ڕۆڵی ڕاگەیاندنی تەندروستی لە برەودانی بواری تەندروستیی گشتیدا

پێشەكی:

كوردستان لە قۆناغێكی هەستیاردایە. سەكتەرە گرنگەكانی كۆمەڵگە تا ئێستا لە ئاستی خۆزگەی هاووڵاتیاندا نین. سەكتەری تەندروستییش (Health Sector)، یەكێكە لە گرنگترین سەكتەرە خزمەتگوزارییەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، كە هێشتا نەبووەتە جێی دڵنەوایی و متمانە لای كوردستانییەكان؛ ڕەنگە چەندین هەواڵی دڵتەزێن لەسەر ئەم سەكتەرە وەهای كردبێت زیاتر متمانە لەدەست بدات. هۆكاری ئەم دۆخەیش گەڵێك زۆرن؛ هەر لە كێشەی سیاسەتی تەندروستییەوە دەست پێ دەكات، تا لە ئاست و چەشنی ڕۆشنبیریی گشتیدا تەواو دەبێت و، لە نێوانیاندا دەیان هۆكار خۆیان حەشار داوە، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر پەرەسەندنی سەكتەری تەندروستیی گشتی دادەنێن. وەك ڕۆژنامەنووسێك لە ڕوانگەی ڕاگەیاندنەوە لەم پرسە دەڕوانم و، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەوەی گرنگە بیزانین گەشەكردنی سەكتەری تەندروستی ئەركێكی كەسی (Personal)  و هاوکات گشتییشە  (General)و، چەندین لایەن تێیدا بەشدار دەبن و كادیرانی بواری تەندروستی (Medical staff)بە هەموو ئاستەكانیانەوە لە قۆناغێكیدا، بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ لە هێرشی نەخۆشییەكان و كاردانەوەی ڕووداوە جۆراوجۆرەكان بەشداریی كارا دەكەن. لەم بابەتەدا دەمەوێت تیشك بخەمە سەر ڕاگەیاندنی تەندروستی، وەك ئامرازێكی گرنگی برەودان و پێشخستنی ڕۆشنبیریی تەندروستی لەناو كۆمەڵگەدا؛ هاوکات وەك چەكێكی بەرگریی بەهێز بەكار بهێنرێت دژی ڕەفتارە نادروست و ناتەندروستەكانی سەدەكانی ناوەڕاست كە لەناو كۆمەڵگەدا بە هۆی نەزانی و جەهالەتەوە بڵاو دەبنەوە.

یەكەم: سەرەتایەك بۆ تێگەیشتن لە ڕاگەیاندنی تەندروستی (Health Media):

ڕاگەیاندنی تەندروستی، لقێكە لە لقەكانی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند. بایەخ بە لایەن و پرسە پەیوەندیداركانی تەندروستیی مرۆڤ دەدات. لە ڕێگه‌ی ئامرازە میدیایییە جۆراوجۆرەكانەوە، هەوڵ بۆ ڕوونكردنەوەی ڕاستییە پزیشكییەكان و ڕاستكردنەوەی ڕەفتارە هەڵەكان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی پێویست لەسەر بواری تەندروستی و دامەزراندن و گەشەكردنی هۆشیاریی تەندروستی لای تاك و كۆمەڵگە دەدات. جگە لەوانەیش، بایەخێكی تایبەت ده‌داتە هەواڵی پێشكەوتنی زانستە تەندروستی و پزیشكییەكان و ڕوونكردنەوەی ئاستی تواناكانیان لە بواری خزمەتگوزاریی تەندروستیدا. بەڵام ئەركی گرنگی ڕاگەیاندنی تەندروستی، چڕ دەبێتەوە لە بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیریی تەندروستی لەناو خەڵكدا و، بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی تاك لە بواری بایەخدان بە ڕەفتاری دروستی تەندروستی و، لە هەمان كاتیشدا بەشداربوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و درم (ئێپیدێمی)، بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی بەرگری و خۆپاراستن دژی ئەو نەخۆشییانە.

دووەم: سەرەتاكانی سەرهەڵدان:

ئەم بوارە لە ڕاگەیاندن لە ساڵی 1975دا لەسەر دەستی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ پەیوەندیكردن (ICA) سەری هەڵداوە. ئەم كۆمەڵەیە هەوڵی خۆی بۆ ڕەخساندنی بوارێكی زانستیی پسپۆڕیی تەندروستی لەناو ڕاگەیاندندا خسته‌ گه‌ڕ، بۆ ئەوەی بتوانن وەك پسپۆڕ ڕۆڵی ڕاگەیاندنی تەندروستی بگێڕن. لە ساڵی 1996 گۆڤارێكی زانستیی تۆكمەیان دامەزراند تایبەت بە ڕاگەیاندنی تەندروستی، دواتر بەرنامەیەكیان بۆ خوێندنی باڵا لەم بوارەدا دامەزراند بەهاوبەشی لەگەڵ هەریەك لە كۆلێژی ئیمیرسۆن Emerson College، تایبەت بە ڕاگەیاندن، هەروەها زانكۆی پزیشکیی تافتس Tufts University . دوای دوو ساڵ بەتایبەت لە 1998 كۆمەڵەی ئەمریكی بۆ تەندروستیی گشتی جاڕنامەیەكی گشتیی لەسەر ڕۆڵی ڕاگەیاندنی تەندروستی لە بەهێزكردنی ڕۆشنبیریی تەندروستیی گشتیدا بڵاوکردەوە. ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەر بوو بۆ بەرفراوانبوونی ئەم بوارە، تاوەكوو ئەو ئاستەی بتوانێت ڕای گشتیی هەستیار دروست بكات، کە توانای هەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسە تەندروستییه‌كاندا بكات؛ بەتایبەت لە كاتی قەیران و كارەساتە تەندروستییەكاندا. دواتر لە ئەمریكا و لە وڵاتانی پێشكەوتوو، ڕاگەیاندن بوو بە ئامرازێكی گرنگ لە بواری ڕۆشنبیریی تەندروستی و، چەندین جۆر ئامرازی گەیاندنی میدیایی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كرا. لە ساڵی 2007 پێناسەی فەرمی بۆ ڕاگەیاندنی تەندروستی لە لایەن د. شیافۆ (Schiavo) دانرا: ''میتۆدێكی فرەچەشنە و چەندین پسپۆڕی دەگرێتەوە بۆ گەیشتن بە جەماوەری جۆراوجۆر بە مەبەستی گەیاندنی زانیاریی تەندروستی، بۆ ئەوەی ڕەفتاری مرۆڤەكان ئاراستە بكات و كاریگەری لەسەر تێگەیشتنیان دابنێت و پشتیوانییان بكات، تاوەكوو تەندروستییەكی باشیان هەبێت.'' دوای ئەوە بە شێوەیەكی بەرچاو ئەم بوارە گەشەی كرد و ڕۆڵی یەكجار زۆری لە چەندین پرسی تەندروستیی گرنگدا بینی؛ تا ئەو ئاستەی كە لەناو كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا ڕۆڵی كاریگەر دەگێڕێت.  

سێیەم: ڕاگەیاندنی تەندروستی، یان پزیشكی:

تەندروستی، بوارێكی زانستیی بەرفراوانە. دەكۆڵێتەوە لە ژینگە و بارودۆخی ژیان لە دەوروبەری مرۆڤ و ئاستی كاریگەرییه‌كه‌ی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و، چەندین بواری زانستی لەخۆ دەگرێت، زانستە پزیشكییەكان یەكێك لەو بوارانە. مەودای سەرەكیی كاركردنی چڕ دەبێتەوە لە پاراستن و چاككردنەوە و ئاراستەكردنی باری تەندروستیی مرۆڤە، لە هەر هەڕەشەیەك كه‌ ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروست بكات. بەمەیش دەتوانین بڵێین ڕاگەیاندنی تەندروستی، گشتگیرترە لەوەی بگوترێت ڕاگەیاندنی پزیشكی (Medical Media).

چوارەم: بابەتەكانی ڕاگەیاندنی تەندروستی، یان پزیشكی:

ڕاگەیاندنی تەندروستی، بایەخ دەداتە سەرجەم ئەو بابەتانەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری دەكەنە سەر باری تەندروستی، بەتایبەت ئەو بابەتانەی توێژێكی بەرفراوان دەگرنەوە، یان هەمیشە مرۆڤەكان پێویستیان پێیان دەبێت و؛ دەتوانین بڵێین بابەتەكانی ڕاگەیاندنی تەندروستی، لە لایەن سەكتەری تەندروستییه‌وه‌ دادەنرێن، ئه‌ویش بە هۆی ڕەهەندی زانستی و بابەتییه‌وه‌، كە وا دەكات بوار و بابەتی دیاریكراو لەم سەكتەرەدا هەبن. دەتوانین بڵێین گرنگترین بابەتەكان بەم شێوەیەن:

  1. بابەتی پەیوەندیدار بە تەندروستیی منداڵ (Child Health): هەر لە لایەنی فێركردن و گەورەكردنی منداڵەوە تا چۆنێتیی پاراستنی تەندروستیی زارۆك و دوورخستنەوەی لە نەخۆشی و چەپەڵی و پاراستنی لە تووشبوونی بە نەخۆشی، لەگەڵ چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵیدا لە حاڵەتی نەخۆشی و هتد. مەبەستی سەرەكی، گەشەكردنێكی تەندروستە بۆ منداڵێكی تەندروست؛ زۆربەی كات بە ئەنیمەیشن و فیلمی كارتۆن و گۆرانیی منداڵان و بەرنامەی هۆشیاری بۆ باوك و دایكان و چەندین ڕێكاری دیكە ئەم بابەتە دەخرێتە ڕوو. سەرجەم پسپۆڕییە تەندروستییەكانی تایبەت بە منداڵ و پسپۆڕیی پزیشكی و دەروونیی منداڵ لەگەڵ ڕاگەیاندنی تایبەت بە منداڵ، ئەركی بەم بابەتە دەخەنە ئەستۆ.
  2. نەخۆشییەكانی منداڵان: وەك نەخۆشییە دەرونییەكان، یان كەمەندامی و نەخۆشیی زگماكی، یان درم (ئێپیدێمی) و نەخۆشییە وەرزییەکان و ڕووداوەكان.
  3. بابەتی تەندروستیی گشتی (general Hygiene): كە چەندین بواری زانستی و سەرجەم توێژ و چینەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە.
  4. بابەتی تەندروستیی خێزان (Maternal And Child Health): تایبەتە بە بایەخدان بە تەندروستیی خێزان و پێویستییە تەندروستییەكانی.
  5. بابەتی تەندروستیی خۆراك (Public Health Nutritionist).
  6. بابەتی ئەخلاقی كاری تەندروستی (Health Ethics).
  7. بابەتی ژینگەی تەندروست (Environmental Health) 
  8.  بابەتی  تەندروستیی پێشە .(Occupational Health)
  9. ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكانcommunicable Disease) (Prevention And Control.
  10.  بابەتی چاودێریی تەندروستی (Health Surveillance).
  11.  بابەتی بەڕێوەبردنی تەندروستی و چاودێریی دەزگه‌ تەندروستییەكان و ڕەفتار و ئاكاری كارمەندانی تەندروستی و پزیشكی لە كاتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیاندا.
  12. بابەتی سەكتەری لێكۆڵینەوەی تەندروستی و پزیشكی و بڵاوكردنەوەیان (Health Services Research).
  13.  بابەتی تەندروستیی دەروونی        (Mental health).
  14.  بابەتی تەندروستیی ڤێتەرنەری(Veterinary Public Health) .

پێنجەم: هاوكێشەی پەیوەندیدار بە ڕاپەڕاندنی ڕاگەیاندنی تەندروستی:

ڕاگەیاندنی تەندروستی< پێویستی بە ئاستی زانستی و چاودێریی زانستیی ورد هەیە؛ ئەمەیش وابەستەی دەكات بە سەرجەم یاسا و بنەماكانی كاری تەندروستییەوە، كە لە دەزگه‌ پەیوەندیدارەكانی بواری تەندروستی دەردەچن، جگە لە وابەستەبوون بە یاساكانی ڕاگەیاندن و بنەماكانی ئەخلاقی گشتی. لێرەیشەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە سەندیكای پزیشكان و سەندیكای دەرمانسازی و سەندیكای پەرستاری، ڕۆڵی سەرەكییان لە چاودێریی بەرنامەكانی ڕاگەیاندنی تەندروستیدا دەبێت، جگە لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی دامەزراوە تەندروستییە فەرمییەكان. جگە لەوەیش، دەبێ بنیادی یاساییی ئەم بوارە چوارچێوەدار بكرێت، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی هەڵەكردن لە هۆشیاریی تەندروستی و چاودێریی تەندروستی لە نێوان دەزگه‌كانی ڕاگەیاندن و دەزگه‌كان، یان كەسانی ڕێپێدراو بە بەكارهێنان و بڵاوكردنەوەی زانیاریی تەندروستیدا ون نەبێت. دەبێ زانیاریی زانستی لە پزیشكی پسپۆر وەربگیرێت و، دەبێ باشترین پزیشكی پسپۆڕ هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو زانیارییە هەڵە نەبێت. دەبێ ئەو زانیارییانە وردبینیی زانستییان لەسەر بكرێت و متمانەپێكراو بن.

شەشەم: پەیوەندیی نێوان هۆشیاریی تەندروستی و ڕاگەیاندنی تەندروستی:

ڕاگەیاندن، لە سەرجەم بوارەكانی ژیاندا ڕۆڵێكی یەکجار زۆر دەگێڕێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە ژیانی كەسییه‌وه‌، لە ڕێگه‌ی دروستكردنی كاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی هۆشیاریی ئەو كەسە و كاریگەریدانان لەسەر ڕەفتارە كەسییەكانی. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕاگەیاندنی تەندروستی، ئه‌ركی هۆشیاریی تەندروستی به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت جێی دەزگه‌ تەندروستییەكانی تایبەت بە هۆشیاریی تەندروستی بگرێتەوە. لە لایەكی دیكەیشەوە، هۆشیاریی تەندروستی، لایەنێكە لە لایەنەكانی ڕاگەیاندنی تەندروستی؛ لە بەرامبەریشدا، دەتوانین بڵێین بە هۆی پێشكەوتنی بواری میدیایی و، لە ڕووی زانستی و خزمەتگوزاریی تەكنه‌لۆژییەوە، ڕاگەیاندنی تەندروستی ڕۆڵی پیشەسازیی هۆشیاریی تەندروستی دەگێڕێت.

دەتوانین بڵێین ئاستی پەیوەندی لە نێوانیاندا بەم شێوەیەیە:

  1. ئاستی هاوكاریی دوولایەنە:
  • بەكارهێنانی ئامرازەكانی میدیا بۆ پرسەكانی تەندروستی و پاراستنی تەندروستی و گەشەپێدانی ڕۆشنبیریی تەندروستیی كۆمەڵگە.
  • بەكارهێنانی دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن بە مەبەستی ناساندنی بەرنامەی تێگەیشتنی تەندروستی لەناو كۆمەڵگەدا.
  1. ئاستی وەزیفی (ئەرکداری)، کە ئەویش بەم شێوەیە دەبێت:
  • دانانی پلانی میدیایی لە لایەن دامەزراوە تەندروستییەكانەوە بۆ پەخشكردنی هەواڵی ڕاستەقینە لەسەر پرسە تەندروستییەكان، كە لە لای تاكەكانی كۆمەڵگە پێویستن.
  • كردنەوەی سەكتەری تەندروستی لەسەر كۆمەڵگە، بە بڵاوكردنەوەی بەها تەندروستییەكان لە نێوان تاكەكاندا.
  • پابەندبوونی بەرهەمی میدیایی بە بەها تەندروستی و ئەخلاقییەكانەوە.
  • هۆشیاریی تەندروستی، ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقیی گشتییە.

حەوتەم: ڕاگەیاندنی تەندروستی و ڕۆشنبیریی تەندروستی:

ڕۆشنبیریی تەندروستی پرۆسەیەكی ئاسان نییە. ئامانجەكەی بڵاوكردنەوەی زانیاریی تەندروستیی گشتییە لە ڕێی ئامرازەكانی میدیاوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەسەر ڕەفتاری مرۆڤە بەتایبەت ئەو رەفتارانەی كە كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر باری تەندروستی كەسی یان گشتی؛ بەمەش ڕۆشنبیریی تەندروستی، دەبێتە بەشێك لە چاودێریی تەندروستی لەسەر ئاستی (ئاستی تاك، ئاستی كۆمەڵگە، ئاستی گرووپ و توێژی كۆمەڵایەتیی تایبەت) بەم پێیەش دەردەكەوێت كە ڕاگەیاندنی تەندروستی لەلایەكی گرنگیدا کار بۆ پرۆسەی ڕۆشنبیریی تەندروستی دەکات و، لەهەمان كات ئەركی چاودێریی تەندروستی ئەنجام دەدات ئەویش بە ڕێگەی جێبەجێكردنی سێ بنەمای سەرەكی كە بریتین لە:

  1. ناسینی كێشە تەندروستییەكان؛
  2. كۆنترۆڵكردنی كێشە تەندروستییەكانیان؛
  3. زاڵبوون بەسەر كۆسپە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا، كە كاریگەریی نەرێنی ده‌كه‌نه‌ سەر دۆخی تەندروستی.

هەشتەم: كێشە و گرفتەكانی بەردەم ڕاگەیاندنی تەندروستی:

یەكێك لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنی تەندروستی دەبێتەوە، ئەو ڕێكلامە بازرگانییەیە، كە بۆ به‌بازاڕیكردنی دەرمان، یان نەخۆشخانەیەك، یان پزیشكێك و ...هتد، ئەنجام دەدرێت، چونكە مەرام و مەبەستی ڕێكلامی بازرگانی، بۆ بەرزكردنی قازانجی ماددییە و تەنیا لایەنی ئەرێنی دەخاتە ڕوو و، هەندێك جار زیاتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی دەیخاتە ڕوو؛ ئەمەیش كاریگەریی نەرێنی ده‌كاته‌ سەر بابەتیبوونی دۆخی تەندروستیی گشتی. لەبەر هەستیاریی ئەم بوارە، دەبێ هەمیشە پسپۆڕی لێهاتووی بواری زانستی تەندروستی و زانای بواری ڕاگەیاندن ئەم كارە بکات و، دەبێ تەنیا ئەو زانیارییە پەخش بكرێت كە لایەنی زانستی تەندروستیی فەرمی و بەرپرس پشتڕاستی كردبێتەوە. بۆیە، دەتوانین بڵێین چەند كۆسپێكی گشتی لە بەردەم گەشەكردنی ئەم بوارەدا هه‌ن، وەك:

١. كەمیی پسپۆڕی لەم بوارەدا.

٢. لاوازی لە كاری بەکۆمەڵدا، ئەم بوارە لاواز دەكات.

3. نەبوونی هاوسەنگی لە بابەتەكانیدا، بە هۆی نەبوونی توانا لەسەر هەموو لایەنەكان لە لایەن چەند كەسێكەوە.

4. ئیشكالی تێكەڵبوونی لەگەڵ ڕێكلامی بازرگانی و ویستی خۆناساندن، متمانە بە زانیارییەكانی ئەم بوارە كەم دەكاتەوە.

5. كەمی، یان نەبوونی پشتیوانیی ماددی لەم بوارەدا.

6. نەبوونی توانای باڵانسگیریی لە نێوان توخمە زانستییە جیاوازەكانی ئەم بوارە. لەنێوان پسپۆری تەندروستی و پزیشكی و لەنێوان پسپۆری ڕاگەیاندندا ماوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ كام لەم پسپۆرییانە ئەرکی بەرپرسیارێتیی بەتەنها بخەنە سەر شانی خۆیانەوە.

7. بە هۆی تایبەتمەندیی پسپۆڕیی زاراوەكانەوە، گرفتی زمان لەو بوارەدا زۆر زۆرە، كە كێشەیەكی گەورە بۆ تێگەیشتنی گشتی دروست دەكات. كێشەی وەرگێڕان و ئاسانكردنەوەی زاراوەكانیش هەیە.  

نۆیەم: ڕاگەیاندنی تەندروستی لە نێوان تیۆری و پراكتیزەكردندا:

پێشكەشكردنی زانیاریی زانستیی تەندروستی و پزیشكی، یارمەتیی كەسی ئاسایی دەدات كه‌ بۆ پاراستنی دۆخی تەندروستیی خۆی دەرفەتی بیركردنەوەی زیاتری هەبێت و، لە هەڕەشە و كۆسپە تەندروستییەكان دوور بكەوێتەوە؛ ئەمەیش لە ڕاستیدا لایەنێكی گرنگی پێویستیی مرۆڤ جێبەجێ دەكات و، ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: چۆن ئەم كارە ئەنجام بدرێت؟ پەیامەكان تاچەند وەكوو خۆیان دەگەن؟ لە ڕاستیدا ئەمەیش ئەركی زانستی ڕاگەیاندنە، كە توانای ئه‌وه‌ی هەیە چوارچێوەی تیۆری بخاته‌ بواری پراكتیزەكردنه‌وه‌. بەمەیش دەزگه‌كانی ڕاگەیاندن لە ڕووی ئەخلاقییەوە لە بواری تەندروستیدا، بە خزمەتكردنی كۆمەڵگەوه‌ پابەند دەبن.  

ئەنجام:

ڕاگەیاندنی تەندروستی بوارێكی زۆر گرنگ و پێویستە، بەتایبەت بۆ ئەو كۆمەڵگه‌یانەی لە قۆناغی گەشەكردن و گۆڕانكاریی گەورەدان؛ وەكوو كوردستان. جگە لەوەیش، ڕاگەیاندنی تەندروستی، گرنگییەكی یەکجار زۆری هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و ڕۆشنبیریی تەندروستیی ئاستبەرز و، نەهێشتنی هەڵخەڵەتاندن و تێكهەڵچوون و، ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست لەسەر ڕەفتاری تەندروستی و دژایەتیكردنی ڕەفتارە ناتەندروستییەكان، كە بە هۆی دواكەوتەیی و نەزانییەوە لەناو كۆمەڵگەدا بڵاو دەبنەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples