگەرایی و سێکیۆلاریزم. ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەو بەرنامەیە، پەیوەستکردنی وڵاتانی دونیایە بە ئەمریکا لە ڕێگەی سیسته‌می پەروەردە و خوێندنی لیبڕاڵیزم کە تاک تێیدا سەنتەرە و جێگیرکردنی کۆمەڵێک بەهای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییشە لە شوێن و جێگەی ئایین و ئایدیۆلۆژییه‌کانی دەرەوەی لیبڕاڵیزم. لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا ئاڵوگۆڕی پەروەردەییی نێوان ئەمریکا و چین، ١٠٠ هه‌زار قوتابی و خوێندکار بووە. سەرە ڕای ئەوەی ئەمریکا ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە توێژی گەنجان لە هەر دوو ڕەگەزەی نێر و مێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بانگهێشتی ئەو خول و ڕاهێنانە دەکات و لە زانکۆکان و بەشە جیاجیاکانیشی دەرفەتی خوێندن بەتایبەت لە بوارەکانی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، حکومڕانیی باش، یەکسانیی جێندەری و بەشداریی ئافرەتان و میدیای ئازاد بە خوێندکاران و فێرخوازانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و... دەدات.  

- یارمەتی و هاوکاریی مرۆیی

یارمەتی و هاوکاریی مرۆیی، یەکێکی ترە لە بنەماکانی هێزی نەرمی ئەمریکا لە تەواوی جیهاندا. ئەمریکا ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار وەک هاوکاری و یارمەتیی مرۆیی بە وڵاتانی دونیا دەدات؛ بەتایبەت لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و دروستبوونی ململانێ و جه‌نگی ناوخۆ و جه‌نگی وڵاتان لە چەند ناوچەیەکی جیهان و ئاوارەبوون و پەناهەندەبوونی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە دیاردەی هەژاری و بێخۆراکی و بێئاوی و بێپەناگەیی و بێماڵی، یان لە کاتی کارەساتە سروشتییەکانی وەک لافاو و بوومەلەزرە و تسونامی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و ڕووداوە سروشتییەکانی تر.

لە دوای ڕاپەڕین و کۆڕەوەکەی خەڵکی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و لە دوای ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەم جۆرە هاوکارییەی ئەمریکا بە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەخشرا. بەشێک لەو هاوکارییانە خۆراک و خواردەمەنی و کەلوپەل و بنیاتنانی نەخۆشخانە و قوتابخانە و ناوەندەکانی تری پەروەردە و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی بوون کە لۆگۆ و دروشمی ئەمریکای لەسەر دەنەخشێنرا؛ ئەمەیش بۆ زیاتر سەرنجڕاكێشانی هاووڵاتیانی عێراقی و ڕای گشتیی عێراقی بوو بە لای ئەمریکا و، سەرسامکردنیان بوو بە ئەمریکا و هێز و توانای ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئەم هاوکارییە مرۆیییانەوە. جگە لەمە ئەمریکا یارمەتی و کۆمەکی خۆراکیی پێشکەش بە پاکستان کردووە؛ لە کاتی بوومەلەرزە و تسونامییش کۆمەکی پێشکەش بە ژاپۆن و هیندستان کردووە؛ جگە لەمەیش کۆمەکی پێشکەش بە ئەفریقا کردووە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی برسێتی! هەموو ئەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ سەرنجڕاكێشان و پەیوەستکردنی نەتەوە جیاوازه‌كان و وڵاتانی جیاوازی دونیا بووە بە ئەمریکا و هێز و هێژموونەکەی، لە ڕێگەی شێوە جیاوازەکانی هێزی نەرمەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples