پێشەکی:
قەتەر وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبی و باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا. بەسەر کەنداوی فارس دەڕوانێت و، یەکێکە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سنووری وشکانیی لەگەڵ سعوودیایە و سنووری ئاوییشی لەگەڵ هەر یەک لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرێن و ئێرانە. پایتەختەکەی دەوحەیە و ژمارەی دانیشتووانی ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسە و ڕووبەرەکەی ١١٤٣٧ کم دووجایە. زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە و، ئیسلام ئایینی فەرمیی وڵاتەکەیە. شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، لە ٢٠١٣ەوە دەسەڵاتی لە باوکی وەرگرتووە و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە بووهتە میری قەتەر. لە ١٩٣٩دا نەوتی لێ دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی قەتەرە.
ڕۆژی دووشەممە ٥/٦/٢٠١٧، هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن، میسر، یەمەن، لیبیا و ماڵدیڤ پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند بە بیانووی دەستوەردانی دەوحە لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە و پشتگیریکردنی گرووپ و تاقمە توندڕەوەکانی وەک داعش، قاعیدە و ئیخوان موسڵمین و نزیکبوونەوە و پاڵپشتیکردنی ئێران. لە سەرەتای قەیرانەکەوە تورکیا بڕیاری ناردنی هێزی دا بۆ قەتەڕ، سەرەڕای بەردەوامبوونی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ناردنی سەدان تەن لە خۆراک و خواردەمەنی و جلوبەرگ و هەوڵدانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
چوارچێوەی تیۆری
هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی تیۆری بۆ چەمکی ململانێ لە ڕێگەی هەر دوو قوتابخانەی کلاسیک و ڕەفتارگەرایییەوە لەبارەی ململانێ و ئەکتەر و بابەتی نێو ململانێکان بکەین:
تیۆریی کلاسیکی لەسەر ئاستی ماکڕۆ/هەمووەکی، تیشك دەخاتە سەر شیکردنەوە لە ڕێگەی کارلێکی نێوان گرووپەکانی وەک (نەتەوە، دامەزراوە، چین و ئایدیۆلۆژی)؛ تیۆریسیهنهكانی نێو ئەم قوتابخانەیە (سویسەداید، مهکیاڤێللی و کڵاوزویتز) تیشک دەخەنە سەر چەمکی هێز/پاوەر وەک بابەتی سەرەکیی نێوان گرووپەکان. بەکارهێنانی هێز/پاوەر لە بەرامبەر یەکتردا سەنتەری ئەم تیۆرییەیە و، جا ئەو هێزە سیاسی، ئابووری، سەربازی یان کەلتووری بێت.
ئاسایشی هەرێمی لە ڕوانگەی تیۆریی قووڵاییی ستراتیژیی "ئەحمەد داوودئۆغلۆ"وە
ئەحمەد داوودئۆغلۆ ئەندازیاری داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و خاوەن تیۆریی قووڵاییی ستراتیژی، لە کتێبەکەیدا (قووڵاییی ستراتیژی و ڕۆڵی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا) باس لە سێ چەمکی سەرەکی دەکات (جیۆسیاسی، جیۆئابووری و جیۆڕۆشنبیری) کە تورکیا دووبارە هێز و توانا پەنگخواردووەکانی پێ دادەڕێژێتەوە و، لە هێزێکی پەراوێزخراوەوە دەکات بە هیزێکی ناوەند. لەم ڕوانگەوە سێ پرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی بۆ تورکیا گرنگن، ئەوانیش بریتین له: ئاسایش، وزە و بازاڕ. ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی تورکیا دەبێت و، بەمەیش تورکیا دەخوازێت کەمترین تەنگژە و قەیران و نائارامی لە وڵاتانی کەنداودا هەبێت؛ جگە لەمەیش وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت قەتەڕ، خاوەن بڕێکی زۆری گازی سروشتییە و سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی تورکیا. لە بەرامبەر ئەمەیشدا وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بازاڕێکی گەورەن بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمە تورکییەکان؛ هەر لە بەرهەمە خواردەمەنییە تورکییەکان تا دەگاتە جلوبەرگ و ئامێری کارەبایی و خزمەتگوزاریی پزیشکی و هتد. تێکچوونی ئاسایشی وڵاتانی کەنداو کاریگەرییەکی خراپی لەسەر قووڵاییی ستراتیژی و مەبەستە سیاسی و ئابوورییەکانی تورکیا دەبێت.
بۆ ئەوەی قەتەڕ نەبێتە پارووی ئێران!
تورکیا لە سەرەتای قەیرانەکەوە بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی دا بۆ قەتەڕ، بەڵام ڕوونی کردەوە کە مەبەست لە ناردنی هێزەکە بۆ سەقامگیری و گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامییە بۆ کەنداو. سەرەڕای ئەوەیش، تورکیا هەوڵی نێوەندگیری و دانوستان لە نێوان قەتەڕ و سعوودیا دەدات، بۆ ئەوەی قەیرانەکە زیاتر پەرە نەسێنێت و، نەبێتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی. بەمەیش ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نارد بۆ قەتەڕ بە مەبەستی ناوبژیوانیکردن و چارەسەرکردنی دۆخەکە؛ چونکە تورکیا پێی وایە ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی عەرەبی و کەنداو و میسر زیان بە جیهانی ئیسلامی دەگەیەنێت و، دەبێت هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆكییەکان بخهنه گهڕ و، تورکیا هەوڵ دەدات ناکۆکییەکان زیاتر لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو چارەسەر بکرێن و، قەتەڕ نەبێتە کارتێکی گوشار بەدەست ئێرانەوە و، زیاتر لە بلۆکی شیعیزم نزیک نەبێتەوە، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- گازی سروشتی:
مەسەلەی گازی سروشتی، یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکییانەی کە بە لای تورکیاوە گرنگییەکی زۆری هەیە؛ قەتەڕ خاوەن بڕێکی یەکجار گەورەی گازی سروشتییە و، تورکیایش پێویستییەکی یەکجار گەورەی بە گازی سروشتییە. نزیکبوونەوەی قەتەڕ لە ئێران، ئاسایشی وزەی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە؛ بەو پێیەی ئێران دەرچە و دەروازەیەکی ستراتیژییە بۆ قەتەڕ و، دەتوانن مامەڵە ئابووری و بازرگانییهكانیان و مامەڵەی نێوانیان لەسەر گازی سروشتی و گەڕان و پشکنین و دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی لە بازاڕدا لەسەر حسابی تورکیا فراوانتر بکەن.
قەتەر بەردەوام دەڵێت سیاسەت و بەرنامەی ئەو بۆ بەڕێوەبردن و بەبازاڕكردنی گازی سروشتی، جیاوازە لەوانی دیكە. قەتەر لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێی بەكارهێنانی گازی سروشتییەوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ، توانیویەتی ژێرخانێكی ئابووریی پتەو دابمەزرێنێ.
یەكەم و دووەم و سێیەم یەدەگی جیهان لە گازی سرووشتی بریتین لە ڕووسیا و ئێران و قەتەر: ڕووسیا 24%، ئێران 18% و قەتەر 14%ی یەدەگی گازی سرووشتیی جیهان لەخۆ دەگرن. جگە لەوەیش، یەدەگی گازی سروشتیی قەتەر نزیكەی 900 تریلیۆن پێ سێجایە.
كێڵگەی گازی باكوور، یەكێكە لە كێڵگە گازییە گرنگەكانی كەنداوی عەرەبی و گەورەترین كێڵگە گازییەكانی جیهانە كە توانای دابینكردنی 10 ساڵ پێویستیی گازی جیهانی بەتەنیا هەیە. ئەم كێڵگە گازییە، یەكێك لە كێڵگە هاوبەشەكانی ئێران و قەتەرە. یەدەگەكەی نزیكەی 51 تریلیۆن پێ سێجایە، ڕووبەرەكەی 9.700 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، 6.000 هەزار مەتری دەكەوێتە نێو ئاوەكانی قەتەر و، 3.700 مەتری دەكەوێتە نێو ئاوەكانی ئێران. بۆیە ئەو هەماهەنگییە توندوتۆڵەی لە نێوان ئێران و قەتەر هەیە، بەشێكی زۆری پەیوەندیی بەو كێڵگە گازییەوە هەیە. ئەم هەماهەنگی و نزیکبوونەوەیەیش مەترسی و گوشار بۆ سەر تورکیا دروست دەکات.
٢- سیاسەتی دەرەوەی قەتەڕ (مامەڵەکردن لەگەڵ یار و نەیار)
لە دوای هاتنی شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی بۆ دەسەڵات لە ٢٠١٣دا، یەکێک لە ڕەگەزەکانی داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی قەتەڕ بریتی بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو هێزەکاندا: یار و نەیار، دۆست و دوژمن؛ بۆ نموونە مامەڵەکردن لە یەک کاتدا لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا، حەماس و ئیسڕائیل، یەمەنی باڵی حوکمڕان و حوسییەکان، تاڵیبان و کابوول. ئەم جۆرە سیاسەت و مامەڵە و تێکەولێکەیەی قەتەڕ، ترسی بۆ تورکیا دروست کردووە؛ بەوەی کە قەتەڕ یاریی سیاسی بە بەشێک لەو هێزانە بکات لە بەرامبەر تورکیادا و، بیکاتە کارتی گوشار و، پێگەی تورکیای لە نیشتمانی عەرەبی و کەنداودا، پێ لاواز و بێ ڕۆڵ بکات.
دەرەنجام:
تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی سعوودیا، بەحرێن، ئیمارات و میسر بوومەلەرزەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی بوو لە کەنداو و جیهانی عەرەبی و، کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسی و ئابووریی گۆڕی؛ تورکیا لە سەرەتاوە بڕیاری ناردنی هێزی سەربازیی دا بۆ کەنداو، بەڵام مەبەستی ناردنی هێزەکەی ڕوون کردەوە کە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کەنداوە و هیچ مەبەستێکی تری نییە. تورکیا هەوڵ دەدات کەنداو ناوچە و هەرێمێکی ئارام و بێ کێشە و بێ ململانێ بێت. ئەگەر ململانێش هەبێت لە ڕێگهی "ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو" و دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و، نەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسیی گەورە. ئەمەیش زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کەنداو و لە قەتەڕ بەتایبەتی، چونکە ناوچەی کەنداو بازاڕێکی گەورەیە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا تورکییەکان و، مامەڵەی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا قەبارە و ڕێژەیەکی گەورەی هەیە. لە هەمووی گرنگتر بە لای تورکیاوە، قەبارەی گازی سروشتیی قەتەڕ و نزیکبوونەوەیەتی لە ئێران. قەتەڕ خاوەن یەدەگێکی زۆری گازی سروشتییە و، تورکیایش پێویستیی ڕۆژانەی بە گازی سروشتییە و، ترسی ئەوەی هەیە ئێران، قەتەڕ بکات بە بەشێک لە پڕۆژەی هیلالی شیعی و بیخاتە نێو جوگرافیا و جیۆپۆلیتیکی ئەم پڕۆژەیە و، زیانی ئابووریی گەورە بۆ تورکیا دروست بکات و ڕۆڵە سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەکەی لێ بستێنێتەوە.