ڕێگه‌ی ئاوریشم

پێشەکی:
ڕێکەوتی ١٣/٥/٢٠١٧ بەشێک لە سەرۆکەکانی وڵاتانی جیهان گەیشتنە "پەکین"ی پایتەختی چین بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ڕێگه‌ی ئاوریشم لەژێر ناونیشانی "یەک پشتێنە، یەک ڕێگه‌"، کە ڕۆژی دواتر بەڕێوە چوو. ئەم کۆڕبەندە، بیرۆکەی "شی جین پینگ"ی سەرۆکی چینە کە بەنیازە ڕێگه‌ی ئاوریشمی کۆن زیندوو بکاتەوە لە ڕێگەی دامەزراندنی چەند ڕێڕەوێکی گرینگی وەک هێڵی ئاسن و ڕێگه‌ی نێودەوڵەتی و بنیاتنانی چەندین بەندەری گرینگ کە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و، دەبێتە گەورەترین ڕێڕەوی بازرگانیی جیهان. لەم کۆڕبەندەدا ٨٥٠ میوانی بیانی لە ١٣٠ وڵاتی جیاوازه‌وه‌ بەشدار بوون و ٧٠ ڕێکخراوی جیهانیش ئامادەی کۆڕبەندەکە بوون.

چین هەر لە ساڵی ٢٠١٣ەوە پلانی بۆ پڕۆژەکە داڕشتووە و چەندین هێڵی ئاسن و وێستگەی کارەبا لە تاجیکستان، تایلەند، قرقیزستان و چەند وڵاتێکی تر کردۆتەوە و، هەوڵ دەدات لە ڕێگه‌ی هێڵی ئاسن و ڕێگه‌ی خێراوه‌ شارەکانی دالیان و لیاونینگ لە ڕێگەی مەنگۆلیا و ڕووسیا بە ئەوروپا ببەستێتەوە و، بیانکات بە ڕێڕەوێکی بازرگانیی گەورە لە جیهان، بەتایبەت دالیان ئەڵقەیەکی گرنگی پڕۆژەی "یەک پشتێنە، یەک ڕێگه"یە و، کۆمپانیا چینییەکانیش دەیانەوێت ئەم پڕۆژەیە بکەن بە دەرفەتێک بۆ نزیکبوونەوە لە بازاڕی جیهانی و تێکەڵبوون بە بازرگانیی نێودەوڵەتی.

پڕۆژەی ڕێگه‌ی ئاوریشـم سەرکردەی زیاتر لە ٦٥ وڵاتی لە پەکین کۆ کردەوە و، ئەمەیش بە گەورەترین و کاریگەرترین کۆبوونەوەی جیهانی بۆ دروستکردنی گەورەترین ڕێڕەوی بازرگانیی جیهانی دادەنرێت کە وڵاتان لە کیشوەرەکانی (ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکا) تیایدا بەشدارن. هەر لە کۆڕبەندەکەدا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا بەشدار بوون؛ هەرچەندە هیچ سەرۆکێکی گرنگی ڕۆژاوایی لەم کۆربەندەدا بەشدار نەبوو، بەتایبەت ئەمریکا. ئەمەیش مەبەست و ئامانج و ستراتیژیی پڕۆژەکە ڕوون دەکاتەوە و، پیشانی دەدات کە ئەم پڕۆژەیە، زیاتر پڕۆژەیەکی چینی-ڕووسییە و لە هەوڵی داڕشتنەوەی پەیکەری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، ژێرخان و ڕەگەزەکانی هێز و جیۆپۆلیتیک و جیۆستراتیژیی نوێییە لە ناوچەکە و، فراوانکردنی جەمسەری چین-ڕووسیا و دابەشکردنەوەی جوگرافیای ناوچەکەیە بە زمانی ئابووری.

وڵاتانی بەشداربووی کۆڕبەندەکە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان پێک دێنن و هێزی ئابووریشیان لە ٢٠ تریلیۆن دۆلار زیاترە و ژمارەی دانیشتووانیان چوار ملیار و چوار سەد ملیۆن کەسە و ڕووبەرەکەیان ٢٠ لەسەدی کۆی ڕووبەری گۆی زەوی پێک دێنێت.

تورکیا چ ڕۆڵێک لەم پڕۆژەیەدا دەگێڕێت؟

بڕیار وایە ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی بانکێکی هاوبەشەوە دراوێکی هاوبەش بۆ وڵاتانی هاوبەش و ئەندامانی بخاتە بازاڕەوە و مامەڵە ئابووری و بازرگانییەکانی خۆی پێ بەڕێوە ببات و، چین و ڕووسیا لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت هێژموونیی سیاسی و ئابووری لە ئوراسیا بە هۆی گرێدانی ئاسیا و ئەفریقا بەیەکەوە زیاتر بکەن، چونکە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە ئوراسیا دەتوانێت وڵاتانی باکووری گۆی زەوی و باشوور بەیەکەوە گرێ بدات و وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیایش بەیەکەوە ببەستێتەوە. ئەمەیش دەرفەتێکی زێڕین دەبێت بۆ تورکیا بۆ سوودوەرگرتن لە خاڵە باشەکانی ئەم پڕۆژەیە و نزیکبوونەوەی زیاتر لە جەمسەری چین و ڕووسیا و گەیشتن بە ئاسیای ناوەڕاست و کۆمەڵێک وڵاتی تر. تورکیا کۆمەڵێک مەبەستی ستراتیژی و جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی لەم پڕۆژەدا هەیە، بەتایبەت:

١- بەکارهێنانی ئەم پڕۆژەیە وەک جێگرەوەیەک لە بری یەکێتیی ئەوروپا

تورکیا دوای ئەوەی بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەر و پرسی ناوخۆیی و دەرەکییه‌وه‌ لە وەرگیرانی لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بێئومێد و بێهێوا دەبێت، بەتایبەت لە دوای سەرکەوتنی حزبی داد و گەشەپێدان لە ڕاپرسی بۆ گۆڕینی دەستوور و سیسته‌می سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و ڕەخنەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە تورکیا لەسەر مەسەلەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، تورکیا هەوڵ دەدات پڕۆژەی ئاوریشم وەک جێگرەوەیەک لە بری یەکێتیی ئەوروپا بەکار بێنێت. سەرەڕای ئەمە، تورکیا هەست بە گەورەیی و فراوانبوونی ئەم پڕۆژەیە دەکات لە داهاتوودا، کە ببێت بە یەکێتییەکی گەورە لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری، سەربازی و فەرهەنگی و، کێبڕکێی یەکێتیی ئەوروپا بکات و، بەشێک لە شارەزایانیش بە پڕۆژەیەکی جیۆستراتیژی و سوپەر-کیشوەر ناوی دەبەن.

 ٢- دروستکردنی گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕۆژاوا و ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە لە لایەن تورکیاوە
تورکیا لە دوای دروستبوونی داعش و پەراوێزخستنی لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا و ئەوروپا و پشگوێخستنی داواکانی لەسەر پرسی سووریا لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دروستکردنی گوشار و دۆزینەوەی ڕێگه‌یەک بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز و ناچارکردنی ڕۆژاوا بۆ جێبەجێکردنی داواکانی. یەکێک لەم گوشارانە پڕۆژەی ئاوریشمە.

کرایچ باوگمانتەر لە پەیمانگه‌ی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا، وردتر و قووڵتر لەم پڕۆژەیە دەڕوانێت و پێی وایە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە دروستکردنی بلۆکێکی ئابووریی هاوتای یەکێتیی ئەوروپایە و، ئەم بلۆکە ئابوورییە ڕێگه خۆش دەکات بۆ یەکێتییەکی سیاسیی گەورە کە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە بۆچوونی گرایچ لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە ئەم پڕۆژەیە مەترسی بۆ ستراتیژییەتی ئەمریکا لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات؛ بەو پێیەی ئوراسیا دەتوانێت دوو ناوەندی گرنگی سەرچاوەی وزە لە جیهاندا بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەوانیش ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. گەشەی ئابووریی وڵاتانی چین، هیندۆستان، تایوان و ژاپۆن بایەخێکی زیاتر بە ئوراسیا دەبەخشێت، چونکە ئەم بازاڕە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هێندەی بازاڕەکانی ئەوروپا پێویستییان بە وزە دەبێت؛ بەمەیش تورکیا هەم دەتوانێت سوود لەم بازاڕە وەربگرێت و هەمیش وەک کارتێکی کاریگەر لە هەمبەر ئەمریکا بەکار یبێنیت و سوود لەو کارتە جیۆپۆلیتیکییانەیش وەربگرێت کە ڕووسیا لە ئاسیادا بەکاری دێنێت.

دەرەنجام:
پڕۆژەی ئاوریشم و زیندووکردنەوەی لە لایەن چین و ڕووسیاوە گۆڕانێکی گەورەی سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلیتیکی لە سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی دێنێتە کایەوە. چین و ڕووسیا چەند ساڵێکە خەریکی بەگەڕخستن و زیندووکردنەوەی ئەم پڕۆژەیەن و، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەیشدا لە ڕێگەی کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتییەوە زۆرترین وڵات لە چەند کیشوەرێکی جیاوازدا و بە سەرمایەیەکی زۆرەوە بەشدارییان تێدا کرد. بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە و فراوانبوونی لە جیهاندا دەبێتە ڕکابەرێکی گەورە بۆ هێزێکی وەک یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و سیسته‌می نێودەوڵەتی و سروشتی ململانێکان و، هاوسەنگیی هێز دادەڕێژێتەوە. تورکیا لەم نێوەندەدا دەیەوێت سوود لەو پڕۆژەیە ستراتیژییە وەربگرێت و، بیکات بە جێگرەوەیەکی باش لە بری یەکێتیی ئەوروپا و، بیکات بە کارتێکی گوشار لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples