پێگەی ئینجەرلیک بۆ تورکیا

پێشەکی:
دروستبوونی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک، دەمانباتەوە بۆ سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دۆکترینی هاری ترومان، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. مانگی ئاداری ساڵی ١٩٤٧، ترومان دۆکترینەکەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشكرا دەکات و، دۆکترینەکەیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا دەبێت هاریکاری و یارمەتیی هەموو ئەو هێزانە بدات لە جیهاندا کە ڕووبەڕووی یەکێتیی سۆڤیەت دەبنەوە. ئەم دۆکترینە، وەرچەرخانێک بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا چونکە پێشتر ئەمریکا خۆی لە دەستوەردان لە جێگه‌کانی تری جیهاندا بەدوور دەگرت. ڕاگەیاندنی ئەم دۆکترینە لە کۆنگرێسی ئەمریکادا، کاریگەریی خۆی هەبوو و هەر زوو یارمەتیی ئابووری و سەربازی بۆ تورکیا دژ بە بلۆکی کۆمۆنیست دابین کرا. لە لایەکی ترەوە، بنکەى ئینجەرلیک بۆ ئەنجامدانى پڕۆسەکانى چاودێری و سەربازی لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەیەکى گرنگى بۆ ناتۆ هەیە.  لە کاتى جەنگى سارددا یەکێک لەو بنکانە بوو بۆ چاودێریکردنى سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانى. لە ڕێگەى ئەو بنکەیەوە، بەشێک لە جموجۆڵەکانى سۆڤیەت خرابووە ژێر چاودێرییەوە.

ئینجەرلیک چییە؟

بنکەى ئینجەرلیکى تورکیا یەکێکە لە بنکە ئاسمانى و چاودێری و سەربازییەکانى ناتۆ و، لەو بنکەیەدا هێزەکانى ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا و ژمارەیەکى تری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا و، چەندین سیسته‌مى چاودێرى و بەرگریى مووشەکى و چەکى ستراتیژیی تێدا جێگیر کراوە.

بنکەی ئینجەرلیک بنکەیەکی فڕۆکەوانیی سەربازییە، کە دەکەوێتە شاری ئەدەنە لە تورکیا. ئەم بنکەیە ١٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی ئەدەنە و ٣٢ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە دوورە. ئەدەنە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، لەبەر نزیکی لە مۆسکۆوە وەک ناوچەیەکی ستراتیژی لە تورکیادا هەڵبژێردرا. بەپێی خێراییی فڕۆکە، ئەدەنە تەنیا ١٦٠٠ کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە. ڕەنگە ئەمە نزیکترین خاڵ بووبێت لەو ساتەدا کە ئەمریکا توانیبێتی بنکەی سەربازیی تێدا بکاتەوە. هاوکات ئەدەنە بە درێژاییی ساڵ لە ڕووی کەشوهەواوە، بۆ فڕینی فڕۆکە جێگه‌یەکی لەبارە. تورکیا داواکاری ئەوە بوو، ببێت بە ئەندامی ناتۆ، لە بەرامبەر ڕێگه‌دانی بە کردنەوەی بنکەکە. بنکەی ئینجەرلیک بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا و ئەمریکاوە بەکار دەهێنرێت و، هەندێک جاریش هێزی ئاسمانیی شاهانەی بریتانیا و، هەروەها هێزەکانى ئەڵمانیا و هۆڵەندا و ئەندامانى ترى ناتۆ بەکاری دەهێنن.

لە کۆنگرەی دووەمی قاهیرە، کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٣ بەڕێوە چوو، بڕیاری دروستکردنی ئەو بنکەیە دەرچوو، بەڵام پاش جەنگی جیهانیی دووەم و لە  بەهاری ١٩٥١ جێبەجێ کرا و، یەکەمجار ئەو بنکەیە ناوی لێ نرابوو بنکەی ئەدەنە، بەڵام دوای چوار ساڵ و لە ٢٨ی شوباتی ١٩٥٨ ناوەکەی گۆڕا و، کرا بە بنکەی ئینجەرلیک. لە دواى نزیکەى ٣ ساڵ لە دامەزراندنى هاوپەیمانێتیی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، تورکیا مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٥، ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ بەکارهێنانی بنکەی ئینجەرلیک لە لایەن هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانێتیی جیهانی دژ بە داعش، بەڵام بەو مەرجەی تەنیا بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی بنکە و بارەگا و چەکدارانی داعش بەکار بهێنرێت، نەک پاڵپشتی و یارمەتیی هێزە کوردییەکان.

گرنگیی ئینجەرلیک بۆ تورکیا

- لە ڕووی سیاسییەوە:

لە ڕووی سیاسییەوە تورکیا هەمیشە ئەم بنکەیە وەک ئامرازێکی گوشار بەکار دەهێنێت و، لە ڕابردوویشدا ئەم بنکەیە، بووە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان سوپای تورکی و سوپا و حکوومەتی ئەمریکا. یەکێک لەو گوشارانەیش ڕێگەنەدان بوو بە چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئەڵمانی بۆ سەردانیکردنی سەربازە ئەڵمانییەکان لەو بنکەیە، بە هۆی ناساندنی پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە لایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

- لە ڕووی ستراتیژییەوە:

بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک گرنگییەکی ستراتیژی و جیۆسیاسیی گەورەی بۆ تورکیا هەبووە. جیا لەوەی ئەم بنکەیە تورکیای کرد بە ئەندامی ناتۆ و، زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژاوا نزیکی کردەوە، پێگەیەکی سیاسیی گەورەشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سنوورەکانی لە هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان، پێ بەخشی.

- لە ڕووی ئابوورییەوە:

لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم بنکەیە جگە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ نزیکەی دوو هەزار کەس بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ساڵانە حکوومەتی تورکیا بڕی ٢١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی، وەک کرێ لە بەرامبەر بەکارهێنانی خاکی تورکیادا لێ دەست دەکەوێت.

ئەڵمانیا و ئینجەرلیک

ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا ٢٦٠ سەربازی خۆی لە بنکەی ئینجەرلیک لە تورکیا جێگیر کردووە. ئەو هێزە ئاسمانییە بە فڕۆکەی تۆڕنادۆ زانیاریی نهێنی و هەواڵگریی لەسەر داعش کۆ دەکەنەوە و، دەیدەن بە هێزی هاوپەیمانان بەڵام ماوەیەکە بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی حکوومەتی تورکیاوە دەنگۆیەکی زۆر هەیە بۆ گواستنەوە و داخستنی ئەم هێزەی ئەڵمانیا لە ئینجەرلیکەوە بۆ وڵاتێکی تر.

ئۆرسۆلاڤۆن دێر لاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕای گەیاندووە بە هۆی کاری تەکنیکییەوە سەربازەکانیان ناگوازنەوە بنکەی سەربازیی کۆنیا لە تورکیا. ناوبراو بە کەناڵێکی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە هەموو بەڵگەکان ئاماژە بە گواستنەوەی سەربازەکانمان لە ئینجەرلیکەوە بۆ بنکەی سەربازیی ئەزرەق لە ئۆردن دەکەن و، ئەو گواستنەوەیەیش بۆ هۆکاری سیاسیی ناوخۆی تورکیا گەڕاندەوە. پێشتریش بەرپرسانی ئەڵمانیا ڕایان گەیاندبوو کە بیر لە گواستنەوەی سەربازەکانیان لە بنکەی ئینجەرلیک بۆ ئۆردن، یان وڵاتێکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنەوە، بە هۆی ڕێگریکردنی حکوومەتی تورکیا لە پەرلەمەنتارانی ئەڵمانیا لە سەردانیکردنی بنکەکە. ساڵی پار جارێکی تر وەڤدێکی پەرلەمان بە یاوەریی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانی، ویستیان سەردانی ئەو هێزانە بکەن و لە کەموکوڕی و پێداویستییەکانیان بکۆڵنەوە بەڵام تورکیا ڕێگەی پێ نەدان و، لە تۆڵەی ئەوەی کە پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی بە دەستی عوسمانییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بە جینۆساید ناساندووە.

ئەڵمانیا نیگەرانە لە هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی تورکیا لە بەرامبەر ڕێگریکردن و ڕێگەنەدان بە شاندی ئەڵمانی و چاودێریکردنی هێزەکانیان لە بنکەی ئینجەرلیک. ئەمەیش ئەڵمانیای ناچار کردووە بیر لە گواستنەوەی هێزەکانیان بکەنەوە بۆ وڵاتێکی وەک ئۆردن و، بێ گومان ئەم پڕۆسەیەیش کاردانەوەی نەرێنیی بۆ تورکیا و پێگەی سیاسی و سەربازی و دپیلۆماسیی تورکیا دەبێت و لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە تورکیا لاواز دەکات، چونکە ئەڵمانیا گەورەترین و کاریگەرترین هێزە لە یەكێتیی ئەوروپا و یەکێکە لە هێزە گەورەکانی ناتۆ و، ئەم ڕەفتارانەی تورکیا بەرامبەر ئەڵمانیا پەیوەندییەکانیان دەباتە ئاستێکی خراپ و، بەمەیش تورکیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت بەتایبەت لە ڕووی سیسته‌می بەرگری و ئاسایش و پێگەی سەربازیی تورکیا.

ئەمریکا و ئینجەرلیک

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی یۆنانەوە لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیکی تورکیاوە بۆ دوورگەی گریتی لە یۆنان، ڕای گەیاندووە کە یۆنان پێشوازی لەو ئەگەرە دەکات چونکە دەبێتە مایەی لاوازیی پێگەی تورکیا لە ناوچەکە و بەهێزبوونی پێگەی یۆنان. ئەوەیش خراوەتە ڕوو، گرێبەستى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە دوورگەى گریتى یۆنان،  بۆ ١٠ ساڵ بە کارێکى گونجاو دەزانن و، دەکرێت لە بری ئەوەى ساڵانە ماوەى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا درێژ بکرێتەوە، ڕێککەوتنێک واژوو بکرێت کە هێزەکانى ئەمریکا بتوانن بۆ ماوەى ١٠ ساڵ لەو دوورگەیەى یۆناندا بێمننەوە و کار و چالاکییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. لە ساڵى ٢٠١٤دا و لە دواى ئەوەى هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتى لە دژى داعش بە سەرکردایەتیى ئەمریکا دروست کرا، حکوومەتى تورکیا بۆ نزیکەى ساڵێک ڕێگه‌ى بە هێزى هاوپەیمانان و ئەمریکا نەدا بنکەى ئاسمانیى ئینجەرلیک لە دژى چەکدارەکانى داعش بەکار بهێنن؛ کە ئەوەیش کاردانەوەى جۆراجۆرى بەرامبەر بە تورکیا لێ کەوتەوە.

گواستنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئینجەرلیکەوە بۆ یەکێک لە دوورگەکانی یۆنان، زیانێکی تری بۆ پێگەی سیاسی و سەربازی و دپیلۆماسیی تورکیا دەبێت. پێگەی سەربازی و سیسته‌می سەربازیی ئەو وڵاتە لاواز دەبێت، بەتایبەت لە ئێستادا تورکیا کۆمەڵێک کێشەی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەیە و، سوپای تورکیا بەدەست تەنگژە و پێکدادانە ناوخۆیییەکانی تورکیاوە ماندووە، جگە لەو پڕۆسە سەربازییانەی کە سوپای تورکیا لە دەرەوەی خاکی خۆیدا ئەنجامی دەدات؛ ئەمانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر دامەزراوەی سەربازیی تورکیا و ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا هاوپەیمان و دۆستێکی نزیکی تورکیا بووە لە ڕابردوودا و، یارمەتیدەرێکی سەرەکیی تورکیایش بووە لە زۆربەی کایەکاندا. گواستنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان بۆ ناوچەیەکی تر لە دەرەوەی تورکیا، پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەباتە ئاستێکی خراپ و تەنگژەکانی نێوانیان قووڵتر دەکات.  

دەرەنجام:
بنکەى ئینجەرلیک بۆ ئەنجامدانى پڕۆسەکانى چاودێری و سەربازی لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەیەکى گرنگى بۆ ناتۆ و ڕۆژاوا هەیە. سەرەڕای ئەوەی پێگەیەکی گرنگی سیاسی، سەربازی، دپیلۆماسی، ستراتیژی و تەنانەت ئابوورییشی بۆ تورکیا هەبووە و پڕۆفایلی تورکیای لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا پێ بەرز کردۆتەوە و لە ڕووی مێژووییشه‌وه‌ ڕۆڵێکی هەرە گەورەی لە سنووردارکردنی جموجۆڵەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و شەپۆلی کۆمیۆنیزم بینی. لە ئێستادا تورکیا بە هۆی کۆمەڵێک ڕەفتاری نەشیاو و کاری نادپیلۆماسیی هەر یەک لە ئەڵمانیا و ئەمریکا کاردانەوەیان هەیە و، بەنیازن سەربازەکانیان لەم بنکە ستراتیژییە بۆ هەر یەک لە وڵاتانی ئۆردن و یۆنان بگوازنەوە و، پێگە و قەبارەی سەربازی و ستراتیژیی تورکیای پێ لاواز بکەن. بێ گومان ئەم پڕۆسەیە زیان و کاریگەریی نەرێنیی زۆری بۆ سەر تورکیا و ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیسته‌می سەربازی و دۆخی ئاسایشیی تورکیا لە ناوەوە و دەرەوە و سنووردابوونی ڕۆڵ و ئەرکی تورکیا لە ڕووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples