ترامپ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

خستنەڕوو:
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکەم سەردانی لە سعوودیاوە  دەست پێ کرد و، دواتر سەردانی هەر یەک لە ئیسڕائیل و ئیتاڵیا و پاپای ڤاتیکانی کرد. لەم سەردانەدا ترامپ بۆ یەکەمجار لە سعوودیاوە ڕاستەخۆ چووە ئیسڕائیل و، ئەمەیش بە یەکەم گەشتی ئاسمانیی نێوان سعوودیا و ئیسڕائیل دادەنرێت. جگە لەوە، ترامپ لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لە لایەن سعوودیاوە پێشوازییەکی بێوێنە و بەرزی لێ کرا و، هاوکات چەندین ڕێککەوتننامەی سەربازی و ستراتیژی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا واژوو کران. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئامانج و ڕەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک تەوەر لەخۆ دەگرێت، لەوانە: پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسڕائیل و لۆبیی جوولەکە، دەستبەسەرداگرتنی سامانی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەهەندی ستراتیژی و بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان. جگە لەمانەیش، سنووردارکردنی ڕۆڵ و هێژموونیی ئێران و ڕووسیا و چین و پڕۆژەی ئاوریشـم و هیلالی شیعی و دەورەدانی زیاتری ئێران.

گرێبەستی سەربازی لەگەڵ سعوودیا

سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە پەیکەری سیسته‌می سیاسیی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە و، ڕۆڵی هەرێمایەتی و پێگەی سیاسی و ستراتیژی و سەربازی بۆ سعوودیا بگەڕێنێتەوە و، لە بەرامبەر ئێران و پڕۆژەکانیدا هاوسەنگی هێزی پێ بکات، بەتایبەت پڕۆژەی هیلالی شیعی کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەیەوە، بگات بە دەریای سپیی ناوەڕاست و یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ بێنێت.

لەم سەردانەی ترامپدا گرێبەستی کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بە بەهای نزیکەی ١١٠ ملیار دۆلار لەگەڵ سعوودیادا واژوو کراوە، کە لە پێشەکیدا بە بەهای ١٠٠٠ملیار دۆلار دەست پێ دەکات و، ئەوەی کە دەمێنێتەوەیش لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت. کواڵیتیی ئەم چەکانەی ئەم جارە بەبەراورد لەگەڵ گرێبەستەکانی پێشوودا جیاوازن.

ئەم جارە گرێبەستەکە ١٥٠ هێلیکۆپتەر و سیسته‌می بەرگری و دامەزراندنی لقی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بواری بەرگری و واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ بەڵێندەرێکی کۆمپانیایەکی سەربازی (جەنەڕاڵ داینامیکس) بۆ بەرهەمهێنانی تانک و ئۆتۆمبێڵی سەربازی و هەڵکەندنی خەندەق لە شوێنە سەربازییەکان لەخۆ دەگرێت. سعوودیا چوارەمین دەوڵەتە لە دابینکردنی خەرجی سەربازی لە جیهاندا و، یەکەمە لە کڕینی چەکی ئەمریکیدا. جگە لەمانەیش سعوودیا بە بەهای ٧٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە بازاڕی ئەمریکادا هەیە و، وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ وڵاتەکەی هەژماری دەکات.

پێدەچێت سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا دابەشبوونێکی سیاسیی قووڵتر لە ناوچەکەدا بخوڵقێنێت و، ئاماژەن بۆ دروستکردنی بەرە و جەمسەرێکی ئیسلامی-سوننی بە یارمەتیی هەر یەک لە (قەتەر، ئیمارات، پاکستان، مالیزیا و ئەندۆنیسیا) لە بەرامبەر هێژموون و سیاسەتەکانی ئێراندا.  پێدەچێت ئێرانیش ھان بدات بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی زیاتر لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتییەکی تۆکمەتر لە نێوان ئێران و لوبنان و عێراق و سووریا بە پاڵپشتیی ڕووسیا و چین. ئەم ململانێیە سیاسی و مەزهەبی و سەربازییە، ناوچەکە بەتۆخی بۆ دوو بلۆکی دژبەیەک دابەش دەکات کە دووجەمسەریی ڕاستەقینەی لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لێ دەکەوێتەوە. بە قووڵبوونەوەی دۆخی ململانێی سیاسیی سوننە – شیعە لە ناوچەکەدا، ئەمریکا دەیەوێت کاراتر لە جاران بەڕێوەبەری ئەو تەنگژەیە بێت. ڕەنگە زیاتر وا لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە لە ئاستی هەرێمایەتیدا تەنیا ھەوڵێکی سەرەکی و ڕژدی سعوودیا بێت بۆ دەورەدان و نینۆککردنی ئێران لە یەمەنەوە تا دەگاتە سووریا و ئەو جوگرافیا سیاسییەی کە خۆی مەبەستێتی. وا چاوەڕوان دەکرێت سعوودیا وێستگەیەکی سەرەکی بێت بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسەنگکردنەوەی هێز لە بەرامبەر ئێران و هاوبەشەکانیدا.  

دەورەدانی ئێران

گرێبەستەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیا بەشێکی پەیوەندیی بە پڕۆژەی "ئاوریشم"ەوە هەیە. لە ١٤/٥/٢٠١٧ لە "پەکین"ی پایەتەختی چین بە بەشداریی زۆرێک لە وڵاتان جگە لە وڵاتانی ڕۆژاوا کۆڕبەندێکیان لەژێر ناوی "یەک پشتێن-یەک ڕێگه‌" بۆ ئەم مەسەلەیە ڕێک خست. چین لە ٢٠١٣ەوە دەیەوێت ئەم ڕێڕەوە‌ بازرگانییە زیندوو بکاتەوە و کۆمەڵێک وڵات لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپا و ئەمریکا بە خۆی ببەستێتەوە کە سەرمایەکەیان دەگاتە زیاتر لە ٢٠ تریلیۆن دۆلار و، زیاتر لە چوار ملیار دانیشتووان لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە و، لە ٢٠% ڕووبەری گۆی زەوی لە ڕووی ڕووبەرەوە. ئەردۆغان بەشداریی لە کۆڕبەندەکەدا کرد و، دەیەوێت تورکیا بکات بە هاوبەشێکی سەرەکی لەم پڕۆژەیە شان بە شانی ئێران و، سوود لە دابەشکردنەوەی هێزی ئابووری و دابەشکردنەوەی جوگرافیای ناوچەکە وەربگرێت.

ئەمریکا دەیەوێت سعوودیا و ناتۆی عەرەبی، بکات بە پشتێنێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم پڕۆژەیە و، دەرفەتی جووڵەی زیاتری ئابووری و سەربازی بە ڕووسیا و چین نەدات کە بەڕژدی لە پشتی ئەم بیرۆکە و بیرکردنەوە ئابووری-جیۆپۆلیتیکییەن.

حوسێن ئەمیر عه‌بدوڵڵاهیان، یاریدەدەری سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوە کرد کە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ ئیسڕائیل، ڕاکێشانی پارەی زۆری وەبەرهێنانی سعوودیا و دابینکردنی کار و سەرچاوەی داهات بۆ ئەمریکا و فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە سعوودیا، لە ئامانجەکانی سەردانەکەی ترامپ بوو بۆ سعوودیا. هەروەها ئاماژەیشی بەوە کرد کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت بەرەی ئێران و هیلالی شیعی لاواز بکەن و، سعوودیا و ئەمریکا بە بیانووی نەهێشتنی تیرۆریزم، بەنیازن هاوپەیمانێتییه‌کی نوێ لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست بکەن و زەبری کوشندەی لێ بدەن.

ئێران بە هاوکاریی ڕووسیا، هەوڵی دەدا بۆ بەستنەوەی ئێران بە دەریای سپیی ناوەڕاست، یان سەرخستنی پڕۆژەی هیلالی شیعی کە بە عێراقەوە تێ دەپەڕێت و بە سووریادا دەڕوات و دەگاتە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. ئێستا هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناو سووریا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و، ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترامپدا بەچڕی چۆتە نێو سووریا و، واشنتۆن نیازی هەیە لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەی ئارامەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تا دەگاتە باکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە، گورزێکی کەمەرشکێن لە پڕۆژەی هیلالە شیعییەکەی تاران بدات و، لەولاوەیش لە ڕێگەی جەمسەری سعوودیا و هاوبەشەکانییه‌وه‌ سنوورداریان بکات و لە جووڵەیان بخات.

ترامپ بەو سەردانەی، تا ڕاددەیەک توانیی ترس و نیگەرانییەکانی  وڵاتانی کەنداو و، سعوودیا بەتایبەتی بڕەوێنێتەوە و، دڵنیاییی هاوپەیمانێتی و سەربازیی خۆیانی بۆ دووپات بکاتەوە. بەتایبەت ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ی ئەمریکا و ئێران و دۆسیەی سووریا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا، ڕەشبینییەکی گەورەی بۆ وڵاتانی کەنداو و سعوودیا دروست کردبوو.

دەرەنجام:        
سەردانەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ سعوودیا سەردانێکی سادە و ئاسایی نەبوو. بەشێک لە چاودێران بە خاڵی وەرچەرخانی لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سعوودیادا دادەنێن. لەم سەردانەدا کۆمەڵێک گرێبەستی سەربازی و ناسەربازی بە بەهایەکی بەرز لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا واژوو کران. دەکرێت ئەم سەردانە ناوچەکە بخاتە بەردەم دۆخێکی تازە و جیاوازتر. دەشێت یەکێک لە هێماکانی ئەو دۆخە تازەیە قووڵبوونەوە و چڕبوونەوەی زیاتری جەمسەربەندیی مەزهەبیی ناوچەکە بێت، یان دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەرێکی تازەی سیاسی-تەناهی بێت بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز لە بەرامبەر هێژموونیی هیلالی شیعی و کەمکردنەوەی جووڵەکانی ڕووسیا و چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریادا. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، سەردانەکەی ترامپ ڕەهەندێکی ناوخۆیشی هەبوو و، کاتێک گەڕایەوە، بە ڕای گشتیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بە ملیۆنان دۆلاری لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بووژاندنەوەی کەرتی ئابووریی وڵاتەکەی و چارەسەکردنی کێشەی بێکاری، وەک لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژارنەکاندا بەڵێنی چارەسەری ئەم کێشانەی بە هاووڵاتیانی ئەمریکا دابوو.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples