پڕۆژەی گاپ

پێشەکی:
گرنگیی ئاو وەک سامان و سەرچاوەی ژیان ڕۆژ دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە و، ڕۆژی ٢٢ی مارسیش لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانیی ئاو ناودێر کراوە. ئاو لەمڕۆدا لەسەر مێزی دانوستان و دیپلۆماسییەتی نێوان وڵاتانی دونیادا ڕەهەندێکی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە. ئاو بە گرنگترین فاکتەری بەرهەمهێنانی خۆراک و سەرچاوەی تەندروستی و پەرەپێدانی سێکتەری گەشتیاری و سەقامگیریی ژینگەیی دادەنرێت و، بووە بە کاڵایەکی ستراتیژی و، بووەتە ڕەگەزێک لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتان و بە ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتانەوە پەیوەست کراوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٥%ی دانیشتووانی جیهان لەخۆ دەگرێت بەڵام تەنیا ١% ئاوی شیرینی جیهانی بەردەکەوێت. ئەمەیش گرنگی و پێگەی ئاوی بۆ ئەم ناوچەیە بەرزتر کردۆتەوە و، کردوویەتی بە کاڵایەکی هەرە ستراتیژی و دروستبوونی ململانێ و کێشەی سیاسی لە نێوان وڵاتاندا.

ئاو/ هایدرۆپۆلیتیک وەک لقێکی گرنگی جیۆپۆلیتیک

هایدرۆپۆلیتیک بریتییە لە کاریگەریی سامان و سەرچاوەی ئاو لەسەر سیاسەت و پەیوەندیی نێوان وڵاتان، گۆڕانکاری ئاووهەوا، کەمبوونەوەی ئاو لە جیهان بەگشتی و کێشەی وڵاتانی هاوبەش لە ئاو وەک: تورکیا، سووریا و عێراق، کە بابەتێکی گرنگی دنیای سیاسیی ئەمڕۆیە و، ڕۆڵی هەیە لە سروشتی پەیوەندیی نێوان وڵاتان؛ بەمەیش بووه‌تە بابەتێکی  ستراتیژی و، لە جیۆپۆلیتیکدا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت.

تورکیا و بەکارهێنانی ئاو وەک بەشێک لە جیۆپۆلیتیک

ئاو، کەرەستەیەکی ئیکۆ-سیاسییە. لە دونیای نوێدا ئاو، سامانێکە وەک "سامانی سروشتی"، دەخرێتە خزمەتی سیاسەت و، جیۆ-ئابووری و جیۆ-ستراتیژیی پێ دروست دەکرێت. ئاو بەشێکە لە جیۆ-پۆلیتیکی نوێ. بەشێکی گەورە دەبێت لە دروستکردنی هێژموونیی سیاسی و ئابووری، بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە سامانی ئاو دەوڵەمەندن، لە ئاو و دەریاوە نزیکن و خاوەن سەرچاوەی ئاوی گەورەن.

لە چەند ساڵی داهاتوودا "ئاو"، زیاتر لە "نەوت" قسەوباسی لەسەر دەکرێت. ئاو، ڕێککەوتنی سیاسی، ئابووری و پەیوەندیی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێ دروست دەکرێت. ئاو هاوشانی نەوت و گازی سروشتی، دەبێتە ڕەگەزێکی گەورەی دروستکردنی جیۆ-پۆلیتیک و، جوگرافیای سیاسی تێ دەپەڕێنێت.

تورکیا، یەکێکە لەو ئەکتەرە گرنگ و سیاسییانەی لە هەموو ئەکتەرەکانی تر زیاتر دەست بۆ ئاو و بەسیاسیکردنی ئاو دەبات. ئاو دەتوانێت قووڵاییی ستراتیژی بۆ تورکیا فراوانتر و قووڵتر بکات. "ئاکپارتی" لە بەرنامەیدایە تا ساڵی (٢٠٢٣)، بەرمیلێک ئاو بە نرخی بەرمیلێک نەوت بە وڵاتانی ناوچەکە بفرۆشێت و، بەتەواوی بیکات بە کەرەستەیەکی گەورەی ئابووری و، بیخاتە ناو تێکەولێکەی ئابووریی سیاسییەوە. تورکیا مەبەستییەتی ئاو، بکات بە بەشێک لە "لیبڕاڵیزمی ئیسلامی" و، بە مەسەلەی بازاڕ و سەرچاوەی داهات و گەشەی ئابووری و بازرگانیی دەرەکی و "خۆبەناوەندکردن"ه‌وه ‌ببەستێتەوە؛ لە ڕێگەی ئاوەوە خۆی بکات بە چەق و ناوەند لە سیسته‌می هەرێمیی ناوچەکەدا و، ئاو هێزی بڕیاردانی سیاسیی زیاتر و گەورەتری پێ ببەخشێت.

بیرکردنەوە لە ئاو و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئابووریی سیاسیدا لە لایەن دەستەبژێری سیاسیی تورکییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو. کەمال ئەتاتورک، لە ڕێگەی پڕۆژەی "گاپ/باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ"ەوە، خەونی گەورەی بە به‌سیاسیکردنی ئاوەوە بینی. تورکیا لە یادی سەد ساڵەی تورکیای هاوچەرخدا، بەڕژدی کار بۆ ئەو خەونە و کار بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی نوێی جیۆپۆلیتیک لە ڕێگەی ئاوەوە دەکات.

ئاو بەشێکە لە "سمارت پاوەر". هەم ڕەگەزێکی نەرمی هەیە، هەمیش ڕەگەزێکی ڕەق؛ هەم هێزی نەرمە، هەمیش هێزی ڕەق. تورکیا، ئاو زیاتر بۆ بەستنەوەی هەرێمەکانی دەوروبەری بە خۆیەوە وەک ناوەندێک، بەکار دێنیت. هەوڵ دەدات بە ڕێگەی ئاو و لە ڕێگەی ئەنادۆڵەوە، بەشێکی نیشتمانی عەرەبی بە خۆیەوە ببەستێتەوە و، حەوشەی پشتەوەی تورکیا لە ڕێگەی سامانی ئاوەوە دروست بکات؛ مێژووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە کەرەستەی نوێ و ڕێگه‌ی سیاسی-ئابووریی نوێوە دووبارە بکاتەوە. دەیەوێت لە ڕێگەی "سمارت پاوەر"ەوە  دەست بۆ وڵاتانی قەوقاز و وڵاتانی سەر دەریای سپیی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست ببات و، بیانکات بە بەشێک لە بیرکردنەوە و بەرنامەی سیاسیی خۆی.

پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ/گاپ و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان

 پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ/گاپ بریتییە لە دروستکردنی ٢٢ بەنداو لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات و بنیاتنانی ١٩ پڕۆژە و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و، یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی گەشەپێدانی باشووری ئەنادۆڵ و، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای دامەزراندنی کۆماری هاوچەرخی تورکیا. ئامانجەکەیشی ئەوکات، ساڵی (١٩٣٠)، خۆی لە خستنەگەڕی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووباری فورات دەبینییەوە.

بەپێی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا، لە ھەموو کات و سەردەمەکاندا لێکۆڵینەوە و پلانی ورد و ڕژد بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دادەنرا و، دواتر بیر لەوە کرایەوە کە چۆن بتوانن سوود لە ئاوەکانی باشووری ئەنادۆڵ (فوڕات) وەربگرن و بەکاری بێنن و، وەک پرۆژەیەکی نیشتمانی بیخەنە گەڕ؛ تا ساڵی (١٩٨٦ ) دامەزراوەیەک بۆ کاروباری ئاویی تورکیا دامەزرێنرا. لەسەر ئەم بنەمایەیش حکوومەتی تورکیا گوێی بۆ پرۆژەکەی ئەم دامەزراوەیە گرت و ئیدارەیەکی تایبەتیشی بۆ پرۆژەکە بە ناوی "بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" کردەوە و، وەزیرێکیشی لە سەرۆکایەتییەوە بە ناوی وەزیری کاروباری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بۆ دیاری کرد.

پڕۆژەی گاپ گەورەترین و پڕبایەخترین پرۆژەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە مێژووی خۆیدا ستراتیژی بۆ دانابێت. پڕۆژەکە بە ڕێژەی (٨٠%) پشت بە ئاوی فوڕات دەبەستێت، (٢٠%)یشی لەسەر ئاوی دیجلە دەبێت. ئەم پڕۆژەیە چەندین پارێزگه‌ و ناوچە دەگرێتەوە وەکوو:  باتمان، دیاربەکر، سرت، لکس، ماردین، غازی عەنتاب و شانلی ئەدەرنە؛ (٩,٧%)ی ڕووبەری تورکیا دەگرێتەوە، (٢٠%) زەویی کشتوکاڵی تورکیایش لەخۆ دەگرێت. پرۆژەکە تا ئێستا بڕی (٣٢) ملیار دۆلاری ئەمەریکیی تێ چووە.  

دیزاینکردن و داڕشتنی پڕۆژەکە لەسەر دەستی پسپۆڕێکی ئاودێریی ئیسڕائیلی بە ناوی "شارۆن ئالوزوروف" دانراوە. ئەندازیارەکەیشی "یوشع کال" ئیسڕائیلییە. پرۆژەکە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کەمکردنی پشکی ئاوی عێراق/هەرێمی کوردستان و سووریا دادەنێت. ئاوی فوڕات (٤٠%) لە سووریا و (٧٥%) لە عێراق کەم دەکات و، مەترسییەکی گەورەیشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.

دروستکردنی ئەم ژمارە زۆرەی بەنداو و وێستگەی کارەبا لەسەر ڕووباری دیجلە و فوڕات لە لایەن تورکیاوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات و، وا لە تورکیا دەکات مەسەلەی ئاو وەک کارتێکی گوشار و کارتێکی سیاسی لە بەرامبەر هەرێم بەکار بهێنێت تاكوو وا لە هەرێم بکات نەتوانێت بڕیاری سیاسیی خۆی بدات. عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ئاو کرد وەک کارتێکی گوشار لە لایەن تورکیاوە؛ بەتایبەت کاریگەریی پڕۆژەی گاپ کە ٢٢ بەنداو لەخۆ دەگرێت لەگەڵ کۆمەڵێک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات. تورکیا لە ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، دەشێت پەنا بۆ گرتنەوەی ئاو و کەمکردنەوەی ئاوی هەرێمی کوردستان ببات و ڕێگری لە پڕۆسەکە بکات؛ بەمەیش هەرێمی کوردستان تا ڕاددەیەک زیانی پێ دەگات و ڕووبەڕووی گرفتی کەمئاوی و دواکەوتنی پڕۆژە ئاودێری و کشتوکاڵییەکانی دەبێتەوە.

دەرەنجام:
ئاو، بووە بە سەرمایەکی سیاسیی گەورە و زۆرینەی وڵاتان وەک ئامرازێکی سیاسی لە بەرامبەر وڵاتانی تردا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانیان بەکاری دێنن. کۆماری تورکیای هاوچەرخ لە دوای دامەزراندنییەوە هەوڵی داوە لە ڕێگەی پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە/گاپ، کە زنجیرەیەک بەنداو و وێستگەی کارەبا لەخۆ دەگرێت، گوشار بخاتە سەر وڵاتانی دەوروبەر، بەتایبەت عێراق/باشووری کوردستان و سووریا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و؛ لە ئێستایشدا بە هۆی پرسی سەربەخۆییی باشووری کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە باشووری کوردستان، پێشبینی دەکرێت یەکێک لەو گوشارانەی کە بەرامبەر باشووری کوردستان بەکار بهێنرێت، بریتی بێت لە کارتی ئاو و گرتنەوەی ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples