قەتەر؛ بوومەلەرزەیەکی هەرێمی

 

خستنەڕووی پرس

قەتەر وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبی و باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا. بەسەر کەنداوی فارس دەڕوانێت و، یەکێکە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سنووری وشکانیی لەگەڵ سعوودیایە و سنووری ئاوییشی لەگەڵ هەر یەک لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرێن و ئێرانە. پایتەختەکەی دەوحەیە و ژمارەی دانیشتووانی ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسە و ڕووبەرەکەی ١١٤٣٧ کم دووجایە. زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە و، ئیسلام ئایینی فەرمیی وڵاتەکەیە. شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، لە ٢٠١٣ەوە دەسەڵاتی لە باوکی وەرگرتووە و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە بووه‌تە میری قەتەر. لە ١٩٣٩دا نەوتی لێ دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی قەتەرە.

قەتەر خاوەن دەزگه‌یەکی گەورەی ڕاگەیاندن و خاوەن چەندین کەناڵی پێشکەوتووی وەک جەزیرە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و، چەندین کەناڵی لاوەکیی بواری منداڵان و وەرزش و دۆکیۆمێنتارییە. ڕۆژی دووشەممە ٥/٦/٢٠١٧، هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن، میسر، یەمەن، لیبیا و ماڵدیڤ پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند بە بیانووی دەستوەردانی دەوحە لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە و پشتگیریکردنی گرووپ و تاقمە توندڕەوەکانی وەک داعش، قاعیدە و ئیخوان موسڵمین و نزیکبوونەوە و پاڵپشتیکردنی ئێران. حکوومەتی قەتەر لە یەکەم کاردانەوەیدا ڕای گەیاند، دڵگرانن بەم هەنگاو و کردەوانە و، بەبێ پاساو و بێ بنەما ناوی بردن و، ئاماژەیشی بەوە کرد کە ئەم جۆرە کردەوانە کاریگەریی لەسەر ئابووری و کۆمەڵگەی قەتەری نابێت.

پێگەی ئابووریی قەتەر

سەرەڕای ئەوەی قەتەر وڵاتێکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمە، بەڵام خاوەن هێز و پێگەیەکی ئابووریی گەورەیە و بە بڕی ٣٣٥ ملیار دۆلار لە وڵاتانی جیهان وەبەرهێنانی هەیە. بە هۆی واژووکردنی چەندین گرێبەست بە بڕی دەیان ملیار دۆلار لە لایەن دەزگه‌ی قەتەر بۆ وەبەرهێنان و وەبەرهێنانی سەربەخۆوە، قەتەر خاوەنی یانەی تۆپی پێی ئەوروپی، مارکەی بەناوبانگ و بڕاندی جیهانی، ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، بەشێکی پشکەکانی کۆمپانیای ڕۆسنەفت و چەندین تاوەر و بەشێکی فڕۆکەخانەیە و، بەمەیش قەتەر، بووە بە ١٤مین دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان و، تۆڕی وەبەرهێنان و قەبارەی ئابووری لە وڵاتە جیاوازەکانی دونیادا بەم شێوەیە:
- ئەمریکا

لە سەرەتادا قەتەر مەیلی زیاتر لە ئەوروپا بوو بۆ وەبەرهێنان و، بە بڕی ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دا. بەڵام دواتر چاوی بڕییە ئەمریکایش و، دەزگه‌ی قەتەر بۆ وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠١٥دا نووسینگەی خۆی لە نیویۆرکی سەنتەری بازرگانیی جیهان کردەوە و، پلانی ئەوەی هەیە تاکوو ساڵی ٢٠٢٠، بە بڕی ٣٥ ملیار دۆلار لە بوار و سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکات.

- ڕووسیا

شان بە شانی ئەمریکا، قەتەر وەبەرهێنانی لە ڕووسیادا هەیە. لە ٢٤%ی پشکەکانی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی بۆ قەتەر دەگەڕێتەوە و، ٧%ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سان پێتێرزبورگیشی کڕیوە.

- ئەوروپا

وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا، دڵی وەبەرهێنانی قەتەر و جووڵە ئابوورییەکانییه‌تی؛ بە ئەندازەیەک كه‌ ئەو وڵاتە ملیاران دۆلاری لە چەندین وەبەرهێنانی سەرکەوتووی وەک ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، مۆدێڵینگ و فاشیۆن و دیزاینی ئیتاڵی و یانەکانی تۆپی پێی ئەو وڵاتانەدا خەرج کردووە. سەرەڕای ئەوەی قەتەر خاوەنی یانەی "پاریس سان جێرمان"ی فەڕەنسییە کە لە ساڵی ٢٠١١دا کڕیویەتی و، تا ئێستایش چوار نازناوی خوڵی فەڕەنسیی بەدەست هێناوە.   

- بریتانیا

قەبارەی وەبەرهێنانی قەتەر لە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا تا ساڵی ٢٠١٤، گەیشتبووە ٣٥ ملیار دۆلار؛ بە ئەندازەیەک كه‌ قەتەرییەکان لە هەندێک شوێنی لەندەن لە  خانووی خۆیاندا دەمێننەوە و، بازاڕ و شوێنی کارکردنی تایبەت بە خۆیان هەیە. جگە لەمانە، دەزگه‌ی قەتەر بۆ وەبەرهێنان خاوەنی ٢٢%ی پشکی زنجیرە سوپەرمارکێتەکانی سەینس بێرییە کە بە دووەم گەورەترین زنجیرە سوپەرمارکێتی بریتانی دادەنرێت.

- باشووری کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشڵ تایمز"ی بریتانی، ساڵی ٢٠١٢ کۆمپانیای ئۆریدۆی قەتەری کە پێشتر ناوی کیوتێل بوو، لە ٣٠%ی پشکەکانی کۆمپانیای ئاسیاسێلی بە بڕی ١ ملیار و ٧٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە. پێشتریش خاوەنی ٣٠%ی پشکەکان بووە و، بەمەیش بووە بە خاوەنی ٦٠%ی پشکەکانی ئەم کۆمپانیایە.

هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکان

سەرەتای کێشە و ململانێکە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانێکی میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی لە ئاژانسی هەواڵی قەتەری دەگەڕێتەوە کە تیایدا میری قەتەر ستایشی ڕۆڵی ئێرانی کردبوو و، پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئیسڕائیلیشی بە باش وێنا کردبوو. جیا لەمانەیش بەرگریی لە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی کردبوو. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەر زوو ڕای گەیاند کە ماڵپەڕ و تویتەر و فەیسبووکی ئاژانسەکە هاک کراوە و لێدوانەکان ناڕاستن. بەڵام ئیمارات و سعوودیا ماڵپەڕی ژمارەیەک دەزگه‌ی ڕاگەیاندنی نزیک لە حکوومەتی قەتەرییان بلۆک کرد لەوانە: جەزیرە، میدڵ ئیست ئای و ئاژانسی هەواڵی قەتەری و، ئیدانەی هەڵوێستەکەیان کرد.  دواتر پەیامی پیرۆزباییی میری قەتەر بۆ حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران بە بۆنەی دووبارە دەرچوونییەوە لە هەڵبژاردندا، ناکۆکییەکانی گەورەتر و تۆختر کرد.

لە دیداری یەکێک لە ڕۆژنامە سعوودییەکاندا لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدەدا، دان بەوە دەنێت کە قەتەر پشتیوانیی داراییی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەیان دەکات. ساڵح قەرعاوی، کە پێشتر لە گرتووخانەی گوانتانامۆی ئەمریکا بەند کراوە، لە دیدارێکیدا دەڵێت: "ماوەیەکی زۆر لە ئێران ماومەتەوە و بۆ بەرژەوەندیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە کارم کردووە و، پشتیوانیی داراییم لە چەندین کەسایەتیی قەتەری وەرگرتووە تا بۆ چالاکییەکانی قاعیدە بەکاری بهێنم." ناوبراو ئاماژەیشی بەوە کردووە کە: "ماوەیەک پەیوەندی بە تاڵیبانەوە کردووە تا ڕەزامەندیی حکوومەتی قەتەری بەدەست هێناوە و، لەگەڵ سەرکردەکانی دانوستانی کردووە تا بەیەکەوە کار بکەن بۆ دەرهێنانی گیراوە ئەفغانییەکانی نێو گرتووخانەی گوانتانامۆ لە ئەمریکا و پێدانی ڕەگەزنامەی قەتەری پێیان." ئەو پیاوە دەڵێت: "بەرەی نوسرەیش کە ئەبو محەمەدی جۆلانی سەرکردایەتیی دەکات، پەیوەستە بە قەتەر و، کۆمەکی لە دەوحەوە پێ دەگات.

بەشێکی تری تێکچوونی پەیوەندییەکان، بۆ هەماهەنگی و پەیوەندیی دەوحە و ئێران و بڵاوبوونەوەی زانیاریی ورد لەسەر هەوڵی قەتەر بە پشتیوانیی ئێران بۆ تێکدانی لووتکەی عەرەبی و ئەمریکی کە لە "ڕیاز، بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترامپ بەڕێوە چوو، دەگەڕێتەوە. لە لایەکی ترەوە، قەتەر بەپێچەوانەی وڵاتە نەوتییەکانی تری کەنداو، لەسەر گازی سروشتی دەژی. لێکۆڵەرێکی ناوەندی ستڕاتفۆر، وای بۆ دەچێت کە ئەم جیاوازییەی سەرچاوەی داراییی قەتەر، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئەم وڵاتە پلاتفۆڕمێکی جیاوازی ئابووریی هەبێت و، پەیوەندیی ناوچەیی و جیهانیی جیاوازیشی هەبێت. یەکێک لەوانەیش پەیوەندییە لەگەڵ ئێران، کە دەتوانێت لە پەرەپێدانی کەرتی گازی سروشتیدا یارمەتی و کۆمەکی بکات.

لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، قەتەر سیاسەتێکی جیاوازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەکان لە سعوودیا و ئیمارات پەیڕەو کرد. کاتێک سعوودیا بەتەواوی پشتی لە ئیخوان و حەماس کرد، قەتەر هاوشان لەگەڵ تورکیا باوەشی بۆ ئەندامانی ئەو دوو گرووپە کردەوە. سعوودیا و ئیمارات لە لیبیا پاڵپشتییان لە جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر دەکرد بۆ ئەوەی دوای قەزافی، دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا بگرێتە دەست، بەڵام قەتەر پاڵپشتیی لە گرووپە میلیشیا ئیسلامییەکانی تەڕابلوس دەکرد و، لە لایەکی ترەوە ڕێگەی بۆ تورکیا خۆش کرد بنکەیەکی سەربازییی هەمیشەیی لە وڵاتەکەی جێگیر بکات و، دوای ئەم ڕووداوانەیش پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی بۆ ناردنی (٥) هەزار سەربازی تورکی بۆ قەتەر پەسەند کرد.

پێگەی ئەلیکترۆنیی "دیبکا"ی سەر بە هەواڵگریی ئیسڕائیلی، ڕاپۆرتێکی لەبارەی هۆکاری سەرەکیی پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سعوودیا و ئیمارات و بەحرێن و میسری لەگەڵ قەتەردا بڵاو کردۆتەوە و، ڕوونی کردۆتەوە کە نهێنیی سەرەکیی وەرگرتنی ئەو بڕیارە توندانە لە دژی قەتەر ئەوە بووە، کە دەوحە هاوشانی ئێران هەڵوێستی نواندووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەی ڕیاز لەبار بەرێت. پێگە ئەلیکترۆنییەکە لە سەرچاوەکانییەوە کە ناوی نەهێناون ڕای گەیاندووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو بوومەلەرزە دیپلۆماسییەی کەنداوی گرتۆتەوە، پەیوەندیی بە سەردانەکەی عەبدولڕەحمان ڕاشد ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ تاران هەیە کە هەفتەیەک پێش سەردانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعوودیا ئەنجامی دابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو سەردانەدا دیدارێکی نهێنی لە نێوان وەزیری دەرەوەی قەتەر و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران و فەرماندەی هێزەکانی ئێران لە عێراق و سوریا ئەنجام دراوە و، باسی پلانێک کراوە تا ڕێگە لە هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک لە دژی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت. هەر بۆیەیش دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سعوودیا، ناکۆکییەکانی نێوانیان بەئاشکرا تەقییەوە، چونکە قسەکانی شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، دزەی کردە نێو میدیاکان کاتێک باسی سەنگ و کاریگەریی ئێرانی لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد. ئەم پێگە ئەلیکترۆنییە ئیسڕائیلییە ئاماژەیشی بەوە کردووە کە شا سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز، پاشای سعوودیا و، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات و، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر کۆبوونەوەیان کردووە و، چوار مەرجیان خستۆتە بەردەم میری قەتەر و، پێیان ڕاگەیاندووە ئەگەر جێبەجێیان نەکات دووچاری سزای توندی دەکەنەوە:

١- قەتەر سەرجەم پەیوەندییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.

٢- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ڕێککەوتننامەکانی نێوان دەوحە و تاران، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە دۆخی عێراق و سووریا و لیبیاوە هەیە.

٣- ڕاگرتنی هەموو ئەو هاوکارییانەی کە دەیداتە گرووپی ئیخوان موسڵمین و، دەرکردنی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێی ئەندامەکانیان.

٤- پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و گوشارخستنەسەر بەرپرسەکانیان.
لە لایەکی ترەوە چوار وڵاتەکە قەتەریان بە هۆی میدیا زەبەڵاحەکانییەوە بە بانگەشە بۆ فیکری قاعیدە و داعش و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی سعوودیا و بەحرێن تۆمەتبار کردووە. تەنانەت میسر، قەتەری بە دەستهەبوون لە تەقینەوەکانی ناوچەی سینای وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە. ئیماراتیش هەڵوێست و کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی دەوحە، بە هەڵگەڕانەوە لە ڕێککەوتنەکانی ناو ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ناو دەبات.

زیانە ئابوورییەکانی قەتەر بە هۆی کەنارگیرکردنی

پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەم چوار وڵاتە عەرەبییە لەگەڵ قەتەردا، قەیرانی ئابووریی زۆری بۆ قەتەر دەبێت. کەرتەکانی بازرگانی و کار و گواستنەوەی ئاسمانی و زەمینی، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەکاتەوە. لە ڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە، سعوودیا و ئیمارات و بەحرێن سەرچاوەیەکی گرنگی بواری خۆراک و خواردەمەنی و سووتەمەنی و کانزاکانن بۆ قەتەر و، زیانی ساڵانەی ئەو بوارانە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت. چونکە ئەو چوار وڵاتە هەموو دەروازە دەریایی و ئاسمانییەکانی چوون و هاتنیان بەسەر دەوحەدا داخستووە و هیچ هۆکارێکی گواستنەوەی قەتەری، نە دێن و نەدەڕۆن؛ ئەمەیش بۆ قەتەر شادەمارێکی ئابووریی بنەڕەتییە و تەنانەت گەشتە درێژەکان بەتایبەتی بۆ کیشوەری ئەفریقا، کە بە تڕانزێت بە دەوحەدا تێ دەپەڕن، کەمتر دەبنەوە.

لە لایەکی ترەوە بازرگانیی زەمینی بەتەواوی ڕادەوستێت، چونکە سعوودیا ئەو دەروازەیەی داخستووە. بەگوێرەی تۆمارەکانی ساڵی ٢٠١٥، سعوودیا و ئیمارات لە پلەی یەکەم و دووەمدان وەک سەرچاوەی ناردنی کەلوپەلی خۆراک بۆ قەتەر بە بڕی ٣١٠ ملیۆن دۆلار. بەڵام لە بواری بازرگانیی ئاژەڵدا، سعوودیا پلەی یەکەم و ئیمارات لە پلەی پێنجەمدایە و بە کۆی گشتی، بەهای ٤١٦ ملیۆن دۆلاریان لەو کەرتەدا بۆ قەتەر ناردووە.

لە بواری بازرگانیی سەوزەدا، ئیمارات لە پلەی دووەم و سعوودیا پلەی چوارەمی هەیە لە ناردنی بۆ دەوحە و، ساڵانە گەیشتۆتە ١٧٨ ملیۆن دۆلار. لە بواری بازرگانیی سووتەمەنیشدا بەحرێن لە پلەی یەکەمدایە و ئیماراتیش لە پلەی دووەم و بە کۆی گشتی، بە بەهای ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بازرگانییان لەگەڵ قەتەردا هەیە. بەڵام لە بواری کانزاکاندا ئیمارات سەرچاوەی یەکەمە بۆ قەتەر و، بەهاکەی ساڵانە زیاتر لە نیو ملیار دۆلار دەبێت. لەگەڵ ڕاوەستانی بازرگانی بە ڕێگەی زەمینی، خەونی میوانداریی مۆندیالی ساڵی ٢٠٢٢ ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە چونکە قەتەر پشتی بە سنووری زەمینیی سعوودیا دەبەست بۆ هێنانی هەموو ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی کە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی زەبەڵاح و ژێرخانی وڵاتەکەی بەکار دەهێنرێت.

داهاتووی ململانێکان و کاردانەوەی وڵاتان

سوپای قەتەر تانک و زریپۆش لە دەوحەی پایتەخت جێگیر دەکات و داوایش لە کەشتییەکانی سعوودیا و ئیمارات و بەحرێن دەکات سنووری ئاوی نەبەزێنن، ئەگەرنا هێرشیان دەکرێتە سەر. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان قەتەر و وڵاتانی کەنداو جموجووڵە سەربازییەکانی قەتەر زیادی کردووە و هەموو هێزەکانی خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە و، ١٦ تانکی جۆری لیۆپاردی لە دەوحە جێگیر کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک ئەگەر لە سنووری سعوودییەوە بکرێتە سەری. هاوکات وەزارەتی بەرگریی قەتەر، سعوودیا و ئیمارات و بەحرێنی ئاگادار کردۆتەوە لەوەی کە کەشتییەکانیان سنووری ئاویی قەتەر نەبەزێنن، ئەگەرنا هێرشیان دەکرێتە سەر.

پێشبینی دەکرێت کە دۆخەکە تا ئاستی پڕۆسەی سەربازیی سنووردار و بۆردوومانکردنی چەند پێگەیەکی قەتەری بڕوات و، تا ئێستا ئەم پێشنیارە یەکێکە لە کارتەکانی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاندووە. جگە لە داڕشتنی پلانی کودەتا دژی فەرمانڕەواییی ئالسانی و لابردنی لە دەسەڵاتدا لە لایەن سعوودیا و هاوبەشەکانییەوە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قەتەری ئاگادار کردەوە کە پشتیوانی و هاوکارییەکانی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بوەستێنیت و چیتر یارمەتییان نەدات. ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە ڕێگە دەدات بە ناردنی (٥) هەزار سەرباز بۆ وڵاتی قەتەر بۆ پشتیوانیکردنی قەتەر لەو پەراوێزخستنە دیپلۆماسییەی کە خراوەتە سەری.

حەمید ئەبوتاڵیب، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئەوەی ڕووی دا، ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ڕیاز." وەزیری دەرەوەی ئێرانیش داوای کۆتاییهێنان بە کێشەکەی لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە کرد. لە لایەن خۆیشییەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا بەنیگەرانییەوە لەو پێشهاتەی ڕوانی و ڕای گەیاند: "ئارامی و ئاسایشی ناوچەی کەنداو بە لای ئانکاراوە گرنگ و جێگەی بایەخە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیایش گوتی: "ئەم ململانێیە پەیوەندیی بە چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە هەیە و، ئێمە دەست لە کاروبار و پەیوەندییەکانیان وەرنادەین."

ئەمریکا نیگەرانە لە نزیکبوونەوەی قەتەر لە ئێران و پاڵپشتیکردنی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان و، ئەمەیش دەرەنجامی خراپی دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئەمریکا و، ئەگەر بێت و قەتەر گوێڕایەڵی داواکانی ئەمریکا نەبێت، ئەمریکایش مامەڵەیەکی تری لەگەڵدا دەکات و ڕێککەوتننامە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵدا هەڵدەپەسێریت و وەک هاوپەیمانێک ڕەفتاری لەگەڵدا ناکات.

دەرەنجام:
تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن و میسر، بوومەلەرزەیەکی گەورەی دیپلۆماسی بوو لە کەنداو و، کۆمەڵێک کاریگەریی سیاسی، ئابووری، سەربازی و دیپلۆماسی جێ دەهێڵێت. دەکرێت باڵانسی هێز لە نێوان هەر دوو بلۆکی سوننە و شیعە بگۆڕێت و جارێکی تر ڕەگەزەکانی هێزی نێوانیان دابڕێژێتەوە و دۆخی ململانێکان بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ببات. بەرپرسانی قەتەر دەیانەوێت وڵاتەکەیان ڕۆڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی زیاتر بێت و لە جێگەی سعوودیا و میسر ڕابەرایەتیی دونیای عەرەبی بکات. بەڵام ئەوەیش دەزانن کە گۆشەگیرکردنیان و ئابڵووقەدانیان لە لایەن سعوودیا و هاوبەشەکانییەوە زیانی گەورەی بۆ وڵاتەکەیان دەبێت و، دیاریش نییە ئابڵووقەکە چەند درێژە دەکێشێت! ئایا سزاکان توندتر دەبێت، یان لە لووتکەیەکی عەرەبی و ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، یان بە نێوەندگیریی وڵاتێکی زلهێز دانوستان و گفتوگۆکان بۆ چارەسەری دەست پێ دەکات و ئەنجام دەدرێن. 
 

لیستی سەرچاوەکان:


http://www.aljazeera.com/news/2017/06/israel-saudi-uae-team-anti-qatar-lobbyi١-move170610023635122.html
http://www.bbc.com/news/magazine-27142647٢-
http://www.bbc.com/news/world-middle-east-14702226٣-

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples