ڕۆژی سێشەممە ٩/٥/٢٠١٧، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا/پێنتاگۆن ئاماژەی بە بڕیارێکی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و، ئاشکرای کرد لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ناردنی چەک و هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە لە ڕۆژاوای کوردستان جێبەجێ دەکرێت. هاوکارییەکە ئهمانه لهخۆ دهگرێ: چەکی ئاگرینی دەستی، ماشێنهەڵگری چەکی قوڕس، زرێپۆش و چەمکی مامناوەند. بەپێی سەرچاوەیەک، وا بڕیارە لەم نزیکانەدا نوێنەری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و کۆنگرێس، سەردانی ڕۆژاوای کوردستان بکەن. هاوکات وتەبێژی هاوپەیمانێتی دژ بەداعش ڕای گەیاند کە یەپەگە بەشێکە لەم هاوپهیمانێتییه و، لە سووریادا جەنگی داعش دەکات. لە هەمان کاتدا وتەبێژی کۆشکی سپی، دووپاتی کردەوە کە یەپەگە هێزێکە ڕووبەڕووی داعش بۆتەوە و ئێمە هاوکاریی دەکەین.
دوای بڕیاری پڕچەککردنەکە، ئانکارا دەنگی ناڕەزاییی خۆی دەربڕی و، سەرۆککۆماری تورکیا، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردانی ئەم هەفتەیەی بۆ ئەمریکا و بینینی دۆناڵد ترامپ، ئەم پرسە تەوەرێکی گفتوگۆکانمان دەبێت. هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا گوتی ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکە و یەپەگەدا ناکەین و، هەردووکیان دوو هێزی تیرۆریستین و، هاوکاریی ئەمریکا بۆ یەپەگە مەترسیی بۆ ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا دەبێت.
دواتر وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشۆغلۆ، لەبارەی پڕچەککردنی یەپەگە لە لایەن ئەمریکاوە ڕای گەیاند هەموو ئەو چەکانەی دەگەنە دەستی یەپەگە، هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا؛ چونکە دەگەنە دەستی پەکەکەیش. هەر لە درێژەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ جیاوازییەک لە نێوان یەپەگە و پەکەکە نییە، تەنیا ناوەکانیان نەبێت. ئەو چەکانەی دەگەنە دەستی یەپەگە، بۆ تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە و، پێشتریش هەموو ئەو چەکانەی بە یەپەگە درابوون ئێمە لەدەست پەکەکە گرتمانن و بڵاویشمان کردەوە." یارمەتیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە، دوو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت:
یەکەم: یەپەگە وەک هێزێکی شەڕکەری دژ بە داعش:
لە دوای ڕووداوی ١١ی سێپتێمبەرەوە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەمریکا پرسی ئاسایش و تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان بووە و، ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکار هێناوە. لە دوای دروستبوونی داعش لە سووریا و فراوانبوونی کردە تیرۆریستییەکانی بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا، وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا بەدوای هاوبەش و هێزێک دەگەڕێن کە بتوانێت ڕاستەوخۆ لە سووریا ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە. یەپەگە یەکێکە بووە لەو هێزانەی کە توانیویەتی جەنگی داعش بکات و لاوازی بکات. یارمەتیی سەربازی و هاوکاریی ئەمریکا، لەم ڕوانگەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە یەپەگە ئەکتەرێکی کاریگەرە بۆ تێکشکاندنی داعش و، ئەمریکا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت و جەنگی تیرۆری پێ بکات و لەو ڕێگەیەوە مەترسیی تیرۆر بۆ سەر جیهان بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی کەم بکاتەوە.
دووەم: یهپەگە وەک هێزێک بۆ بەرگرتن و ڕێگرتن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی "هیلالی شیعی":
بە هۆی ترسی ئەمریکا لە فراوانخوازی و گەورەبوونی پڕۆژەی هیلالی شیعی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە سووریا بەتایبەتی، ئەمریکا پێویستیی بە هاوبەشێک، یان هێزێکی لۆکاڵی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێبوونی هیلالی شیعی لە سووریادا. ئێران لە دوای ٢٠٠٣ەوە توانیی بە قەبارە و ڕێژەیەکی گەورە، هێژموونیی خۆی لە عێراقدا لە ڕێگەی نوخبەیەکی سیاسیی شیعی و یارمەتیی سەربازی و فەرهەنگییەوە فراوان بکات.
ئەمریکا نایەوێت ئەزموونی عێراق لە سووریا دووبارە ببێتەوە و، بۆ ئەم مەبەستەیش یەپەگە وەک یاریکەرێکی کاریگەر دەبینێت و، بۆ تێکشکاندنی ئەم پڕۆژەیەی ئێران و لاوازکردنی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارمەتیی سەربازی و لۆجیستیی پێشکەش دەکات. سووریا لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە بە دڵی هیلالی شیعی دادەنرێت و، ئێران لە ڕێگەی سووریاوە بە ئاو و دەریا و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست دەگات؛ بەمەیش ئاسانتر دەتوانێت یارییە سیاسییەکان بەڕێوە ببات.
پڕۆژەی شیعەگەرایی، یان هیلالی شیعیزم چەمکێکی سیاسی، جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییە؛ زیاتر ئەو سێگۆشە جیۆپۆلیتیکییە دەگرێتەوە کە کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی لەخۆ دەگرێت. ئامانجی پرۆژەکە بریتییە لە سەپاندنی هێژموونیی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و مەزهەبیی شیعە بە ڕابەرایەتیی ئێران بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سوننی بەتایبەتی. دەکرێت جوگرافیای پڕۆژەی هیلالی شیعی بەم شێوەیە دابەش بکەین:
١- عێراق: هەر یەک لە پارێزگهکانی نەجەف، کەربەلا، بابل، قادسیە، واست، موسەننا، زی قار، میسان و بەسڕە لەخۆ بگرێت.
٢- سووریا: کۆمەڵێک پارێزگه لە خۆدەگرێت، بەتایبەت: حەلەب، دیمەشق، حوران، حەمس، ئەدلیب و حەما)
٣- لوبنان: زیاتر ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵڵای لوبنانیدان.
٤- سعوودیا: پارێزگهکانی قەتیف و حەسا و ڕۆژهەڵاتی سعوودیا.
٥- باشووری یەمەن: ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی ئەو وڵاتەن.
٦- بەحرێن: بە هۆی بوونی ژمارەیەک شیعە لەو وڵاتەدا، کە لە لایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەکرێن و هاوکاری دەکرێن.
حکوومەتی ئێرانی بە سەرپەرشتی دەزگه هەواڵگرییەکەی (ئیتلاعات) و دامەزراوە سەربازییەکانی وەک "سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران"، دەمێکە خەریکی پڕچەککردن و ئاڕاستەکردنی هێز و گرووپە شیعییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەتایبەت حزب و هێزە شعییەکان و حەشدی شەعبی لە عێراق و، حزبوڵڵا لە لوبنان و، هێزی سەربازیی بەشار ئەسەد لە سووریا و بەرگریلێکردن و هەوڵدان بۆ مانەوەی. تەنانەت لە کاتی جەنگی ناوخۆی سووریاوە تا ئێستا، ئێران ملیۆنان دیناری لە هاوکاری و پاڵپشتیی سووریا و سوپاکەی خەرج کردووە و، بە ڕاگری سەرەکیی پەیکەری سیاسی و حوکمڕانیی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەدا دادەنرێت. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەمریکا یەپەگە وەک هێزێکی کارا دەبینێت و، یارمەتیی دەدات بۆ هاوسەنگکردنی ململانێیە ناوخۆیییەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەسەد لە سووریادا.
دەرەنجام:
پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا لە دوای دروستبوونی داعشەوە، بە هۆی جیاوازیی بۆچوون و سیاسەت و ستراتیژییەتی ئەم دوو وڵاتە بۆ پرسی سووریا و ئەکتەرە ناوخۆیییەکانی، لە ئاستێکی خراپدایە. یەکێک لەو جیاوازییانە کورد و یەپەگەیە لە سووریادا. ئەمریکا لە ئێستادا بۆ تێکشکاندنی داعش یارمەتیی سەربازی بۆ یەپەگە دەنێرێت و، تورکیایش بەم هاوکارییە نیگەرانە و، یەپەگە بە درێژکراوەی پەکەکە و بە مەترسیی دادەنێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا. لەو هەفتەیە ئەردۆغان سەردانی واشنتۆن دەکات و چاوی بە دۆناڵد ترامپ دەکەوێت و یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان یەپەگە دەبێت (ئهم بابهته پێش سهردانهكه نووسراوه). بەشێک لە چاودێران پێیان وایە بە هۆی ڕووننەبوونی هەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر پرسی تیرۆر و داعش لە سووریا، ئەمریکا گوێ بە داواکانی تورکیا نادات و پەیوەندییەکانیان وەک پێویست نین. دەکرێت یەکێک لە مەبەستەکانی ئەمریکا لە پڕچەککردنی یەپەگە، گوشارخستنە سەر تورکیا بێت بۆ هاوڕابوونی لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژییەتەکانی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.